سەرەکی » راپۆرت » کەیسی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە دیوی ناوەوە

کەیسی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە دیوی ناوەوە

ئامادەکردنی: کەنار قاسم

فۆتۆ: هەوراز سامی

بە مەبەستی رووماڵکردنی(106) ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن، وەکو شاندی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نێستیمانی کوردستان سەردانی ئەرمینیامان کرد.

لەو رووەشەوە ی.ن.ک شاندێکی رۆژنامەنووسانی رەوانەی یەریڤان کرد وەک بەشێک لە پتەوکردنی رایەڵەکانی دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلی کورد و ئەرمەن، چونکە کورد و ئەرمەن مێژوویەکی هاوشێوەیان لە جینۆساید و کۆمەڵکوژیی لە دژیان هەیە.

کورد لە ئەرمینیا
پێکهاتەی کورد لەوێ ئێزدییەکانن و بە کرمانجی قسە دەکەن، ئەوانیش لە کۆمەڵکوژیی و چەوساندنەوە رزگار نەبوون، هەر ئەو رۆژە پیاوێک بەرەو روومان هات، بەوپێیەی بە کوردی قسەمان دەکرد، زۆر خۆشحاڵ بوو، دواتر کەوتە گفتوگۆ لەگەڵماندا، سۆلۆ داربۆیان بۆ کوردستانی نوێ وتی: «من 40 کەس لە بنەماڵەکەم بەر کۆمەڵکوژییەکە کەوتوون، ئێمەش وەکو ئەرمەنییەکان هەمان چەوساندنەوە و دەربەدەریمان بینووە و هەمان مێژووی تاڵمان پێکەوە بەڕێکردووە».

شێخ تاهات، ئێزدییەکی تر بوو لەوێ بە هەمانشێوە بۆ کوردستانی نوێ وتی: «ئێمە وەکو کوردی ئێزدی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان شەرمەزار دەکەین، ئەرمینیا وڵاتی ئێمەیە و لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوەبووین، ئێمەی ئێزدی وەک رێژە پێکهاتەی دووەمی دانیشتووانی ئەرمینیا پێکدەهینین و کوردی موسوڵمانیش هەن بەس زۆر کەمن».

دواتر ڤیانا تاموور کە کچێکی گەنجی 17 ساڵە، بەو تەمەنە کەمەیەوە کە کارەساتەکەشی بەچاوی خۆی نەبینووە، بەڵام کوشتن و جەنگی لە هەموو اوێنێکی جیهان شەرمەزار دەکرد وتی: «منداڵان و دایکانی ئەرمەنی قڕکران، من دەخوازم ئاشتی لە هەموو جیهاندا بەرقەرار بێت».

ئەگەر خۆت لە یەریڤان بینییەوە، کۆمەڵگەی یادەوەریی و مۆنۆمینتی (تسیتسێررناکە بێرد) ئەو شوێنە گرنگەیە کە پێویستە سەردانی بکەیت. لێرەدا پێویستە هەندێک زانیاریی دەربارەی مێژووی ئەو مۆنۆمێنتە بزانین.

مێژووی بنیاتنانی مۆنۆمێنتەکە
کۆمەڵگەی (تسیتسێرناکە بەرد Tsitsernakaberd Memorial Complex) کە پێکهاتووە لە مۆنۆمێنتێک و مۆزەخانەیەکی جینۆساید و باخچەیەک کە رووداوەکان دەگێڕێتەوە، تایبەت کراوە بە یادکردنەوەی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی کە ژیانیان لەدەستداوە لە کۆمەڵکوژییەکەی جەنگی یەکەمی جیهاندا، بەناوبانگترین مۆنۆمێنتە لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا، بۆ گەشتیاران دیوارەکانی مۆنۆمێنتەکە زۆر سەرنجڕاکێشە و بیرهێنەرەوەیەکی یادەوەریەکی تاریک و تاڵی مێژووی ئەرمەنییەکانە.

سەرەتا یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو رێگر بووە لەهەر بابەتێک کە ئەرمەنییەکان بەهۆیەوە گوزارشت لە ئایدۆلۆژیا نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن، بۆیە لەساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا ئەرمەنییەکان تەنانەت نەیاندەتوانی بڵێن ئێمە ئەرمەنین، بێگومان نەیاندەتوانی گفتوگۆ لەسەر جینۆسایدکردنیان بکەن، هەربۆیە لە 24ی نیسانی 1965 دا خوێندکارانی زانکۆ لە یەریڤان خۆپیشاندانیان کرد و داوای داننان بە تاوانەکانی دەوڵەتی عوسمانیان کرد و وێنەی قوربانیانی جینۆسایدیان بەرزکردەوە، ئەوان لەبەردەم پەیکەرێکی گەورەی ڤلادیمیر ئیلیچ لینین-ی رابەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کۆدەبوونەوە و بانگەشەیان بۆ یادکردنەوەی رەسمیی قوربانییەکانیان دەکرد و نەوەستان هەتا حکومەتی سۆڤێتی جاران رەزامەندیی خۆی لەوبارەیەوە نیشاندا.

ساڵی 1965 بە رەسمی رەزامەندی لەسەر دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە دراو دوای پێشبڕکێیەکی سەرتاسەریی نەتەوەیی، تەلارساز (ئارسەر تارخانیان Arthur Tarkhanyan و ساشور کالاشیان Sashur Kalashyan بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە هەڵبژێردران) و لە ساڵی 1967 بە رووی ئەرمەنییەکاندا کرایەوە و چەندین ساڵە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانبووندایە.

مۆنۆمێنتەکە
دەگەیتە بەردەم دەرگای ئەو رێڕەوەی بەرەو مۆنۆمێنتەکە دەتبات، دەنگی ئۆپێرا و میوزیکێکی هێواش و خەمگین دێتە بەرگوێ، ئیدی وردە وردە سەردانکاران بەرەو مۆنۆمێنتەکە دەچن. ساڵانە هەزاران ئەرمەنی لە 24ی نیساندا بۆ زیندووکردنەوەی ئەو خۆپیشاندانەی ئەوانی گەیاندووە بە ئێستا، بە رێپێوان تا لای مۆنۆمێنتەکە دەچن، پۆستەر و وێنە و گوڵیان بە دەستەوەیە، دەتوانم بڵێم هەموو ئەرمینیا و تەنانەت ئەوانەی دوورخراونەتەوە بۆ وڵاتانی دیکەش، هەموو ئەو رۆژە لەوێ بەشدارن، هیچ کەس هێندەی پیرەکان بە حەسرەتی ئەو رۆژەوە نەبوون، تەنانەت من بینیم ژن و پیاوێکی پیر لە سکیورتی بەر دەرگاکە تووڕەبوون و ئارامیان نەمابوو بۆ چوونە ژوورەوە، لەناو مۆنۆمێنتەکەدا هەزاران گوڵ بەشێوەی بازنەیی بە دەوری پشکۆیەکی ئاگردا بۆ ئارامی رۆحی شەهیدەکانیان دانرابوو.

پیر، گەنج و منداڵ، هەمووی لەودیو دەرگا گەورەکەی دەرەوە، چاوەڕێ بوون، پەلەیان بوو دەیانویست زوو بگەنە ناو مۆنۆمێنتەکە و گوڵەکانی خۆیان پێشکەشی رۆحی کەسە لەدەستچووەکانیان بکەن، چاوەڕێ بوون سەرەتا مەراسیمە پرۆتۆکۆلیی و سیاسییەکان تەواو ببێت و نۆرەی ئەوان بێت و بچنە ژوورەوە.

لە سێ بەش(بینا) پێکهاتووە
دیزاینی مۆنۆمێتەکە شیوازێکی سادەیە، بەڵام گوزارشت لە خەمێکی ئێجگار گەورە دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مۆنۆمێنتەکە، لەسەر دیوارەکان ناوی ئەو کەسایەتییانەی لەسەرە کە بوونەتە قوربانی لەگەڵ ئەو شارانەی کۆمەڵکوژییان تێداکراوە و هەڵکۆڵراون.

دوای دیوارەکان دەچیتە ناوەوە شوێنێکە پێی دەڵێن (بەهەشتی هەتا هەتایی Sanctuary of Eternity)، دوانزە تابلۆیە کە نیشانەیە بۆ قوربانییەکان و لە ناوەڕاستیدا ئاگرێک هەڵکراوە کە هەرگیز ناکوژێتەوە، وەکو هێمایەک بۆ نەمریی شەهیدەکانیان.

شاندی وڵاتان کە دەچنە ئەوێ بە پلیکانە دەچنە خوارەوە، ئەمەش وادەکات ئەگەر خۆشت نەتەوێ بچەمێیتەوە و بەڕێزەوە سەر بۆ شەهیدەکانیان دانەوێنی.

میوانەکان سڵاوێک لە ئاگرە ئەبەدییەکە دەکەن
کاتێک دەچیتە ناو مۆنۆمێنتەکەوە، رێز نیشان دەدەیت و خەڵکی ئەوێ گوڵ و وێنە و هەندێک کەرەستەی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، بۆیە پێویستە گەشتیارانی نێودەوڵەتیش بیر لە هێنانی گوڵ بکەنەوە بۆئەوەی بە دەوری ئاگرەکەدا داینێن.

لە مۆزەخانەکە مێژووە تاڵەکەیان دەگێڕنەوە
مۆزەخانەی جینۆساید، گرنگترین بەشی کۆمەڵگەی یادەورییەکەیە، دۆکیومێنت و بەڵگەنامەی مێژوویی گرنگی لەسەر کۆمەڵکوژییەکە تێدا پارێزراوە، لەوێ زانیاریی بە زمانەکانی ئەرمەنی و روسی و ئینگلیزی دەدرێت بە سەردانکەران.

ئێمە لەناو مۆزەخانەکەدا ئەنفال و راگواستن و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی خۆمانمان هاتەوە یاد، ئەوەی ئەوان باسیان دەکرد کە بەسەر ئێمەی کوردیشدا هاتووە، تێگەیشتین لەوەی کە چۆن کۆمەڵکوژیی کاریگەریی لەسەر کەلتوری ئەرمەنییەکان کردووە و بەردەوامیش کاریگەریی لە ناخو دەروونیاندا دەبێت.

ئەرمەنییەکان هاوشێوەی کورد ژمارەیەکی زۆریان لێ شەهید بووە و هەوڵی پاکتاوی رەگەزیی ئەوان لەسەر زەوی دراوە، تەنانەت ئێستا ژمارەی ئەرمەنییەکان 3 ملیۆن کەس دەبێت، تەنانەت ئێستاش لە کێشە و ململانێدا دەژین. لە 2020 یشدا جارێکی تر تووشی جەنگ هاتنەوە و وەک خۆیان دەڵێن لەلایەن ئازەربایجانەوە 1000 کەسی تریان لێ کوژاوە.

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان کە پێشی دەوترێت هۆڵۆکۆستی ئەرمەنییەکان، لەناوبردنێکی سیستماتیکی ئەرمەنییەکان بووە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە و بەگوێرەی داتاکان بەهۆیەوە 1.5 ملیۆن ئەرمەنی لەناوچوون. ئەو تاوانی جینۆسایدەش 24 ی ئەپریلی 1915 دەستی پێکرد.

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان کەی روویدا؟
پرۆسەی لەناوبردنی ئەرمەنییەکان کاتێک روویدا کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەرە و نەمان دەچوو، هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا شان بەشانی ئەڵمانییەکان تووشی زنجیرەیەک تێکشکان ببوون، سەرکردەکانی ئەو کاتەی عوسمانی هەوڵیاندا جارێکی تر هەیکەلی دەوڵەتی عوسمانی دروستبکەنەوە و وەکو دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە دەکاتە تورکیای ئێستا، بۆ ئەوەش کەوتنە لەناوبردنی هەموو ئەو نەتەوانەی کە رێگربوون و بۆ ئەوەش بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەستیانپێکرد و ویستیان کەمە نەتەوەکان لەسەر زەویدا بسڕنەوە، لە 24 ی ئەپریلی 1915 ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و رۆشنبیرەکانی ئەرمینیا دەستگیرکران و لەسێدارە دران، دوای لێسەندنەوەی چەکەکانیان کە خزمەتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون، ئەوانیش کوژران.

دواتر هێزە سەرەتاییەکانی عوسمانی دەستیانگرت بەسەر هەموو گوندەکانی ئەرمینیادا کە زۆرینەیان مەسیحی بوون و بە زۆرەملێ کران بە مسوڵمان، دوای دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکیاندا بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ و بۆ بیابانەکانی سوریا دوورخرانەوە، بەو هۆیەشەوە سەدان هەزار کەس لە ئەرمەنییەکان بەهۆی برسێتی و تینوێتی و نەخۆشییەوە مردن، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی جیهانی بۆ ناساندنی جینۆساید دەڵێت: بە تێکڕا نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس لە ئەرمەنییەکان جینۆسایدکراون.

زۆربەی ئەرمەنییەکان بە تایبەتی ئەوانەی ئەوکاتە لە قوستەنتینیە» ئیستانبوڵی ئێستا» و کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست بوون، بەرەو ئەمریکا رۆشتوون و لەوێ نیشتەجێبوون، ئێستاش کە پێیان دەوترێت «ئەرمەنیان دیاسپرا» بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئەمریکی بەدەستدەهێنن، ئەوان لەوێ جینۆساید ئیلمێنتێکی لە بیرنەکراوی ئەوانە، پێشتریش کۆمەڵگەی ئەرمەنی- ئەمریکی دەنگی خۆیان بەرزکردەوە بۆ لۆبیکردن لە واشنتۆن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن 1.5 ملیۆن ئەرمەنی لە ئەمریکا هەن و لە روسیاش دوو ملیۆن ئەرمەنی هەن.

جینۆساید سەرەتا لە ئەرمینیاوە دەستیپێکرد و لە دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی دوای ماوەیەکی کورت لە سەربەخۆیی لەگەڵ تورکیا و ئازەربایجان بوونە کۆماری ئۆتۆنۆم لە ناو یەکێتیی سۆڤێت دا، بەڵام لە دوای 1991 و هەڵوەشانەوەی سۆڤێت ئەرمینیا سەربەخۆیی خۆی راگەیاند.

ئەرمەنییەکان لە ناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژییەکەیاندا بە جیهان، سەرکەوتوبوون و توانیان لۆبیەکی باش لەسەر ئاستی جیهان دروست بکەن و بیکەنە کەیسێکی جیهانی، بۆیە کوردیش دەتوانێت سوود لەو ئەزموونە وەربگرێت و هەر ئەمساڵیش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەوەی بەسەر گەلی ئەرمەنیدا هاتووە، کۆمەڵکوژییە. بەمەش بووە یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە دەستەواژەی کۆمەڵکوژیی و جینۆساید» لەبارەی ئەو کەیسەوە بەکاربهێنێت، کە لە راستیشدا بڕیاری (کۆنگرێس) بۆ بە رەسمی ناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەرمەنیەکان لە ساڵی 2019 وە بە پشتگیریی کامالا هاریس جێگری ئێستای بایدن بووە.

بازنەی بەهەشتی هەتا هەتایی(Sanctuary of Eternity) هێمایەک بۆ نەمری شەهیدەکانیان

مەراسیم و رێپێوان بەرەو مۆنۆمێنتی جینۆساید لە یەریڤان

 

ئەرمەنیەکانیان گوڵەکانیان پێشکەشی رۆحی شەهیدەکانیان دەکەن

 231 جار بینراوە