سەرەکی » ئاراستە » عەبدوڵڵا سەراج رۆمانووسێكی شێوەكار

عەبدوڵڵا سەراج رۆمانووسێكی شێوەكار

به‌ختیار سه‌عید

دنیای داهێنان یەكێكە لەو دنیا فراوان و گەورانەی وای لە كەسایەتییەكان كردووە لە بوارێك زیاتر بتوانن داهێنان و بوونی خۆیان بسەلمێنن و بتوانن سەركەوتوویی و دەستڕەنگینی خۆشیان دیار بخەن، دیارە ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستە جیاوازەكانی ژیاندا نموونەی زۆرە و بوارەكانیش بەهەمان شێوە زۆرن، هەر ئەو هەستە وایكردووە كەسایەتییە پسپۆڕەكان جگە لەوەی كە بڕوانامەیان هەیە و كاری پێدەكەن، هاوکات هەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی حەزەكانیان بەشێكی زۆر لە ساتەكانی تەمەنی خۆیانیان بۆ تەرخان كردووە، ئەم بۆچوونە لەسەر ئاستی هەموو نەتەوەو وڵاتە جیاوازەكان هاوشێوەی یەكن.

ئەزموونێکی دەوڵەمەند
ئەمجارە باس لە ئەزموونێكی دەوڵەمەندی ئەدەب و هونەری شاری كەركوك دەكەین، كە لەیەك كاتدا رۆمانووس و چیرۆكنووس و شێوەكاریشە، كە وشەكانی هاوشێوەی وەشاندنی فڵچە پڕ رەنگینەكانی ناو تابلۆكانی مامەڵەی كردووە، هەركاتێك رۆمان و چیرۆكەكانی دەخوێنیتەوە هەست دەكەیت وشەسازییەكەی وشەسازیی كەسێكی شارەزا لە رەنگ و جوانییەكانی ناو تابلۆیە، هەربۆیە لەیەك كاتدا چیرۆكەكانی جێی ستایش و رۆمانەكانی جێی سەرنج و تابلۆكانی پڕ لە رەنگ و بینەرێكی تایبەتی هەیە، هەر ئەوەش بووە هۆكار كە بەرگی بەشێك لە چاپكراوەكانی بە تابلۆكانی خۆی بڕازێنێتەوە.

توانایی و هەوڵی بەردەوام
ئەم ئەزموونەی مامۆستا عەبدوڵڵا سەراج هیچ جۆرە پەیوەندییەكی بە خوێندن و بوونی بڕوانامەی ئەكادیمییەوە نەبوو، بەڵكو توانا و هەوڵە بەردەوامەكانی خۆی وەكو هونەرمەندێكی خۆڕسك لە رۆمان و چیرۆك و دواتریش لە نیگاركێشیدا بووە هۆكاری ئەوەی ببێتە ناوێكی پڕ شانازی بۆ شار و وڵاتەكەی و شارەزاییەكی باش لەسەر قوتابخانە هونەرییەكان و ستایلە جیاوازەكانی نیگاركێشان پەیدا بكات و دواتریش بیكاتە کرداریی و چەندین بەرهەمی تایبەت بێتە بوون.

عەبدوڵڵا سەراج لە كتێبی (با لە هونەر بگەین) كە كتێبێكی تایبەت بە هونەر و چۆنێتی قسەكردنە لەسەر هونەر، سەبارەت بە (هونەر و رەسەنایەتی) دەڵێت: «هونەرمەندێكی كارامە و هەڵكەوتوو لە وزەیدا هەیە كە بەرهەمێكی ئێكجار نایاب و دڵفرێن پێشكەش بكات، بێ ئەوەی تووشی ناڕەحەتی و ماندوو بوون بێت. لە چەشنی كانیاو و سۆلاڤ و گەرمك، هەستی خۆی بە وشەی تەڕ و ئاودار، یان بە ئاوازی نەبیستراو، یان بە رەنگ و هێڵی سەرنجڕاكێش دەرببڕێت، وشەی رەنگ و ئاواز، ئەمانە گشتی كەرەستەی خاوی هونەرین كە لە یەك چاوگەوە هەڵقوڵاون و لق و پۆیی داری نەمری ئەو هونەرەن كە واتا لە كێڵگەی هەست و دەرووندا رەگ و ریشە دادەكوتن».

گرێدانی هونەر و ئەدەب
ئەوەی هونەر بە ئەدەبەوە گرێ دەدات رەگەزی جوانییە، كە دواجار دەتگەیەنێتە زانستی جوانی، هەروەها بەشداری پێكردنی ویژدانییە لەگەڵ بینەر و خوێنەردا، هەردووکیان شێوەكار و ئەدیب بەشدارن لە پێكهێنانی بیرۆكە و بە کردارییکردنی چ بە نیگاركێشان بێت یاخود بە وشە و داڕشتن بێت، بۆیە هەركاتێك ئەو بیرۆكەیە نەبێتە هۆكاری لە دایك بوونی تابلۆیەك یاخود پەیكەرێك، ئەوە بیرۆكەكە دەمرێت و هیچ بەرهەمێك ناخوڵقێنێت، هەر بۆیە ئەگەر دەقێكی شیعریی یاخود رۆمانێك نەبێت ئەوە شانۆییەك لە دایك نابێت، ئەوە فیلمێكی سینەمایی بەرهەم نایەت، بە هەمان شیوە بۆ نیگاركێشیش ئەگەر ئەو جوانیانە نەبێت ئەوە تابلۆش لەدایك نابێت.

سەبارەت بە سروشت و هونەر، سەراج دەڵێت:» بەستنەوەی هونەر و سروشت پێكەوە، لە سەدەی راپەڕیندا هاتە گۆڕێ كەوا هونەری بە هۆیەك نیشاندا بۆ روونكردنەوەی سروشت و دیارخستنی رەچەڵەكەكانی، لێرەدا بۆمان هەیە بڵێین سروشت دایكی هونەرە كە وەك بۆمبایەك بەهەموو جوانییەكانییەوە لەناو دەروونی هونەرمەنددا دەتەقێتەوەو كارلێك دەكات و جۆرە جوانییەكی تری لێ پەیدا دەبێت».

عەبدولڵا سەراج-ی رۆمانووس و چیرۆكنووس خاوەنی چەندین رۆمان و چیرۆك و كتێبی هونەرییە لەوانە:

-1دۆنایدۆن یان بەدگۆڕان- چەند بابەتێك لەبارەی ئەدەبی كوردی
-2سلێكوك هۆهۆكلێر- رۆمان
-3سۆناتای رۆح
-4ونگە- رۆمان
-5ناوێ لەم تێكستە بنێ- رۆمان
-6كاولاش- رۆمان
-7پەرتەوازەیی ئێرەو نەوێكانی رەوان- رۆمان
-8ئەفسانەی رەنگستان یان رەنگستانی ئەفسانە؟ – رۆمان
-9 ئەژدەر- نۆڤلێت
-10لاكێشە رووناكەكان و ئەوانی تر
-11با لە هونەر بگەین- بابەتی هونەری
-12پەیڤستان- كۆ گوتار
-13هەشت دەقی شانۆیی-كۆمەڵێك تێكستی دراما
-14چۆن بوومە تیترواسك- رۆمان
15 – كۆچرەو…كۆچرەو
-16هەڵكشان بەرەو لوتكە- رۆمان.

 

 443 جار بینراوە