سەرەکی » دۆسێ » كۆمسیۆن: دوای 24 سەعات بەرەنجامی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت

سائیرونیش هۆشداریی دەدات

كۆمسیۆن: دوای 24 سەعات بەرەنجامی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق، ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی میدیایی و دەڵێت، بەرەنجامی هەڵبژاردن لە ماوەی 24 سەعات لە دوای پرۆسەی دەنگدان رادەگەیەنرێت، هاوكات هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرەوە سیاسەتەكانی ئاراستە دەكرێن، هۆشداریی دەدات «لەو هەوڵانەی لەلایەن هەندێكەوە خراونەتەگەڕ بۆ تێكدانی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن لە عیراق».

كۆمسیۆن هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق لە 30ی ئایاری 2021 بڵاوكرایەوە»وەك خۆئامادەكردن بۆ شایستەی هەڵبژاردنی داهاتوو كە وابڕیارە لە دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت، لە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و گەیشتن بە تۆمارێكی هەڵبژاردنی رەسەن، كۆمسیۆنی خۆی بۆ دەستكردن بە هەڵمەتی میدیایی و هۆشیاركردنەوە بۆ دابەشكردنی كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدەران ئامادە دەكات كە چاوەڕوان دەكرێت لەم مانگەدا دەستپێبكات بۆ ماوەی سێ‌ مانگ بەردەوام بێت، كۆمسیۆن لێوەی ئەو جەماوەرە دەكاتە ئامانج كە تۆمار و زانیاریی هەڵبژاردن و بایۆمیتریان نوێكردۆتەوە، بە توێژە جیاجیاكان، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ زامنكردنی مافی هەڵبژاردن».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی دەنگدان، كۆمسیۆن دەیەوێت توانا مرۆییەكان بخاتەگەڕ كە وەك فەرمانبەری هەڵبژاردن بۆ ماوەی یەك رۆژ كاردەكەن، لەو بارەیەشەوە كاردەكات بۆ نوێكردنەوەی لینكی پێشكەشكردن (http://37.98.225.237:9999/) كە لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی رەسمی خۆی دیاریی كردووە، وێڕای پێگە كۆمەڵایەتییە رەسمییەكانی تایبەت بە كۆمسیۆن، پرۆسەی پێشكەشكردنەكەش لە 24ی ئایارەوە دەستیپێكردەوە و تا 1ی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت و بە درێژایی 24 سەعاتیش دەرگای پێشكەشكردن ئاواڵایە، پێشكەشەكردنەكە لەڕێی فۆرمێكەوە دەبێت كە لە دوای رازیبوونی پێشكەشكار بە مەرج و بنەما و هەڵسوكەوتی تایبەت بە كاریی فەرمانبەرانی دەنگدان دەكرێتەوە، بڕیاریش دراوە فەرمانبەرانی دەوڵەت ئەوانەی لە ناوەندەكانی دەنگدان كاردەكەن، نوسراوی سوپاس و پێزانیین وەربگرن لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دوای ئەوەی كۆمسیۆن پشتگیرییان دەكات لەڕووی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان بە باشی، پێدانی پاداشتی دارایی بۆ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان و دەرچوانیش دابین دەكرێت كە دواتر لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڕەكەی دیاریی دەكرێت».

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەڵێت»بەپشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ژمارە (149)ی ساڵی 2021 كە (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن سەرپشك دەكات لەڕووی دەسەڵاتی دانوستان و گرێبەستی راستەوخۆ لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیا جیهانییە رەسەنەكان، بۆ چاپكردنی پەڕاوی دەنگدان و فۆرمە گرنگەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ساڵی 2021، بەدەر لە رێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكان ژمارە (2)ی ساڵی 2014 و پاشكۆكانی، لێوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا قسە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بكات كە لەگەڵ بانكی ناوەندی عیراقی گرێبەستی هەیە و دراوی عیراقی چاپ دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتی دادوەر (عەباس فەرحان حەسەن) سەرۆكی ئیدارەی هەڵبژاردن و ئەندامێتی یاریدەری سەرۆكی ئیدارەی هەڵبژاردن بۆ كاروباری تەكنیكی و ژمارەیەك لە فەرمانبەرە پسپۆڕەكان پێكهێناوە، لەپێناو دانوستان لەگەڵ كۆمپانیای (كیزكە بڵەس دیفرنت)ی ئەڵمانی كە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر رێكاری گرێبەستكردن لەگەڵیدا دەربڕیوە بۆ چاپكردنی پەڕاوەكانی دەنگدان و فۆرمەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن، و پابەندكردنی بە كات و خشتەی كاتی پرۆسەی هەڵبژاردن كە وابڕیارە لە دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت».

جیاكردنەوەی دەنگەكان
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاندووە»ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی تەكنكییەوە هەیە بۆ قۆناغی دەنگدان، ئەنجومەنی كۆمسیاران بە كۆی دەنگ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر راگەیاندنی بەرەنجامی سەرەتایی وێستگەكانی دەنگدان (گشتی و تایبەت) لە دوای كۆتایی جیاكردنەوەی دەنگەكان و ژماردنی ئەلیكترۆنی و دەستی بۆ وێستگەكان كە لەلایەن هەر ناوەندێكی دەنگدانەوە هەڵدەبژێردرێن، لە حاڵەتی بوونی جیاوازیش لە بەرەنجامەكانی جیاكردنەوەی دەستی و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی بەڕێژەی 5%، ئەوا جیاكردنەوەكان لە تەواوی خودی ئەو ناوەندەدا دەكرێنە جیاكردنەوەی دەستی و لەماوەی (24) سەعات لە وادەی كۆتایی دەنگدانی تایبەت بەرەنجامەكانی رادەگەیەنرێن، هەروەها دەنگدانی گشتی لە ماوەی (24) سەعات لە وادەی تەواوبوونی دەنگدانی گشتی، بەرەنجامەكانی رادەگەیەنرێن».

ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن باس لە كۆبوونەوەیەكی سەرۆك كۆمار دەكات كە «سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران و سەرۆكی ئیدارەی هەڵبژاردن و ژمارەیەك لە راوێژكارانی سەرۆكایەتی ئامادەی بوون بۆ تاوتوێكردنی ئەو رێكار و میكانیزمانەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە دانراون لەپێناو زامنكردنی بێخەوشی پرۆسەی هەڵبژاردن و رێگرتن لە حاڵەتەكانی ساختەكاریی، هەروەها دادوەر (جەلیل عەدنان خەڵەف) سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران پێشوازیی كردووە لە نوێنەری نێونەتەوەیی تایبەت بە عیراق بۆ كاروباری سیاسی و یارمەتیدان لە هەڵبژاردن، لە كۆبوونەوەی نێوانیان دوایین ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی تاوتوێكرا، وێڕای گفتووگۆ لەسەر رۆڵی میلاكی كارمەندانی كۆمسیۆن و ئامادەكارییەكانیان بۆ دابەشكردنی كارتی بایۆمیتری دەنگدەر».

هەر لە چوارچێوەی ئامادەكاریی كۆتایی بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن داوای لە دامەزراوە ئەمنییەكان كردووە»رێكارەكانی تایبەت بە دەنگدانی تایبەت تەواوبكەن و ناوی دەنگدەرانی دامەزراەوەكانیان لە تۆماری دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی بسڕنەوە، لەگەڵ تەواوكردنی بڵاوبوونەوەی كۆتایی بۆ دەنگدانی تایبەت و چاپكردنی كارتەكانی دەنگدانیان».

سائیورن هۆشداریی دەدات
لەگەڵ رایگەیاندنی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق، هاوپەیمانی سائیرون كە سیاسەتەكانی لەلایەن موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرەوە ئاراستە دەكرێت و بە بەهێزترین فراكسیۆن دادەنرێت لە ئەنجومەنی نوێنەران، هۆشداریی دەدات لە بوونی هەندێك لایەن كە بە وتەی ئەو «دەیانەوێت شكست بە پرۆسەی دیموكراتی بهێنن لە عیراق».

لەو بارەیەوە ریاز مەسعودی پەرلەمانتاری سائیرون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە»هەندێك لایەنی سیاسی هەن لەگەڵ لایەنگرانیان، هەوڵ دەدەن هەڵبژاردن دووچاری شكست بكەن، لەڕێی بانگەشەكردنی بۆ خۆپیشاندان و پشتیوانیكردنی، یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان».

مەسعودی دەڵێت»ئەو لایەنانە شێوازیی نائاشتیخوازانە بەكاردەهێنن بۆ گوزارشتكردن لە راوبۆچوون و مافەكان، و هەوڵدەدەن وەها واقع بخەنەڕوو كە لەبار نییە و لێوەی بانگەشە بۆ شكستخواردن یان دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن».

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیرون پێیوایە»زۆربەی ئەو لایەنانە، یان بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی، یان جوڵێنەری ئەوانەن كە لە پرۆسەی سیاسیدان، لەپێناو هێنانەدی ئەو ئامانجانەی هەوڵی بۆ دەدەن».

 78 جار بینراوە