سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » نەخۆشی کەڕووی رەش

نەخۆشی کەڕووی رەش

وادیاره‌ مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی ژیان به‌رده‌وام رووبەڕووی ڤایرۆس و په‌تا و نه‌خۆشی ده‌بێته‌وه‌، مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیش پڕه‌ له‌و جۆره‌ په‌تاو نه‌خۆشییانه‌ی‌ رووبه‌ڕووی مرۆڤه‌كان دەبنەوە، زۆرجاریش مه‌ترسی له ‌ناوچه‌ جیاجیا و فراوانەکانی جیهاندا دروستكردووه‌، ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا تیشكی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر، پەتای كه‌ڕووی ره‌شه‌، كه‌ هه‌رچه‌ند نه‌خۆشییه‌كی‌ كۆنه‌، به‌ڵام ئێستا هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ كۆرۆنادا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان كۆرۆنا و كه‌ڕووی ره‌شدا هه‌یه‌؟، یان ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئێستا و له‌زه‌مه‌نی كۆرۆنادا په‌یدابۆته‌وه‌.

سه‌ره‌تا بابزانین كه‌ڕووی ره‌ش چییه‌ و له‌چییه‌وه‌ تووشی ده‌بی و له‌كوێ سه‌ریهه‌ڵدا ئه‌مجاره‌؟

كه‌ڕووی ره‌ش جۆرێك له‌جۆره‌كانی كه‌ڕوو و میكرۆبه‌ و نه‌خۆشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ڕووی ره‌ش له‌هه‌مان خێزانی كه‌ڕووی نان و «ئه‌ستراگلیكس»ه‌ كه‌ له‌ناو ژینگه‌ و جۆگه‌له‌ و ئاوی زه‌وی كشتوكاڵیدا هه‌یه‌.

به‌پێی سه‌نته‌ره‌ ته‌ندروستییه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ڕووی ره‌ش نه‌خۆشیه‌كی مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام ده‌گمەن و كه‌مه‌، مرۆڤ زیاتر له‌و شوێنانه‌ تووشی ده‌بێت كه‌ كه‌ڕووی تێدایه‌ وه‌ك شتی گه‌نیوی ناو زه‌وی و ئه‌و ماده‌ ئۆرگانییانه‌ی‌ شیبوونه‌ته‌وه‌ له‌شێوه‌ی‌ گه‌ڵای دار و هه‌روه‌ها سه‌ماد و داری تێكچوو گه‌نیو، مرۆڤه‌كانیش له‌رێگه‌ی‌ هه‌ناسه‌دان و هه‌ڵمژینی خانه‌ی كه‌ڕووەكانەوە تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌بن.

سه‌رهه‌ڵدانی كه‌ڕووی ره‌ش ئه‌مجاره‌ له‌ وڵاتی هیندستانه‌وه‌ په‌یدابوو، له ‌بنه‌ڕه‌تیدا ساڵانه‌ ده‌یان حاڵه‌ت به‌و نه‌خۆشییه‌ له‌و وڵاته‌ تۆمار ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ ئه‌مجاره‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ په‌تای كۆرۆنادا هاتووه‌ و ئاماره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ڵێن، تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌ (7) هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌ و به‌پێی راگه‌یاندنه‌كانی هنیدستان 219 كه‌س به‌و هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌پێی وتەی شاره‌زایان كه‌ڕووی ره‌ش ده‌بێت زوو دیاری و بكرێت ئه‌گه‌رنا مه‌ترسی بۆ سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ دروست ده‌كات، بۆیه‌ هه‌ر كه‌ دیاری كرا له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه‌، پێویسته‌ زوو ئه‌و خانه‌ مردووانه‌ی كه‌ڕووی گرتووه‌ لاببرێت له‌رێگه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌، بۆ رێگرتن له ‌گه‌یشتنی كه‌ڕووه‌كه‌ به‌مێشكی مرۆڤ، چونكه‌ زوو فریای نه‌كه‌ویت ئه‌گه‌ری مردنی نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌یه‌.

رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان، ئاشكرای كردووه‌ نه‌خۆشی كه‌ڕووی ره‌ش، جێگه‌ی‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێی گه‌وره‌ نییه‌، چونكه‌ ژماره‌ی‌ تووشبووانی كه‌م و دیاریكراون له‌جیهاندا به‌ ته‌حه‌دای ته‌ندروستی هه‌ژمارناكرێت.

زۆرترین حاڵه‌تی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌وڵاتی هیندستانه‌ و دوای ئه‌ویش به‌رێژه‌ی‌ كه‌م له‌چه‌ند وڵاتێكی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هه‌یه‌، نه‌خۆشییه‌كه‌ش زیاتر له‌و كه‌سانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سیستمی به‌رگری له‌شیان لاوازه‌ له ‌نموونه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ریی چاندنی ئۆرگانی له‌شیان بۆ كراوه‌، له‌گه‌ڵ نه‌خۆشانی شه‌كره‌ و شێرپه‌نجه‌، به‌رێژه‌یه‌كیش له ‌نه‌خۆشانی‌ كۆرۆنادا له‌به‌ر دابه‌زینی به‌رگریی له‌شیان دەردەکەوێت.

هه‌رچه‌ند نه‌خۆشییه‌كه‌ گوازراوه‌ نییه،‌ واته‌ كه‌سێك له‌كه‌سێكی ترەوە نایگرێت، به‌ڵام پێویسته‌ خه‌ڵكی و به‌تایبه‌ت له‌ وڵات و ناوچه‌ی خۆمان ئاگاداربێت و به ‌هۆشدارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و خۆپارێزیی بكات، چونكه‌ دواجار نه‌خۆشییه‌كه‌ هه‌رچه‌ند كه‌میش بێت ئه‌وا مه‌ترسیداره‌، ته‌نها چاره‌سه‌ریش بۆی‌ ده‌رمانی دژه‌ كه‌ڕووه‌ كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی نه‌خۆشییه‌كه‌ وه‌ربگیرێت.

كه‌ڕووی ره‌ش، ته‌نها چه‌ند حاڵه‌تێكی كه‌می له‌عیراق راگه‌یاندراوه‌، كه‌ زیاتر له‌ناو كه‌سی به‌ته‌مه‌ن و ئه‌وانەدا ‌بووه‌ كه‌ به‌رگریی له‌شیان لاوازه‌.

به‌پێی به‌رپرسانی ته‌ندروستی عیراق، ئامێری تایبه‌ت به‌ دیاریكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ له ‌نه‌خۆشخانه‌كاندا نییه‌، زیاتر پزیشكه‌كان كه‌سی نه‌خۆش دیاری ده‌كه‌ن، به ‌بینینی راسته‌وخۆ.

ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت بزانرێت كه‌ڕووی ره‌ش په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به‌ كۆرۆناوه‌ نییه‌، له‌بنه‌ڕه‌دا نه‌خۆشییه‌كی‌ كۆنه‌ و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1885 دۆزراوه‌ته‌وه‌ به‌پێی هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌ پزیشكییه‌كان، له‌كاتێكدا هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی‌ تر ساڵی دیاریكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌جیهاندا بۆ ساڵی 1876 ده‌گێڕنه‌وه‌، ته‌نها شت ئه‌وه‌یه‌ كۆرۆنا به‌رگریی له‌شی لاوازده‌كات ئه‌وه‌ش له‌پاڵ چه‌ند هۆكارێكی تری، وه‌كو ژینگه‌ی‌ پیس و به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ شتومه‌كی گه‌نیو و كه‌ڕووداردا، ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌و نه‌خۆشیه‌ زیاد ده‌كات.

بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هاووڵاتیان پاك و خاوێنی خۆیان و خواردن و خواردنه‌وه‌یان رابگرن، سه‌وزه‌ و میوه‌ش پاك بشۆن و ده‌ست له‌شت و مه‌كی پیس و گه‌نیو و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ڕوو لێیداوه‌ نه‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوور بن له‌و نه‌خۆشیه‌ و هه‌ر ده‌ردوبه‌ڵایه‌كی تر.

 106 جار بینراوە