سەرەکی » ئەدەب و هونەر » بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی مەروان عەلیپەڕە 26

سێ دەروازە

بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی مەروان عەلی

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

سەرەتایەکی پێویست

*مەروان عەلی یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی رۆژئاوای کوردستان، چەند دیوانێکی بە زمانی عەرەبی هەیە. ئەم نووسینە رەخنەییە، کە لێرەدا دەیخوێنیتەوە بۆ پێشەکی کتێبێکمان نووسیوە، کە بریتییە لە چەند شیعرێکی، لە سێ کۆمەڵە شیعری هەڵمانبژاردوون و کتێبەکەیش بۆ چاپ ئامادەیە.

*مەروان ساڵی 1968 لە قامشلی لەدایکبووە. ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

*ساڵی 1997خەڵاتی فێستیڤاڵی دنیای هۆڵەندی بۆ شیعر هێناوە. شیعرەکانی بۆ سەر چەند زمانێکی جیهان وەرگێڕاون.

*لە کتێبەکانی: ئاوی دوێنێ، دەزگای (الغاوون)، بەیرووت، ساڵی 2009، چۆنچۆنی لە پێنج رۆژدا دەبیت بە کورد، دەزگای السویدی و المتوس، امارات– ایتالیا، 2019

*رێگا بەرەو ماڵەوە، 2018، دەزگای المتوست ئیتالیا.

سێ دەروازە بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی مەروان
– 1 –

کەوتنی رەوانبێژیی لە شیعری مەرواندا
مەروان، هێڵی نێوان پەخشان و شیعری بە تەواوی کەمکردووەتەوە و بەمەیش وەک چەندین شاعیری تر دەڵێت. کە دەقی شیعری هەر تەنها بە کەرەستەکانی شیعر نانووسرێت، رەنگە شیعر لە هاوارێک یا دیمەنێک یا سەمفۆنیایەک یا نامەیەکدا یا فرمێسکێکی گەرمدا ببینرێت. شیعرەکانی وەک پەخشان رێدەکەن، لادانێکی هونەریی وایان نایەتەڕێ، بەساکاری بەرەو کۆتایی دەڕۆن، لەو میانەدا هەست بەبوونی لادانێک لە رستەیەکدا، یا لە بڕگەیەکدا ناکەیت، بەڵام موفارەقەیەک رێڕەوی پەخشانەکە دەگۆڕێت و دەیکات بە چەشنێک لە شیعر، بە زمان و بیرکردنەوەیەکی ئاسایی دێن، لە کۆتاییشدا تووشی سەرسوڕمانی شیعریمان دەکەن.

شێوازی رەوانبێژی لای ئەم وەلادەخرێت، زۆرجار شیعریشی، دەبێت بەسەرگوزەشتەی خۆی و دەقی ئۆتۆبایۆگرافیی لێ پێکدێت.

لە ئەدەبی مەروان عەلیدا، رەوانبێژی و کەرەستەکانی بزردەبن و وەلادەنرێن، لە خوێندنەوەیاندا، هەست بەبوونی وێنەی رەوانبێژی، لێکچوون، مەجاز، میتافۆر ناکەیت، بەدەگمەن زۆر بەدەگمەن نەبێت، لەبری ئەوە جۆرێکی تر لە وێنە، کە سەر بەژانر و هونەری ترە دێتە ئاراوە، وەک فۆتۆ، یا وێنەی گێڕانەوەی حیکایەت ئامێز…

فۆتۆ و شیعر
– 2 –
لە ئەدەبی، نوێدا فۆتۆ دەورێکی گرنگی هەیە، بووە بەکەرەستەیەک بۆ پتەوکردنی لایەنی بینین و بەهێزکردنی رۆشنبیریی وێنە و چەشنەکانی، لە شیعردابێت یا لە چیرۆک یا لە رۆماندا.
لای مەروان عەلی، زۆر جار وێنەی فۆتۆگرافی، جێگای وێنەی رەوانبێژی دەگرێتەوە کە ئەم بایەخی پێنادات و بۆ ناو دەقەکانی رایناکێشێت. بە دەربڕینێکی تر، لە جیاتی لێکچوون و کەرەستەکانی، یا میتافۆر… بە بونیادێکی حیکایەتئامێز و پەنابردنەبەر فۆتۆ وێنەیەکمان بۆ دەکێشێت، یانی دەقەکە هەمووی لەسەرەتاوە تا کۆتایی دەبێت بە وێنەیەک، نەک تەنها رستەیەک یا بڕگەیەک لێی:

وێنەکەمان
تاکە وێنە رەشوسپییەکەمان
کە خاچێکی ئەرمەنیی بەساڵاچوو
بۆی گرتین
بە ئامادەبوونی چەند غەریبێک
کە نزمە نیگایان تێدەگرتیت
(هەر ئەوە نەبوو
لەشەهوەتگرتندا
چاویان بڕژێتە سەر زەوی)
وابزانم
ئێستا ئەو وێنەیە بەلاتەوە گرنگ نییە
بۆیە دەتوانی
بە ئاسانی لێی دەربچیت.
دەقی (فۆتۆگراف)

یادەوەرییەک
ماڵێکی چکۆلە لە کوردستان
لە راستەوە
باوک و دایک و خوشکێک…
دەڕوانم و بە دوای کوڕەکەدا دەگەڕێم
پێشکەمێک لە وێنەکەدا بوو
و رۆیشت

چونکە پەیوەندیی لەگەڵ یادەوەریدا خراپە.
دەقی(یادەوەرییەک)
بێگومان خوێنەری ئەم دوو دەقە، کە تێیاندا وێنەی فۆتۆگرافی بووە بە پێکهێنەر و تەوەری سەرەکی، دەپرسێت، جیاوازی نێوان وێنەی دەرەوەی واقیع و وێنەی ناو دەقەکە چییە؟ لەدەرەوە چۆن بووە و لەناوەوە چی بەسەردا هاتووە؟
ئاشکرایە بەکارهێنانی فۆتۆ مانای کرانەوەی شیعری مەروان دەگەیەنێت بەسەر هونەردا، بەسەر رەگەز و ژانرەکانی تردا.

وێنەی یەکەم، وێنەیەکی رەشوسپییە، وێنەی رەشوسپییش ئاماژەیە بۆ دوو شت، یەکەمیان سەرەتاکانی قۆناغی داهێنانی فۆتۆ، کە بە رەشوسپی دەستیپێکردووە، دەلالەت لە رابردوو دەکات و رابردوویش بەشێکە لە تێمەی سەرەکی ئەدەبی مەروان عەلی، لەهەمانکاتیشدا کۆڵەکەی سەرەکیی شیعری بایۆگرافی و ئۆتۆبایۆگرافییە، کە شیعرەکانی مەروانیان پێ دەناسرێت، دووەمیشیان بوون و دەسنیشانکردنی کەسەکانی ناوەوەیە، لە چوارچێوەی زەمەنی رابردوو و سەردەمی کۆندا، نەک زەمەنی دنیای مۆدێرن.

پێکهاتەی دەقەکە، وێنەیەکە، پێکهاتەی وێنەکەیش لە واقیعدا، واتە پێش ئەوەی بێتە ناو دەقەکەوە، بریتییە لە گێڕەرەوە خۆی لەگەڵ کچەکەدا، بە ئامادەبوونی چەند کەسێکی شەهوەتباز کە سەیری دەکەن، بەڵام خودی وێنەکە لەناو پێکهاتە شیعرییەکەدا، لە رەوتە واقیعییەکەی وێنەکە لادەدات، بەوەی گێڕەرەوە دێتەگۆ و لە گپی و بێدەنگی دەری دەکات و جموجۆڵی پێدەبەخشێت، بەوەی کە سەربەستی بە یەکێک لە ئەندامانی وێنەکە دەدات (کچەکە) تاکو لە وێنەکە بێتەدەرەوە. کەواتە ئەرکە نوێکەی شاعیر ئەوە بووە دوالیزمێکی دروستکردووە، کە بریتییە لە رابردووی وێنە فۆتۆگرافییەکە لەگەڵ ئێستای ناو پێکهاتە ئەدەبییەکە، رابردووەکە کپە، ئێستایشی دینامیکیانەیە و پڕە لە جووڵە(سەربەستیدان بە کچەکە بۆ دەرچوون) هەر لێرەدا جۆرێک گۆڕانکاری روودەدات، چونکە لەناو ئەم وێنە فۆتۆگرافەدا، جۆرێک خەسڵەتی سینەمایی پەیدادەبێت، بۆ نموونە، دەرچوونی کچەکە لە وێنەکە، دەرچوونە لە هونەری فۆتۆگراف، کە پێکهاتەی بە کپی و بێدەنگی ناسراوە.

دەقی دووەم لەسەر شێوەی دەقی یەکەم هاتووە، وێنە فۆتۆگرافەکە هەم بابەتە و هەم کەرەستە، کەرەستەیە چونکە لە هونەر و ژانرێکی تر وەرگیراوە و هێزی چەندین ئامرازی بەلاغی دەبەخشێت، لەهەمانکاتیشدا، بابەتیشە بۆ شیعرەکە و تەوەری سەرەکیشییەتی.

وێنەکە بریتییە لە ماڵێک و ئەندامانی خێزانێکی چوار کەسی، ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان وێنەی سەرچاوە واقیعییەکە و وێنەکە پاش گواستنەوەی بۆناو شیعرەکە تێبینی دەکرێت، ئەوەیە لە دۆخی یەکەمیدا مادەیەکی فۆتۆگرافی خامە و نایشکرێت هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە و لە ناوەوەدا دەسکاری نەکرێت، لەبەرئەوی بوونی بەو شێوە خامە هێزێکی شیعری نابەخشێت. لادان لە راستییەکەی واقیع، لە بزربوونی کەسی چوارەمدا(کوڕەکە)دا روودەدات، کە لە وێنەی ناو دەقەکە دەردەچێت و دەڕوات، بیانووی ئەم هەڵاتنەیش، وەک شاعیر دەڵێت. بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەو پەیوەندیی لەگەڵ یادەوەریدا خراپە.

فۆتۆ لە ئەدەبدا ئەرکێکی جیاواز دەبینێت، چونکە لە وێنەوە بۆ ناو زمان و وشەو بڕگە دەگوازرێتەوە. لای مەروان جمووجوڵێکی تێدەکەوێت، بەهۆیەوە هەندێک خەسڵەتی تایبەت بە هونەری فۆتۆ لادەدرێن، وەک کپی و بێدەنگی، چونکە شاعیر جووڵەیەکی پێدەبەخشێت، بۆ نموونە، لە دەقی یەکەمدا داواکردنی نووسەر لە کچەکە تاکو لە وێنەکە دەرچێت، یاخود ونبوونی کوڕەکە و هەڵاتنی، لە دەقی دووەمدا، ئەمانەیش تا رادەیەک لە هەندێک خەسڵەتی سینەمایی نزیکدەکەنەوە. بەپێی ئەم هێڵکێشانەی خوارەوە، فۆتۆگرافەکە لە دەرەوە بۆناوەوە بەم قۆناغەدا تێپەڕدەبێت:
سەرچاوە(فۆتۆ) -ناو دەق (زمان + فۆتۆ + جووڵەی سینەمایی یا هەر جووڵەیەکی تر.)

بۆیە ئەگەر ئەرکی شاعیر لەوێدا هەر تەنها ئامادەکردنی فۆتۆ بوایە، بێ هیچ گۆڕانکارییەک لەناو زماندا، یا کۆکردنەوەی چەند وێنەیەک بوایە و بەس، ئەوە کارێکی شیعریی وەهای پێشکەش نەدەکردین.

مەروان عەلی و شیعری ئۆتۆبایۆگرافی
– 3 –
سەربوردەی خود و دەرکەوتنی لە زۆر شیعری مەروان عەلیدا، بە پلەی نایاب سیفەتی ئەوەی پێ دەبەخشێت، لە رووی سەرەکییەوە پێی بڵێین شاعیری ئۆتۆبایۆگرافی، بە شیعرەکانیشی بڵێین دەقی ئۆتۆبایۆگرافی.

دیارە ئەدەب بەگشتی، بمانەوێت و نەمانەوێت، لە خۆیدا بڕێک لە خودی ئەدیبەکە هەڵدەگرێت، بێئەوەی راستەوخۆ، بیخەینە چوارچێوەی ئەدەبی بیرەوەری و سەرگوزەشتە و سەرگوزەشتەی خودەوە، چونکە لە ئەدەبی ئۆتۆبایۆگرافیدا کۆمەڵێک ئاماژە دەردەکەون بە ئاسانی دەمانبەنە سەر ژیانی راستەقینەی ئەدیبەکە خۆی، هەندێک لایەنی کەسایەتی راستەقینەی ئەومان بۆ دەردەخەن.

ئه‌گه‌ر له‌ بونیادگه‌ریدا نووسه‌ر بزر ‌و ئاوابووبێت، ئه‌وا له‌ ئۆتۆبایۆگرافیدا هه‌وڵ بۆ ئاماده‌گی‌ و دۆزینه‌وه‌ی ده‌درێت. بۆیه‌ له‌(پاش بونیادگه‌ریدا) هه‌لی زیاتر بۆ بایه‌خدان به‌ ژیاننامه‌ی خۆ ده‌ڕه‌خسێت.

شیعری ئۆتۆبایۆگرافی چەند لا لەبیرەوەری و لایەنی واقیعیی نووسەرەکە بکاتەوە، بە گشتی دەسبەرداری خەیاڵ نابێت، بەڵام تا رادەیەک تێیدا، جووتبوونێک لەنێوان سێ مندا، فراهەم دەبێت، واتە:

منی نووسه‌ری راسته‌قینە.
منی گێڕه‌ره‌وه‌.
منی بوونه‌وه‌ره‌ كاغه‌زینه‌كه‌.

ئه‌م سێ‌ منه‌ له‌ ئۆتۆبایۆگرافیی شیعریدا له‌ یه‌كتر نزیکده‌بنه‌وه‌، بەڵام لەسەدا سەد به‌ ته‌واوی نابن به‌یه‌ك ‌و بە تەواوەتییش جووتنابن. ئه‌وه‌ خه‌یال ‌و پرۆسه‌ی وه‌گه‌رخستنێتی له ‌شیعردا، ده‌بێته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م به‌دیهێنانی ته‌واوی ئه‌م جووتبوونه‌دا، بەپێچەوانەی تەواوەتیی ژییاننامەنووسێک کە ئەدیب نەبێت و نەیەوێت ئەدەب بنووسێت.

به‌م پێیه‌ منی شاعیر له‌ نووسینی شیعری ئۆتۆبایۆگرافیدا یادگه‌(زاكیره‌) ده‌كات به‌ بنه‌ما، ‌رەگه‌زی گێڕانه‌وه‌ی هونه‌ری په‌خشان، كه‌ زمانی ئه‌م جۆره‌ نووسینه‌یه‌ لای فیلیپ لۆجۆن، له‌گه‌ڵ زمانی شیعردا تێكه‌ڵاو ده‌كات ‌و جڵه‌ویش بۆ خه‌یاڵ شلده‌كات.

لە شیعری مەرواندا، چەند ناوێک، ناوی کەس، دایک، باوک، خوشک، مام، هاوڕێ، ناوی دێ، شەقام، شوێنی لە دایکبوون، شاخ، رووبار، وڵات، دەبن بە ئاماژەپێدەر و ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن، کە تا رادەیەکی زۆر منی نووسەر و منی گێڕەرە و منی دەقەکە لەگەڵ یەکتردا جووتن. پەیماننامەیەکیش لە نێوان منی نووسەر و خوێنەریشدا دروست دەبێت، بۆ ئەوەی منی نووسەر بۆ خوێنەری بسەلمێنێت، کە ئەوەی لەسەر بەرگەکە یا لەسەرەوەی دەقەکە ناوی هاتووە و چەسپاوە ئەمە و کەسی تر نییە. پەیماننامەکەی نێوانیان لە ئەنجامی جووتبوونی نێوان ئەو سێ شوناسەی سەرەوە دەردەکەوێت، ئەویش بەهۆی چەند نیشانەیەکەوە، کە خوێنەر لە ئەنجامی خوێندنەوەدا دەیاندۆزێتەوە.

کەواتە ئەرکی پەیماننامەکە لەوەدا دەردەکەوێت، کە شێوازی خوێندنەوەی دەقەکە دیاری دەکات، وامان لێدەکات بزانین و بڵێیین، ئەمە دەقی بایۆگرافی یا ئۆتۆبایۆگرافییە و بۆمان دەردەکەوێت، رووداوەکانی ناو دەقەکە پەیوەندییان بە سەرچاوەیەکی دەرەکی و کەسایەتییەوە هەیە، بەپێچەوانەی ئەو دەقانەی ترەوە کە ناچنە ژێرباری ئەو ئەرکەوە.

لە چەند شیعرێکدا، خوێنەر بە ناوهاتنی چەند شارێک شوناسی شاعیرەکەی بۆ دەردەکەوێت، وەک قامشلی، عاموودا، حەلەب، دیمەشق، یان چەند شوێنێکی جیهان کە ئێستای شاعیر دەردەخەن. یاخود هەندێک تایبەتمەندیی منداڵی، یا زەمەنی منداڵیی کە دەبن بە نیشانە و نزیکبوونەوەکەی سێ منەکە دەسەلمێنن:

(لەم بەرەبەیانەدا
بیر لە قوتابییەکی
پۆلی یەکی ساڵی 1978دەکەمەوە
کتێبی خوێندنەوە دەگرێت بە دەستییەوە و
بەرەو قوتابخانە رادەکات
بەڵام ئەو تا ئێستاش نەگەیشتووە)

نیشانەی زەمەنیی(1978) کە سەرەتای خوێندنی شاعیرە، سەلمێنەری لێکچوونی هەرسێ شوناسەکەیە. لە چەند جێگایەکی تردا پێکهاتەو و ناوی راستەقینەی ئەندامانی خێزان ئەو ئەرکە دەبینن و دەبن بە نیشانە:
(کە ئیبراهیمی باپیرم مرد، کۆچەری نەنکم تەمەنی بیست ساڵ بوو، تەمەنی بە بەخێوکردنی منداڵەکانییەوە بەسەر برد.

رەمەزان، عەلی، مەقبولە. پێش ئەوەی نەنکم بۆ لای خودا بگەڕێتەوە، وتی: تاکە خەونم ئەوەیە کە کچەکانت ببینم.)

بایۆگرافی و ئۆتۆبایۆگرافی(ئەو نووسینەوە، خودنووسینەوە یا خۆ نووسینەوە) ژیاننامە بە پێنووسی نووسەر خۆی، یا بەپێنووسی کەسێکی تر و دەرکەوتەکانی لە شیعری مەرواندا دەخوێنرێنەوە. باویشە لە نووسینەوەی وادا بە زۆری راناوی قسەکەر بەکارببرێت، کەچی جاری واهەیە مەروان بە راناوی کەسی دووەم یا سێیەم خودی خۆی دەنووسێتەوە، لەم حاڵەتەیشدا چەندین نیشانەی کەسایەتی هەن دەمانبەنەوە سەر سەرچاوە کەسایەتییە راستەقینەکە.

لە کۆتاییدا دەپرسم، ئایا دەکرێت بەباشی شیعر بە پەخشان بنووسین؟ ئایا دەکرێت ژانر و هونەری تر یارمەتیدەربن بۆ ئەوەی دوور لە رەوانبێژی شیعر بنووسین؟ ئایا دەبێت بەشیعر نەک بە پەخشان خودی خۆمان بنووسینەوە؟

بەڵێ، کاتی خوێندنەوەی شیعری مەروان عەلی و چەندینی وەک ئەم، ئەمانەمان بۆ دەردەکەون.
***

*بۆ یەکەم جار ساڵی 2011 لە ژمارە 64 ی گۆڤاری هەناردا، بابەتێکی درێژم لەبارەی شیعری ئۆتۆبایۆگرافی، لای ئەنوەر قادر محەممەد نووسی. دیارە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ژیاننامە و بیرەوەریی خۆی بنووسێتەوە، لەم یەک دووسێ ساڵەی دواییدا بایەخ بە نووسینەوەی دراوە و دەدرێت، بەڵام چاک وایە ئەوەی کە دەینووسێت کەمێک ئاگای لەهونەری نووسینەوەی هەبێت. بەتایبەتی بۆ ڕەخنەی ئەدەبی. سەیرە یەکێک بێت و لەم بوارەدا رەخنەی ئەدەبی بنووسێت و ئاگای لە زانیارییەکانی فیلیپ لۆجۆن و جۆرج مای نەبێت، کە دوو تیۆرداڕێژی بەناوبانگی ئەم بوارەن. بێگومان کە ئەدەب و بیرەوەری و ژیاننامە تێکڵاو دەبن کارەکە قورستر دەبێت.

 280 جار بینراوە