سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » تالیبان دەبێتەوە بە فەرمانڕەوای ئەفغانستان؟

دەر و دراوسێ

تالیبان دەبێتەوە بە فەرمانڕەوای ئەفغانستان؟

دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن بڕیاریدا تاوەكو 11/9/2021 هەموو هێزەكانی لە ئەفغانستان بكێشێنێتەوە، ئێستا پێشبینی و قسەوباسی زۆری لەسەردەكرێت هەرلەوەی تا شەش مانگی تر تالبیان حکومڕانیی ئەفغانستان دەگرێتەوە دەست، قاعیدە و داعش تا دوو ساڵی تر وزە و تواناكانی جارانیان بەدەست دەهێننەوە و زۆر قسەوباسی تریش .

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی كشانەوەكە زۆر سیناریۆ و پێشبینی رەشبینانە هاتۆتە ئاراوە، مایەی پرسیار و سەرسووڕمان و هەڵوێستە لەسەركردنە، ئایا ئەمریكا دواجار چ بڕیارێك دەدات؟ ئایا هەموو ئەم قسەوباسانە ئەمریكا ناچار ناكات چاو بەبڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە؟

دوای 20 ساڵ مانەوە لەئەفغانستان، هێزەكانی ئەمریكا كە ژمارەیان (2500) كەسە تا 21/9/2021 بە تەواوی دەكشێنێتەوە و بەدوای ئەویشدا هێزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ كە ژمارەیان (7000) كەسە كە پێكهاتوون لە هێزی وڵاتانی ئوسترالیا، نیوزلەندا، جۆرجیا، تا ئەو كاتە ئەو وڵاتە بە جێدێڵن .

راپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكا كە رۆژنامەی (ۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئەمریكی بڵاوی كردۆتەوە لە 23/6/2021 باس لەوەدەكات كە حكومەتی ئەفغانستان لە ماوەی شەش مانگدا دەڕوخێت و هەرەس دەهێنێت لەبەردەم هێزەكانی بزوتنەوەی تالیباندا، تا كاتی تەواوبوونی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا، راپۆرتەكە ئەو گەشبینیانەی پێشووتری رەتكردەوە كە باسی لەوەدەکرد كە قاعیدە و داعش و تالیبان 2 ساڵیان دەوێت تا خۆیان رێكبخەنەوە، بەتایبەتی دوای سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی هێزەكانی تالیبان لەچەند ولایەتێكی ئەفغانستان لە ماوەی دواییدا .

ئێستا هێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان لە شەڕێكی سەخت و دەستەویەخەدان لەگەڵ هێزەكانی بزووتنەوەی تالیبان، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێزەكانی تالیبان دەستیان گرت بەسەر دەروازەی سنووری نێوان تاجیكستان و ئەفغانستاندا، كە دەروازەیەكی گرنگ و ستراتیژییە بۆ هێنانی كەلوپەل و شتومەكی پێویست لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئەفغانستان .

لەلایەكی ترەوە تالیبان لە ولایەتی مەزار شەریفیش كە چوارەمین گەورە شاری وڵاتەكەیە نزیك بووەتەوە لەو شارە و بەشێكی زۆری هێزەكانی حكومەت خۆیان رادەستی تالیبان كردووە و وێنەكانیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوكراوەتەوە، لەلایەكی ترەوە هێزەكانی تالیبان دەستیان گرتووە بە سەر كۆگای زۆری چەك و تەقەمەنی و ئامێر و ئۆتۆمبیلی سەربازیدا.

كاردانەوەو رێكارەكانی ئەمریكا
لەبەرامبەر ئەم سیناریو و پەلامار و پێشڕەوییانەی تالیباندا ئەمریكا سەری سووڕماوە چ هەنگاوێك بگرێتەبەر، لەوانە رۆژنامەی (زە تایم ) بەریتانی لەراپۆرتێكدا رایگەیاندووە لە 22/6/ 2021 پێدەچێت ئەمریكا پرۆسەی پاشەكشەكەی خاو بكاتەوە لە دوای ئەو زنجیرە سەركەوتنانەی تالیبان.

گورزی ئاسمانی
راپۆرتەكان باس لەوەدەكەن كە پێنتاگۆن بیر لەوەشاندنی گورزی ئاسمانی دەكاتەوە بۆ پاراستنی حكومەتی ئەفغانستان لە تالیبان دوای كشانەوەیان، بە نیازن داوای مۆڵەت لە حكومەتی ئەفغانستان بكەن بۆ پاراستنی كابول و شارە گەورەكانی ئەو وڵاتە لەكەوتن بە دەست تالیبانەوە .

ئەم بڕیار و نیازانەی ئەمریكا پێچەوانەی وتەو قسەكانی پێشوویانە كە وتبوویان بە تەواوبوونی پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانیان هەموو كۆمەك و هاریكارییەك كۆتایی دێت، جگە لە وەشاندنی گورز لەو تاقم و گروپە تیرۆریستانەی كە زیان بەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەگەیەنن .

وەزیری بەرگری ئەمریكا لوید ئۆستن هەمو ئەو قسانەی رەتكردەوە و وتی ئێمە ئەو پەلامار و هێرشانەی تالیبان ساردمان ناكاتەوە لە پاشەكشەی تەواو لە ئەفغانستان .

هەر لەو چوار چێوەشدا هێزەكانی ئەمریكا سەرقاڵی گواستنەوەی 18 هەزار ئەفغانین بۆ ئەمریكا ئەوانەی كە وەرگێڕ و هاریكاری هێزەكانی ئەمریكا بوون لە 20 ساڵی ڕابردوودا .

ئایا ئەمریكا یارمەتی حكومەتی ئەفغانستان دەدات لە دوای كشانەوەی؟ لە كاتێكدا رێكەوتنامەی نێوان ئەمریكا و تالیبان، ئەمریكا پابەند دەكات كە پارە و یارمەتی نەدات بەو بەڵێندەرانەی كە كار بۆ سوپای ئەفغانستان دەكەن، لە هەمان كاتدا پاكستان بوارنادات بەئەمریكا بنكەی سەربازی لە سەر خاكەكەی دروست بكات بۆ یارمەتی ئەفغانستان .

ئایا هەمان سیناریۆی سۆڤێتی لە ئەفغانستان دووبارە دەبێتەوە؟

 259 جار بینراوە