سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » سیاسەتی ئارێنتی و سیاسەتی ئەرێنی

سیاسەتی ئارێنتی و سیاسەتی ئەرێنی

هانا ئارێنت ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی لە14/10/1906 لەهانۆڤەر هاتووەتە دنیاوە، پێگەی ئەدەبی و فەلسەفی خێزانەكەیان هەرزوو دەبێتە پاڵنەرێكی باش كە؛ ئارێنت ببێتە ناوێكی درەوشاوەی دنیای سیاسی و فیكری سەدەی بیست. وەك چۆن عاشقبوونی بە «مارتین هایدیگەر»ی مامۆستای ناودەبرێت بە»عیشقەكەی سەدەی بیست»
ژیانكردنی ئارێنت لەناو كوشتوبڕی نازیی و جووەكاندا، پەلكێشی ناو دنیای سیاسەتیشی دەكات و لەڕێگەی نووسینە بەناوبانگەكانییەوە وێنەی سیاسەت لەهزری هەر تاكێكدا دەستكاری دەكات. تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەڵێت «سیاسەت، خاڵییە لە ئەخلاق».
لەم بۆچوونەدا ئارێنت واقیعی سیاسەتمان بۆ رووندەكاتەوە كە كردەیەكە لە هیچ خاڵێكدا ناچێتە ژێر پێودانگە مۆراڵییەكان و دەستەمۆ ناكرێت بەهیچ بنەمایەكی سۆزو عاتیفە. بەپێچەوانەوە سیاسەت جێگایەكە بۆ هەموو فێڵ و سیناریۆیەكی ئەهریمەنی.
یاخود ئارێنت دەیەوێت ئەم وێنەیەی سیاسەت تا ئاستێك روونبكاتەوە مرۆڤ حەز بە هەڵگرتن و بینینی نەكات. ئەم وێنە راستەقینەیەی سیاسەت لای ئارێنت لە دەرەوەی هەر فۆڕمێكی سیاسەتكردنە لە سێبەری بەرژەوەندیی و خاترانەو ویستی تاكەكەسیدا.
لە بۆچوونێكی تردا ئارێنت پێیوایە «سیاسەت كردەیەكە دەتوانێت وێنەی جیهان بگۆڕێت و كۆمەڵگە لەنێوان بێ ئومێدبوون یان بەختەوەربووندا دابەش بكات».
لە گۆشەنیگای هەردوو تێڕوانینەكەی ئارێنتەوە لەسەر سیاسەت، بەرچاوڕوونییەكی باشمان دەبێت لە فۆرمی سیاسی و سیاسەتكردن لە خۆرهەڵات و عیراق و كوردستانیشدا، كە فۆرمێكی نا سیاسییە بە پێناسەیەكی ئارێنتیانە. فۆرمێكی پڕ لە عیشق و سۆزداریی و خزم خزمێنەو دوورە لە مانای سیاسی باو.
لەچەند رۆژی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكی «ئێڤانكا ترامپ» لەبارەی سەردانەكەیانەوە بۆ سعودیە لەبەرواری 20/5/2017 بڵاوكرایەوە. لێدوانەكانی ئێڤانكا ئەو راستییەمان پیشان دەدات كە سەركردە خۆرهەڵاتییەكان و بەتایبەت سەركردە سعودییەكان؛ هەموو شتێك دەكەن و دەزانن، تەنها سیاسەت نەبێت.
بەپێی تەواوی لێدوانەكەی ئێڤانكا ترامپ بێت، لەنێوان سیاسەتی ترامپدا كە كچە ناسكەكەی خۆی نزیك دەكاتەوە لە دەست و جەستەی چاو برسییەكانی سعودیەو سیاسەتی سەركردەو شازادەكانی سعودیەدا، ترامپ براوەبوو.
براوەبوو بەو مانایەی ترامپ كۆدی تێڕوانینی سعودییەكانی لەگەڵ خۆی بردبوو بۆ سعودیە كە دەكاتە جەستەی ناسك و جوانییەكەی ئێڤانكا.
لەم سەردانەی ترامپدا، سعودییەكان هێندەی بیریان لەلای شەوە خەوتنێك بووە لەگەڵ ئێڤانكا، هێندە بیریان لەلای سیاسەتی ترامپ نەبوو كە دواتر وڵاتانی كەنداوی بەردایە گیانی یەكتریی.
ئەم لێدوان و دانپێدانانەی ئێڤانكا لە سعودیە دوو دیوی هەیە لە بێ ئەخلاقیی! سیاسی. دیوێكیان سیاسەتی ئەمریكایە كە مۆراڵی تێدا نییەو هەموو رێگایەكی نا ئەخلاقی دەگرێتەبەر لەپێناو ئەمریكادا. دیوێكیشیان نامۆراڵی سەركردە سعودییەكانە كە لە دەرەوەی سیاسەت زۆر نامۆراڵیانە دەست دەبەن بۆ ئێڤانكا، بەڵام لەناو سیاسەتدا زۆر مۆراڵیانە دەجووڵێنەوەو سیاسەت بە عاتیفەو سۆزو عیشقەوە دەكەن.
لە عیراق و هەرێمی كوردستانیش هێشتا سیاسەت هەڵگری مانا ئارێنتییەكە نییەو هەموو جووڵەیەكی سیاسی وابەستەی سۆزو عاتیفەیە.
بۆنمونە:
لاوازیی سیاسەتی كوردی لە عیراقدا هەمیشە لەوەدا بوو كە كورد بە ئەخلاقەوە ئیشی لەسەر ناكۆكیی نێوان شیعەو سوننە كردووە، كە ئەمەش زۆر دوورە لە مانا راستەقینەكەی سیاسەت. بەپێچەوانەوە دەبوو كورد زۆر نائەخلاقیانە كاری لەسەر ئەو ناكۆكییانە بكردایەو ئەو ناكۆكییانەی لە سوودی خۆی كۆتایی پێ بهێنایە كە كورد ئەو بێ ئەخلاقییە! سیاسییەی نەكرد، ئەوەی ئێستا لە نێوان كوردو عەرەبی عیراقیدا «بەتایبەت شیعەدا» دەبینرێت، ئەنجامی ئەو بە ئەخلاقیكردنەی سیاسەتە کە كورد دەستی دابوویە.
بەكورتی لەسیاسەتدا ئەخلاق هەمیشە نائامادەیە. تەنانەت ئەگەر بێ ئەخلاقی! جەستەو سێكسیش بێت. وەك چۆن «لیڤنی» ئیسرائیلی لەپێناو بێئەخلاقكردنی سیاسەت، جەستەی خۆیی خستە خزمەت ئیسرائیلەوەو لەگەڵ زۆربەی سەركردە عەرەبەكاندا نوست و سێكسیشی كرد. لڤینی پێیوتین سێكس دیوێكیتری سیاسەتكردنە، مادام هەردووكیان كردەیەكی نا ئەخلاقییە.
وەك چۆن هانا ئارێنتیش پێی وتین سیاسەت كردەیەكی نائەخلاقییە.
هەر سیاسەتێك لەدیدگای ئارێنت و لیڤنییەوە بكرێت، سیاسەتی ئەرێنییە!. ئەرێنییە بەمانا ڕاستەكەی سیاسەت و لەپێناو گەشتن بەبەرژەوندی و ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەگەری سەركەوتنیشی زۆر دەبێت.

 205 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*