سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » ستراتیژی نوێی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

ستراتیژی نوێی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

دوای دەستبەكاربوونی سەرۆك جۆ بایدن لە كۆشكی سپی و بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان تا 11 سێپتەمبەری 2021، هەروەها رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق تا كۆتایی ساڵی 2021، تەنها مانەوەی راهێنەر و راوێژكارانی ئەمریكا لە عیراق، ئێستا باس لە ستراتیژێكی نوێی واشنتۆن دەكرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا مەترسی گەورە ئەوەیە، دوای گۆڕانكارییە ئەمنییەكانی ناوچەكە و پێشڕەوییەكانی تالیبان لە ئەفغانستان و جموجۆڵ و پەلهاویشتنی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ستراتیژیی نوێی ئەمریكا چییە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی، لە دوای ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی لە فۆرمی كارە لەپێشینەكانی ئەمریكادا لە ناوچەكە هاتۆتە گۆڕێ‌؟

ئەوەی تا ئێستا دیارە و بەدی دەكرێت لە سیاسەتی جۆ بایدن، لەوەناچێت زۆر جیاواز بێت لە ئیدارەكانی پێش خۆی، بە كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و سوریا و وڵاتانی كەنداو، بەڵكو بە پلەی یەكەم هەوڵی پشتگیریكردنی ئەو وڵاتانە دەدات لەڕێگەی راوێژ و پێشكەشكردنی بۆندی چەك و كەرەسەی جەنگی و پێشخستنی توانای جەنگیی سوپای ئەو وڵاتانە.

ئەم هەنگاوەی ئەمریكا لە كاتێكدایە چین و روسیاش وەكو دوو جەمسەری بەهێز لە ناوچەكە لە هەوڵی فراوانكردنی هەژموون و شوێن پێ خۆشكردندان، ئەمە چ جای بەریتانیا و ئەڵمانیا كە ئەوانیش بە جۆرێكی كەمتر هەمان ئامانجیان هەیە.

ئەمریكا لە ستراتیژە نوێکەیدا زیاتر گرنگی بە كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازەكانی دەدات و لەپاڵ پێشكەشكردنی هاوكاریی ئەمنی بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی، بەتایبەت ئەوانەی خاوەنی پەیوەندییەكی توندوتۆڵن لەگەڵ ئەمریكادا، هەرچەندە لەدوای پرۆسەی هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ بوونی بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە، وادیارە ئەمریكا دەستبەرداری ئاسایشی ناوچەكە بووبێت، بەڵام رێنمایی و دەلیلی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە بە شێوەیەكی كاتی راگەیەنراوە لە 3/3/2021 سروشتی دەستێوەردانەكانی ئەمریكای لە ئایندەدا دیاریكردووە. رێنمایی و دەلیلە ستراتیژییەكەی ئەمریكا ئەوەیە واشنتۆن لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، كار بۆ بەرگرتن لە دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی بە تایبەتی ئێران لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكەدا دەكات، ئەمە چ جای لەناوبردنی داعش و قاعیدە و هەموو تۆڕ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان و هەروەها بوار نەدان بە سەرهەڵدانەوەی داعش (هەرچەندە داعش ماوە و جموجووڵی تیرۆریستی گەورەی هەیە)، لەپاڵ پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەكانی ئەمریكا. هەربۆیە سەرۆك بایدن هەمان ئەو وتانەی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا دووپات كردەوە لە دوا كۆبوونەوەیاندا لە واشنتۆن و وتی: «رۆڵی سەربازانی ئەمریكا لە عیراق تەنها پێشكەشكردنی راوێژ و راهێنانە بە هێزەكانی عیراق و یارمەتیدانیان بۆ بەگژاچوونەوەی داعش»، بەبێ‌ ئەوەی خشتەیەكی زەمەنی دیاری بكات بۆ كشانەوە.

ئەوەی تایبەتە بە عیراق، زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان سیاسەت و پلانی دوورمەودای ئەمریكا مانەوەی درێژخایەنە، بەڵام ئەم لێداون و هەنگاوانەی ئەم دواییەی ئەمریكا تەنها بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزیی و نیگەرانیی هەندێك هێزی شیعەیە.

لە كۆتاییدا ئەمریكا لەكۆی 210 ملیار دۆلار كۆمەك و یارمەتی سەربازیی دەرەكی، ٪55 ی تەرخانكردووە بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام راستییەكی تریش هەیە، كە ناردنی چەك و كەرەسەی سەربازی كێشە و ململانێ ئیتنیكییەكان لە ناوچەكەدا ئاڵۆزتر دەكات و پێناچێت فاكتەرێك بێت بۆ سەقامگیریی و ئارامی.

ماوەتەوە بڵێین ئەگەر ئەمریكا خوازیاری پاراستنی بەرژەوەندییەكانێتی و دەیەوێت بەر بە هەژموونی هێزە ركابەرەكانی بگرێت لە ناوچەكە، دەبێت هەوڵ و چالاكییە دیپلۆماسییەكانی لە هەموو بوارەكاندا پەرە پێبدات و پەیامەكانی روونتر بكات و زیاتر پابەندبێت بە پێداویستیی هاوپەیمانەكانییەوە.

 145 جار بینراوە