سەرەکی » زانست » ئەو دابونەریتانەی پێشكەوتنی كۆمەڵـگەكان نەیسڕیونەتەوە

ئەو دابونەریتانەی پێشكەوتنی كۆمەڵـگەكان نەیسڕیونەتەوە

تارا شێخ عوسمان

زۆربەی گەلانی جیهان نەریتی تایبەت بە خۆیان هەیە كە لە پێشینەكانیانەوە بۆیان جێماوە و سەرەڕای پێشكەوتنی كۆمەڵگەكانیشیان هێشتا پەیڕەوی دەكەن و وەك بەشێك لە ناسنامەی خۆیان لێیدەڕوانن و پاراستوویانە. ئەوەی لای ئەوان نەریتێكی ئاسایی و ڕێز لێگیراوە، لای هەندێكی تر سەیرو سەمەرە و جێگەی سەرسوڕمانە.

ئیسپانیا، شەڕە تەماتە
فێستیڤاڵی (لاتۆماتینا) یان شەڕە تەماتە، فێستیڤاڵێكی ساڵانەیە لەچوارشەممەی كۆتایی مانگی ئابدا لە یەكێك لە گوندەكانی هەرێمی ڤالانسیای ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و تێیدا بەشداران (100) تەن تەماتە بەكار دەهێنن، ئەم رێوڕەسمە ئاهەنگ ئامێزە بۆ یەكەمجار لە ساڵی( 1945)دا بەڕێوەچووە، بەڵام تا ساڵی (1952) بە ڕەسمی نەناسێنراوە.

هیندستان، شكاندنی گوێزی هیندی لە سەری نوێژكەراندا
رێوڕەسمێكی ئاینی- كۆمەڵایەتییە و هەزاران باوەڕداری هیندی بەشداری تێدادەكەن، بۆ ئەم مەبەستە خۆیان دەگەیەننە گوندێكی دووردەستی هیندستان و لەوێ لە لایەن چەند پیاوێكی ئاینییەوە گوێزی هیندی لەسەری نوێژكەراندا دەشكێنن، ئەمەش سروتێكی ئاینیی ناباوە و زۆرجار سەری ئەو نوێژكەرانە دەشكێت و ئازاری پێدەگات، بەڵام بە باوەڕی خۆیان ئەوە جۆرێكە لە پاكبوونەوەیان لە گوناه و رۆحە شەرەنگێزەكان.

هیندستان، هەڵدانە خوارەوەی مناڵ لە پێش هەیوانی مزگەوت و پەرستگەوە
ئەم نەریتە ماوەی(500) ساڵە لە هیندستان لەلایەن موسڵمان و هیندۆسەكانەوە بەرێوەدەچێت و ئەو مناڵانە لە پێشهەیوانی مزگەوت و پەرستگەكانەوە هەڵدەدرێنە خوارەوە كە تەمەنیان لە سێ ساڵ تێناپەڕێت و لە خوارەوە پارچە قوماشێكی پاكیان بۆ دەگیرێتەوە و مناڵەكان دەكەونە سەر قوماشەكە، پەیڕەوانی ئەم نەریتە لەو بڕوایەدان بەو كارەیان بەختی باش بۆ مناڵەكەیان دێنن.
بۆسنە، هێلكەی شڵەقێنراو

یەكێك لە نەریتە سەیرەكانی خەڵكی بۆسنە رێكخستنی فێستیڤاڵی هێلكەی شڵەقێنراوە كە هەموو ساڵێك لە (20)ی ئاداردا لە شاری (زنیستا)بەرێوەدەچێت و تێیدا بە سەدان هێلكە لە ناو تاوەی گەورەدا دەكەن بە هێلكەوڕۆن.

ئەم نەریتەی خەڵكی بۆسنە مێژوویەكی سەدان ساڵەی هەیە و پێیانوایە خودی هێلكە ئاماژەیە بۆ ژیانێكی نوێ و نوێبوونەوە.

دانیمارك، پرژاندنی دارچینی بەسەر ئەو كوڕو كچانەی تەمەنی هاوسەرگیرییان تێپەڕیووە

ئەوە نەریتێكی دێرینی دانیماركییەكانە كە ئاماژەیە بۆ هاندانی ئەو كوڕ و كچانەی تەمەنیان لە 25ساڵ تێپەڕیكردوە و ژیانی هاوسەرییان پێكنەهێناوە بۆ ئەوەی شووبكەن و ژن بهێنن، نەریتەكەش بریتییە لە پرژاندنی ئاو بەسەر كوڕ یان كچەكەدا و دواتر هاڕدراوی دارچینیان دەكەن بەسەردا.

تایلەند، خوانێكی كراوە لەسەر شەرەفی مەیمونەكان
یەكشەممەی كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك، لە نزیك پەرستگەیەكی باكوری (بانكۆك)ی پایتەختی تایلەند فێستیڤاڵی خوانی كراوە لەسەر شەرەفی مەیمونەكانی ئەو ناوچەیە رێكدەخرێت، تێیدا بە دەیان هەزار كیلۆ لەو خواردنانە دادەنرێت كە مەیمونەكانی ئەو ناوچەیە حەزیان لێیە، چونكە ئەوانەی بڕوایان بەو نەریتە هەیە پێیان وایە ئەو كارەیان بەختی باش دەهێنێت، خواردنەكانیش بریتین لە چەندین جۆری گۆشت و میوە و شیرینی و ساردەمەنی و تێچووەكەشی دەگاتە ( 5000) باهت كە دەكاتە نزیكەی( 15) هەزار دۆلار.

ئەڵمانیا، شكاندنی دەفری شووشە و گوڵدان و ئاوێنەی ماڵی بووك و زاوا بۆ هێنانی بەختێكی باش
لە هەندێك ناوچەی ئەڵمانیا هێشتا ئەو نەریتە هەیە، لەكاتی زەماوەنددا كەسوكاری بووك و زاوا و خزم و هاورێكانیان كۆدەبنەوە، چەندین دەفری شووشە و گوڵدان و ئاوێنە دەشكێنن، دواتر دەبێت بووك و زاوا خۆیان پارچەكان كۆبكەنەوە و جوان شوێنەكە پاك بكەنەوەوە، ئەوانەی ئەم نەریتە بەڕێوەدەبەن بڕوایان وایە ئەو كارە جگە لەوەی بەختی باش بۆ بووك و زاوا دەهێنێت، هاوسەرە تازەكان فێری بەهای هاوكاری و كاری پێكەوەیی دەكات.

ئیتاڵیا، شەڕی پرتەقاڵ
لە مانگی ئاداری هەموو ساڵیكدا ئیتاڵییەكان لە چوارچێوەی فێستیڤاڵێكدا ئەو رووداوە دوبارە دەكەنەوە كە پێیدەڵێن شەڕی پرتەقاڵ، لەو فێستیڤاڵەدا یادی ئەو راپەڕینە دەكەنەوە كە لەسەدەی 12هەمدا بەرپایان كردووە لە دژی خانەدانەكان، لای ئەوان پرتەقاڵ هاویشتن ئاماژەیە بۆ ململانێ لەگەڵ دوژمن و بە گژداچوونەوەی ستەمكاران.

سەرچاوە: المصری الیوم

 

 214 جار بینراوە