سەرەکی » ئاراستە » كاریكاتۆری سیاسی لە نێوان گوتاری وتراو و بینراوداپەڕە 27

كاریكاتۆری سیاسی لە نێوان گوتاری وتراو و بینراودا

ئا : په‌روه‌ر کەرکوکی

سه‌ره‌تاكانی هونه‌ری كاریكاتۆر وه‌ك ژانه‌رێكی هونه‌ری سه‌ربه‌خۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مین و سه‌ره‌تاكانی نۆزده‌هه‌م،وه‌كو یه‌كێك له‌ لێكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می ریسانس له‌ ئه‌وروپا،ئه‌گه‌ر چی وه‌كو هونه‌رێك پێكهاتوو له‌ شێوه‌كاری و كۆمیدیاو ته‌نزگه‌رایی ره‌گ و ریشه‌یه‌كی دوورتر هه‌یه‌ له‌ مێژوودا تا ئه‌و راده‌یه‌ی مێژووناسانێك هه‌ن كه‌ ده‌یگێڕنه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی هونه‌ر لای مرۆڤی كۆن، كۆمه‌ڵة نیگارێك هه‌ن له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كانی فه‌ره‌نساو ئیتاڵیاو ئه‌مریكای باشوورو دوورگه‌ عه‌ره‌بی و بیابانه‌كانی جه‌زایرو چه‌ندین شوێنی تر كه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك ته‌نزو كۆمیدیای تێدایه‌ له‌ هیچ جۆره‌ هونه‌رێك نابینرێت جگه‌ له‌ هونه‌ری كاریكاتۆر.

له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژه‌هه‌م كۆمه‌ڵێ وێنه‌كێشی ئینگلیزی ده‌ركه‌وتن كه‌ ده‌توانرێت به‌ بونیادنه‌ری هونه‌ری كاریكاتۆری هاوچه‌رخ بناسرێن وه‌كو : تۆماس رۆلاندسه‌ن و هنری بانبیری و جه‌یمس گیله‌ری و هینری ڤێگستیدو جۆرج ڤۆدڤاردو جۆن نیكسون و ریتشارد نیوتن.ته‌واوی ئه‌و ئه‌م ناوانه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌زموونی هه‌ردوو باوه‌گه‌وره‌ی هونه‌ری كاریكاتۆر (هۆگارث و گۆیا )بوون.

فه‌ره‌نسییه‌كان یه‌كه‌مین كه‌س بوون كه‌ كاریكاتۆریان خسته‌ نێو سیاسه‌ته‌وه‌ و كاریكاتۆرستانی فه‌ره‌نسی ده‌ستیان برد بۆ بابه‌تی سیاسی و لێدان له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كان.به‌ هۆی ئه‌و ململانێ یه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ی تونده‌ی له‌ سه‌ده‌كانی هه‌ژده‌و نۆزده‌ هه‌بوو چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كاریكاتۆرستی بوێر و بڵاوكراوه‌ی كاریكاتۆری بوێرتر دروست بوون خزانه‌ نێو كێشمه‌كێشی ئه‌و ململانێ یه‌ و به‌رده‌وامی بوونێكیان به‌خشی به‌ هونه‌ری كاریكاتۆر تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامی هه‌یه‌،ترافیس و گاڤارنی و غرانڤێل و دورێه و دومێیه ناودارترین كاریكاتۆرستانی ئه‌و قۆناغه‌ی فه‌ره‌نسا بوون.

له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌ ڤێلهه‌م بۆش ده‌ستی بۆ كۆمه‌ڵێ بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی بردو به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌نزگه‌رایی و گاڵته‌جاڕی مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ كردن،هه‌روه‌ها گرینخ تیسلی و كیتی كۆلۆیتس بونیادنه‌رانی هونه‌ری كاریكاتۆری ئه‌ڵمانی بوون.

له‌ ویلایه‌ت یه‌كگرتووه‌كان ئه‌مریكاش له‌ سه‌ده‌كانی هه‌ژده‌و نۆزده‌ كاریكاتۆر گه‌شه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی كاریكاتۆرستی وه‌كو : دۆف و ئامۆس دۆلیتل و ولیام چارلز و ئیدوارد كلی و جۆزێف كیبله‌ر و فریدریك ئه‌وبیر وتۆماس ناست،كه‌ ناودارترین و پڕ به‌رهه‌مترینیان تۆماس ناست بوو.

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی مێژووناسانی هونه‌ری كاریكاتۆر به‌ كوڕه‌ لاساره‌كه‌ی شێوه‌كاری ناوده‌بن،راسته‌ له‌ بنچینه‌ هونه‌رێكی شێوه‌كارییه‌ به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه‌ تێیدایه‌ زیاتر په‌یوه‌ست و ئاوێته‌ بوو به‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌،له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك بێت له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ هونه‌ری كاریكاتۆر پشتگوێ بخرێت له‌لایه‌ن مێژوونوسانی هونه‌ریی.

بابه‌ت نییه‌ هونه‌ری كاریكاتۆر ده‌ستی بۆ نه‌بردبێت و دیارده‌ نییه‌ كاریكاتۆر نوقورچكی لێ نه‌گرتبێت،به‌ڵكو كه‌ساییه‌تیه‌كی گشتی نییه‌ جا پاشا بێت یان شا ، به‌گ بێت یان كوێخا، كاریكاتۆر ریسوای نه‌كردبێت،ئه‌م هونه‌ره‌ هه‌میشه‌ به‌ زیندوویه‌تی ماوه‌ته‌وه‌و مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌ له‌ گه‌ڵ رووداوه‌كان ده‌كات و له‌هه‌ر كات و شوێنێك ململانێ و كێشمه‌كێش بوونی هه‌بێت كاریكاتۆر گه‌شه‌ی تێدا ده‌كات،كه‌ به‌ هونه‌رێكی لاسار ناوی ده‌برێت راستییه‌كی زۆری تێدایه‌.

له‌سه‌ره‌تاكانی درهوسبوونی كاریكاتۆری سیاسی له‌ ئه‌وروپاو به‌ تایبه‌ت له‌ فه‌ره‌نسا، ده‌ست بردن بوو بۆ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌رزترین ئاست و پله‌،وه‌كو ده‌زانین گوتار پرۆسه‌یه‌كی گوتنه‌ پێوه‌ستی به‌ كه‌سی قسه‌بیێژو كه‌سی وه‌رگره‌،بۆ نموونه‌ وێنه‌ی كاریكاتۆری وتن و وتراوه‌كه‌یه‌و بینه‌ریش كه‌سی وه‌رگری ئه‌و گوتاره‌یه‌ كه‌ په‌یامی كاریكاتۆره‌كه‌ هه‌ڵگرێتی،هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی كاریكاتۆری سیاسی له‌ ئینگلتره‌ ساڵی 1760 ده‌سته‌واژه‌ی ( خوێنه‌ر ) داندرا بۆ بینه‌رو هه‌وادارانی وێنه‌ی كاریكاتۆری وه‌كو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌یه‌ له‌ نێوان وێنه‌و بینه‌ر،ده‌ق و خوێنه‌ر.

گوتاری كاریكاتۆری تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه‌ وه‌كو جۆره‌كانی دیكه‌ی گوتار پشت نابه‌ستێت به‌ بونیادی زمان و وشه‌،به‌ڵكو گوتاری كاریكاتۆر له‌و مانانه‌دایه‌ كه‌ له‌ هێڵكاری وینه‌ كاریكاتۆریه‌كه‌دا ده‌گات به‌ خۆێنه‌ر یاخود وه‌رگر.بۆیه‌ ده‌وانیت پێكهاته‌ی گوتاری كاریكاتۆری دابه‌ش بكه‌ین بۆ سه‌ر دوو جۆر :

1- گوتاری وتراو : خۆی له‌و ووشانه‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ وێنه‌ كاریكاتۆرییه‌كه‌دا هه‌یه‌ وه‌كو ناونیشانی كاریكاتۆره‌كه‌ یاخود دایه‌لۆگی نێوان كاره‌كته‌ره‌كان یان ئه‌و وشه‌و رستانه‌ كه‌ بۆ په‌یوه‌ستكردنی كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ به‌ رووداوێك یان بابه‌تێكی دیاریكراو.

2- گوتاری بینراو :خۆی له‌ لایه‌نی شێوه‌كاری ده‌بینێته‌وه‌و له‌ رێگه‌ی چه‌ندین شێواز له‌ فۆرم و فیگه‌ر و هێڵكاری وابه‌سته‌ به‌و چه‌مك و ده‌سته‌واژانه‌ی خوێنه‌ری وێنه كاریكاتۆرییه‌كه‌ لای ئاشنا و ناسراوه‌ ‌لینكی گواسته‌وه‌ی گوتاره‌ بینراوه‌كه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ خوێنه‌رو وه‌رگری وێنه‌ كاریكاتۆرییه‌كه‌.

پێكهاته‌ی گوتاری وێنه‌ی كاریكاتۆری له وتراوو بینراو، ئه‌و ئالیه‌ته‌ دروست ده‌بێت لای خوێنه‌ری وێنه‌ ‌كه‌ هێڵ و فۆرم و ئه‌و فه‌زایه‌ بخوێنێته‌وه‌ كه‌ كاریكاتۆرست تێكه‌ڵ كێشی كردوون بۆ ده‌لاله‌ت دان به‌و بابه‌ت و رووداوه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێ به‌ وه‌رگر.

هونه‌ری كاریكاتۆر جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ نێو په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و گوتاره‌ سیاسییانه‌ی كه‌ ده‌ویسترێت تێپه‌ڕ بكرێت به‌ شێوه‌ی ساده‌و ساكار به‌ڵام گه‌وره‌ترین كاردانه‌وه‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت،ئه‌مه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ سیحری هونه‌ری كاریكاتۆر.

 193 جار بینراوە