سەرەکی » دۆسێ » بەهۆی گەڕانەوەی تالیبانەوە كارەساتێكی مرۆیی سەریهەڵداوەپەڕە 27

تەنها باری سیاسی و ئابووریی ئەفغانستانی نەشێواندووە

بەهۆی گەڕانەوەی تالیبانەوە كارەساتێكی مرۆیی سەریهەڵداوە

گەڕانەوەی چەكدارانی بزووتنەوەی تالیبان تەنها باری سیاسی و ئابووریی ئەفغانستانی نەشێواندووە، بەڵكو بۆتە هۆی سەرهەڵدانی كارەساتێكی مرۆیی و ملیۆنان هاووڵاتی ئەو وڵاتەی ئاوارە و سەرگەردان كردووە كە تا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.

بەدواداچوونی رۆژنامەوانی

ئامار و ژمارە سەرەتاییەكان
بەپێی ئامار و ژمارە سەرەتاییەكان، ئێستا نزیكەی 2.2 ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانستان لە وڵاتانی دەوروبەر جێگیر بوون، 3.5 ملیۆن كەسی تریش لە ناوخۆی وڵاتەكەدا سەرگەردانن، بەپێی ئاماری پێشتریش پێنج ملیۆن كەسی تر وڵاتەكەیان بە یەكجاری بەجێهێشتووە، بەڵام تائێستا ئامارێكی ورد و باوەڕپێكراو لەبەر دەستدا نییە لە بارەی ژمارەی ئەو كەسانەی دوای گەڕانەوەی تالیبان بۆ كابول هەڵاتوون، بەڵكو ئەوەی لەو بارەیەوە بڵاودەكرێتەوە، زیاتر پێشبینی و خەمڵاندنە ئەگەرنا لەو دۆخەی فڕۆكەخانەی كابولدا ئامار و سەرژمێریی دوایین شتە كە بیری لێ بكرێتەوە.

لە رێگەی فڕۆكەخانەی كابولەوە
هەڵاتنی ئەمجارەی خەڵكی ئەفغانستان جا بە رێگەی وشكانی بێت بۆ وڵاتانی دراوسێ، یاخود لە رێگەی فڕۆكەخانەی كابولەوە بێت لە رێگەی فڕۆكەكانی ئەمریكا و ئەو فڕۆكانەی تر كە بە كرێ دابینكراون بۆ گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی لە ترسی تالیبان هەڵدێن، هیچ ئامارێك لەو بارەیەوە نەخراوەتەڕوو.

بەپێی لێكدانەوە و شرۆڤەی ناوەندە پەیوەندیدارەكان، تا چەند مانگی داهاتوو، واتە تا ئەوكاتەی حوكمی تالیبان بە تەواوەتی جێگیر دەبێت و جۆرێك لە سەقامگیریی دێتەوەكایە، دۆخی سیاسی و سەربازی بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوەش هاندەر دەبێت بۆ هەڵاتن و كۆچكردنی ژمارەیەكی زۆرتری خەڵك.

خراپیی دۆخی ئابووری و سەرهەڵدانی وشكەساڵی
ئەمەش لە كاتێكدایە، بەر لەوەی ئەگەری گەڕانەوەی تالیبانیش هەبێت، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی ئەفغانستان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و سەرهەڵدانی وشكەساڵی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە.

ساڵی 2020 كە ساڵێكی خراپ بوو بۆ كۆچ و هەڵاتن بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو رێوشوێنە توندانەی وڵاتان گرتبوویانەبەر، بەڵام سەرەڕای ئەوە نزیكەی 500 هەزار هاووڵاتی ئەفغانستان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا هەڵاتوون.

بەڵام بەپێی لێكدانەوەی سەرەتایی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا ژمارەی ئەو كەسانەی لە جەور و ستەم و دۆخی نالەباری ناوخۆیی ئەفغانستان هەڵدێن لە نێوان دوو بۆ پێنج ملیۆن كەسدا دەبێت.

پلاندانان بۆ هەڵاتن
هەر بەپێی لێكدانەوەكان، لە كۆی 38 ملیۆن هاووڵاتی دانیشتووی ئەفغانستان لە 14 ملیۆن كە دەكاتە زیاتر لە سێیەكی كۆی گشتی، لەگەڵ حوكمی توندڕەوانەی تالیبان ناگونجێن، دەستدەكەن بە پلاندانان بۆ هەڵاتن و هەر دەرفەتێكیان بۆ هەڵكەوێت، دەیقۆزنەوە و كۆچ دەكەن.

ئێستا كە بارێكی لە ناكاو و نا ئاسایی لە ئەفغانستان هاتۆتەگۆڕێ، نەك فڕۆكەخانە و ناوەندەكانی سەفەركردن لە ئەفغانستان، بەڵكو وڵاتانی دەوروبەریش پڕ بوون لە هاووڵاتی ئەفغانی، ئێستاش گەورەترین گرفتی بەردەم ئەو كەسانە نەبوونی بەڵگەنامەی پێویست و نەبوونی رەزامەندیی پێشوەختی وڵاتانە، چونكە بەشێكی زۆری ئەو كەسانە دەیانەوێت خۆیان لەو راستییە بدزنەوە كە ئەفغانین و هیچ بەڵگەیەكی رەسمی لەگەڵ خۆیاندا هەڵناگرن.

بەڵگەنامەی كاتی بۆ هاووڵاتیانی ئەفغانستان
بەپێی زانیاریی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران، لەم كاتەدا تەنها سێ وڵات هەن كە بەڵگەنامەی مانەوەی كاتی كە زیاتر بۆ ساڵێكە، بۆ هاووڵاتیانی ئەفغانستان دابین دەكەن، كە ئەوانیش بریتین لە ئەڵمانیا و توركیا و یۆنان، ئەمەش لە كاتێكدا 100 هەزار هاووڵاتی ئەفغانستان بە رێگەی وشكانی خۆیان گەیاندۆتە تاجیكستان و ژمارەیەكی كەمتریش گەیشتوونەتە ئۆزبەكستان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی پاكستان و ئێران بڕیاریانداوە لە ناوچەكانی سەرسنوور كامپی كاتی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارە و هەڵاتووەكانی ئەفغانستان دروست بكەن، لە دواین بڕیاریشدا عەمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان بڕیاریداوە سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ ئەفغانستان بە تەواوەتی دابخات.

پێشوازیكردن لە 70 هەزار كەس
بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی ئامادەیی دەربڕیووە بۆ وەرگرتنی 20 هەزار ئەفغانی، بەڵام هەر ساڵێك تەنها 5 هەزار كەسیان وەردەگرێت. ئەمریكاش ئامادەیە بە پێشوازیكردن لە 70 هەزار كەس كە زۆربەیان لەوانە دەبن پێشتر لەناو ئەفغانستاندا لەگەڵ ئەمریكییەكان كاریان كردووە، بۆ ئەو پرۆسەیەش 500 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە.

تا ئێستا یەكێتی ئەوروپا نیگەران و دوودڵە لەبارەی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاوارە و سەرگەردانەكانی ئەفغانستان، دەترسن هەمان شەپۆلی كۆچی ئاوارە سورییەكانی ساڵی 2015 دووبارە ببێتەوە كە لە رووی سیاسییەوە بارێكی ناهەمواری بۆ حكومەتەكان دروستكرد لەلایەن گروپ و هێزە تۆتالیتارییە راستڕەوەكان كە دژی هاتنی ئاوارەكانن.

بژێوی و ماف و شوێنی مانەوە
لەو بارەیەوە، شەفیق زاهیرپوور ئەندامی لیژنەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان رایگەیاندووە، ئەگەر هەموو ئامار و لێكدانەوەكان كۆبكەینەوە، وڵاتانی جیهان ئەوپەڕی یەك ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانی لەخۆدەگرن، بژێویی و ماف و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەكەن كە ئەوەش زۆر كەمترە لە ژمارەی پێشبینیكراو.

لە لایەكی دیکەشەوە، سندوقی هاریكاریكردنی منداڵانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیسێف) رایگەیاندووە: باری تەندروستیی نزیكەی یەك ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی بەدخۆراكییەوە لە مەترسیدایە كە ئەگەر چارەسەر نەكرێن، رەنگە گیان لەدەست بدەن.

یەك ملیۆن منداڵ
هێنریتا فۆر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، نزیكەی یەك ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان پێویستییان بە هاوكاریی مرۆییە بۆئەوەی بتوانرێت درێژە بە ژیانیان بدرێت.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە تەندروستیی نزیكەی یەك ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی بەدخۆراكییەوە لە مەترسیدایە كە ئەگەر چارەسەر نەكرێن رەنگە گیان لەدەست بدەن، جەختیش لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە نزیكەی چوار ملیۆن و 200 هەزار منداڵ كە دوو ملیۆن و 200 هەزاریان كچن، نەیانتوانیووە درێژە بە خوێندن بدەن.

هەزاران ژن و منداڵ دەربەدەربوون
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف لە راگەیەندراوەكەیدا هەروەها باسی لەوە كردووە كە لە ناوخۆی ئەفغانستاندا، 435 هەزار ژن و منداڵ دەربەدەربوون.

هێنریتا فۆر راشیگەیاندووە «پێشبینی دەكەن بەهۆی وشكەساڵیی توند و كەمبوونەوەی ئاوەوە، دەرەنجامە كۆمەڵایەتی-ئابوورییە داڕووخێنەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و نزیكبوونەوەی وەرزی زستان پێداویستیە مرۆییەكانی ژنان و منداڵان لە مانگەكانی داهاتوودا زیاد بكات».

باشكردنی ژیانی ژنان و منداڵان
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف ئەوەشی خستۆتەڕوو، یونیسێف بەدرێژایی 65 ساڵ لە ئەفغانستان هەوڵیداوە بۆ باشكردنی ژیانی ژنان و منداڵان، لە ئایندەشدا بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكانی و لە ناخەوە پەیوەستن بە منداڵانی ئەفغانستان و زۆر كار هەیە كە بۆیان بکەن.

هاوكات ئەوەش ئاشكرا كراوە كە ئەمریكا لە دەسپێكی پرۆسەی گواستنەوە لە ئەفغانستان كە لە 14ی ئابەوە دەستیپێكردووە تا ئێستا، نزیكەی 110هەزار كەسی لە ئەفغانستانەوە گواستۆتەوە بۆ ئەمریكا.

لە ماوەی 12 سەعاتدا
كارین ژۆن پیەر جێگری وتەبێژی كۆشكی سپی لە تویتەر رایگەیاندووە: «لە ماوەی 12 سەعاتدا، چوار هەزار و 200 كەسی دیكەیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی حامید كارزای لە كابولەوە گواستۆتەوە».

لە راگەیەندراوەكەدا بە تیشك خستنە سەر ئەوەی كە لە 12 سەعاتی رابردوودا، دوو هەزار و 100 كەس بە 12 فڕۆكەی سەربازیی و دوو هەزار و 100 كەسیش بە 29 فڕینی هاوپەیمانان گواستراونەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە لە دەسپێكی پرۆسەی گواستنەوە لە ئەفغانستان كە لە 14ی ئابەوە دەستی پێ كردووە تا ئێستا، نزیكەی 110 هەزار كەس لە ئەفغانستانەوە گواستراونەتەوە بۆ ئەمریكا.

كارین ژۆن پیەر سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی كە لە كۆتایی مانگی تەمموزەوە تا ئێستا، 114 هەزار و 800 كەس لە ئەفغانستانەوە گوازراونەتەوە.

پرسی داننان بە حكومەتی تالیباندا
لەلایەكی ترەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی پرسی داننان بە حكومەتی تالیباندا رایگەیاند: «تەماشای رەفتاریان دەكەین، نەك لێدوانەكانیان».

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی بەرەوپێشچوونەكانی ئەفغانستانی كرد و ئاشكرای كرد كە كۆبوونەوەكانیان دەربارەی كاری دیپلۆماسیی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە دوای 31ی ئاب بەردەوامە و دەیانەوێت درێژە بە مانەوەی دیپلۆماسییانەی خۆیان لەو وڵاتەدا بدەن.

متمانەكردنی ئەمریكا بە تالیبان
دەربارەی ئەگەری متمانەكردنی ئەمریكا بە تالیبان، پرایس رایگەیاند «ئەم بابەتە پەیوەندیی بە متمانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی هەردوولاوە هەیە».

باسی لەوەشكرد، ئێستا ئاستەمە بتوانن لە بارەی ناساندنی تالیبانەوە وەڵامێكی روون بدەنەوە، ئەم پرسیارانە شتێك نین كە ئەمڕۆ بتوانین وەڵامیان بدەینەوە، هەندێك راگەیەندراومان لە تالیبان بیستووە كە هەندێكیان ئەرێنی و بنیاتنەرن، بەڵام لە كۆتاییدا ئێمە و هاوپەیمانەكانمان چاودێریی كردارەكانیان دەكەین، نەك لێداونەکانیان.

نێد پرایس، دەربارەی شێوازی كاركردنی فڕۆكەخانەی حامید كارزای رایگەیاند: مانەوەی فڕۆكەخانەی حامید كارزای بەكراوەیی و كاركردنی بەشێوەیەكی ئاسایی لە بەرژەوەندیی هەموواندایە، بەڵام ئەم بڕیارە لایەنەكانی ئەفغانستان دەیدەن نەك ئێمە.

 266 جار بینراوە