سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » عیراقی دوای ئۆکتۆبەر

عیراقی دوای ئۆکتۆبەر

جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، پێدەچێت ئەم هەڵبژاردنەی وابڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت، چاودێرییەكی چڕوپڕتر بەخۆوە ببینێت و رێگە بە كەمترین پێشێلكاریی و ساختەكردنی بدات كە خۆی لەخۆیدا پرۆژەی خەونێكی نوێیە بۆ دەستكردن بە بنیاتنان و خستنەگەڕی توانا و وزە خەفەكراوەكانی وڵات.

نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، جیاوازتر لە جارەكانی پێشوو، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن، هەڵبژاردنێك كە رەنگە ببێتە مایەی چەسپاندنی دادپەروەریی لەڕووی بەهەدەرنەچوونی دەنگی دەنگدەران و خستنەڕووی ئاكامێكی دروست، هەرچەندە لەئێستاوە پێشبینی دەكرێت رێژەی بەشداریی لە ئاستی خوازراودا نەبێت.

عیراق لەدوای 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، پێدەنێتە قۆناغێكی ترەوە، هەنگاوی زیاتر بەرەو چاكسازیی سیاسی و ئابوری هەڵدەنێت، دەستەواژەكانیش لەئێستاوە ئاماژە بە هاتنەبەری پرۆسەیەكی سیاسی جیاواز و ئاوابوونی خۆری زۆرێك لەو هێزە تەقلیدیانە دەكەن كە لە دوای ساڵی 2003وە جڵەوی حوكمڕانییان لە عیراقدا گرتەدەست و شكستخواردوو بوون لە هێنانەدی دادپەروەرییەكی شیاو.

پێكهێنانی حكومەتێكی تر لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، دەبێت ببێتە هەوڵێك بۆ سڕینەوە و داپۆشینی نەنگییەكانی 18 ساڵی رابردوو، دەبێت هەوڵێك بێت بۆ هێنانەكایەی ئەو عیراقە نوێیەی كە دەبوو لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە دەستپێبكات و جیاواز لەمەی ئێستا رێچكەی پێشكەوتن و گەشەكردن بگرێتەبەر.

ئەوەی عیراقییەكان لە دوای تشرینەوە چاوەڕوانی هێنانەدی دەكەن، وڵاتێكی خاڵی لە گەندەڵی، و كۆنترۆڵكردنی چەكی لەدەستدەرچووی میلیشیاكان، و بنبڕكردنی تیر‌وری رەشی داعش، و باشبوونی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، و بوژانەوەی ئابوری، و حوكمڕانییەكی رەشید و هاتنەكایەی خەڵكی دڵسۆز و دوورخستنەوەی گەندەڵكارانە.

رەنگە لەدوای تشرینەوە، عیراق ببێتە سەنتەرێك بۆ رەواندنەوەی ناكۆكییەكانی ناوچەكە و ببێتە زنجیرەی بەستنەوەی ئەڵقە لەیەكترترازاوەكان، كۆنگرەی ئەم دواییەی وڵاتانی دەوروبەریش لە بەغدا لەگەڵ ئەوەی بەشدارییەكی شیاوی بەخۆوەبینی و ئاكامێكی باشی بەدەستەوەدا، هەوێنی گەڕانەوەی پێگە و رۆڵی كاریگەریی عیراقە كە لەئێستادا لە زۆر رووەوە بۆ ناوچەكە بە پێویست دەزانرێت.

عیراق لەچاوەڕوانی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێدایە بۆ هەنگاونان بەرەو لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و هێنانەدی خواست و داواكاریی تشرینییەكان، ئەو خواست و داواكارییانەی دەیان لاو لە گۆڕەپانەكانی تەحریر و حەبوبی و سەدریین، گیانیان لەپێناویدا بەخت كرد و جوانترین نمونەی قوربانیدانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاكاندا خستەڕوو.

 78 جار بینراوە