سەرەکی » ئاراستە » پابەندبوون وشە جادووییەکە

پابەندبوون وشە جادووییەکە

د. أحمد خالد توفیق

و: دڵان سامان

بێگومان هەموو کەس کلیلی سەرکەوتنی بە شێوەیەکی یەکسان پێ نییە، پیاو لە ئاوێنەدا تەماشای جەستەی خۆی دەکات و چەند جارێک ورگی هەڵدەلوشێت و لە راستییە سامناکەکە تێدەگات و دەڵێت: کێشم زیادی کردووە!
بەپێی باری دارایی خۆی بڕیار دەدات رۆژانە رابکات یان ئامێرێکی راکردن، پایسکیلێک یان ئامێرێکی سەوڵ لێدانی گرانبەها بکڕێت تاوەکو رۆژی چارەکە سەعاتێک راهێنان بدات بە جەستەی، رۆژی یەکەم بە جۆشە، رۆژی دووەم پێداگرە، رۆژی سێیەم سوورە، پاشان دوای دوو رۆژی دیکە جۆش و خرۆشی سارد دەبێتەوە بەتایبەتی کاتێک لە پڕ نابێت بە ئەپۆلۆ «یەکێک لە خواوەندەکانی یۆنان» ئەو چەورییانەی ورگی نەتواونەتەوە، بۆیە دوای دوو هەفتە ئامێرە وەرزشییەکەی دەبێتە پارچەیەک لە دیکۆری ماڵەکەی، مۆنۆمێنتێک تاوەکو خاوەنەکەی بڵێت رۆژێک لە رۆژان وەرزشەوان بووم.

ئەگەر سەرقاڵیی نەدەبوو!
دوای چەند ساڵێک دەکێشێت بە ورگیدا و بە هاوڕێکانی دەڵێت: بەس سەرقاڵیی نەبوایە، ئەگەر کار و سەرقاڵی نەبوایە جەستەم ئەو راهێنانەی پێویستی بوو دەمدایە، بێگومان سەرقاڵیی هیچ پەیوەندی بە مەسەلەکەوە نییە، کەسێک رۆژانە چارەکە سەعاتێک نەدۆزێتەوە بۆ راهێنان مەگەر سەرۆکی وڵات بێت، مەسەلەکە تەنها نەبوونی توانایە بۆ کۆشش و پابەندبوون.

لە بنەمادا هیچ کەسێک ناتوانێت بە رێکوپێکی وەرزش بکات مەگەر خۆی ئەرکەکەی ئەوە بێت، واتا وەرزشەوانێکی پڕۆفێشناڵ بێت و ئەگەر راهێنان نەکات بمرێت لە برسا، پیاوی ئاسایی 3 بۆ 4 جار بەجۆش دەبێت بۆ راهێنان و دوای ئەوە لەبیری دەکات، چونکە بەردەوامبوون لەسەر شتێک بەرجەستە و دیار نەبێت قورس و بێزارکەرە.

ئەمە بۆ زۆر شتی تر بەهەمانشێوەیە، هەموومان لە منداڵیدا کۆکردنەوەی پارەمان تاقیکردۆتەوە، رۆژانە قرش-ێک بکەرە دەغیلەکەتەوە دوای چەند ساڵێک دەبیت بە دەوڵەمەندەکانی دونیا، هەموو بەجۆش و خرۆش بووین و لەسەر ئەوە مانگێک یان چەند مانگێک بەردەوامدەبووین، پاشان سارد دەبووینەوە، لەوەش گرنگتر شوێنی دەغیلەکەمان وندەکرد و پارەکەی ناوی تیادەچوو.

دەتوانن بەردەوام بن
رەزیلیی خویەکی پیسە، بەڵام نکوڵی لەوە ناکەم بە شاراوەیی پێیان سەرسامم، چونکە دەتوانن لەسەر ئەو خووە بەردەوام بن، وەکو هەڵگرتنی ئەو پارچە لەفەیەی لێیان ماوەتەوە یان کوڵاندنەوەی تڵپەی چا بۆ چەند جارێک، چونکە بەو خووە سامانێک کۆدەکەنەوە.

بەڵام خوێندنەوە بابەتێکی گرنگە، چونکە خەڵکی بیرۆکەیەکی نادیاریان هەیە دەربارەی ئەو رۆژەی تێیدا زۆر دەخوێننەوە و دەبن بە کەسانی سەرنجڕاکێش، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەو رۆژە هەرگیز نایەت، کەسێک دەیان و سەدان کتێب لە کتێبخانەکەیدا کۆدەکاتەوە، هیچ شتێکیان لە بارەوە نازانێت جگە لە بەرگەکانیان، هەموو رۆژێک بڕیار دەدات رۆژانە سەعاتێک بخوێنێتەوە، بەو هیوایەی دوای چەند مانگێک ببێتە رۆشنبیرێکی راستەقینە کەس شان لەشانی نەدات.

ئەنجامەکەی ئەوەیە یەکەم سێ لاپەڕەی سێ کتێب دەخوێنێتەوە، پاشان هەموو مەسەلەکەی بیردەچێتەوە، بەڵام هەمیشە بە سۆزەوە تەماشای کتێبەکان دەکات، ئای ئەگەر سەرقاڵیی نەدەبوو، ئەگەر سەرقاڵ نەبوومایە هەموویانم دەخوێندەوە، باوەڕناکات هەرگیز نایانخوێنێتەوە و پیر دەبێت و چاوی کز دەبێت ئینجا کتێبەکانی لەپاش خۆی بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە کە ئەوانیش هەر نایانخوێننەوە.

پلانەکان شکست دێنن
پلانەکانی وەکو (وشەیەکی ئیسپانی هەموو رۆژێک) (بەیتێکی شیعر هەموو رۆژێک) (چارەکێک راهێنان هەموو رۆژێک) هەمیشە شکست دێنن، راسپۆتین تاکە نموونەی سەرکەوتووە لەو بوارەدا بیناسم، کاتێک دروشمی»کەمێک ژەهر هەموو رۆژێک» ی پەیڕەو کرد تا جەستەی راهات لەگەڵ ئەو بڕە ژەهرەی توانای ئەوەی هەبوو هێزێکی سەربازی لەناو ببات، ئەو پیاوە سەرکەوتووە بۆیە هەموو کەس دەیناسن، راستە بە فیشەک کوشتیان و جەستەی کەوتە رووباری فولگای بەستووەوە، رەنگە ژەهرەکە باشتربوایە بۆ مردن، بەڵام ئەمە ئەوە رەتناکاتەوە کە پیاوێکی کۆڵنەدەر بووە.

زیاد لە کەسێک دەناسم بڕیاری داوە بچێتە نێو دونیای موزیکی کلاسیکەوە، بۆ ئەو مەبەستە یەک کۆمەڵ تۆماری بتهۆڤن و مۆزارت و باخ و هایدنی کڕیووە، یەکەم دانەیان لێدەدات بە سەرسامییەوە گوێی لێدەگرێت، دەبێتە کەسێکی پایە بەرز، دەبێتە عاشقانی موزیکی کلاسیک و پسپۆڕانی ئەو جۆرە موزیکە، دوای دە دەقیقە خەیاڵی دەڕوات، دوای کەمێکی دیکە دەستدەکات بە قسەکردن لەسەر بابەتی تر، دوای پێنج دەقە ئەو ژاوەژاوە بێدەنگ دەکات.

بۆ رۆژی دواتر تەمبەڵیی دەکات لە گوێگرتن، دوای مانگێک بێگومان هەموو ئەو تۆمارانەی سڕیوەتەوە و لەجێی ئەوە گۆرانییەکانی «شەعبان عبد الرحیم-گۆرانیبێژێکی میسری میللییە-» تۆمار دەکات.

پابەندبوون وشەیەکی جادووییە، تایبەتە بە هەموو ئەو کەسانەی لە ژیاندا سەرکەوتوو بوون، دونیا دابەش دەبێت بەسەر ئەوانەی پابەدبوونیان هەیە و ئەوانەی زوو بێزار دەبن، دەتوانیت بزانیت من لە کام جۆرەم کاتێک دەزانیت بێزاربووم لە نووسینی ئەم وتارە و دەمەوێت هەر ئێستا کۆتایی پێبێنم.

 80 جار بینراوە