سەرەکی » زانست » نەخۆشیی سەگەناز (Canine Distemper)

نەخۆشیی سەگەناز (Canine Distemper)

نووسینی: دكتۆر فەرەیدون عەبدولستار*

سەگە ناز یەكێكە لەو نەخۆشییانەی كە زەرەر دەگەیەنێت بە تەندروستی سەگ و بڵاوكردنەوەی زانیاری دەربارەی بە كارێكی پێویست دادەنرێت.

لەنێو كۆمەڵی كوردەواری بەم نەخۆشییە دەوترێت سەگە ناز یان تاعونی سەگ و لە سەرچاوە زانستییەكان پێی دەوترێت ((Canine Distemper)).

سەگە ناز نەخۆشییەكی ڤایرۆسی توندوتیژە كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئاستی بەرگری لەشی سەگی توشبوو، بەپێی زانیارییەكانی دەزگا ڤێرتنەریەكان لە كوردستانیشدا نەخۆشی سەگەناز هەیە و بڵاوە.

نەخۆشی سەگە ناز تووشی زۆربەی ئاژەڵە گۆشتخۆرەكان ((canivores)) دەبێت وەكو سەگ و گورگ و رێوی و كەمتیار و شێر و پڵنگ.

ڤایرۆسی نەخۆشی سەگە ناز توشی سەگ دەبێت لە گشت تەمەنەكاندا بەڵام توتكە سەگ ((puppies)) واتە سەگی تەمەن بچووك زۆر هەستیارترن لە سەگی تەمەن گەورە.

ڤایرۆسی نەخۆشییەكە بەهۆی دەردراوەكانی سەگی تووشبوو دەردەدرێتە دەرەوەی لەش و دەبێتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی نەخۆشییەكە بۆ سەگێكی ساغ.

هۆكاری سەگە ناز دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆسێك كە پێی دەوترێت ((morbilli virus)) كە سەر بە خێزانی ((paramyxo viridae)) سەر بە كۆمەڵەی ((RNA virus)).

ڤایرۆسەكە بەهۆی كۆئەندامی هەناسەدانەوە لە سەگێكی نەخۆشەوە دەگێزرێتەوە بۆ یەكێكی ساغ واتە بەهری هەواوە و لەڕێگای هەناسەوەرگرتنەوە دەچێتە لەشی سەگەوە و تووش دەبێت بەرەبەرە ڤایرۆسەگە دەگاتە گرێ لیمفاوییەكان و زۆر بە خێرایی بە ئەندامەكانی لەشدا بڵاودەبێتەوە و لەئەنجامدا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی خانەكانی لیمۆسایت ((lymphocytes)) و كەمبوونەوەی ئاستی بەرگری لەش، ئەمەش بێگومان بە یەكێك لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی نەخۆششی سەگەناز دادەنرێت.

نیشانەكانی سەگە ناز لەڕووی توندوتیژی و ماوەی دەركەوتنی نەخۆشییەكە جیاوازی هەیە لە سەگێكەوە بۆ یەكێكی دیكە.

رادەی لەناوچوون بە نەخۆشی سەگە ناز دەگاتە(50%) و هەندێك جار هەندێك لە نیشانەكان لەلایەن خاوەنەكانیانەوە تێبینیان ناكرێت.

لە سەرەتادا نەخۆشییەكە بەوە دەستپێدەكات كە پلەی گەرمی لەشی سەگی توشبوو بەرز دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەی چاو و لووتی نەخۆشەكە سووردەبێتەوە و ئاودەكات.

سەگی تووشبوو زۆر بێهێز و لاواز دەبێت و ئارەزووی خواردنی نامێنێت و نوزە نوز دەكات.

سەرهەڵدانی نەخۆشی لاوەكی دیكە كە پێیان دەوترێت ((secondary bacterial infections)) ئەمەش روودەدات لە ئەنجامی كەمبوونەوەی ژمارەی خانەكانی لیمفۆسایت كە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرگری لەشی نەخۆشەكە و دەركەوتنی نەخۆشییەكانی دیكە بەوەی نیشانەكانی سەر كۆئەندامی هەرس و هەناسەدان دەردەكەوێت.

شێوەی توندی نەخۆشی سەگە ناز ئەو شێوەیەیە كە ڤایرۆسی نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی تووشبوون و تێكشكاندنی دەمارەكانی ناوەندە كۆئەندامی دەمار و دەركەوتنی ئەم نیشانانە:

*ناهاوسەنگی لە جوڵەیدا دەردەكەوێت.
*زیاتر سەگەكە بەلایەكدا دەكەوێتە سەر زەوی.
*لەرزینی ماسولكەكانی لەش بەشێوەیەكی گشتی.
*رەقبوونی ناوچەی ملی نەخۆشەكە.
*هەندێكجار سەگی توشبوو كوێر دەبێت.
*رۆژ لەدوای رۆژ نەخۆشەكە تەندروستی بەرەو خراپبوون دەچێت و لەئەنجامدا مردار دەبێتەوە.

بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی سەگە ناز پێویستە سەگەكان بەگشتی لەتەمەنی سێ مانگ بەرەو ژوور بە پێكوتەی نەخۆشییەكە بكوترێن لەپێناو پاراستنیان لەم نەخۆشییە ترسناكە.

بەكارهێنانی دژە ژیانەكان ((antibiotic)) لەژێر چاودێری پزیشكانی ڤێرتنەری بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییە لاوەكییەكان بەكاردەهێنرێن.

بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی وەكو خاوكەرەوەی ماسولكەكان ((muscular relaxant)) لەژێر رێنماییەكانی پزیشكان.

سەرچاوەكان:
1.The Merck Veterinary Manual, 8th edition 1998, USA.
2.گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ((35)).
*كۆلێجی پزیشكی ڤێرتنەری زانكۆی سلێمانی

 80 جار بینراوە