سەرەکی » وتار » بمبه‌خشن پۆستی وه‌زیری شه‌هیدان وه‌رناگرم

بمبه‌خشن پۆستی وه‌زیری شه‌هیدان وه‌رناگرم

حه‌یده‌ر مه‌نتك*

له‌ یادی رۆژی شه‌هیدانی شۆرشی نوێی گه‌له‌كه‌مان ده‌سپێك سه‌ری رێز و وه‌فا و خۆشه‌ویستی بۆ خوێنی شه‌هیدانی راسته‌قینه‌ و كه‌س و كاریان نه‌وی ده‌كه‌م، له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا نامه‌وێ به‌ووشه‌ی بریقه‌دار و بۆ دڵ رازی كردنی ئه‌م و ئه‌و هاكه‌زایی یادی ئه‌م رۆژه‌ بكه‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێ راشكاوبم، راستگۆبم، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ‌ ویژدان و ناخی خۆم، ئینجا خانه‌واده‌ی شه‌هیدان.

راستیه‌ك هه‌یه‌ ده‌مه‌وێ بیلێم ئه‌وێ ڕۆژێ له‌سه‌رده‌می شاخ ئه‌وانه‌ی له‌هێرش و په‌لامار و به‌رگرییه‌گان بۆسه‌ر مۆلگه‌ و باره‌گاكانی رژێمی به‌عس له‌ده‌سته‌ی هجوم بوون و شه‌هیدبوون، بوونیان به‌پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ر برسیه‌تی و هه‌ژاری و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوو، به‌لكو شه‌هیده‌ راسته‌قینه‌كانمان به‌دوای رێباز و به‌رنامه‌ و په‌یره‌وێك كه‌وتبوون كه‌ هه‌لگری ئه‌م رێبازه‌ ره‌حمه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال و ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ بوون له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر كه‌ زۆرینه‌یان خاوه‌نی بروانامه‌ی (دكتۆرا و ماجستێر و به‌كالۆریۆس) بوون.

كه‌س وكاری شه‌هیدان ده‌زانم نیگه‌ڕانن، ده‌زانم رۆژانه‌ به‌دیار چاوی ئێوه‌وه‌ سه‌دان له‌وكه‌سانه‌ی له‌پال رژێم بوون موچه‌ی شه‌هیدانه‌یان دوو به‌قه‌د مووچه‌ی شه‌هیدی ئێوه‌یه‌، ژیان و خوێندن و سه‌فه‌ر و گه‌شته‌كانیان سنوری نیه‌، ئه‌و هه‌موو نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانیه‌ خه‌تایه‌كه‌ی با نه‌خه‌ینه‌ ملی حزبی به‌رامبه‌رمان، چونكه‌ ئێمه‌ نازناوی حزبی شه‌هیدانمان هه‌لگرتووه‌ بۆیه‌ ده‌بوایه‌ لێپرسراوانی یه‌كێتی خۆیان نه‌خه‌نه‌ ژێرباری هه‌ندێ كه‌یس و بریاری نا درووست؟

بۆیه‌ بمبه‌خشن نامه‌وێ ببمه‌ وه‌زیری شه‌هیدان
وه‌زاره‌تی شه‌هیدان ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تی راسته‌قینه‌ی شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر بوایه‌ نه‌ك بۆ مه‌رامی ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ ژماره‌ و داتا و ئاماری ئه‌و كه‌سانه‌ زیاتربن كه‌ لابه‌لا و به‌ پشتگیری حزب داخیلی لیستی شه‌هیدان كراون.
لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ بلێم سه‌ره‌تا ره‌خنه‌ بێت له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی نه‌ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راده‌ستی حزبی تر بكرێت، چونكه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاخ زۆرترین شه‌هیدی داوه‌، زۆرترین داستان و نه‌به‌ردی و چالاكییه‌كانی ناوشار پشكی شێر به‌ر ئه‌و ده‌كه‌وێ، زیندانه‌كانی ئه‌بوغرێب، موسل ، كه‌ركوك، شایه‌دی ئه‌و راستیه‌ن كێ خاوه‌نی شۆرش بووه‌.
ـ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ ده‌بوایه‌ ئه‌م مافه‌ سه‌ره‌تایانه‌ی به‌یاسا له‌په‌رله‌مان بچه‌سپاندبوایه‌.
ـ پێناسه‌ی شه‌هیدبوون.
ـ دابینكردنی شوێنی نیشته‌ جێ بوون نه‌ك زه‌وی
ـ تێچووی نه‌خۆشخانه‌ و ده‌فته‌ری ته‌ندروستی و بلیت به‌خۆرایی.
ـ تێچووی خوێندن له‌هه‌ر قۆناغێك بۆ وارسی راسته‌قینه‌ی پله‌ یه‌ك.
ـ دابینكردنی هه‌لی كار و دامه‌زراندن به‌پێی بروانامه‌و جۆری كار.
ئه‌م خاڵانه‌ وه‌ك خۆی جێ به‌جێ ده‌كرا ئه‌گه‌ر به‌لێشاو ئه‌وانه‌ی به‌كاره‌سات و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مردنی له‌ناو پێخه‌ف و شه‌ری لاكۆلانه‌كانیان نه‌خزانبوایه‌ ناو لیستی شه‌هیدانه‌وه‌.
له‌كۆتایی دا ده‌لێم بمبه‌خشن له‌ ئێستادا نابم به‌وه‌زیری شه‌هیدان.

*نوسه‌ری كتێبی ئینسكلۆپیدیای شه‌هیدانی یه‌كێتی

 293 جار بینراوە