سەرەکی » دۆسێ » كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دیاریی دەكرێن

بەرەو 24ی حوزەیران

كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دیاریی دەكرێن

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا، ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی كاندیدەكان مەرجی پێویستییان تێدابوو بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو.
لە 24ی حوزەیرانی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لە توركیادا ئەنجام دەدرێت، دوابەدوای ئەوەش سیستمی نوێی سەرۆكایەتی لەو وڵاتەكەدا جێبەجێ‌ دەكرێت، پاش ئەوەی لە ریفراندۆمی مانگی نیسانی 2017دا پەسەندكرا كە لەلایەن هەندێكەوە رەخنەی توندی لێدەگیرێت، بەو هۆیەی «دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی دەداتە سەرۆك».
هاوشان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستا كە كاندیدی «هاوپەیمانی گەل»ە (لە سێ‌ حزب پێكدێت) كە حزبی داد و گەشەپێدان و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی و یەكێتی گەورەیە، لەو هەڵبژاردنەدا 5 كاندیدی تر كێبڕكێ‌ دەكەن كە ژنێكیان تێدایە و بە ژنە ئاسنینەكە ناودەبرێت.
ئەمەی خوارەوە ئەو كانیدانەن كە لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی داهاتوو، رووبەڕووی ئەردۆغان دەبنەوە:

موحەرەم ئینجە لە حزبی گەلی كۆماری
حزبی گەلی كۆماری كە بە حزبی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دادەنرێت، موحەرەم ئینجە، مامۆستای پێشووی فیزیا (53 ساڵ)ی هەڵبژارد تا ببێتە كاندیدی حزبەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
ئینجە بەوە دەناسرێت كە لەنێوان پەرلەمانتارانی تری حزبەكەیدا لە پەرلەمان زیاتر زمان پاراوە و قسە و گفتوگۆكانی جۆش و خرۆش لەنێو خەڵكیدا دروست دەكەن. لە كۆتایی ساڵانی 2014 و 2016 تاكە ركابەری كڵیچدار ئۆغڵۆ بوو بۆ سەرۆكایەتی حزبەكەی.
بەهۆی لێدوانە توندەكانییەوە واچاوەڕوان دەكرێت، كاندیدێكی گونجاو بێت بۆ ركابەری ئەردۆغان، وێڕای ئەوەش بنكەیەكی جەماوەری باشی هەیە لەنێو دەنگدەرە موحافیزكار و راستڕەوەكان.

میراڵ ئەقشنەر لە حزبی «چاك»ەوە
میراڵ ئەقشنەر كە سیاسەتوانێكی ناسیونالیستە و سەرۆكی حزبی «چاكە»، كاندیدكردنی خۆی بۆ سەرۆكایەتی راگەیاند، چاودێران پێیانوایە رووبەڕِووبونەوەیەكی راستەقینەیە بۆ ئەردۆغان، بەو هۆیەی هێز و توانای لە هەمان بنكەی دەنگدەران و جەماوەریی سەرۆكی ئێستاوە سەرچاوەی گرتووە كە لە توێژە موحافیزكار و دیندار و نەتەوەییەكانەوە هەڵدەقوڵێت.
ئەقشنەر جەماوەرێكی گەورەی پەیدا كرد بەو هۆیەی دژایەتی سیستمی سەرۆكایەتی كرد، تەنانەت لەنێو حزبی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕواش، چونكە لە حزبەكەدا رەوتێك هەیە كە تاوەكو ئێستاش ئەو سیستمەی بەدڵ نییە كە تا ئەندازەیەكی زۆر دەسەڵاتێكی نیمچە رەها دەبەخشێتە سەرۆك.
ئەقشنەر لە ساڵی 1996دا لە پۆستی وەزیری ناوخۆدا بوو، بەشداریی لە دامەزراندنی حزبی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوادا كردووە، بەڵام بەو هۆیەی حزبەكەی بە درێژكراوەی حزبی رەفاهی ئیسلامی لەقەڵەمدابوو، ریزەكانی ئەو حزبەی بەجێهێشت.
ئەقشنەر دوای ئەوە پەیوەندی بە ریزەكانی حزبی بزوتنەوەی ناسیونالیستییەوە كردبوو، بەڵام بەهۆی دژایەتی بۆ رێبازی حزبەكە كە پشتوانی لە ئەردۆغان دەكرد، لە ساڵی 2016دا لەو حزبە دەركرا، دوابەدوای ئەوەش ناسناوی «ژنە ئاسنینەكەی» بەسەردابڕا.
لە 25ی تشرینی یەكەكی 2017، ئەقشنەر حزبی «چاك»ی دامەزراند، لەنێوان دامەزرێنەرەكانی حزبە نوێیەكە، 4 پەرلەمانتاری حزبی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و پەرلەمانتارێكی حزبی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن هەبوون.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە حزبی گەلانی دیموكارتی
سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەو سیاسەتوانە دەركەوتووەی كورد، لەلایەن حزبی گەلانی دیموكراتی كوردەوە بە لە زیندانەوە بەرەسمی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیدكرا.
حزبەكەی لەئێستا رووبەڕووی سەركوتكارییەكی سیاسی دەبێتەوە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە لە دژی ئەندامەكانی ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان هەیە.
بە بۆچوونی چاودێران، ئاستی جەماوەری ئەو پیاوە، لەنێوان 10% بۆ 12%یە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا لەبەرانبەر ئەردۆغان و كاندیدەكانی تر رێژەیەكی گەورەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
دەمیرتاش لەئێستادا بە یەكێك لە ناودارترین سیاسەتوانەكانی توركیا دادەنرێت و لە دەرەوەی بازنەی هەڵبژاردنی خۆیشی كە كورد تێیدا دەستباڵایە، لە هەڵبژاردنی پێشووی 2015 كە وایكرد حزبەكەی ببێتە دووەم گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان، پشتیوانی و دەنگێكی زۆری بەدەستهێنا.
دەمیرتاش كە تۆمەتی پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستانی رووبەڕووكراوەتەوە، سزاكەی دەگاتە 142 ساڵ لە حاڵەتی تاوانباركردنی، بەڵام تائێستا هیچ حوكمێكی رووبەڕووبەڕوونەكراوەتەوە.
یاساكانی توركیا رێگە بەو كەسانە نادەن كە تۆمەتی تیرۆرییان رووبەڕوو دەكرێتەوە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید بكەن. ئەو پیاوە هەموو ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی دەكرێتەوە رەتیان دەكاتەوە، بۆیە تۆمەتەكانی بەسەردا ساغنەبۆتەوە و دەسەڵاتدارانی توركیاش رێگەیان داوە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید بكات.

تیمیل كەرەموڵڵا ئۆغڵۆ لە حزبی سەعادەتەوە
حزبی سەعادەت لەو دەمەی دامەزراوە لە ساڵی 2001، دەنگی پێویستی نەهێناوە تا بتوانێت بچێتە پەرلەمان، بەڵام دەڵێت تیمیل كەرەموڵڵا ئۆغڵۆی سەرۆكی كاندید كردووە تا بەشداریی هەڵبژاردنەكە بكات.
ئەو حزبە بووە هاوپەیمانێكی ناچاوەڕوانكراوی ئۆپۆزسیۆنی سكۆلاریستی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دوای ئەوەی داواكەی حزبی داد و گەشەپێدانی رەتكردەوە تا بچێتە نێو ئەو هاوپەیمانییەی كە حزبی فەرمانڕوا بۆ هەڵبژاردنەكان لەگەڵ بزوتنەوەی ناسیونالیستی دروستی كرد.
حزبی سەعادەت لە هەمان بنەما ئیسلامییەكانی حزبی فەرمانڕواوە سەرچاوەی گرتووە، شرۆڤەكارانیش دەڵێن، هاتنەناوەوەی ئەو حزبە بۆ نێو پێشبڕكێكە یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی دەدات تا بنكەی جەماوەریی لەژێرپێی حزبی داد و گەشەپێدان دەربهێنێت ناچاری بكات خولی دووەم و یەكلاكەرەوە ئەنجام بدات.
كەرەموڵڵا ئۆغڵۆ پێداگری لەسەر ئەو چەوساندنەوەیە دەكات كە ئەردۆغان لە توێژە جیاجیاكانی گەلی دەكات.

دۆگۆ برینچیك لە حزبی نیشتمانەوە
وەك كاندیدی حزبی نیشتمان كە حزبێكی بچوكی ناسیونالیستییە و هیچ كورسییەكی لە پەرلەماندا نییە، برینچیك پشتیوانی پێویستی دەستەبەركرد تا بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بكات.
برینچیك بە هەڵوێستە سەیرەكانی كە جێگەی مشتەومڕن ناسراوە، لەوانە وەسفكردنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بە «درۆیەكی نێودەوڵەتی» كە وایكرد رووبەڕووی دادگای بكاتەوە لە سویسرا، لە هەڵوێستێكی سەیری تری ئەو پیاوەش، سەردانێكی بوو بۆ دیمەشق كە تێیدا چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا كەوت، لەكاتێكدا جەنگێكی ئەهلی نەگریس لەو وڵاتەدا هەیە و سەرۆكەكەیشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دژایەتی دەكرێت.

print

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*