سەرەکی » هەمەڕەنگ » بە یادی کۆچی ناوادەی هونەرمەند تەحسین تەها

بە یادی کۆچی ناوادەی هونەرمەند تەحسین تەها

 فەخرەدین تاهیر

تەحسین تەها مامۆستاو هاوڕێم بوو… هونەرمەندێکی دڵپاک و مەجلیس خۆش بوو.. بەرلەوەی ببێتە گۆرانیبێژ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەشی شانۆی لەشاری بەغدا خوێندبوو.. دوای تەواوکردنی بەشی شانۆ بەخانەوادەوە هاتبوونە شاری هەولێرو لەگەڕەکی تەیراوە نیشتەجێبوون.
ئەوکاتانەی لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا بەشی شانۆی دەخوێندو هاوکات هێدی هێدی دەستی بە گۆرانی چڕین کردو یەکەمین سترانی بەناوی (ئاشکرا ناکەم) لە ئێزگەی کوردی بەغدا لەساڵی (١٩٥٨)دا، تۆمار دەکات..
لەنێوان ساڵانی (١٩٥٨- ١٩٩٤)دا، کۆمەڵێک سترانی ئەڤینداری و سیاسی و سروودی نیشتیمانی تۆمار کردووەو چەند سترانێکی لەتەلەڤزیۆن و چەند کلیپێکی تۆمار کراویشی هەیە.
وەک ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆ پێش هاتنیان بۆ شاری هەولێر بەشداری ئەم چالاکییە هونەرییانەی بادینانی کردووە.
لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر لە ماوەی چوار ساڵدا چوار ئۆپەرێتی دەرهێناوە بۆ سەرشانۆو بەشداری لەهەموو فێستیڤاڵە هونەرییەکانی چالاکی قوتابخانەکانی عیراق و کوردستان کردووەو لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان هەر چوار ئۆپەرێتەکە خەڵاتی یەکەمینیان بەدەستهێناوە.
ئەزو کۆمەڵێک لە هاوڕێیانم وەک ئەکتەر بەشداریمان لەم چوار ئۆپەرێتدا کردووە.
بەرهەمی هونەری و ئاوازو ستران لەلایەک و شانۆو ئۆپەرێت لەلایەکی دیکەوە بەرهەمی زۆری ئەو بوون.
لەم فێستیڤاڵەدا بێجگە لەئاوازو گۆرانی و شانۆنامەیەکی کۆمیدی بەناوی (نەخۆشی لەبیرچوونەوە) لەنووسینی (ماکس رینیە)و دەرهێنانی سوبحی کۆیی و لەنواندنی: سوبحی کۆیی جوانەمەرگ، سەلام کۆیی، سەلام عەدۆ و خۆم و ئەبوبکر محەمەد بووین.
یادی کۆچی ناوادەی هونەرمەند تەحسین تەها زۆرتر هەڵدەگرێ لەسەری بنووسم، ئەوانی تر بەجێدەهێڵم بۆ دەرفەتێکی دیکە.
تەحسین تەها لەڕۆژی ٢٨ی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٥دا، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی سەرنەکەوتوو لەوڵاتی هۆلاندا گیانی سپاردو لەرۆژی ٤/٦/١٩٩٥ تەرمەکەی گەیشتەوە کوردستان و لەزێدی خۆی لەشاری ئامێدی بەخاک سپێردرا.
ئەوەی جێگەی ئاماژەپێکردنە لەساڵانی ڕابرووددا چەند وتارێکم لەسەر ژینامەی کەسایەتی خۆی و هونەرەکەی بڵاوکردۆتەوە، بەباشمنەزانی ئەم نووسینەشم دوپاتکردنەوە بێت.

وێنە:
لەڕاستەوە: فوئاد ئەحمەد، فەخرەدین تاهیر، تەحسین تەها، جەلال بەیار، ئیبراهیم سابیر کۆیی.
تەنیا (من و کاک ئیراهیم سابیر) لە ژیاندا ماوین و ئەم سێ هاوڕێیە خۆشەویستانەمان مامۆستایان (فوئاد و تەحسین و جەلال) گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پاک و میهرەبان. ڕوحیان شاد و ئارام بێت.
ئەم وێنەیەش لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەدا،گیراوە.
شوێن :
هۆڵی گەل – هەولێر
کات ٣١/٢٥- ١٢-١٩٧٦
تیپی هونەری هەولێر سەرپەرشتی فێسیڤاڵەکەی دەکرد.

print

 49 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*