سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » لەتیف هەڵمەت و مناڵ

خورجە

لەتیف هەڵمەت و مناڵ

1
لەتیف هەڵمەت یەكێكە لە دیارترین و ناسراوترین شاعیرەكانی باشوری كوردستان، تایبەتمەندی شیعری ئەو ئەو جوانیەی لە شیعری ئەو دا هەیە كەم خوێنەری شیعری كوردی سەر سام نەكردوە، من بۆخۆم جگە لەوەی لەسەرشیعرەكانیم نوسیوە، هەمیشە وەك شاعیرێكی جیاوازو تایبەت سەیرم كردوە، شاعیرێكی بە ئاگا لە شیعری كوردی و دیاردەیەكی ناوازەی دنیای نووسینی ئێمە، لە راستیدا لە تیف هەڵمەت بەو هەموو جوانیەوە ستمەمێكی زۆری لێكراوە، كە تا ئێستا تەواوی كارەكانی بەسەر یەكەوەو وەك كۆكار «كۆ بەرهەم« چاپنەكراون، لەم گۆشەكورتەدا دەمەوێ‌ لە سەر تایبەتمەندیەكی دیكەی لەتیف هەڵمەت بنووسم، تایبەتمەندی بایەخدان بە مناڵ، ئەو شاعیرە سەرەڕای ئەوەی هەرگیز كەس پێی نەوتوە بابە، لێ‌ دنیایەك جوانی پێشكەش مناڵی كورد كردوە.
2
هەڵمەت بۆ مناڵان سەدان شیعرو چیرۆكی نوسیوەو دەیانی دیكەشی لە زمانەكانی دیكەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی كوردی، ئەو لە شیعرو چیرۆكەكانیدا كە بۆ مناڵانی نوسیوە مەبەستی بووە، بەرچاوی مناڵان رونبكاتەوەو بە دنیایان ئاشنابكات، كە باسی رووباری سیروان دەكات دەڵێ‌ :
من روباری سیروانم – پڕ لە ئاوی ڕەوانم
لە لوتكەی دورەوە دێم – بە دۆڵ و دەشتا دەڕژێم
مرۆڤ تینوی بێ‌ یا دار – دەیدەمێ‌ ئاوی سازگار
هەر ئەو بۆ مناڵان سەبارەت نیشتمان دەنووسێت :
لە خەوما بووم بە باران – باریمە سەر نیشتمان
لە خەوما دارێ‌ بەرز بووم – لە نیشتمانا هەڵچوم
لە خەوما مەلێ‌ سەوزبووم – بۆ بەرزایی ئاسمان چووم
كە بەرەو زەوی هاتم – رووم كردەوە وڵاتم
جێ‌ نیە لە گشت جیهان –خۆش بێ‌ وەكو نیشتمان
3
لەتیف هەڵمەت جگە لەوەی شاعیرێكی نوێخوازو نیشتمانپەروەرە، لە بواری ئەدەبی مناڵانیشدا پێشەنگەو تا ئێستاش لە خەمی ئەوەدایە كە جوانترین شیعرو چیرۆك پێشكەشی مناڵانی كوردستان بكات، بۆ ئەدەبی مناڵانیش بە هەمان شێوازی ئەوانی تر نانوسێت و رێگەیەكی دیكەی گرتوەتە بەر، هەروەك چۆن بەهرەو توانائەدەبیەكانی مناڵانی جیهانیش بۆ مناڵانی كورد دەگوازێتەوە .
بۆنمونە شیعری مناڵێكی حەوت ساڵانی بە نێوی ئەلیزابێت كردوە بە كوردی كە دەڵێت:
كە خەون دەبینی
خەونێكی خۆش
جێی داخە لە خەو هەستی
ئەوەی خەونەكەی لە دەست بدات
هەرگیز ناتوانێ‌
خەونەكەی بدۆزێتەوە
لەم رێگەیەوە لە تیف هەڵمەتی شاعیر دەیەوێت هانی مناڵانی كوردیش بدات خەون ببینن، خەونی رەنگاو ڕەنگی ئەدەبی، درود و بەردەوامی بۆ لەتیف هەڵمەتی ئەفرێنەرو نوێخواز .

 1,398 جار بینراوە