سەرەکی » هەواڵ » لیدیا خان، هاوسه‌ری شه‌هید ئارام، رێزی لێده‌نرێت

لیدیا خان، هاوسه‌ری شه‌هید ئارام، رێزی لێده‌نرێت

له‌ ساڵیادی شه‌هیدبوونی ئارام-ی سه‌ركرده‌دا، بنكه‌ی رۆشنبیریی سه‌را له‌ سلێمانی، خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌خشییه‌ خاتوو لیدیا شاسوار-ی هاوسه‌ری ئارامی سه‌ركرده‌ كه‌ له‌ سۆڤێتی جارانه‌وه‌ وه‌ك هاوسه‌ری شه‌هیدی سه‌ركرده‌ له‌گه‌ڵیدا گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان، به‌ڵام له‌دوای 41 ساڵ له‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌، كوردستانی به‌جێ نه‌هێشتووه‌و له‌ ناو كه‌سوكار‌و گه‌له‌كه‌ی شاسواری سه‌ركرده‌دا وه‌فاداریی خۆی بۆ دووپات ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌نته‌ری رۆشنبیریی سه‌راش به‌ شانازییه‌وه‌ شه‌ره‌فی ئه‌وه‌ی پێ بڕا كه‌ له‌یادی شه‌هیدبوونی ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌دا بۆنه‌یه‌ك بۆ رێزلێنان له‌و ژنه‌ مه‌زنه‌ رێكبخات.
هه‌ر له‌میانی ئه‌و رێوڕه‌سمه‌شدا، وتاری بنكه‌كه‌ له‌ نووسینی سامی سابیر خۆبه‌خش له‌و رێكخراوه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بۆ لیدیاخان-ی هاوسه‌ری شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئارامی مه‌زندا
41 ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له‌وڵاتێكی زلهێزی جیهانه‌وه‌، كه‌ ته‌نها رووبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی چاره‌كی گۆی زه‌وییه‌ و له‌نیشتمانی دایكه‌وه‌ . كه‌ له‌ (15) كۆماری خاوه‌ن سه‌روه‌ریی و (20) كه‌رتی ئۆتۆنۆمی و (10) بازنه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی نه‌ته‌وه‌ بچووكه‌كانی نێو قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئه‌وسا له‌ سیسته‌مێكی فیدراڵیی تۆكمه‌ی یه‌كێتیی سۆڤێتی جارانه‌وه‌ كه‌ به‌ وێنه‌ی جه‌سته‌یه‌كی په‌لوپۆی به‌هێزو پان ‌و به‌رین و به‌ گیرفانی پڕو مه‌غزی پاراو به‌ فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌و هزری سیاسیی سه‌ده‌ی بیست راكشاو له‌سه‌ر گازه‌رای پشت، ته‌وقی سه‌ر له‌به‌فری ئه‌وروپای سپی پۆش و به‌سته‌ڵه‌ك چه‌قیوو، پێیه‌كانی نزیك له‌ كوانووی گه‌رمی كه‌ناره‌كانی خوارووی ئاسیای گه‌نم ره‌نگ.
به‌ڵی ئازیزان ئاله‌و وڵاته‌وه‌! به‌و هه‌موو تواناو ناوبانگ و سه‌روه‌رییه‌وه‌، كه‌ خه‌ون و هیوای هه‌ر تاكێكی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌و تاكێكی كوردی بی ئاڵاو بێ قه‌واره‌و چه‌پێندراوو پلیشاوه‌ی ژێر ده‌ست و چه‌پۆك و چه‌كمه‌ی داگیركه‌ران كه‌ نه‌ك هه‌ر ره‌نگ و ناو و رووبه‌ڕووی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی (پنتێ) نه‌ده‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك مرۆڤ گه‌لێكی سته‌ملێكراو، نوزه‌ی ئازارو هاتووهاواره‌كانیشی، فه‌زای كپی تیره‌ی چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی به‌ ده‌وری خۆیدا نه‌ده‌بڕی، ئاله‌وێوه‌ بۆ ئێره‌، جه‌سته‌یه‌كی پڕ له‌هه‌ستی ئه‌فرێندراوی ئه‌وی چوزه‌ره‌ی باڵا هه‌ڵكشاوی و مێشكی پڕو پاراوی به‌ زانست و زمان و سرووتی ئاینی ئه‌وی له‌ ره‌گ و ریشه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ندرا.
ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بۆ ئێره‌ی خاكی سوتماكی كوردان ملی نا، بۆ ناو خه‌ڵكی بڕست لێبڕاو و ناكامیی نیوه‌ی حه‌فتاكان و قۆناغی هه‌ره‌س و هه‌ستانه‌وه‌.
ده‌پرسین ئاخۆ ده‌ه‌بێ هێزی راكێشانی چ ئه‌فسوونێك توانیبێتی هه‌ست و هۆش و جه‌سته‌ی ئه‌م خاتوونه‌ له‌ وڵاتی ئاوات و چاو له‌سه‌ری ملێۆنان چه‌وساوه‌ی جیهان ئاله‌وێوه‌ په‌لكێش بكات بۆ ئێره‌ی خنكاو له‌ نائومێدیدا؟ ونبوو له‌ جوگرافیای بووندا؟
ده‌ه‌بێت چ فاكته‌رێكی لۆژێكی راپێچی كردبێ و دڵی پێ خۆش بووبێت (لێره‌) له‌م خاكه‌ ئه‌سمه‌رو ره‌نگ بزڕكاوه‌دا ریشاڵه‌ سپی و باریكه‌كانی لاسكی ناسكی جه‌سته‌ی پێ موتووربه‌ بكات ‌و به‌ قووڵایی خاكدا رۆبچێت و به‌ ئاو و خوێی ئه‌م كوردستانه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌ سه‌رله‌نوێ په‌روه‌رده‌ بكرێت و قه‌دو باڵا هه‌ڵچنێت‌و وه‌به‌ربێنێت ‌و به‌ر بگرێت؟
توومه‌س هێزی بیری تیژو پڕشنگی سۆمای چاوی شاسواری، به‌ سوارچاكی هه‌ست و هه‌ڵوێست و سۆزی ئه‌م خاتوونه‌ی جڵه‌وكێش كرد، به‌چه‌ند چرپه‌یه‌ك له‌ ئاخاوتنی مرۆڤدۆستی ته‌لیسماوی كردو پێبه‌ندی دۆزێكی ره‌وای كرد.
ئازیزان:
من نازانم (لیدیا) واتای چییه‌ به‌زمانی روسی، به‌ڵام ئه‌م خانمه‌ باریك و به‌جه‌سته‌ لاوازه‌، به‌رجه‌سته‌ی پڕاوپڕی مرۆڤێكی ته‌واو به‌هێزه‌، به‌واتای فراوانی ئه‌م وشه‌یه‌، چونكه‌ به‌ ئه‌مه‌كه‌ بۆ به‌هاكان، بارته‌قای خۆشه‌ویستی پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌ران بۆ خاكی كوردستان.
ده‌یان ساڵه‌ ئه‌م خانمه‌ بۆ ئارام و به‌ ئارامی ئێشكگریی له‌ په‌یام و وه‌جاخی ئارامه‌كان ده‌كات، به‌ خۆخواردنه‌وه‌و لێو كرۆژتنه‌وه‌، خه‌مه‌كان له‌ئامێز ده‌گرێت و حه‌می لێ بووه‌ به‌ (خه‌م)*، به‌ڵام دڵخۆش و پڕ له‌هیوایه‌ به‌وه‌ی چه‌ند تایتڵێكی سه‌ره‌كی په‌یامه‌كه‌ هاتووه‌ته‌دی و ئه‌م گه‌له‌ قاره‌مانه‌، به‌ خوێن و به‌رخۆدان، خۆیی و په‌یامی نوێبوونه‌وه‌ی نوێ ده‌نووسێته‌وه‌.
دڵخۆش و گه‌شبینه‌ به‌ هاتنه‌دیی ئاماژه‌كانی ئه‌و «تیشكه‌»ی كه‌ شه‌وانه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ی گڵكۆی ئارامی (ته‌نگیسه‌ر)ه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان ده‌كشێت و شه‌به‌نگی رووناكییه‌كه‌ی له‌ شه‌وی ساماڵدا له‌سه‌ر لوتكه‌ی به‌رانانه‌وه‌ خه‌رمانه‌ ده‌دات و به‌نیمچه‌ بازنه‌یه‌ك خۆی ده‌نوێنێت.
ئه‌میش بۆ خودی خۆشی به‌ په‌یامی ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی ده‌چوێنێت، هه‌ربۆیه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌خشیین و به‌م ته‌مه‌نه‌ ڕووله‌ هه‌ڵكشانه‌یه‌وه‌, هێشتا له‌ مه‌ته‌رێزی پێشه‌وه‌ی چالاكیی هه‌مه‌ڕه‌نگی بواره‌كانی زمان و وه‌رگێڕان و رۆشنبیریی و خۆبنیاتناندایه‌.
ئێستاش ئه‌ندامێكی به‌پێزو كارای سه‌نته‌ری رۆشنبیری سه‌رایه‌، بۆیه‌ من به‌شبه‌حاڵی خۆم، بۆ رێزلێنان له‌ خۆڕاگریی ئه‌م خانمه‌و له‌ حزوری ئێوه‌ی به‌ڕێزدا، به‌ ئه‌ندازه‌ی چه‌مانه‌وه‌ی «كه‌مه‌ی گۆچان» سه‌ری رێزو نه‌وازشی بۆ داده‌نه‌وێنم، خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت له‌ مڵۆ و مشته‌كانی خه‌رمانی هۆشیاریی ئه‌م خانمه‌ به‌رێزه‌و هه‌رته‌مه‌ن درێژبێت (لیدیاخان).

print

 193 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*