سەرەکی » راپۆرت » سەرۆکی دادگای سلێمانی: رەخنە لە دادگا لە رووی ئەدای كارگێڕییەوە ئەركی میدیایە، بەڵام رەخنەگرتن و تانەدان لە بڕیاری دادگا ئەركی پارێزەر‌ و دادگای تەمییزە

لە دیدارێكدا لەگەڵ بەشێك لە میدیاكاندا

سەرۆکی دادگای سلێمانی: رەخنە لە دادگا لە رووی ئەدای كارگێڕییەوە ئەركی میدیایە، بەڵام رەخنەگرتن و تانەدان لە بڕیاری دادگا ئەركی پارێزەر‌ و دادگای تەمییزە

سەرۆكی دادگای سلێمانی رایگەیاند: بڕوای پتەوی بە هاوكاریی ‌و هاوئاهەنگیی نێوان كاری دادگاكان ‌و میدیاكان هەیە‌و لەپێناوی بوونی شەفافییەتیش لە كارو بڕیاری دادگاكاندا، دەرگای لەبەردەم میدیاكاندا كردووەتەوە و وتەبێژێكی فەرمی بۆ دادگاكە دانراوە و سایتێكی ئەلەكترۆنی ‌و پەیجێكیش لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دانراوە كە میدیاكان بتوانن بەئاسانی زانیاریی پێویستیان لێ وەربگرن‌و نەكەونە هەڵەوە.
هەروەها دەڵێت: ئەرکی میدیایە رەخنە لە ئەدای کارگێڕیی دادگاکان لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و کاری رۆژانەی دادگاکان بگرێت، بەڵام رەخنەگرتن لە بڕیارە یاساییەکان و تانەدان لێیان ئەرکی پارێزەران و دادگای تێهەڵچوونەوەو تەمییزە.

نێردراومان: جەمال ئارێز

ئەم وتانەی بەڕێز دادوەر جاسم جەزا جافر سەرۆكی دادگای سلێمانی لە میانی دیدارێكیدا هات لەگەڵ بەشێك لە نێردراوی دەزگاكانی راگەیاندن كە رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 12/5/2019 لە دیوانی سەرۆكایەتی دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
سەرەتای دیدارەكەشدا، سەرۆكی دادگا ئاماژەی بەوە كرد كە هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونییەوە لەو پۆستە هەستی بەو بۆشاییە كردووە كە لەنێوان دادگاكان ‌و میدیاكاندا هەیە ‌و وتی: بەبڕوای من میدیا زۆر گرنگەو لەگەڵ دادگا‌و دامەزراوەكانی دیكەی دەوڵەتدا تەواوكەری یەكترین. روونیشیكردەوە كە هاریكاریی نێوان دامەزراوەی دادوەریی بەگشتی لەگەڵ میدیاكاندا زۆر گرنگە لەپێناوی بەدیهێنانی شەفافییەت لەكاری دامەزراوەكان ‌و كارو بڕیارەكانی دادگادا. وتیشی: «ئازادیی تەواو دەستەبەردەكەین بۆ میدیاكان بۆ ئامادەبوون لە پرۆسەی دادگاییكردنەكاندا، جگە لەو دانیشتن ‌و دادگاییكردنانەی كە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە كاریگەریی بۆسەر تاوانبار یان تاوانلێكراو هەیە كە بەپێی دەستوور مافی سەرۆكی دادگاكەیە بڕیار بدات كە هەندێك دانیشتنی دادگا بە نهێنی بەڕێوە بچێت».

کاریگەریی میدیا لەسەر وڵات و کۆمەڵگە
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی دادگا روونیكردەوە كە لەگەڵ ئەوپەڕی بڕوابوونیان بە ئازادیی كاری میدیایی، بەڵام راستییەك هەیە كە دەبێت میدیاكاران رەچاوی بكەن ئەویش ئەوەیە كە هەموو ئازادییەك سنووری خۆی هەیەو بەهیچ شێوەیەك رێگە بەوە نادرێت كە كاری میدیاكان ببێتە مایەی تێكدانی بەرژەوەندیی گشتی ‌و ئاسایشی نیشتمانی ‌و نەتەوەیی ‌و لێرەدا دادگا دەبێت بەپێی یاسا سنوورێك بۆ میدیا دابنێت، وتیشی: میدیا دەتوانێت وڵات بكات بە وێرانەو دەشتوانێت بیكاتە وڵاتێكی نموونەیی.
سەرسامیی خۆشی لە دیاردەیەك نیشاندا كە هەندێك لە میدیاكان ‌و پەیجە كۆمەڵایەتییەكان برەوی پێ دەدەن كە لێدانە لە پیرۆزییەكان‌و سونبولەكانی وڵات ‌و تەنانەت لێدان لە كۆمەڵگەو تاك بەتاكی خێزانەكانیش.
دادوەر جاسم جەزا جافر جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە میدیا مافی چاودێریی بەسەر هەرسێ دەسەڵاتی جێبەجێكردن ‌و یاسادانان ‌و دادوەریی هەیە، تەنانەت مافی چاودێریكردنی ئەدای تاك بەتاكی پەرلەمانتار ‌و وەزیر‌و دادوەرانیشی هەیە، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی بەهۆی رەخنەوە لە ئەدای بەڕێزێك لەو سێ دەسەڵاتە سەركۆنەو قسەی نەشیاو بەكۆی دامەزراوە نیشتمانیی ‌و نەتەوەییەكان بووترێت، هەروەها وتی: رەخنەگرتن لە دادگا‌و دامەزراوەی دادوەریی لەڕووی ئەدای كارگێڕییەوە ئەركی دەستووریی ‌و بێ ئەملاوئەولای میدیاكانە، بەڵام رەخنەگرتن لە دەركردنی حوكم لەسەر دۆسێیەكی دیاریكراو لەڕووی یاساییەوە ئەركی میدیا نییە، بەڵكو ئەركی پارێزەری كەیسەكەیە كە داوای پێداچوونەوە و تەمییزی بڕیاری دادگای تایبەتمەند بكات، هەر خۆشی دادگای تەمییز ‌و پێداچوونەوە بۆ ئەوە دانراوە كە ئەو هەڵانە راستبكاتەوە كە دادوەران لە بڕیارداندا دەیكەن.

سنوورێک بۆ پیرۆزییەکان نەهێڵراوەتەوە
ئاماژەشی بەوەكرد كە سەرباری دۆخی عیراق بەراورد بە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە میدیاكانی هەرێم كوردستاندا هێرشێكی زۆر لەسەر دامەزراوەی دادوەریی هەیەو جگە لەوەش بەداخەوە هەندێك میدیای كوردستان هیچ پیرۆزییەكی بۆ هیچ دامودەزگایەكی دەوڵەت لە هەرێمدا نەهێشتووەتەوە.
لەتەوەرێكی دیكەی روونكردنەوەكانیدا سەرۆكی دادگای سلێمانی پێشنیازیكرد كە میدیاكان هەوڵی ئەوە بدەن لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ دادگادا ‌و بۆ ئەوەی میدیاكان تووشی هەڵە نەبن، وتیشی: هەندێك رووداو و كەیس هەن كە میدیا قسەیان لەسەر دەكات، بەڵام بەوە نەك خزمەت بە كەیسەكە ناكەن، بەڵكو كەیسەكە بەلاڕێدا دەبەن ‌و تێڕوانینێكی جیاواز لای بینەرو خوێنەرو گوێگرەكانیان دروست دەكەن لەسەر دادوەریی بەتایبەتی كە هێشتا هەندێك رووداو لەسەرەتای لێكۆڵینەوەدایە چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری تاوانبار یان تاوانلێكراودا دەكەن، كە رەنگە هەندێك جار یەكێك لەوانەی قسە دەكەن شایەتحاڵ یان گومانلێكراو بێت لە دۆسێكەدا.
لەوەڵامی پرسیاری هەندێك لە رۆژنامەنووسانیشدا سەبارەت بە سەردانی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی بۆ سەرۆكایەتیی دادگا، سەرۆكی دادگا وتی: سەرەتا ئێمە وەكو دادگا موڵكی هەموو خەڵكین ‌و ئەركمان ئەوەیە كە هەر هاووڵاتییەكی ئاسایی یان بەرپرسێك لەم وڵاتە بێتە ئێرە پێشوازیی لێ بكەین ‌و گوێی لێبگرین ‌و بەپێچەوانەوە ئێمەش سەردانیان بكەین، جەختیشی كردەوە كە لە ماوەی كاركردنیدا سەردانی سەركردەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كردووە‌و ئامادەشە پێشوازیش لە هەموویان بكات، بەتایبەتی كە لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی بۆ ئەوە سەردانی دادگای كردووە كە ئامادەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دەربڕیووە كە بەهەموو شێوەیەك ئامادەیە هاوكاریی دادگا بێت ‌و هەر تۆمەتبار‌و كەسێك كە دادگا داوای بكات ‌و ئەندامی یەكێتی بێت ئامادەن رادەستی دادگا بكەن. هەر حزبێكی دیكەش سەردانمان بكات و ئامادەی هاوكاریی دامەزراوەی دادوەریی دەرببڕێت، پێشوازیی لێدەكەین ‌و سوپاسیشی دەكەین.

کەس بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیر نەکراوە
لەبارەی كەیسی لێكۆڵینەوەو دادگاییكردنی ئەو كەسانەشەوە كە سەربە جووڵانەوەی نەوەی نوێ-ن، سەرۆكی دادگا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك نەك لەم كەیسەدا بەڵكو لەهیچ كەیسێكدا بەبێ وەرگرتنی بڕیاری دادوەر هیچ كەسێك ناگیرێت ‌و شتی لەو جۆرەش رووی نەداوە، تەنها ئەو تاوانانەنە نەبێت كە تاوانی بینراون ‌و دوو كەس تەقە لەیەكتریی دەكەن، یان كەسێك لە دزییكردندا دەگیرێت، كە لەوكاتەدا مەفرەزەیەكی پۆلیس بەسەر تاوانەكەدا دەچێت، ئەویش لەگەڵ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دادوەری لێكۆڵینەوەی لێ ئاگاداردەكرێتەوە.
هەروەها هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە گوایە ئەو تۆمەتبارانە ئەشكەنجە درابن، یان گرتنی پارێزەریان لێ قەدەغە كرابێت یاخود سەردانیكردنیان لێ قەدەغە كرابێت ‌و و وتی: ئەوەی باس دەكرێت هیچ بنەمایەكی راستیی نییە، بەڵام نیگەرانیی خۆی لە نیشاندانی سیماو روخساری تۆمەتبارەكان دەربڕی ‌و رایگەیاند ئەوە پێشێلكردنی یاسایە و نابێت دانپێدانانی تۆمەتبار بە روخساری ئاشكرا لە میدیاكانەوە بڵاوبكرێتەوە، بەڵام سەرسوڕمانی خۆی لەوە نیشاندا كە زۆرێك لەو كەناڵانەی كە رەخنەیان لەوە گرتووە، خۆیان هەمان هەڵەیان دووبارە كردەوە.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆكی دادگای سلێمانی رەخنەی ئەوەی لە میدیاكان بەگشتی گرت كە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لە كەناڵەكاندا خەرج دەكرێت، بەڵام هیچ كەناڵێك بەرنامەیەكی تایبەت بە هۆشیاریی یاساییان نییە تا هاووڵاتیان بە مافە یاسایی ‌و دەستوورییەكانیان ئاشنا بكەن و وتی: ئەركی كەناڵەكانە كە هاووڵاتیان لە ئەرك ‌و مافەكانیان ئاگاداربكەنەوە، تا كاتێك ستەم لە هاووڵاتییەك دەكرێت بزانێت چۆن ‌و لە چ دادگایەكی تایبەتمەند داوای مافی خۆی بكات.

لەبارەی حوکمی ئیعدامەوە داتاکان ئاشکرا دەکرێت
لەبارەی بەخشینی زانیارییشەوە لەلایەن دادگاوە بە میدیاكان، ئەوەی روونكردەوە كە ئێستا سایتی فەرمیی سەرۆكایەتی دادگا هەیە‌و لەوێوە هەموو یاسا‌و بڕیارو چالاكییەكان بە هەرسێ زمانی كوردی ‌و عەرەبی ‌و ئینگلیزیی دادەنرێن ‌و پەیجێكی فەرمیشیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك هەیە ‌و سەربارەی ئەكتیڤكردنی بەشی راگەیاندن، وتەبێژی فەرمیی دادگاشیان داناوە كە بەڕێز حاكم عومەر-ە ‌و كەناڵەكان دەتوانن پێش بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە لەسەر كەیسێكی دیاریكراو، پەیوەندیی پێوە بكەن‌و هەر پرسیار‌و راوێژێكیان هەبێت لەرێی ئەوەوە زانیاریی پێویست بەدەست بهێنن.
روونیشیكردەوە كە لە هەندێك میدیادا قسە لەسەر نەبوونی حوكمی ئیعدام دەكرێت، كە ئەوە بۆخۆی بێ ئاگاییە لە كارەكانی دادگا، چونكە تەنها لەمساڵدا نزیكەی 17 حوكمی ئیعدام لە دادگاوە دەرچووە، بەڵام وتی: جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا لەدەستی دادگادا نییە، ئەوە لایەنی دەزگای جێبەجێكردن لێی بەرپرسیارە كە دوای ئەوەی مەرسوم لەلایەن سەرۆكی هەرێم یان سەرۆك كۆمارەوە دەردەچێت، ئەوا وەزیری داد كات ‌و شوێن ‌و چۆنێتی جێبەجێكردنی مەرسومەكە بەبڕیارێكی وەزارەی دەردەكات.
لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەی رۆژنامەنووسانیشدا سەبارەت بە گرتنی هەندێك تاوانبار لەلایەن پۆلیس ‌و ئازادكردنیان لەلایەن دادوەرەوە، سەرۆكی دادگا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەوە یەكێكە لە هەڵەكانی كە بەشێك لە میدیاكانی كوردستان تێی دەكەون، چونكە بنەما سادەكە ئەوەیە كە هەموو تاوانبارێك بێ تاوانە تا تاوانەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە ‌و وتیشی: زۆرێك لەوانەی باس دەكرێن لە ئەنجامی ئەو دیدارانەیە كە لەگەڵ كەسوكاری كوژراو یان بكوژدا دەكرێن، چونكە دادوەر بەپێی شایەت ‌و سەلماندن بڕیار دەدات، نەك بە خواستی كەسوكاری قوربانی، هەندێك كەس وەك گومان لێكراو دەستگیردەكرێت، بەڵام لە میدیاكانەوە وەكو بكوژ یان تاوانكار دەناسێنرێت، بۆیە كاتێك دادوەر بەڵگەی پێویستی لەبەردەستدا نەبێت، دەبێت لانیكەم بە كەفالەت ئازادی بكات، كە جگە لەوانەی حوكمی ئیعدامیان هەیە، هەموو تۆمەتبارێك بەگوێرەی یاسا دەشێت بە رەچاوكردنی بارودۆخ كەفالەت بیگرێتەوە.

هەمواری یاساکان و رۆڵی میدیا
هەر لەوبارەیەشەوە نموونەی بەوە هێنایەوە كە لەسەر پێكدادانی دوو ئوۆتۆمبێل یان شەڕی دوو گەنج، ئاساییە دادوەر تۆمەتبار بە كەفالەت ئازاد بكات، بۆنموونە تاوانبارەكە خوێندكارێكی 12ی ئامادەییە، بۆ رۆژی دواتر تاقیكردنەوەی هەیە، ناكرێت دادوەر رەچاوی ئەوە نەكات كە ساڵێكی خوێندنی بفەوتێت، لەكاتێكدا بە كەفالەت ئازادی دەكات، ئەوە مانای وا نییە تۆمەتبارەكە بێتاوان دەركرابێت.
ئاماژەشی بەوەدا كە زۆربەی فەرمانبەریان سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ دەچنەوە ماڵی خۆیان، بەڵام بەدەگمەن دادوەر هەیە لەماڵیشەوە تا سەعات 2ی شەو خەریكی موتالەعەی كەیسەكانی نەبێت بۆئەوەی بۆ بەیانی راستترین و دادپەروەرانەترین بڕیار بدات، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە بەشێك لە كێشەكانی دادگاكان یاسا بەركارەكانە كە لەوەشدا میدیاكان دەتوانن لەڕێی دیدارو چاوپێكەوتن ‌و راپۆرتەوە لەگەڵ كەسانی پسپۆڕدا گوشار دروست بكەن بۆ گۆڕانكاریی لە یاساكاندا كە هەندێكیان پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە.
لەبارەی شێوازی مامەڵەش لەگەڵ دامەزراوەی دادوەری، هاوڕابوو لەگەڵ میدیاكاراندا كە هەرێم جیاواز لەبەغدا مامەڵە لەگەڵ ئەو دامەزراوەیەدا دەكات، بەجۆرێك سەرۆكی دەزگای دادوەریی وەك سەرۆكی سێ دامەزراوەكەی (كۆماری، حكومەت، پەرلەمان) مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام بەداخەوە لە هەرێم سەرۆكی دەزگای دادوەریی هێشتا پلەی وەزیرەو لەڕووی دامەزراندنەوە سەربە سەرۆكایەتی هەرێمەو لەڕووی مووچەو بودجەشەوە هێشتا لەژێر هەژموونی وەزارەتی داد-دایە و وتیشی ئەمەش یەكێكە لەو یاسایانەی كە دەبێت بە میدیا‌و شارەزایانی یاسایی ‌و دەستووری گوشار بكەن تا لەپەرلەمان یاسای نوێی بۆ دەربچێت ‌و هاوشێوەی عیراقی لێ بكرێت.
لە كۆتاییشدا بەڵێنی بە میدیاكاران دا كە لەنزیكترین دەرفەتدا چەند ئامارو داتایەكی ئەمساڵ لە 1/1/2019ەوە تا 10/5/2019 ئامادە بكەن ‌و پێشكەش بە میدیاكانی بكەن تا بزانرێت كارو چالاكیی ‌و بڕیارەكان لەو ماوەیەدا چی بووەو هیچ میدیایەك بەبێ زانیاریی و وردەكاریی رەخنە لە كارەكانی دادگا نەگرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كه‌شتی ئالان كوردی ئه‌ركه‌كانی ده‌ستپێكرده‌وه‌

شیهاب عوسمان، ئه‌ڵمانیا جارێكیتر كه‌شتی فریاكه‌وتنی »ئالان كوردی» له‌كه‌ناراوەکانی لیبیا ...