سەرەکی » مانشێت » لە كۆبوونەوەم لەگەڵ كاك مەسعود باسی هیچ ناوێك نەكراوە و رێكەوتنی لەسەر نەكراوە

‎كۆسرەت رەسوڵ:

لە كۆبوونەوەم لەگەڵ كاك مەسعود باسی هیچ ناوێك نەكراوە و رێكەوتنی لەسەر نەكراوە

دوێنێ لە ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، بە یاوەری ژمارەیەك لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، سەردانی ئارامگەی جەنابی مام جەلال-ی كرد و تاجەگوڵینەی لەسەر دانا. ‎
لەمیانی سەردانەكەیدا و بۆ میدیاكان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
بۆ یەكێتییەكان یەكڕیزیی ناوماڵی كوردی و یەكڕیزیی ناو یەكێتی وەفایە بۆ مام جەلال و یەكێتی، مام جەلال هەموو ژیانی خۆی لەپێناوی كوردایەتی دانا، هەموو تەمەنی خۆی لەپێناوی كوردایەتی سەرف كرد، بەڵام لەپێناوی ئاشتی و برایەتی و تەبایی و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردی.
‎پیرۆزبایی لە هەموو یەكێتییەكان دەكەم، پیرۆزبایی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكان دەكەم، پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم بە بۆنەی یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو یەكێتییەی لە سفرەوە دەستیپێكرد، ئەوێ رۆژێ كە یەكێتی بڕیاری شۆڕشی دا، دەیانوت ئەوە خەون و خەیاڵە، دواتر بووە واقیع. ‎
ئێستا ئێمە لە سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی لەسەر ئارامگەی جەنابی مام جەلال كۆبووینەتەوە، دڵنیای دەكەینەوە كە هەموومان بە یەكەوە یەكێتیی ریزەكانی كورد و كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهێز دەكەین، هەوڵ دەدەین سیاسەتی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن پەرە پێبدەین.
زۆر كەس دەیانوت ئەگەر دارخورما لە كوردستان شین بێ، یەكێتی ناتوانێ قیادەی شۆڕش بكا، ئەوێ رۆژێ مام جەلال و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی لە ئەوروپا و شام گفتوگۆیان كرد تا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست بكەن، لەپێناوی ئەوەی جارێكی تر شۆڕشی كوردستان هەڵبستێتەوە و خەڵكی كوردستان ئومێدیان بۆ پەیدابێتەوە بە شۆڕشی كوردستان و پێشمەرگەی كوردستان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی 44 ساڵ خەباتی، زۆر قوربانی داوە، فیداكاری زۆری كردووە لەپێناوی ئەوەی میللەتی كورد ئازاد بێ، ئازادیش بوو، لە مێژووی میللەتی كورد یەكەم شۆڕشە كە سەركردایەتییەكەی بەرهەمی شۆڕشیان بینی و خۆیان لە ناو كوردستان كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی پێشڕەو و پێشەنگی هەبوو لە خەبات و تێكۆشان بەرامبەر هەموو لایەنەكان.
سوپاسی هەموو یەكێتییەكان دەكەم و سڵاو دەنێرم بۆ شەهیدان و ئەو هەڤاڵانەی لە دەستەی دامەزرێنەر بوون وەك جەنابی مام جەلال، كاك نەوشیروان، كاك د.كەمال فوئاد و كاك عادل موراد و هەموو برادەرانی تر كە شەهید بوون.
لە وەڵامی رۆژنامەنووسان و لە بارەی بەستنی كۆنگرە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتی: ئێمەش پێمان باشە كۆنگرە ببەسترێ، كۆنگرەیەكی تەندروست، كۆنگرەیەك یەكێتی بەهێز بكات، نەك كۆنگرەیەك بیەوێ یەكێتی تێكبدات و دابەشی بكات. من پشتیوانی لە بەستنی كۆنگرە دەكەم، ئەو كەسانە لە كۆنگرە دەترسن كە مێژوویەكی باشیان نەبێ، یان زەرەریان لە یەكێتی دابێ، ئەو كەسانەی خەباتیان كردبێ لە كۆنگرە ناترسن.
پەیوەست بە دۆخی كەركوك و ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی رێكەوتن و پاشگەزبوونەوەوە دەكرێ، كۆسرەت رەسوڵ راشكاوانە وەڵامی دایەوە و وتی: ئەو مەسەلەیە خەڵك بە عەكسەوە باسی دەكات، مەسەلە وانەبوو، كاتی خۆی كە بڕیاردرا من و كاك مەسعود مەلەفی بەغدا و كەركوك بگرینە دەست و بڕیاری لێبدەین، ماوەیەكی بەسەرچوو بارودۆخی پارتی و پەیوەندیی یەكێتی هەندێك ساردی كەوتەناو، پاشان كە كاك مەسعودم بینی و قسەمان كرد، باسی كاك فەرەیدون و هیچ كاكێكی تر نەكراوە، كاك فەرەیدون پیاوێكی تێكۆشەرە و مەسئولی هەموو ئەو برادەرانە بووە كە ئێستا لە مەكتەبی سیاسین، بەڵام ئەمن شەخسیەن شتی وام باس نەكردووە و ئەوان وا دەڵێن.
مەسەلە شەخسیش نییە، مەسەلە میللەتەكەمانە، كەركوك پارێزگایەكی گەورەیە، مەسەلەی كەركوك پەیوەندیی بە هەموو كوردەوە هەیە، كوردی سوریا، ئێران ‌و توركیا.
لە كۆتاییدا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئاخۆ چی دەكەن بۆ دۆخی كەركوك؟ كۆسرەت رەسوڵ وتی: هەر دەبێ چارەسەری بكەین.

print

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*