سەرەکی » مانشێت » كۆسرەت رەسوڵ: رێگە بە كۆمەڵكوژی و هێرش بۆ سەر كورد نەدرێ

كۆسرەت رەسوڵ: رێگە بە كۆمەڵكوژی و هێرش بۆ سەر كورد نەدرێ

دوێنێ لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) پێشوازیكرد لە جۆن ویڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لەعیراق‌و جەیمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان‌و وەفدی هاوڕێی.
لەدیدارێكدا، كە جەلال شێخ كەریم راوێژكاری ئەمنیی جێگری سكرتێری گشتی، ئامادەیبوو و بەمەبەستی كۆتاییهاتنی كارەكانی باڵیۆزی بەریتانیا لەعیراق رێكخرابوو، كۆسرەت رەسوڵ، سوپاسی جۆن ویڵكسی كرد كە لەماوەی كاركردنیدا رۆڵێكی ئیجابی هەبوو لەپەرەپێدانی پەیوەندییەكان‌و هەماهەنگیی نێوان هەرێم‌و بەغدا.
لەدیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی عیراق‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، هەردوولا دیدو تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو و دووپاتیانكردەوە كە پێویستە پەرە بەپەیوەندییەكان بدرێ‌و كێشەكان بەدیالۆگ لەچوارچێوەی دەستوورو یاساكاندا چارەسەربكرێن.
دۆخی ناوچەكەو گۆڕانكارییە خێراكان، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، كۆسرەت رەسوڵ، دووپاتیكردەوە كە پێویستە لەناوچەكەدا دۆخی كوردو رۆڵی لەجەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەبەرچاوبگیرێ‌و دۆخی ناوچە رزگاركراوەكانی بپارێزرێ‌و رێگا بەكۆمەڵكوژی‌و هێرش بۆ سەر كورد، نەدرێ. هەروەك پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆو دیالۆگ لەنێوان سەرجەم لایەنەكاندا دووپاتكردەوەو رایگەیاند: تەنها گفتوگۆ دەتوانێ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان بكات.
دۆخی كوردستان‌و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، جێگری سكرتێری گشتی‌و باڵیۆزی بەریتانیا، جەختیانكردەوە: پێویستە كورد یەكدەنگ بێ، كە تەنها بەیەكگوتاری، كورد دەتوانێ بەرەنگاری تەحەدیاتەكان ببێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*