سەرەکی » هەمەڕەنگ » له‌ رشته‌ی مرواری-یه‌وه‌

له‌ رشته‌ی مرواری-یه‌وه‌

*پیرێژنێكی كورد هه‌بوو له‌ ژووره‌كه‌ی خۆیا له‌به‌ر قاپیه‌كه‌ خه‌ریك بوو دووخی ئه‌ڕست. ورده‌ ورده‌ به‌ ده‌میه‌وه‌ له‌نگه‌ریه‌ك قاوتیشی له‌ ته‌نیشت خۆیه‌وه‌ دانابوو به‌ لوێچ ئه‌یكرد به‌ ده‌میا، به‌ڵام بای ئه‌هات نه‌یئه‌هێشت تۆزێ لێی بچێته‌ ده‌میه‌وه‌. كابرایه‌ك به‌وێدا تێپه‌ڕی لێی پرسی پووره‌ فه‌رخی ئه‌وه‌ چی ئه‌خۆی؟ وتی: (( به‌خوا برام تا ئه‌م بایه‌ له‌م كونه‌وه‌ بێت هیچ!))

*شێخ بابه‌ عه‌لی ته‌كیه‌یی له‌به‌ر هه‌یوانی مزگه‌وته‌كه‌ی خۆیا دائه‌نیشێ، فه‌قێیه‌كی خه‌ڵكی ئه‌و كێوه‌ له‌وێ ئه‌خوێنێ. فه‌قێ ئه‌چێ بۆ ده‌ست نوێژ. به‌ به‌رده‌می شێخا ئه‌ڕوا ئه‌ڵێ: سه‌لام عه‌له‌یكم. ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌: سه‌لام عه‌له‌یكم. خێرا خێرا بۆ لایه‌ك ئه‌چێ و ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ سه‌لام عه‌له‌یكم بابه‌عه‌لی وه‌ڕس ئه‌كا. ئیتر ئه‌گاته‌ جه‌رگی. جارێكیان هه‌ڵئه‌سێته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ و لێی زیت ئه‌بێته‌وه‌ ئه‌ڵێ: (( ئه‌رێ برا! هیچ وه‌كو بزانی من سه‌لاملغی تۆم لێره‌ دانیشتووم. بۆ وازم لێ نایه‌نی؟))

*كابرایه‌كی كورد كوڕێكی هه‌بوو به‌ زووخاوی جه‌رگ و به‌ هه‌زار كوێره‌وه‌ری كوڕه‌كه‌ی گه‌وره‌ كرد. له‌ پاشا كوڕه‌ له‌گه‌ڵ باوكه‌كه‌یا چاك ده‌رنه‌چوو. جا باوكه‌كه‌ی ئه‌یوت: (( تا مناڵ بوو لێك بار بوو، كه‌ گه‌وره‌ بوو لێم هار بوو!))

*كابرایه‌ك هه‌بوو گۆزه‌یه‌كی دانابوو هه‌ر كه‌سێك كه‌ ئه‌مرد به‌ردێكی ئه‌خسته‌ گۆزه‌كه‌وه‌، له‌ ئاخری ساڵا ئه‌یبژارد بزانێ ئه‌و ساڵه‌ چه‌ن كه‌س مردووه‌. دۆستێكی هه‌بوو رۆژێك هات بۆ لای، سه‌یری كرد كابرا دیار نییه‌، له‌ دراوسێی دوكانه‌كه‌ی پرسی: ئه‌رێ فڵان كه‌س چی لێ هات؟ ئه‌ویش وتی: (( چووه‌ گۆزه‌كه‌وه‌!))ل13

*دوو كابرای كورد به‌ رێبواری رێیان ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌و عه‌ره‌بستانه‌. ئه‌مانه‌ نه‌حوشتریان دیبوو، نه‌ دار خورما. تووشی كاروانێكی حوشتر ئه‌بن، له‌ زلی و ناكۆڵۆكاری حوشتر زۆر سه‌ریان سووڕ ئه‌مێنێ. له‌پاشا تووشی بێستانێكی دار خورماش ئه‌بن، دار خورماكان زۆر به‌رز ئه‌بن. یه‌كێكیان ئه‌ڵێ: (( ئه‌رێ برا ئه‌مه‌ چییه‌، خوا بۆچ ئه‌وه‌نده‌ دار خورمای به‌رز دروست كردووه‌ پیاو ده‌ستی نایگاتێ؟ )) ئه‌وی كه‌شیان ئه‌ڵێ: ((برا له‌ ترسی حوشتر!)).

*كابرایه‌ك هه‌بوو زۆر له‌ سه‌گ ئه‌ترسا، ته‌نانه‌ت له‌ تووته‌كۆڵه‌یه‌كیش هه‌ر ئه‌ترسا. پێیان ئه‌وت كابرا ئاخر ((تووتك)) چییه‌ تۆ لێی ئه‌ترسی؟ ئه‌یوت: ((من له‌ خۆی ناترسم له‌وه‌ ئه‌ترسم كه‌ گه‌ماڵ خه‌به‌ر ئه‌كاته‌وه‌)).

*یه‌كێ له‌ پاشاكانی عه‌جه‌م له‌ زه‌مانی زوودا فه‌رمانی دابوو هه‌رچی به‌گزاده‌ی هه‌ورامی هه‌یه‌ بیانگرن و چاویان هه‌ڵكۆڵن. به‌گزاده‌كانیان گرتبوون خستبوویاننه‌ ژوورێكه‌وه‌، خۆیشی له‌سه‌ربانێك راوه‌ستابوو سه‌یری ئه‌كردن. له‌ناكاو له‌ ناویانا كابرایه‌كی رووته‌ڵه‌ی جل شڕی به‌رچاو كه‌وت بانگی كرد بۆم بێنن. كه‌ بردیان لێی پرسی: كوره‌ كابرا! تۆیش به‌گزاده‌یت؟ ئه‌ویش وتی ((قوربان بۆ چاو هه‌ڵكۆڵین به‌گزاده‌م، ئه‌گینا تا ئێستا هه‌ر كۆڵه‌ داریان پێ ئه‌كێشام)). پاشاكه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی پێ سه‌یر ئه‌بێ به‌ره‌ڵای ئه‌كا.

سه‌رچاوه‌: رشته‌ی مرواری یه‌ك به‌رگی لاپه‌ڕه‌ (13، 16،17)

print

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*