سەرەکی » راپۆرت » دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان

شرۆڤەی رۆژ

دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان

هەواڵ و بەدواداچوون

لە چەند رۆژی رابردوودا، بە تەنها لە سنووری قەزای خانەقین، زیاتر لە چوار هاووڵاتی كورد شەهیدكراون.

زیادبوونی جموجوڵی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان پیشاندەری ئەو راستییەیە، كە دووبارە وەك هەمان دۆخی بەر لە ساڵی 2014 بۆشایی ئەمنی، ململانێی سیاسی، بێبەرنامەیی حكومەتی عیراق بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان لە ناوچە دوورەدەستەكان، لەو فاكتەرانەن كە رێگە و زەمینە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عیراق و ناوچە جێناكۆکەكان خۆش دەكەن.

داعش جموجوڵەكانی روو لە زیادبوون دەكات، ئاماژەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئێستادا جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ بەر لە حوزەیرانی ساڵی 2014 نییە، ئەوكات داعش بە رۆژی رووناك باج و سەرانەی لە دەوڵەمەندەكان وەردەگرت، خەڵكی دەترساند و هاتوچۆیان ئاسایی بوو، ئێستاش هەروا دەكەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە داعش لە هەوڵی خۆڕێكخستنەوەدایە. هەفتەی رابردوو رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، ئاشكرایكرد، «داعش لە سوریا بە درێژایی 600 كیلۆمەتر هاتۆتە عیراق و دەستیان بە جموجۆڵ كردووە». رۆژنامەكە ئەوەشی وتووە «لە كۆتایی مانگی ئازارەوە تائێستا جموجۆڵەكانی داعش بەشێوەیەكی بەرچاو لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین زیادیان كردووە».

وێڕای ئەو جموجۆڵ و پەلامارانەی داعش كە خۆی دەبینێتەوە لە سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران و رفاندنی هاووڵاتیان و شەهیدكردنیان، هەندێكجاریش پەلاماری سوپای عیراق و حەشدی شەعبـی دەدەن، بەڵام حكومەتی عیراق هێشتا هەنگاوی جددی بۆ ئەو مەترسییە نەناوە، لەكاتێكدا كە ئەوان باش دەزانن بەشێكی زۆر لە ناوچە جێناكۆكەكان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیی جددیدان.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عیراق دەڵێت «ئەوان بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنەكانیان دژ بە داعش دەدەن»، وتەبێژی هێزە هاوبەشەكانی عیراقیش ئاماژەی بەوەداوە «لە هەوڵی خۆڕێكخستنەوەیەكی نوێدان بۆ ئەوەی بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش ببنەوە».

مەترسییەكانی داعش لە عیراق لە هەموو ناوچەكان وەك یەك نین، ئەوەی كە ئێستا داعش بە دەرفەتی دەزانێت سنووری ناوچە جێناكۆكەكانە كە زۆرینەی دانیشتووانی كوردن، لەم رووەشەوە حكومەتی ناوەند نە لێدەگەڕێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، نە خۆی وەك پێویست كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەی پێدەكرێت.

print

 249 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*