سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » پەتا و دەردەكان تا كۆرۆنا

دەر و دراوسێ

پەتا و دەردەكان تا كۆرۆنا

ئەگەر چاوێكی خێرا بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنینەوە، ئەوسا دەزانین پەتا و دەرد و تاعونەكان چییان بە مرۆڤ و شارستانێتییەكەی كردووە، هەرچەندە لە وتارێكی وا كورتدا من لەوەیە و بێگومانیش ناتوانم بە درێژی و بە چڕی باسی ئەو بابەتە سامناكە بكەم، بەڵام بۆ رۆژگاری ئێستای سەردەمی كۆرۆنا كە تائێستا جیهان پێیەوە گیرۆدە بووە و ژیانی خەڵك و دامودەزگاكانی حوكمڕانی لە جیهاندا نیمچە ئیفلیج كردووە، بیرخستەوەیەكی خراپ نییە.

دەوڵەتی هایتی كاتێك ساڵی 1791 زایینی لە ئاكامی شۆڕشێك كە ئەو ئەفریقییانەی فەرەنسییەكان وەكو كۆیلە هێنابوویانن بۆ هایتی، دامەزرێنرا، هەربۆیە ناپلیۆن لە ساڵی 1802 زاییندا هەوڵیدا ئەو وڵاتە كۆلۆنییەی خۆی داگیربكاتەوە و سوپایەكی نارد كە پێكهاتبوو لە نزیكەی 50 هەزار سەرباز، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كوشندەی تای زەرد (حمی الصفرا‌و) زۆربەی هێزەكەی گیانیان لەدەستدا ‌و دوای ساڵێك ناپلیۆن ناچار بوو دەستبەرداری ئەو بڕیارەی ببێت و هەرێمی لویزیانا بە نرخێكی هەرزان بە ئەمریكا بفرۆشێت. ئەمە نموونەیەكی ئێجگار بچووكە لەوەی كە چۆن پەتا و دەردەكان رێڕەوی مێژوو دەگۆڕن.

تاعونی جستنیان و ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی
ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی یان (ئیمپراتۆریەتی رۆمانی رۆژهەڵات) لە سەردەمی حوكمڕانی ئیمپراتۆر جستنیان كە لە نێوان ساڵانی 527 زایین تاكو 565 زایین ئەوپەڕی گەشە و فراوانی بەخۆیەوە بینیوە و هەر لە سەردەمی ئەمدا یاسای رۆمانی نووسرا و ریفۆرمی كارگێڕی و دارایی كراوە ‌و كەنیسەی ئایا سۆفیا دروستكرا و بەشێكی زۆری خاكی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی رۆژئاوا داگیركرا بەمەبەستنی یەكخستنەوەی هەردوو ئیمپراتۆرییەتەكە، هەر لەو كاتەدا ئەم تاعونەش بڵاوبۆوە كە دواتر بە تاعونی جستنیان ناسرا.

ئەم پەتایە لە سەرەتای ساڵی 541ی زایین سەریهەڵدا لەنزیك شاری پۆرسەعید لە میسر و دواتر بەرەو خۆرئاوا گوازرایەوە تا ئەسكەندەریە، لە رۆژهەڵاتەوە تا فەلەستین، دواتر لە سەرەتای ساڵی 542ی زایین تا قوستەنتینیەی پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەكە تەشەنەی كرد، كە تاكو زیاتر لە 200 ساڵ درێژەی كێشا ‌و تاكو ساڵی 750ی زایینی خایاند.

سەرچاوە مێژووییەكان و ناسیونال جیۆگرافیك باس لەوە دەكەن كە بەهۆی تاعونی جستنیانەوە 30 – 50 ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە، كە بۆ ئەوكاتە دەكاتە نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی و ئەم پەتایە ئاسیا و باكووری ئەفریقا و ناوچەی عەرەبی و ئەوروپای گرتەوە.

ئەم پەتایە ئیمپراتۆرییەتەكەی زۆر لاواز كرد، بەهۆی زۆری ژمارەی مردووەكانەوە نەپەرژانە سەر راهێنان و خۆڕێكخستن ‌و تاڕادەیەك نەیتوانی بەرگری لە خۆی بكات، جگە لەوەش ژێرخانی ئابووریی وڵات داڕما و هەر لە ئاكامی ئەم پەتایەدا بەشی زۆری خاكی ئیمپراتۆرییەتەكەیان لەدەست دا، هەر لە باكووری ئیتالیا تا باكووری ئەفریقا و تەنانەت لە دەستدانی كەناری ئیسپانیاش لە ساڵی 717ی زایین بۆ عەرەبەكان و وڵاتی شام و ئاسیای بچووكیش.

تاعونی رەش لە ئەوروپا
ئەم تاعونەش كە لە رێگەی رۆژهەڵات و ئەوەی پێی دەوترێت رێگەی ئاوریشم، پێدەچێت هەر لە چینەوە وەكو ئێستای كۆرۆنا لە نێوان ساڵەكانی 1347 تا 1351سەری هەڵداوە و ئەوكاتە ژمارەی دانیشتووانی جیهان كەمتر لە 500 ملیۆن كەس بووە ‌و تەنها لە ئەوروپا 75 ملیۆن كەس بەهۆیەوە مردن.

تا ئەوكاتە ئەوروپا زۆ چڕ بوو، ژمارەی دانیشتووانەكەی هیچ كەموكورتییەكی نەبوو لە هێزی كاردا، بەڵام بەمە كێشەی گەورەی بۆ دروستبوو كە دواتر بووە هۆی سەرهەڵدانی زۆر شۆڕش لە لایەن جووتیاران و چین و توێژەكانی ترەوە، بە مەبەستی بە دەستهێنانی مافی زیاتر.

ئەنفلۆنزای ئیسپانی
ئەویش یەكێكی ترە لەو پەتا پیسانە كە لە دوای جەنگی جیهانیی یەكەمەوە سەریهەڵدا و نزیكەی 500 ملیۆن كەس تووشی بوون، كە لە 50 تا 100 ملیۆن كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

كۆرۆنا چی دەگۆڕێت؟
كۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەی كە لە كۆتایی ساڵی 2019 لە چین سەری هەڵدا و تا ئێستا زیاتر لە 4 ملیۆن كەس تووشی بوون، زیاتر لە 300 هەزار كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، تاكو ئێستا هیچ ڤاكسینێك نەدۆزراوەتەوە بۆ چارەسەركردن و لەناوبردنی ڤایرۆسەكە، بۆیە پێدەچێت كاریگەریی زۆری هەبێت بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی، كە لەوەیە ئیتر بەریەككەوتنی مرۆڤەكان ببێتە شتە یاساغ و حەرامەكان، ئەی ئایندەی ریستۆرانت و كافێ و فڕۆكە و

گەشتەكان چۆن دەبن؟
كۆرۆنا فێری كردین لە دووری یەكترەوە كاربكەین، رۆڵی نیشتمانپارێزیی گۆڕی لە سەربازەوە بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و سیستمی تاك جەمسەری جیهانی گۆڕی بۆ فرەجەمسەر، شێوازی خواپەرستی و سروشە ئایینییەكانی گۆڕی، رۆڵی ئەنتەرنێت و فراوانبوونی بەكارهێنانی پێویستی بوونی، پێدانی چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستی لە دوورەوە بە نەخۆش بێئەوەی بچنە كلینیكە تەندروستییەكان، باوەڕی مرۆڤەكان زیاتر بووە بە زانست و زانیاری نوچداری، كزبوونی باوەڕ بە دابونەریتی كۆن و دواكەوتوو، زیاتر بڵاوبوونەوەی دەنگدانی ئەلیكترۆنی، با چاوەڕوانی شتی تریش بین.

print

 403 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*