سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » (ریتا) و (من) و هەواری خاڵیپەڕە 25

(ریتا) و (من) و هەواری خاڵی

ناوەڕاستی ساڵی 2014 خێزانێکی (قبطی) مصری، کە پێکهاتبوو لە دایک و باوک و کچۆڵەیەکی 9 ساڵی لە کامپێکەوە گوازرانەوە ئەو سنوورەی من سەرپەرشتیم ئەکرد.
ئەو ڕۆژە بە نیشتەجێکردن و موچە و ناونوسینیان لای پزیشک و ئنجا پارێزەر، نزیکەی 4 کاتژمێر لەگەڵیان مامەوە.

لەو چەند کاتژمێرە هۆگریەک لەنێوان من و ریتای خنجیلە دروست بوو.

ئەوان زۆر داخراو و دوورەپەرێزبوون و لەو ڕۆژەی هاتن ترسی ناردنەوەیان هەبوو، چونکە پێش ئەوان ماڵە پوورێکی ریتا نێررابوونەوە مصر، بەڵام ریتا زۆر ئارام و گفت شیرین و بە ئومێد بوو، منیش هەموو هەوڵێکم ئەوەبوو ورەیان بەرزبکەمەوە و باشترین پارێزەر و ڕێنمایی یاساییان بۆ دابین بکەم. ناونووسکردنی ریتا لە خوێندگا و سەنتەری یاری و کات بەسەربردن ئامانجی سەرەکی و یەکەم کارم بوو بۆ ریتا، بێگومان دایک و باوکیشی ئەوەیان ئەویست، هەستمکرد تا ڕاددەیەکی زۆر هەستیان بە جێگیریی دەروونیی کرد و دڵی ریتاشم ئاسوودەکرد.

ریتا هاوتەمەنی کچەکەم بوو، برادەرایەتیم لەنێوانیان دروستکرد، چونکە ریتا زۆر تەنیا و بێ خوشک و برا و برادەربوو، ویستم ئەو بۆشاییەشی بۆ پڕبکەمەوە.
زۆرجار ئیشیشم نەبوایە، هەر بۆ سەردانی ئەو ئەچووم، یاریم لەگەڵ ئەکرد و خۆم ئەهێنایه ریز و تەمەنی ئەو!
تەواو هۆگری یەکتری بووین، جارجارە تەلەفۆنی ئەکرد و داوای ئەکرد بچم بیبینم و منیش لەخوام ئەویست. کە ریتا ئەیزانی ئەچم؛ یا لەپەنجەرەی ژووری دانیشتنەوە یا لەبەردەرگا چاوەڕێی ئەکردم، هیچ هەیوانێکیشیان نەبوو لێی بوەستێ، زۆرجار لەبەر باران ئەوەستا، هەر کە سەیارەکەم ڕائەگرت، رایئەکردە باوەشم.
پێش سەری ساڵی 2015 چووم دیاری کریسمس و ساڵی نوێم بۆی برد و گوتم:
خواستت چیە بۆ ساڵی ئاییندە؟!
گوتی: خواستمە هەموومان بەخۆشی و خۆشەویستی بەیەکەوە بژین!
گوتم: ماچ و باوشم بدەیە، چونکە بۆ چەند ڕۆژێک دەوام نیە و ناتبینمەوە تا ساڵی نوێ، ماڵئاواییم لێکرد و دەرچووم!
دوای هەفتەیەک تەلەفۆنم بۆ دایکی و باوکی کرد، تەلەفۆنەکانیان داخرابوون، دڵم خورپەیکرد، یەکسەر بەرەو ماڵیان کەوتمەڕێ، بەڵام کە لەبەردەم ماڵیان سەیارەکەمم ڕاگرت، ماڵەکە زۆر ساردوسڕ دیاربوو، نە ریتا وەک جاران لەبەر دەرگا یا پەنجەرە چاوەڕێم بوو نە ڕوناکیە کزەکەی پەنا پەردەکانیش دیاربوو وەک هەمیشە.

دابەزیم و بەرەو لای دەرگاچووم، دوو پەیژە سەرکەوتم بۆ لەدەرگادان، بەڵام بینیم پارچە وەرەقەیەک لەسەر دەرگا درابوو، ئەویش بە باران تەڕبووبوو، بەحاڵ توانیم بخوێنمەوە، بە عەرەبی لەسەری نوسرابوو: (سڵاو و ئاشتی و خۆشەویستی بۆ هەرکەسێک لەو دەرگایە ئەدا و دوای ئێمە لەو ماڵە ئەژی. مەدام شیلان، ئەزانم دێی و دڵت تەنگ ئەبێ بۆ ئێمە، بەتایبەتی بۆ من.. ئێستا من بە گریانەوە وا خۆم ئامادە ئەکەم و ئەوەت بۆ ئەنووسم، پۆلیس لێرەیە و ئەمانباتە فڕۆکەخانە تا دیپۆرتمان بکەنەوە و لە تۆ و کچەکەت و برادەرەکانم دوورم بخەنەوە، بەڵام دایکم هەمووجار باسی دونیای ترم بۆ ئەکا، منیش بڕوام پێی هەیە، ئەزانی من لەوێ حەزئەکەم کچی تۆبم)؟!

ڕیتا دیپۆرت کرایەوە و منیش وەک (مام هێمن)ی مەزن چوومەوە سەر (هەواری خاڵی)، ئێستاش چاوم ناگرێ بچمەوە ئەو کۆڵانە و دڵم بۆ ریتای شیرین ئەسووتێ!
هیچ یەکسانیەک لە ژیاندا نیە، لەو وڵاتە ڕۆژئاواییانەش جێگا بۆ هەزاران تیرۆرستی بۆگەن و گەندەڵ و قۆڵبڕ و ساختەچی هەیە، بەڵام مناڵێکی بێتاوانی ئاشتیخوازی بێ کێشە دیپۆرت ئەکرێتەوە و دڵ و کەسایەتی بەیەکەوە ئەشکێنن، دەستەواژەی مافی مرۆڤیش لە کۆتاییدا وەک هەر دەستەواژە یا دروشمێکی تری بریقەدارە ڕووە ناشیرینەکانی پێ ئەشاردرێنەوە!

 304 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*