سەرەکی » وتار » رەهبەر سەید برایم » گوڵەگەشەكان و مانگی بن هەور

گوڵەگەشەكان و مانگی بن هەور

حەزینە خاتوون (1863-1918 كۆیە)

ئافرەت سەرچاوەی هەڵقوڵانی هەموو خۆشەویستیەكانی ژیانە، مەتەڵێكە بەپیاو هەڵنایە هێندە ئاڵۆز وگرانە، ژن لەپەراسووی چەپ دروستكراوە، هاوزەمان وهاوژیان وهاوشانی پیاوە، (ژن لە جەمالدا، پیاو لە كەمالدا)، ژن ڕەوشتی شیرین بێ، جوانە با ناشیرین بێ، ژن هەیە بیژمێری، ئازاترە لەشێری، ئەوەی شیری پاكە، لە شێر بێ باكە، لەكوردەواریدا باوە، بە پەندوبەند گوتراوە، (ژن بەچی دەناسی، بەداوێن وكراسی) ژن هەیە لەناو لاپەڕەی مێژووە، مێژوویان گەش وجوان كردووە!! هەڵكشان بەپەیژە پێچكە بەپێچكە، بەرەو سەركەوتن دەگاتە لوتكە!

شاری كۆیە، باخی گوڵ وچرۆیە، پڕ ئەستێرەیە ئاسمانەكەی، سەرقافڵەیە كاروانەكەی، هێلانە باز، بازی لێ نابڕێ، هەڵۆ لە لوتكە نەبێ نامرێ، شارەكەی كۆیە، لانەی بازو هەڵۆیە!
چنار بە باڵا، شۆڕەبی بە پەل، (یایان) هەڵكەوتوون لەناوجەرگەی گەل، نازدارحەیران وكیژن، تەواری پەنجە تیژن، وەك هەنگ بۆ گوڵی باخ وكۆساران:

بەشەوی تاریك نم نمەی باران
چرا دەگێڕم بەدوای نازداران

عاسمە كوردستانی وئایشێی خەمان وشافاتم وفاتمی بسك زێر ویاعیفەتی حاجیە گەورە وئایشێی وەستا عەبدوڵڵای كورتاندروو وهەمینەخان وئامینەخانی حەوێزی و ست خانەو فاتە قۆریتانی ومونیرەخانی جەلیزادە ونەزەندخانی غەفووری و ست لوتفیەی مەلاسدیقی نازەنینی و مامۆستا ئایشەخان و زبێدەی غەیری وفەقێ عەیشێی بن جووی وقانیعەی حاجی عەلی موختار و ست ناجیەی شەڕەف وست حەمدیەی خێزانی شەعب وپلكە سوراحی وپوزەكزە وپیرۆز ویایەی دایە وئۆیە، چەپكێ گوڵی گەش و ڕەنگاوڕەنگن لە وراتی كۆیە، گوڵی بێ دڕكی باخن، هەڵكەوتەی زەمانی خۆیی وقۆناغن، پۆلێ مەلی بەهەشتن، لوتكەی ڕێز وڕەوشتن، بەردی بناغە وقەڵان، كیژان دەچنە مێرگوڵان. لەزۆر بوار پێشەنگن، هەنگوین وكوورەی هەنگن! ژن هەیە مێژوو هەقی دەداتێ، (خەڵكی لادێ بوو دایكی من فاتێ)دایكی حەزرەتی حاجی، شازادە زێڕینە تاجی، خێزانی حەماغای كۆیە(یاعەیشان)لەیەك سەنگەر دژی عوسمانلی شەڕی كردووە لەگەڵ حەماغا هاوشان، ئاغا ژن، بەرامبەر دژمن، وەستاوە، لەو شەڕە حەماغای كۆیە گیراوە، 15 ساڵ حوكم دراوە، یەخسیركراوە بە برینداری، كەچی یا(عەیشان)قوتاربووە بەشاسواری، قارەمانیەتی عەیشان، شۆرەتی ناوونیشان، عەیشانی ئەبابەكری رەمك، بۆ ئازایەتی بۆتە هێماو چەمك!

زەینەب خان، (كچە كورد)، درەنگ دەنگی دایەوە، لەبن پەڕی هەور وساماڵان دۆزرایەوە، خوشكە فریشتە، مەلی بەهەشتە، كەسایەتی وكۆمەنیست، خوشی ژیانی خۆی نەویست! گوڵی گەش ئایشە گرووكە، هەنگی كەژ بەشەمە ترووكە!

لە نەورۆزی ساڵی 1948 خاتوو (لوتفیە عەبدولقادر)لە شاری كۆیە، لە ئۆپەرێتی گوڵی خوێناوی بوو بە ئاگر، یەكەم تروسكەیە لەناو كورد، تەختی شانۆی پیرۆزكرد. ست خێریەی نەوەی مەلای رەش، ساڵی 1957 وەك ئەستێرەیەكی گەش، لەسەر شانۆ دەركەوت عەبای فڕێدا، حەماسەتی خوڵقاند لە دەقی شانۆ لایدا، ساڵی 1960 (ماریا خەممۆ)نوری ڕوخساری بە دەرخست لەسەر شانۆ، ئەو هونەرمەندانە لە مەیدانی هونەرا شارەكەی كۆ، نۆنەخشەو شازادەن لەسەر تەخت وتاجی شانۆ، بەزیندوویی وشەیەكی ناسك وگوڵێكی سروشتی بن ڕەوەزێك، بكە دیاری نەك لەسەر گۆڕەكەی دروست بكەی گومبەزێك.

*خاتوو زەینەب شێخ عەبدولكەریم شێخ ئەحمەد بەرزنجی كۆیی (حەزینە)لەناو گوڵدەستەی شاعیرانی ژن یەكەمینە، یەكەم شاعیری ژنە نامەی شیعری نوسیوە، ئەحواڵی خوشك وبراو ودایكی پرسیوە، شاعیر بووە (ئۆباڵ بە مل وماڵم)

عەزیزم نووری چاوم نەونەهالم
لەدووریت هەروەكو بولبول دەناڵم
مەڵێ خوشكم لەبیری كردم ئاخر
بە وەڵڵا هەر لەكن تۆیە خەیاڵم
ببووسە دەستەكانی دا خەجیجم
سەرووڕووی خۆم بەخاكی پاكی دەماڵم
قسەم زۆرە بەرا وەعدی دەرەنگە
تەواو نابێ وەها زوو عەرزی حاڵم

حەزینە شعرەكانی پڕ سۆز وجوانییە، خوشكی گەورەی سەید ئەحمەدی حوسێنی ونیهانی یە، لەنامەیەكی شیعری شەكرقەند، بۆ سەید ئەحمەدی برای دەنوسێ بەچەند بەند:

ڕوحی رەوانم كاكە سەید ئەحمەد
یاخوا مەحفووزبی لەئەنفاسی بەد
حافزت حەق بێت ناسرت مەولا
پشتیوانت بێت هەم رەسولەڵڵا
بۆچی قەدجارێ لێمان ناپرسی
چما واچاكە لەكەس نەپرسی

حەزینە سووتاوە جەرگی، بە (بەدیعە)ی جوانەمەرگی، بەو دەردەوە دەبێ گرفتار، بیماری نابێ تیمار، لەتاو بەدیعەی كچی، هەناوی هەڵقرچاوە، ئاگری دەروونی دانەمركاوە، بەشیعر شیوەنی بۆ گێڕاوە، (هەرناخێكە، لەداخێكە!) سووتانی جەرگ گڕی هەیە، لەكوورەی دڵ ئاگرو پەنگری هەیە، شیعری شینامە داڕشتووە بە ئازار:

بریندارم بریندارم بریندار
بەفریادم بگەن ئەی قەومە هاوار
عیلاجێكم بكەن دەردم گرانە
بەلوقمان وحكیمان ناكرێ چار
گوڵێكم چوو لەنێو باغی گوڵانە
دەسا چ بكەم! (پەروەردگار)

حەزینە پێنجەمین خێزانی حاجی مەلا عەبدوڵڵا بووە (یەكەم شاعیری ژنە لە بابەتی شینا)، شاعیرێكی وا گەورە، گومناوە و مانگی بن هەورە، بە شیعر شینی گێڕاوە، بۆ كۆچی دوایی مێردەكەی شیعری داناوە، بە شیعرێكی ئاگرین ودڵ پڕ لە حەزین وبرین:

ئەی رەفیقانی گەریقەت بێن بكەین گریان وشین
حەیفە بۆ ئەو قوتبی كامیل كۆچی كرد بۆ ژێر زەمین
حەیفە بۆ ئەو كوهی عیرفان و دەلیلی ڕاهی حەق
پێشەوای ئەهلی موحببەت ئەو ڕەئیس ولعاشقین
ئەو چراغی خانەدانی عیلم وفانۆسی خودا
تالیبی ڕاهی خوداو ناصیبی ئەعلامی دین
وەك جەنابی حەق تەعالا مەرحەبای فەرموو لەوی
ڕووی لەوی كردو لەدونیای كرد ویداعی ئاخرین
ئیرجەعی عەبدی یئیلا فەرمووی موشتاقم بە تۆ
(هژه جنات عدن فادخلوها خالدین)
قابیزی ئەرواح لەسەردا هات بەڕیفق و ئیلتیفات
قەبزی كرد روحی شەریفی ئەو عەزیزی نازەنین
ئاخری داخی فیراقی نالەجەرگی عالەما
كوردو تورك وهەم عەرەب ئەهلی دین وغیرەدین
بەعزێ كەس شێت بوون لەتاوی هێندێ كەوتنە بەحری غەم
هێندكیش صەبرو پەباتیان گرت مەلول وماتەمین
ئەلغەرز گریەو فیفانو شیوەن وسۆزو صەدا
هێند بڵند بو گەییە گۆیی سوككانی چەرخی حەوتەمین
ساخودا بمرم لەپاش تۆ كاكە عەبدوڵڵای جەلی
ئەم ژیانەم بۆ چییە من پاشی تۆ بەدڵی غەمین
ئەی ڕەفیق دونیا وەهایە كەس دڵی پێ خۆش نەكا
نەبوە تاسەر قەت لەبۆ كەس تا (رسول المرسلین)
دایم و باقی خودایە ماسەوای وی فانییە
(كل نفس زائق الموت)بەوی ڕاجع ئەبین
ئەی (حەزینە) بەس بسوتێ سووتنت بێ فایدەیە
بگرە سەبرێ بڵكە مەئجووری لە جوملەی صابرین

*حەزینە(خاتوو زەینەب) شاگوڵی شیعر وئەدەب، حاجی مەلا عەبدوڵڵا گفتوگۆییان بووە لەگەڵ شێخ عەلی تاڵەبانی، كە دژی شێخە وكەچی كچی شێخە حەزینەی خێزانی، ئەو وەرامەی خستۆتە ناو دەست و پەلی:
(هی من عالمێكە وەكو جەلی، شێخێكە وەك شێخ عەلی)

شیعری زۆری فەوتاوە، بەس هەندێ شیعری ماوە، شاعیرێك بووە پڕ بەرهەم:

خوداوەندا بەحەقی ئیسمی ئەعزەم
بەنووری سیلەی ئەولادی ئادەم
بەسۆزی سینەی سدیقی ئەكبەر
بەسەلمان وبەقاسم وباری دیگەر
بەشاهی سەف دری كراری حەیدەر
كی از نیروز واشد یابی خەبەر
بەحرمت ان حبیبی حوچی كوپر
بەتوانا بووە شیعرەكانی پڕ مانایە:
شەفیعی ئولا رۆژی جەزایە
بكەی رەحمێ بە ئەحوالی حەزینە
فەقیرە دەر دەمەند بێ نەوایە

ناوی خۆی بە خۆیەوە حەزین ودڵ پڕ لە سۆز وبۆنكرووز، لە ساڵی (1918) لە 13ی تەمووز، بەحەسرەتەوە ماڵئاوایی كردووە، چەند شیعرێك نەبێ شیعرەكانیشی بۆ ژێر گڵ بردووە، پاش دەساڵ مەرگی حاجی مەلا عەبدوڵڵای مێردی، گەردەلوولی مەرگ ڕایماڵی وبردی، 55 ساڵ ژیاوە، مۆمی تەمەنی كوژاوە! خاتوو (زەینەب حەزینە) شیعرەكانی مێژووینە، لە شینامە وشیعرنامەی، تیژبووە نووكی خامەی! (یەكەم شاعیری ژنە، لە شیعرنامە وشینا)! گوڵێكی شاراوەی گەشە لەناو گوڵانا. لەگەڵ باوجوودی مەرتەبەی پێغەمبەری دەست لەملانە!!.

ڕوونكردنەوە:
هەر ئافرەتێ ناوی هاتووە شاكارێكی هەیە لە خەبات و خوێندن وقارەمانیەتی.
_زبێدەی رەشیدی حاجی عەوڵای غەیری، دز چۆتە سەریان دەستی لە كونی دەرگاوە هێناوەتە ژوور بەقیمەكێش دەستی دزەكەی پەڕاندووە، بردویەتی بۆ سەرا.

_ فەقێ عەیشێ سوحتەفانەی گەورەی هەبووە دەرسی گوتوتەوە بە مامۆستا زەكی هەناری وخوێندەواری بڵاوكردۆتەوە.

_ست حەمدیەی حەمەدامین كەبابچی (گۆجە)لە شۆڕشی ئەیلوول و لەژیانی پارتایەتی زیللەیەكی لە ئەفسەرێك داوە ناوی (عەدنان)بووە، ست حەمدیە خێزانی عیسامەدین شەعب بووە.

_ئۆیە: حەلیمەخانی كچی حاجی یاسین دایكی ئەمین غای یئەختەر وخێزانی حاجی بەكراغا وكچی خاڵی بووە، لە دیوەخان دادەنیشێت كەوایەكی لەبەربووە سێ باغەڵی هەبوو بۆ پارە و هاوكاری كردن! قەتارەی زێڕو سەروبەندۆكەو كرمۆكەی لەسەر كڵاوی بوو، پارەی لێ دادەناو بۆ یئەوەی زووتر دەستی بگاتێ، كارەكەرو پیاوی هەبووە، قەنەی كێشاوە، لەدوای كۆچی ئەمیناغا لە دیوەخان دانیشتووە گەورە پیاوانی كۆیە دەچوونە دیوەخانی.

_ پلكە سوراحی: دایكی باوكی ناوداران (ئەحمەد دڵزار وكەریم شارەزا وخوشكە فریشتە) بوو، قسەی شیعر بوو خوشكی هەقی ئەمیناغای ئەختەر بوو، حەكیم و شاعیر بوو.

_ پیرۆز: دایكی جەمیل سدقی زەهاوی بووە، خەڵكی كۆیە بووە.

_ئامینەخانی حەوێزی، خێزانی رەئیس بەكراغای حەوێزی بووە، خانەدان وكاروباری دیوەخان وجوتیارەكانی شیوەشانی بەڕێوەبردووە، دایكی (یئەردەڵان ویئەلوەند ودڵزار وهێرش)دەكات.

_قانیعەی حاجی عەلی موختار خێزانی شەهیدی سەركردە مامۆستا جەعفەر عەبدول واحید بوو، دایكی ڕێباز و ڕەوا، توركمان بوو بەڵام لەپێناو مێردەكەی خەباتو كوردایەتی كرد وشووی نەكردەوە گووتبووی پیاو نییە بگاتە یئاستی مێردەكەم لەدوای ئەو كەس نییە شووی پێ بكەم، شوی نەكر تا كۆچی دوایی كرد.

_ئایشێ ی خەمان دایكی مامۆستا عەلی حەوێز ومەغدید بەلۆعە بوو ژنێكی بەخەم وخانەدان عیزەتی نەفسی گەورە بووە.

_ست لوتفیە شەرەف لەگەڵ نەجیبەخانی جەلیزادە لەگەڵ كوڕان خوێندوویانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی نەبووە.

_هەمینەخان (شەهید كرا)دایكی (د.ساڵح وسەلاح وسەباح ود.سەبریە ود.عەتیە ویئازاد وسەیفەدین وسەرباع وسلێمان)پووری شەهیدی سەركردە د.خالید بووە، ئەویش پەروەردەی كردووە. خەسووی (د.بەرهەم و د.نوری تاڵەبانی و وشیار كاكەزیاد)

_فاتمە بسك زێر كچەزای شێخ محەمەدی بریندار ودایكی سەید برایم ود.سەید ئەحمەد بەرزنجی.

_یاعیفەتی حاجیە گەورە ژنێكی شوعی وئازا وشاعیر بوو.

_نەزەندخانی غەفووری: ساڵی 1963 لەگەڵ فەیزوڵڵاغای یارەمیش بەرگریان كردووە وشەڕیان كردووە لەگەڵ حەرەس قەومی شكاندوویانن!.

_مونیرەخانی جەلیزادە یەكەم ژنی شەهیدە خۆیی ومنداڵەكەی باوەش وكۆرپەی ناوسكی شەهیدكراون لە ساڵی 1963.

_عاسمە كوردستانی: تێكۆشەرێكی پارتی وئاوارە وبەبیرو باوەڕ تا مرد كوردایەتی كرد.

_ باوجودی مەرتەبەی پێغەمبەری ئاماژەیە بۆ شیعرێكی شێخ رەزای تاڵەبانی. مەبەست حاجی مەلا عەبدوڵڵای مێردیەتی.

سەرچاوەكان:

*سەرجەم بەرهەمەكانی حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە-د.كەمال.

*مێژووی جەلیزادە-نوسینی نەجیبەخانی جەلیزادە.

*وتەو پەندو قسەی نەستەق.

*كۆیە وشاعیرانی-كەریم شارەزا.

*ناودارانی كۆیە-عەبدول خالق عەلایئەدین.

*مفتی زەهاوی-شێخ محمەدی خاڵ.

*گۆرانیەكی هونەرمەند (عەدنان كەریم)ە.

 313 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*