سەرەکی » دۆسێ » راوێژكارێكی كازمی:هەڵبژاردنی داهاتوو نموونەیی نابێت

پێشبینی دەكرێت لە وادەی خۆیدا نەکرێت

راوێژكارێكی كازمی:هەڵبژاردنی داهاتوو نموونەیی نابێت

راوێژكارێكی سەرۆك مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیوایە هەڵبژاردنی داهاتوو نمونەیی نابێت، وێڕای ئەو هەوڵانەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە خراونەتەگەڕ، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتحیش دەڵێت، دوو هۆكاریی گرنگ رێگردەبن لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەكە لە وادەی دیاریی كراوی خۆی.

عەبدولحسێن هنداوی راوێژكاریی هەڵبژاردن لە سەرۆكایەتی وەزیران، و سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتوو نمونەیی نابێت، وێڕای ئەو هەوڵانەی لەو پێناوەدا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكەوە خراونەتەگەڕ.

هنداوی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی رایگەیاند»كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ئەزمونێكی دوورودرێژی هەیە لە بواری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، لەئێستاشدا هەوڵێكی گەورەی خستۆتەگەڕ لەپێناو هێنانەدی ئەنجامێكی باش لە هەڵبژاردنی پێشوەختە».

بە وتەی هنداوی»حكومەت هەموو هاوكارییەك پێشكەش بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەپێناو گەیشتن بە وادەی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی شیاو».

راوێژكارەكەی كازمی پێیوایە»هەڵبژاردنی پێشوەختە نمونەیی نابێت، لە سایەی ئەم رەوشەی لەئێستادا عیراقی پێدا تێدەپەڕێت لەسەر هەموو ئاستەكان، بەڵام حكومەت كاردەكات بۆ فەراهەمكردنی هەموو ئەو لایەنانەی دەبنە مایەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و هێنانەدی هەموو پێداویستییەكان بۆ ئەنجامدانی».

هەر لەوو چوارچێوەیەدا، حەنین قەدۆ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە 30 تشرینی یەكەمی رابردوودا رایگەیاندبوو، دوو هۆكار هەن دەبنە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی دیاریی كراوی خۆی كە حوزەیرانی ساڵی داهاتووە.

قەدۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»كۆمەڵێك رێگر هەن كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەخت دوادەخەن، لەوانەش قەیرانە داراییە مەترسیدارەكە كە عیراقی پێدا تێدەپەڕێت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان، و پەتای كۆرۆنا كە گورزێكی بەهێزی لە ئابوری جیهانی وەشاندووە».

بە وتەی قەدۆ»نەبوونی تەوافوقیی سیاسی لەبارەی هەمواركردنی یاسای دادگای فیدراڵی، رەنگە ئاستەنگی بنەڕەتی بێت بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكان بۆ دوای وادەی ئەنجامدانی پرۆسەكە كە لەیەن حكومەتەوە بڕیاری لەسەردراوە».

پێشتر ئاراس حەبیب كەریم ئەمینداری كۆنگرەی نیشتمانی عیراقی رایگەیاندبوو»ئەنجومەنی نوێنەران لەئێستادا كەوتۆتە بەردەم دوو رووبەڕووبوونەوەی تر، لە پاش تەواوبوونی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان كە لەسەرلەبەیانی 30ی تشرینی یەكەمدا ئەنجامدرا».

ئاراس حەبیب كەریم پێیوایە»بە تەواوكردنی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان، لەئێستادا لەبەردەم دوو رووبەڕووبوونەوەی نوێداین كە دادگای فیدراڵی و رێوشوێنە پراكتیكییەكانی تایبەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەیە لە وادەی دیاریی كراوی خۆی».

بە وتەی ئەمینداری گشتی كۆنگرەی نیشتمانی»شەڕی دادگای فیدراڵی مەترسی هەیە، گەر بەسەر خودی یاسای هەڵبژاردەكاندا زاڵ نەبین، چونكە گەر یاساكە یان رێژەی یاسایی ئامادەبوان یەكلانەكرێنەوە، ئەوا لەڕووی پراكتیكییەوە هەڵبژاردنەكان بێ‌ بەها دەبن، چونكە بەپێی دەستور شەرعی نابن».

بە بۆچوونی ئاراس كەریم»هەوڵەكان لە قۆناغی داهاتوودا پێویستە لەبواری تەواوكردنی ئەو كاروبارانەدا بخرێنەگەڕ، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە لەڕێی كارتی بایۆمتری كە زامنەكەری بێخەوشییە و رێگە لە ساختەكاریی دەگرێت».

بەهۆی كەڵەكەبوونی هەڵەكانی حزبە فەرمانڕەواكان لە عیراق و خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی بەربڵاو لە دەزگا جیاجیاكانی دەوڵەت و لاوازیی و بگرە نەبوونی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان، گەلی عیراق لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2019 راپەڕی و داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشەوەختی كرد لەپێناو قوتاربوون لە گەندەڵكارە دەستڕۆیشتووەكان.

ئەو رایەڕینە بووە مایەی روخانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و راسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ كە لە پاش ژانێكی زۆر و ناكۆكییەكی توند لەنێوان لایەنەكانی پرۆسەی سیاسییەوە، لەدایكبوو.

كازمی وەك لە كارنامە حكومییەكەیدا هاتووە، لە وتارێكیدا كە لەڕێی تەلەفیزیرنەوە پەخشكرا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی راگەیاند و مانگی حوزەیرانی 2021ی وەك وادەیەك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە دیاریی كرد.

وێڕی گەشبینییەكان و هیواكان بۆ باشبوونی رەوشی وڵات، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژتردنێكی ئازاد و پێخەوش پێدەچێت زیاتر لە خەیاڵەوە نزیك بێت، بەو پێیەی زۆرێك رووبەڕووبوونەوە و ئاستەنگ هەن كە رێگرن لەبەردەم هێنانەدی ئەو بڕیار و بەڵێنانە.

 52 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*