سەرەکی » راپۆرت » مارین لۆپێن یان پۆپۆلیزم لە فەرەنسا

پڕۆفایل

مارین لۆپێن یان پۆپۆلیزم لە فەرەنسا

ئامادەکردنی: ئاڤان جەلال

مارین لۆپێن(marine le pen) لەدایك بووی ساڵی 1968 كچی سیاسەتمەداری بەناوبانگی فەرەنسا (ژان-ماری لۆپێن) سەرۆكی پێشوی حزبی بەرەی نیشتمانی فەرەنسایە و دەوترێت لە بنەماڵەی لۆپێندا سیاسەت لە خوێن بەهێزترە.

لۆپێن دەرچووی بەشی یاسایە و ئێستا لە شوێنی باوكیدا سەرۆكی حزبی بەرەی نیشتمانییە و بەهۆی لێدوانە توندەكانییەوە لەبارەی سیاسەتی ئێستای كۆشكی ئیلیزێ و رەخنەكانی لە یەكێتی ئەوروپا و دژایەتییە سەرسەختەكانی بەرامبەر بە ئیسلامییەكانی وڵاتەكەی و پەنابەران بە یەكێك لە ژنە سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستەكان هەژمار دەكرێت.

مارین لۆپێن، لە ساڵی 1986 و لەتەمەنی 18 ساڵیدا چووە ناو حزبی بەرەی نیشتیمانیی و لە ساڵی 2011دا، بوو بە سەرۆكی حزبەكە و بەم شێوەیەش بووە جێگرەوەی باوكی كە یەكێك بوو لە دەستەی دامەزرێنەرانی حزبەكە.

مارین لەساڵی 1998 دا بە هەڵبژاردنی لە ئەنجومەنی (نور-پا دو-كالە) ئەسپی خۆی لە بواری سیاسەتدا تاودا، ئەوە بووە هەنگاوێك بۆ چوونە ناو پەرلەمانی وڵاتەكەی و لەهەمان ساڵیشدا بووە بەرپرسی لقی دادوەری بەرەی نیشتمانی تا ساڵی 2003. لە ساڵی 2000 پەیوەندی كردووە بە كۆمیتەی جێبەجێكاری بەرەی نیشتیمانی فەرەنسا.

ژان-ماری-لۆپێنی باوكی لە ساڵی 1974 تا ساڵی 2007 پێنج جار خۆی بۆ سەرۆكایەتی فەرەنسا كاندید كردووە، و كۆتاجاریش ئەركی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2007 دا بە مارین لۆپێن سپاردبوو، بەڵام لە هەموویاندا شكستی خوارد و نەگەیشتە ئامانجەكەی بۆ دانیشتن لە كۆشكی ئێلیزێ.

یەك ساڵ دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حزبی بەرەی نیشتمانی، لۆپێن بەهەمانشێوەی باوكی چووە ناو ململانێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵات، بەڵام تەنیا لە %17ی دەنگەكانی بەدەستهێناو لە پلەی سێیەمی ململانێكەدا مایەوە. وەك بڵێی بنەماڵەی لۆپێن گرەویان لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی فەرەنسا كردبێت، لۆپێن لە ساڵی 2017دا، وەك یەكەمین كاندیدی سەرۆكایەتی ناوی خۆی تۆمار كرد، بەڵام ئەمجارە مارین ئومێدەوارتر بوو، هەروەك هەموو پێشبینییەكانیش بەو ئاقارەدابوون كە ئەو دەتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت و خەونی بنەماڵە و حزبەكەی بەدەست بهێنێت, لۆپێن چووە ناو ململانێیەكی دەستەویەخەوە، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا نەیهێشت ئیمانوێل ماكرۆن بە ئاسانی لە ململانێكەدا سەربكەوێت، بەڵام لە خولی دووەمدا ململانێیەكە لە بەرژەوەندی ماكرۆن شكایەوە و بووە سەرۆكی وڵات. ئێستا دووبارە قسە لەبارەی چانسی لۆپێن لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكرێت، بەهۆی رەخنە توند جدییەكانییەوە لە كاركردی حكومەتەكەی ماكرۆن.

مارین، ئێستا سەرۆكی حزبی راستی توندڕەوی كۆمەڵایەتی فەرەنسایە، ئەو بە رەخنەكانی لە كاركردی حكومەت لە پرسی پەنابەران و ئیسلامییەكان یەكێكە لە كارەكتەرە دیارەكان. لە چەند مانگی رابردوودا داوای كرد پێویستە لەچكردن لە تەواوی شوێنە گشتیەكان قەدەغە بكرێت، بە باوەڕی ئەو ئەم جۆرە پۆشاك و جلوبەرگانە هی ئیسلامییەكانە و بیروبۆچوونی ئیسلامییەكان بە كوشندە ناودەبات.

لەبارەی پرسی پەنابەرانیشەوە، لۆپێن بەو پێیەی لەسەرەتادا كاری پارێزەری دەكرد، لە دادگاكانی پاریس بەرگری لە مافەكانی پەنابەران دەكرد و یەكێك بوو لە پشتیوانە سەرسەختەكانیان، بەڵام ئێستا بەهۆی پرسی ئیسلامی توندڕەو و هاوكات دۆخی ئابوری فەرەنسا داوا دەكات پەنابەرە نایاساییەكان لە وڵات دەربكرێن و پەنابەری یاساییش ساڵانە بۆ دە هەزار كەس كەم بكرێتەوە.

مارین هاوكات، یەكێكە لەو كەسایەتیانەی رەخنەیەكی توند لە یەكێتی ئەوروپا دەگرێت، ئەو دەڵێت: یەكێتی ئەوروپا كۆنتڕۆڵی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە بەرژەوەندی ئەمریكا لە دەستداوە و بەردەوام تووشی هەڵە دەبێت.

شت لە بارەی مارین لۆپێنەوە زۆرە، بەڵام گرنگە ئەوە بڵێن كە گۆڤاری تایم لە ساڵی 2011 و 2015دا، بە یەكێك لە 100 كەسایەتیە كاریگەرەكانی جیهانی داناوە.

 748 جار بینراوە