سەرەکی » کەلتوور » قەڵەمێکی خەمخۆری توێژینەوە

عەبدوڵڵا زەنگەنە

قەڵەمێکی خەمخۆری توێژینەوە

ئەحمەد حسێن

لە چاو خشاندن بە لاپەڕە کۆن و زەرد هەڵگەڕاوەکانی رۆژنامەوانیی بێنازی کوردیدا، یان بە هەندێ بەرهەمی ناوازەی درەوشاوەدا ، یەکێک لەو سەربازە گومناوو نووسەرە بەسەلیقانەت دەکەوێتە یاد و بەرچاو، کەناوی عەبدوڵڵا زەنگەنەی ئەندازیار و هەرە دەربەستی وشەی رەسەن و پیرۆزی کوردییە . ئەم مرۆ جوامێر و کارا و بە پەرۆش و بەهەڵوێست و ماندوونەناسە پتر لە سەدا حەفتای کاتەکانی خۆی تەرخانکردووە بۆ گەڕان بەدوای رۆژنامە و بڵاوکراوە و گۆڤاری دانسقە و دەستنووس، لەدیوان و لە نووسینی دی، لە دیکۆمێنت وێنەی دێرین و بەڵگەی تۆز لێ نیشتو، بە تایبەتی ئەوانەی بە دەگمەن ئەگەر بکەونە بەر چاو یاخود نووسخەیان زۆر کەمە و لە قوڕگی شێردان. هیمەتکردن لەم بوارە گرنگ و ئەستەمانەدا، ئەوپەڕی سەروەری و شانازییە بۆ قەڵەمێکی ئاوا دەربەست.

م. عەبدوڵڵا زەنگەنە بەشێنەیی برەو بە پڕۆژە و لێکۆڵینەوەکان دەدات. وەستایانە شەن و کەویان دەکات. جگە لەوەش هەر لەو پێناوانەدا دەکەوێتە پشکنین و پرسیارکردن بۆ زانیاری دەسکەوتن دەربارەی نووسەر و مێژوو و ئەو لاپەڕانەی بەدوایدا وێڵە. لەم روانەوە ئەمەکدارانە پەرە بە نووسینەکانی دەدات.

ئەڵبەتە چەندە ماندوو بێت بەخەیاڵیدا نایەت .بگرە ئەو دەمە شادمان و ئاسودەیە کە لە رێگەی دۆزینەوەی ژیاننامەی کەسانی لەسەر نەنووسراو و نامە و پێناسیان گەیشتبێتە ئەنجام. هۆگری بەدواداچونە. چی ماندوێتی و چەند مەسرەف بکا بەلایەوە ئاساییە. چونکە ناخی ئەو پەندە پێشینانە پەیڕەو و جێبەجێدەکات کە دەڵێت: (دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە). لەو کەسانە نییە بابەتێ یان کتێبێ لە پێناوی مادە و ناوبانگ دا بێ گوێدانە ئایندە بەپەلە هەڵ کوڕوزێنێ پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی بکات، بۆیە پشوو درێژی بۆی بۆتە وانەیەکی هەمیشەیی. هەر ئەو بیرکردنەوە چەسپاوەیەتی گرەوی سەرکەوتنی بۆ واژۆ و پەسەند کردوە.

ئەو بەرهەمانەی بە چاپی گەیاندون بە تەمەنی درێژەوە دەمێننەوە و بۆ سەرچاوەی ورد و باوەڕ پێکراو کاریان لەسەر دەکرێت. لە هەمان کاتدا ئەو خەرمانە بەرهەمانەی کە پێیانەوە خەریکە و ئامادەیان دەکات گەلێ گەلێ دڵخۆشکەرن. بەهیواین بەم زوانە بازاڕی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند تر و ئاوەدان تر بکەنەوە.

 129 جار بینراوە