سەرەکی » وتار » لە یادی شەهیدان كاردۆ گەڵاڵی و عەلی هەژاردا

لە یادی شەهیدان كاردۆ گەڵاڵی و عەلی هەژاردا

بەهرۆز گەڵاڵی

 

دوای كارەساتی ناخۆشی تێكچوونی شۆڕشی ئەیلول و گەڕانەوەمان بۆ شارەكانی كوردستان، دوای ساڵی 1975 شەهید كاردۆ یەكێك بوو لەو سەركردە ئازاو چاونەترس و جەربەزانەی كە بڕوای تەواوی بە هەڵسانەوە و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی كوردستان و سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە بوو، هەرزوو لەگەڵ هەڤاڵەكانی لە هاوینی 1976 بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانیان دامەزراند و لەگەڵ شەهیدان سەیدا ساڵح یوسفی و عەلی هەژار و دكتۆر خالید و عەلی عەسكەری و شەهید سەعدی و ژمارەیەكی زۆر كادری بەتوانای شۆڕش، پێكەوە قۆڵیان لێهەڵماڵی و دەستیانكرد بە بڵاوكردنەوەی بیری كوردایەتی و بیروباوەڕی سۆسیالیزمی زانستی و بڕوایان وابوو كە شۆڕش دەبێ هەم خەباتی نەتەوایەتی بكات و هەمیش خەباتی چینایەتی فەرامۆش نەكات.

شەهید كاردۆ و شەهید عەلی هەژار، هەردووكیان دوو پارێزەر و نووسەر و دوو سەركردەی ئەساسیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان بوون، لەناو شارەكانی كوردستان تا رۆژی دەستگیركردنیان رۆڵی گرنگیان بینی لە بەهێزكردن و پتەوكردنی رێكخستنەكانی ناوەوەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و جۆش و خرۆشدانەوەی خەڵك و بەرزكردنەوەی ورەی جەماوەر لە شارەكانی بەغدا و هەولێر و سلێمانی و كەركوك و گەرمیان و دهۆك و ناوچەكانی رواندز و رانیە و پشدەر.

بزووتنەوە بە بیروباوەڕێكی پۆڵاینەوە دەستی بەكارەكانی خۆی كرد و ئەوانەی لە رێكخستنەكانی بزووتنەوەش بەشێوەی نهێنی كار و خەباتمان دەكرد، ژمارەیەكی دیاریكراو بووین، بەڵام بەهێز و پتەوبووین و لە دواییدا رۆژ بە رۆژ ئەو رێكخستنە زیاتر بۆ پێشەوە گەشەی دەكرد و زۆر بەهێز بوو، بەشێوەیەك توانی هەرزوو ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە و پێشمەرگە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و بیاننێرێتە شاخ و خەباتی چەكدارییان دەستپێكردەوە، بەڵام بەداخەوە، لە 9/4/1979 هەردوو سەركردە عەلی هەژارو كاردۆ گەڵاڵی هەردووكیان لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس- ئەمنی هەولێرەوە دەستگیركران و لە دوای ئەشكەنجەیەكی زۆر شەهیدیان كردن و تەنانەت تەرمەكانیشیان نەداینەوە.

ئەو دوو سەركردە ئازا و بەتوانایە ئەوەندە بەتوانا و لێهاتوو و خۆڕاگربوون، تەنانەت هیچ نهێنییەكی رێكخستنەكانیان نەدركاند و ئیعترافیان نەكرد و یەك هەڤاڵیشیان تووشی كێشە نەكرد و خۆڕاگر مانەوە، لە بەرامبەر جەلادەكانی بەغدا وەك شێر وەستانەوە و خۆیان راگرت و بەرگرییان لە خۆیان كرد، تا لە ساڵانی هەشتاكان پاش ئەشكەنجەیەكی زۆر، گیانیان سپارد و بوونە فیدای خاكی كوردستان.

بەداخەوە، رۆژی 9/4/2021 چەندین ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شەهیدكردنیان، كە لە 9/4/1979 بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە رفێنران و دواتر لە دوای چەندین ساڵ مانەوە لەژێر ئەشكەنجەدا، شەهیدكران.

لەو رۆژەدا سەری رێز و نەوازش لە ئاستیاندا دادەنەوێنین و هەمیشە لە بیرەوەریماندا دەدرەوشێنەوە. بە خوێنی ئەوان و شەهیدانی تر ئەمڕۆ كوردستان ئازادە، یادیان بەخێر و رۆحیان هەر شادبێت.

 226 جار بینراوە