سەرەکی » هەواڵ » پەیامی مەکتەبی رێکخستنی ی.ن.ک لە ساڵیادی ماڵئاوایی ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە مێژووی خەباتی گەلەکەمان

پەیامی مەکتەبی رێکخستنی ی.ن.ک لە ساڵیادی ماڵئاوایی ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە مێژووی خەباتی گەلەکەمان

ئەمڕۆ 21 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی گەورە سیاسەتمەدار و نیشتمان پەروەر و خەباتگێڕ و رووناکبیر و نووسەری گەورە و رۆژنامەنووسی لێهاتوو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد.

لە رۆژی 8/4/2000 دا و لەتەمەنی 86 ساڵێدا مامۆستای گەورەی کوردایەتی و خەباتگێڕ و خاوەن قەڵەمێکی سەنگین و ژیر و نووسەری گەورەی گەلەکەمان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کۆچی دوایی کرد، دوای خەباتێکی بەهەستی نەتەوایەتی و وەک رەمزێکی گەورەی سەدەی رابردوو لەبزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلەکەمان و رووناکبیرێکی بەئەزموون و نووسەرێکی گەورە و رۆژنامەنووسێکی لێهاتوو ماڵئاوایی یەکجارەکی لێکردین و گەیشتە دوا مەنزڵی پیرۆزی خۆی بەڵام ئەم سیاسەتمەداری گەورە و مەزن ئەم رووناکبیرە لێهاتووە و ئەم نووسەرە قەڵەم بڕشتە بۆچوون و ئایدیاکانی نووسینەوە و شیعرەکانی بۆنەتە وانەیەک بۆ خەباتی سیاسی ئەو کات و ئێستا و داهاتووش بۆ گەلەکەمان و نووسین و شیعرەکانیشی هەوێنن بۆ هێنانەدی بیری نوێ.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەرووی سیاسییەوە بەیەکێک لەهەرە رەمزە گەورەکانی سیاسەت دادەنرێت لەسەدەی رابردوودا بەبیرە نوێ خوازەکانی لەناوی خەباتی سیاسیدا، دوای ئەوەی بەسکرتێری پارتی هەڵبژێردرا توانی وەچەرخانێکی گەورە بکات لەخەباتی سیاسی کوردایەتیدا توانی بەشێوازێکی نوێگەری و بەبیرێکی تەواو کوردانە و حزبایەتی، لەناوپارتیدا پەرەپێدات، کە بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ئایدیای پارتی کۆبکاتەوە .

مامۆستا بووە خوێندنگەیەکی نوێی سیاسەت بۆ تێکۆشەران و شۆڕشگێڕانی ئەو قۆناغەی خەبات.

مامۆستا خەباتی سیاسی بۆ بەرگریکردن بوو لەپێناو مافی رەوای گەلەکەمان دژی هەموو زوڵم و چەوساندنەوەیەک و رۆژ بەرۆژ ئاسۆی بیری هەڵدەکشا بۆ گەیشتن بەدوا مافی رەوای گەلەکەمان بۆیە ئەتوانین بڵێین یەکەمین سیاسەتمەداری گەورەی کوردە لە خەباتی سیاسیدا.

ئەو لەگەڵ خەباتی سیاسی و تێکۆشانی هاوکات یەکێک بووە لە هەرە قەڵەم بەدەستە بەتوانا و بوێر و رووناکبیرەکانی گەلەکەمان کە توانیویەتی لەپاڵ خەباتی سیاسی و کوردایەتیدا برەو بە نوسین بدات و خوێندنگەیەکیش بووە لە بواری رۆژنامەگەری و بۆتە هەوێنی کاری رۆژنامەگەری کوردی.

هەر بۆیە ئێمە وەک مەکتەبی رێکخستنی ی.ن.ک لەم یادەدا، گەورەیی مامۆستای کوردایەتی و گەورە رووناکبیر و نووسەر مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەرز دەنرخێنین و رێز لەخەبات و تێکۆشان و نووسین و ئایدییەکانی دەنێین بەڵێنی وەفا دووپاتدەکەینەوە کە درێژە پێدەری رێیازە کوردایەتییەکەی بین تا دوائامانجی گەلەکەمان هەمیشە سوود لە ئەزموونە بەنرخەکان دەبینین، هەر لێرەوە داوا لەتەواوی لایەنەکان دەکەین کە لەپێناو باشترین خزمەتکردن بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەلەکەمان بکەین تا بتوانن سوود لەئەزموونی سیاسەتی دەیان ساڵەی مامۆستا وەربگرن و دەست بخەنە ناو دەست و لەپێناو خەباتی رەوای کوردایەتیدا خەبات بکەن، بیری تەسکی حزبی وەلا بنێن، با چیتر گەلەکەمان لەدۆخێکی سەختێکی ژیان بێتەدەر.
با ئەو مێژووە جوان و پڕ سەروەرییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و تەواوی سەرکردە گەورە و تێکۆشەرەکان و شەهیدەکان بەجوانی و پڕ سەروەریی بمێنێتەوە.

دروود بۆ رۆحی پاکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد

مەکتەبی رێکخستنی ی.ن.ک
8/4/2021

 98 جار بینراوە