سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » یاداشتنامەیەكی ئەفریقا: دووەم پڕۆسەی پڕكردنی بەنداوی نەهزە دوابخرێت

یاداشتنامەیەكی ئەفریقا: دووەم پڕۆسەی پڕكردنی بەنداوی نەهزە دوابخرێت

دوای رێكنەكەوتنی میسر ‌و سودان لەگەڵ ئەسیوپیا سەبارەت بە پڕۆسەی دووەمی پڕكردنی بەنداوی نەهزە لەلایەن حكومەتی ئەدیسابابا-ەوە، كە هەفتەی رابردوو بۆ ئەو مەبەستە لە شاری كینشاسای پایتەختی كۆنگۆی دیموكراتی كۆبوونەوە و دیالۆگی هەر سێ وڵاتەكە بێ ئەنجام بوو، ئەوەش مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی لە ناوچەكە زیاتر كرد.

گەلانی ئەو سێ وڵاتە زیانیان پێ نەگات
بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژییەكی سەربازی ‌و لە پێشهاتێكی نوێدا، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە نۆ وڵاتی ئەفریقا، لە یاداشتنامەیەكدا داوای دواخستنی پڕۆسەی دووەمی پڕكردنی بەنداوی نەهزەیان كرد لەلایەن ئەدیسابا-وە ‌و یاداشتنامەكەیان ئاراستەی سێ لایەنی تەنگژەكە (میسر ‌و سودان ‌و ئەسیوپیا) ‌و وڵاتانی حەوزی نیل ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد.

لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا، یاداشتنامەكە بە یەكەم داواكاری لەوجۆرە دادەنرێت لەلایەن رێكخراوە مەدەنییەكانی ئەفریقاوە ‌و داوایان لە حكومەتی قاهیرە كردووە، كە پێویستە لە كارەكانی گەشەپێدان لە ئەسیوپیا بەردەوام بێت ‌و هەروەك بەرپرسیارێتیی خستۆتە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەشداریكردن لە قەرەبووكردنەوەی ئەسیوپیا لە هەر زیانێك كە بەهۆی دواخستنی پڕكردنی بەنداوەكەوە لێی دەكەوێت، هەروەها داوایان لە هەر سێ وڵاتی پەیوەندیدار بە كێشەكەوە كردووە، تاكو رێكەوتنێكی یاسایی ئەوتۆ ئیمزا بكەن، كە گەلانی ئەو سێ وڵاتە زیانیان پێ نەگات.

نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەفریقا
دەزگای (ماعت)ی میسری بۆ ئاشتی ‌و گەشەپێدان ‌و مافی مرۆڤ، رایگەیاند: لەسەر داخوازیی رێكخراوی (مینبەری ئەفریقا)ی كینی ‌و لە كۆتایی كۆنگرەی (نیل لەپێناوی ئاشتی) كە رۆژانی 5 تا11ی ئەم مانگە لە كیمپالا-ی پایتەختی ئۆگەندا بەسترا، یاداشتەكە دەركرا ‌و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە نۆ وڵاتی ئەفریقا تیایدا بەشداربوون، ئەوانیش ئەسیپویا، میسر، سودان، ئۆگەندا، كینیا، تەنزانیا، كۆنگۆی دیموكراتی، بۆرۆندی ‌و مەغریب.

لەو كۆنگرەیەدا، پسپۆڕانی ئاو و مافی مرۆڤ ‌و گەشەپێدان لەبارەی گرنگیی رووباری نیل ‌و رێكەوتنەكانی رێكخراوەكە بۆ ئیدارەدان ‌و دابەشكردنی ئاو گفتوگۆیان كرد ‌و تەنگژەی بەنداوی نەهزە-شیان تاوتوێكرد، لەپێناوی دۆزینەوەی دەرچەیەكی بەدیل كە دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی ئاوی رووباری نیل مسۆگەر بكات ‌و زیان بە گەلانی وڵاتانی حەوزی نیل نەگات.

بەرگرتن لە ئەگەری هەر پێكدادانێكی سەربازی
بەشداربووانی كۆنگرەكە، چەند پێشنیازێكیان تاوتوێكردووە، بۆ دانانی ستراتیژی كاری خێرا ‌و كورت مەودا بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ میسر ‌و سودان ‌و ئەسیوپیا ‌و وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی، لەگەڵ میكانیزمی ئەفریقا ‌و نێودەوڵەتی، بۆئەوەی لە بڕگەكانی یاداشتنامەكە ئاگاداریان بكەنەوە، بەوپێیەی گوزارشت لە هەڵوێستی كۆمەڵگەی مەدەنیی ئەفریقا دەكات.

هەروەك بەشداربووانی كۆنگرەكە پێشنیازی دانانی پلانی ستراتیژی دوور مەودایان كردووە، لەپێناوی كاركردن بۆ بەرگرتن لە ئەگەری هەر پێكدادانێكی سەربازی لە كیشوەری ئەفریقا لەسەر رووبارەكان ‌و بەشداربووانی كۆنگرەكە ببنە كڕۆكی دامەزراندنی قەوارەیەك بۆ هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتی ‌و بەرگرتن لە پێكدادان لەو كیشوەرە.

دانوستانی ئاشتییانە
بە وتەی سەرۆكی دەزگای ماعت بۆ ئاشتی ‌و گەشەپێدان ‌و مافی مرۆڤ، ئەو یاداشتنامەیە بە بنەمایەكی بەهێز دادەنرێت كە دەكرێت كۆمەڵگەی مەدەنی ئەفریقا كاری لەسەر بكات، بۆ بانگهێشتكردنی حكومەتەكان بە مەبەستی دانوستانی ئاشتییانە، كە لەسەر بنەمای نیازپاكی بكرێت، نەك ململانێ.

بەنداوی نەهزە، كە مانگی نیسانی 2011 لە نزیك سنووری سودان لەسەر رووباری نیل بەردی بناغەی دانرا، ئاڵۆزی لە نێوان میسر ‌و سودان ‌و ئەسیوپیا دروستكردووە ‌و قاهیرە ‌و خەرتوم دەیانەوێت لە پێش خستنەگەڕی بەنداوەكە، رێكەوتنێكی سێ قۆڵی ئیمزا بكرێت، بەڵام حكومەتی ئەدیسابابا دەڵێت، كە پڕۆسەی پڕكردن ‌و خستنەگەڕی بەنداوەكە، بەشێكی دانەبڕاوە لە دروستكردنی ‌و ناكرێت دوابخرێت، ئەوەش گرژی ‌و ئاڵۆزی لە نێوان میسر ‌و سودان لەگەڵ ئەسیوپیا لێكەوتۆتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 202 جار بینراوە