سەرەکی » مانشێت » خەبەردار!

خەبەردار!

سالار سه‌راوی

چارەکە سەدەیەکە، ئێمە گۆرانکاریمان تەنها لە خانوەکانی شاردا کردووە، نەک لە باڵەخانەکانی ناوەوەی خودی مرۆڤەکان. هه‌روه‌ك چۆن ئێمە بازبازێنمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە کەسیەکانمان لە حیزبدا کردووە نەک لەسەر ئاراستەی سیاسی و فکری و تێروانین و دونیابینیمان. دژایەتیەکانیشمان هەر لەسەر ئەم بنەمایە بووە.
*****
لە «دیداری سلێمانی» دا كه‌ به‌هاری رابردوو ئەنجامدرا، فۆکۆیاما وتی: حکومڕانی سەرکەوتوو ئەوەیە بتوانیت (24 کاژێر) کارەبا بۆ هاونیشتمانیان دابین بکەیت.!
ژمارەیەکی زۆری ورگ زل و بۆینباخ لەملەکانی حزب و حکومەتی کوردی قڕوقەپیان کردبوو، کە قسەکانی تەواو بوو چەپڵەیان بۆ كوتا. ئه‌مه‌ش وه‌ك زۆر چاوه‌ڕوانی و حیساباتی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵییه‌كی كوردستان هه‌ڵه‌ ده‌رچوو، كه‌ ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی بانگ كردنی ئه‌و جۆره‌ بیرمه‌ند و خاوه‌ن ناوبانگانه‌ بۆ پێدا هه‌ڵدان بێ به‌ ئه‌زموونی كوردی، كه‌چی له‌بری پێدا هه‌ڵدان تێهه‌ڵدانمان به‌ نسیب بوو.
*****
سه‌یره‌ و سه‌مه‌ره‌ی ئێمه‌ش له‌ هی هیندستان كه‌متر نییه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ لای ئێمه‌ بازرگان حزب دروست دەکات، ئامانجی حزبەکەشی بەرگرییکردنە لە ماف و قوتی خوراوی هەژاران. هه‌روه‌ها سەرکردە و سیاسیەکانمان تەدەخولی هەموو کارێک دەکەن، تەنها سیاسەت نەبێ. سه‌یرتریش له‌وه‌ حزبە سیاسیەکانمان لەگەڵ زۆربه‌ی دوژمنه‌كانی ئه‌ملاو ئه‌ولامان دۆست و تەبان و رێكکەوتن واژۆ دەکەن، کەچی لەگەڵ هێزه‌ خۆماڵییه‌كانی خۆمان و عێراقیشدا دانویان ناکوڵێ پێکەوە و شیر و تیر لە یەک دەسون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*