سەرەکی » دۆسێ » بەرکوڵێک لە مێژووی یەکگرتنی ئەڵمانیا

بەرکوڵێک لە مێژووی یەکگرتنی ئەڵمانیا

هەڵۆ بەرزنجەیی

لە ساڵی962ـەوە دەسەڵاتی رۆمانی پیرۆزی نەتەوەی ئەڵمان/Heiliges Romisches Reich Deutscher Nationبەرقەرار بووە. لەو کاتەی کە قەیسەری رۆمانی پیرۆزOttos der GroBe دەسەڵاتی گرتە دەست. پاشان لە ساڵی 1157وشەی پیرۆزی بۆ زیادکرا و لە سەرەتای سەدەی 16ـەوە وشەی نەتەوەی ئەڵمانی بۆ ئەم دەسەڵاتە زیاد کرا. ئەم رایش/ رایخ ـ واتە ئیمپراتۆری یاخود دەسەڵاتی ـ ئەڵمانی، رووبەرێکی فراوانی لە ئەوروپا داگیرکرد بوو، کە وڵاتانی « ھۆڵەندا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، سلۆڤاکیا، چیک»ـی دەگرتەوە. لەم سەردەمانەدا ئەڵمانیای گەورە لە هەزاران هەزار دەوڵەتۆکە و میرنشینی سەربەخۆ پێکهاتبوو.

ساڵی 1517 بزاڤی ریفەرماسیۆن بەسەرکردایەتی مارتن لوتەر/Martin Luther1483-1546 سەریهەڵدا، کە بەگەورەترین بزاڤ و شۆڕش و وەرچەرخان دادەنرێت. بیری سەروەریی ئەڵمانی هەمیشە شێوەی ئیمپراتۆرێتی وەرگرتووە و هەوڵیداوە خۆی تێدا بنوێنێت. ئەمەش خەسڵەتێکی ئایینی ھەیە، رەنگە پەیوەندیدار بێت بە گوزارشتی کاسۆلیکی سیاسییەوە. ئەم بیرۆکەیە نەبەستراوەتەوە بە خاک و دەوڵەتەوە، بەڵکو وەک بیرۆکەیەکی کریستیانی خراوەتە سەرووی پیرۆزی و گەورەیی پاشا و میرەکانەوە، هەروەکو چۆن پاپا لە رووی رۆحییەوە ئەمەیکرد. دواتریش وەک دەزانین نەتەوەی ئەڵمان بەسەر چەند دەوڵەت و سنوورێکدا دابەشبوون.

رایشی ئەڵمانی زۆرینەیەکی کاسۆلیکی باڵی بەسەردا کێشا. ناوەڕاستی سەدەی 16دوو ئاڕاستەی مەزھەبی لە نەتەوەی رایشدا»پرۆتستانی و کاسۆلیکی» زیاتر زەقبۆوە و سەریھەڵدا. کاسولیکی پرۆتستانی بە جادووگەر و ئەوانیش کاسۆلیکیان بە بێباوەڕ تاوانبار دەکرد. دواتر لە کۆبوونەوەیAusburger Religionsfrieden 1555 کۆبوونەوەی ئاشتی مەزهەبی ئاوسبۆرگدا، چارەسەری ئەمە بەوە کرا، کە هەر پاشا و میرێک خۆی دەتوانێ لە سنووری قەڵەمڕەوی خۆیدا بڕیار بدات، کامە مەزهەب پێڕەو بکەن. cuius regio eius religio“ ئەمە دروشمەکەیان بوو. بەڵام لە راستیدا ئەمەش نەیتوانی ناکۆکییەکان خامۆش بکات. لەم سەردەمەدا لایەنگرانی کاسۆلیکی، مارتین لۆسەری و کالڤینستی J. Calvin هەبوون. هەموو دژ بەیەک بوون. دواتر دەسەڵاتی کڵێسا ویستی خۆی نوێ بکاتەوە. ئەوە بوو لۆسەری و کالڤینیستی هاوپەیمانێتییان بەست دژ بە کاسۆلیکی کە بە یەکێتی پرۆتستانتی ناسراوە و کۆمەڵێک میر و پاشایان دواکەوت و لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئینگلتەرا و هۆڵەندا، کە دژی پاپا بوون رێکەوتن. ئەو سەردەمە چ لێبووردەییەکی ئایینی نەبوو. هەموو هەوڵدەدرا بە شەڕ یەکلایی بکرێتەوە. کاسۆلیکەکانیش لە ترساندا هاوپەیمانێتییەکی سەربازییان بەناوی گرووپی کاسۆلیکییەوە دامەزراند کە چەند پاشا و میرێک بوون و لەگەڵ قەیسەر و پاپاشدا رێکەوتن. بەم شێوەیە هێزە دەرەکییەکان دەستیان لە جۆشدانی ئەم شەقبوونە وەردا، هەر بۆ ئەوەی ئەڵمانیا گەمارۆ بدەن و نەبێتە هێزێکی گەورەی یەکگرتوو. ناکۆکی ئەم بەرەیە کاتێک تەقییەوە، کە نوێنەری قەیسەری کاسۆلیکی لە شاری پراگی پایتەختی پاشانشینی بۆهمەنەکان، چیکی ئێستا بوو، کە ناوەندێکی گرنگی ئایینی رایشی ئەو سەردەمە بوو، لەلایەن پرۆتستانتەکانەوە لە پەنجەرەوە فڕێ درایە خوارەوە. ئەم رووداوە بووە ھۆی سەرھەڵدانی شەڕی 30 ساڵە1618-1648، کاتێک کە دواتر بە رێکەوتننامەی ئاشتی بەناوبانگی» ڤێستفێلیشە/ ویستفالیا»/ Westfalischz کۆتایی ھات.

ئەم رووداوەش ھۆکارێکە بۆ درەنگ بە دەوڵەتبوونی ئەڵمانیا لە چاو فەرەنسا و ئینگلتەرادا. زمانی نووسینی ئەڵمانی دوای وەرگێڕانی ئینجیل لە لاتینییەوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، لە لایەن مارتین لۆتەرەوە و دواتریش دەرکەوتنی کۆمەڵێک ئەدیب و شاعیری وەک کلۆپشتۆک/ Klopstock و بزاڤێکی ئەدەبی بەھێز لە شاری لایبزیگ تەواو گەشەیکرد و بەرەو چەسپان چوو. لە سەدەی 19ەوە ئەڵمانەکان بە کەلتور نەتەوە/Kulturnation ناسراون، چونکە لەسەر بنەمای کەلتور بەدەوڵەت بوون. پێچەوانەی فەرەنسا و بەریتانیا کە بە دەوڵەت-نەتەوە/Staatnation ناسراون، واتە بەئامڕاز و دەزگای دەوڵەت نەتەوەیان سازداوە. ھەڵبەت ھەستی ھاوبەش و پێوەندارێتی بۆ رایشیش کاریگەری لەسەر ئەڵمان ھەبوو. سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا و شەڕەکانی ناپلیۆن، راستەوخۆ کاریگەرێتی و رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی ئەڵمان، لە رەهەندەکانی نەتەوەیی و سەربازی و ئەدەبی و سیاسییەوە دانا. هەر بۆ نموونە لە خێراییەکی چاوەڕواننەکراودا، 360 دەوڵەتۆکە و هەرێم بوون بە 38 دانە و چەند میرنشینێکی کەم. نەک هەر ئەڵمانیا بگرە ئەوروپاش بەتەواوەتی دۆخێکی شڵەقاوی بەخۆیەوە دی. لەنێو ئەڵماندا بزاڤە نەتەوەییە ئەدەبییە بەھێزەکە بەردەوام لەگەڕدا بوو لەسەر دەستی : Klopstock ,Lessing, Goethe ,Wieland ,Herder, Leibniz، دواتر ئەم بزاڤە رەھەندێکی سەروەری گەل و مافی مرۆڤیشی لەخۆ گرت. ئەگەرچی ئامانجی سیاسی زەقیان نەبوو، بەڵام لە رووی ئەدەبییەوە بەبیری نەتەوەیی داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی بەھێزیان دەکرد. لەنێوان ساڵانی1711-1761دا نزیکەی182 گۆڤار دەردەچوو. پاشان کۆمەڵێک زانکۆی دیار دامەزرێندران، لەوانە زانکۆی گۆتینگەن ساڵی Gottingen 1737 ، کە کاری لەسەر بیری ئازاد و پەروەردەکردن و کۆکردنەوە نووسراو/ بەئەرشیفکردن دەکرد. ئەم زانکۆیە سەر بە میری هانۆڤەر بوو، کە ئەویش راستەوخۆ سەر بە پاشای ئینگلتەرا بوو.

بەکورتی و کرمانجی ئەمانە گووژم و رەوتێکی تریاندا بە شۆڕشە ئەدەبی و فیکرییەکە. پێویستە بووترێت ئەو کۆمەڵە نووسەرەی سەرێ کەوتبوونە ژێر کاریگەرێتی ژیانی لیبراڵی سیاسی لە فەرەنسا و ئینگلتەرای رۆژئاوای ئەوروپاوە. تەنانەت فەیلەسوفێکی وەک فیشتە Fichte سەرەتا کۆمەڵێک نامیلکەی لەسەر شۆڕشی فەڕەنسا دەرکرد. بیتهۆڤن سەمفۆنیای بە ناوی ناپلیۆنەوە نووسیوە. لایبنیتز بە فەرەنسی دەینووسی. فیشتە کە وتاربێژێکی بەتوانا بووە، دواتر لە رێگای پێشکەشکردنی کۆمەڵێک وتار بۆ نەتەوەی ئەڵمان، رۆڵی نەتەوەیی خۆی گێڕا، لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت: «من رووم لە ئەڵمانە بێ جیاوازی و من ئەو جیاوازی و دابەشکارییانەی نێوان ئەڵمان نابینم، کە بۆتە هۆی شکستیان. من قسە دەکەم بۆ ئامادەبووان و ئەوانەی ئامادەنین، هیوادارم دەنگم بگاتە دوا سنووری ئەڵمانیا». هاوشانی فیشتە قەشەیەکی تر بەناوی Schleiermacher وتاری لەدیدی ئایینەوە لەسەر شێوەی فیشتە بۆ ئەڵمان و یەکگرتنیان دەدا. پاشان شیللەری شاعیر Schillerو Kant کانتی فەیلەسوف بەرھەمەکانیان ئەگەرچی ئەمانیش دوور لە سیاسەت بوون، بەڵام ھەرچی ئەڵمان ھەبوو شانازی پێوە دەکردن.

دوای ئەمانیش هێگل Hegelی فەیلەسوف کە بەشێکی زۆری فەلسەفەکەی لەسەر فەلسەفەی نەتەوە و دەوڵەتە. وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و هەموو جیهاندا کرد و هەتا ئێستا تێزەکانی سەرچاوەی ئەم جۆرە باسانەیە.» دەوڵەت واقعێکی رەهایە و تاک بۆ خۆی چ بابەتێتی و حەقیقەت و مۆڕاڵێکی نییە، تەنها مەگەر ئەندامی دەوڵەتێک بێت». دواتر پێیوایە دەوڵەت پێکدێت لە سێ رەگەز و هۆکار:»پاشا و ئەرستۆکراتی و دیموکراتی پەرلەمانی». هەروەها لە گوتەیەکی دیکەیدا دەڵێت:» دەوڵەت لە بوونی خۆیدا بوونەوەرێکی ئەقلانییە»، « دەوڵەت هەقیقەتی ئیرادەی گەوهەرییە»، « دەوڵەت هەقیقەتی ئازادییەکی کۆنکرێتییە»، پاشان چەند نووسەری تر هاتن وەک مێژوونووسTreitschke و ناوەڕۆک و مانایەکی تری قووڵ و گرنگیان بەدەوڵەت بەخشی. هەموو دەیانویست بیری نەتەوەیی لەسەر دەستی ئەڵماندا زیاتر گەشە بکات و ئەڵمان بێتە پێشەنگی ئەم بزاڤە. چونکە وەک ئاماژەمان پێدا لە بنچینەدا بیری نەتەوەیی ئەڵمانی بیرێکی فراوانخواز بوو، لەبەر ئەوەی دەیانزانی میللەتی ئەڵمانزمان بە بەرفراوانی بەسەر چەند سنوور و دەوڵەتێکدا دابەشبووە. بیری نەتەوەیی ئەڵمان دەیەوێت « مرۆڤ بکاتە ئامڕازێک لە دڵی کۆمەڵدا و لە دەستی دەوڵەتدا و هەروەها دەوڵەت بەهێزێکی گەورە رێکخراو بۆ کۆمەڵگە دادەنێت». لە راستی و گەوهەردا، رزگارکردنی ئەڵمانیا بە بزاڤێکی نەتەوەیی دژ بە فەرەنسا هاتە دی و پرووسیا پێی رابوو. واتە ئەڵمان وێنەی فەرەنسایان کردە دوژمنە باوەکوشتەکەی خۆیان و ئامانجی خۆیان لەسەر داڕشت و دەرئەنجام گەیشتنە خەونەکەی خۆیان. ئەڵمان زۆر دابڕا و وابەستەی ناوچە و میر و پاشای دەڤەرەکانی خۆیان بوون. زۆر ناوچەپەرست و هۆگری سەرکردەکانیان بوون، ئەمەش رۆحییەتێکی خراپی دەروونی لاساز دابوون، کە بەدرەنگ و گومانەوە لێک نزیک ببنەوە. بەڵام ئەوەی سەیرە ئەڵمان زۆر پابەندی میر و پاشا و سەرکردەی خۆیەتی . ئەمەش خاڵێکی نەرێنی ئەو سەردەمەی نێو ئەڵمانەکان بوو، هەر بۆیەشە نەیانتوانی یەکێتی نەتەوەییان لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێکبهێنن. ئەم هەقیقەتە بە ناسنامەی ئەڵمانییەوە لە سروودە نەتەوەییەکەیاندا جوانتر بەرجەستە بووە، کاتێک لە بڕگەیەکیدا دەڵێت:» ئەڵمانیا لە سەروو هەموو شتێکەوە». واتە ئەڵمانیا لەسەرووی ناوچە و پاشا و کڵێسا و میری هەرێمییەوە. ئیدی بەم شێوازە و بەهۆی ئەم دۆخە مێژوویی و سیاسییەوە، یەکێتی ناسنامە لە گەوهەری بیری ئازادی و بیری نەتەوەیی ئەڵمانیدا وەک لای ئیتاڵییەکان نابینین.

پاشا Friedrich II لە دەڤەری پرووسیا، هەڵکەوتوویەکی سەربازی دەسەڵات بەدەست بوو. گۆتەی شاعیر شیعری بەسەردا ھەڵداوە. لەم دۆخەدا پرسی دامەزراندنی دەوڵەت وەک بیرۆکەیەک سەرھەڵدەدات، میللەتی ئەڵمان دەیویست بگاتە ئامانجێک لەسەر ھەژماری تاک و ھەژماری ئیمپراتۆرێتیەکەی پێی ناسرا بوون. ئەڵمانیا پێکهاتبوو لە ژمارەیەکی زۆری دەسەڵاتی بچووک بچووک لە پاشا و میر و بنەماڵە و شاری کڵێسایەک و تاکە میرێک. من لەم نووسینەدا بە دەوڵەتۆکە ناویان دێنم. بۆ نموونە دەوڵەتۆکە ھەبوو لە تاکە شارێک پێکھاتبوو. ئێستاش بەرلین و هامبۆرگ و برێمن یەک هەرێمن و لە یەک شار پێکهاتوون. ئەو سەردەمە تەنیا هەرێم/ ویلایەتی پرووسیا بنەمای دەوڵەتۆکەیەکی بەھێزی تێدا بوو. پاشا فریدریش بناغەیەکی چاکی بۆ ئەم ھەرێمە بنیات نابوو، زۆر ئاوەدان بوو. ھێزێکی سەربازی بەھێز و سەرکردەی بەھێزی ھەبوو، دەستەبژێرێکی زۆری ئەڵمانی تێدا کۆببۆوە و خەونیان بریتی بوو لە دەست بەسەرداگرتنی تەواوی ئەڵمان بەڕابەرایەتی پاشای پرووسیا. بیرمەند و تیۆریستی بەناوبانگی سەربازی کارل ڤۆن کلاوزەڤیتست CARL VON CLAUSEWITZ ئاکادیمیای سەربازی کردبۆوە. گەورە جەنەڕاڵەکانی ئەڵمان دەرچووی ئەم ناوەندە بوون. خاوەنی چەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو و سوپایەکی تۆکمە بوون. حکومەتی پرووسیاش بەردەوام چاکسازی دەکرد لە بەڕێوەبردندا. لەکاتێکدا کەسایەتی بەناوبانگ،Wilhelm von Humboldt کە کرا بە وەزیری پەروەردە و کاروباری ئایینی، وتی: « من نەهاتووم کوڕی پینەدۆزێک بکەمە پینەدۆزێکی باشتر، من هاتووم هەمووان بکەم بە هاووڵاتییەکی چالاک». ئێستا کۆنترین زانکۆی بەرلین هەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە. ئەم هەرێمە بەتەواوەتی خۆی لە داگیرکاری فەرەنسا پاراست و سەربەخۆ مایەوە. هەرێمەکە بووە جێی هیوای زۆری ئەڵمانەکان و کەسانی هەڵکەوتووی جۆراوجۆر روویان لەم دەوڵەتۆکەیە کرد بۆ ژیان و کارکردن. لەم قۆناغەدا گەر ئەڵمانیا بە دۆخی لە ئیتاڵیا بەراورد بکەین، ئەڵمان حاڵیان باشتر بوو، لە رووی سیاسی و نەتەوەییەوە، کۆنفدڕاڵی جەرمەنی لەنێوان دەوڵەتۆکەکاندا ھەبوو. ھەروەھا لە ئەڵمانیا دەوڵەتی بەھێزی پرووسیاش ھەبوو. لە رووی تایبەتمەندیشەوە، خەسڵەتی تیۆریی نەتەوەیی ئەڵمانی وایە، «مرۆڤ دەکاتە ئامڕازێک لە دڵی میللەتدا و بەدەستی دەوڵەتەوە».

قۆناغی پێش ئاداری-1815 1848
ئەڵمانیای فیدڕاڵی و ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی دوای سەرکەوتن بەسەر ناپلیۆندا لە شەڕی لاپزیگدا لە16.10.1813 دا ھاتنە سەر شانۆی سیاسی بە سەنگ و قورساییەکی تایبەت بە ھەڵکەوتی جوگرافی وڵاتەکەیان لەناو جەرگەی ئەوروپادا و بەھێزی دەوڵەتی پرووسیا و ئەو هەموو کەسایەتییە بەناوبانگانەی لە هەموو بوارەکاندا هەیانە. هەر زوو ئەڵمان بوونە ژمارەکی گەورە لەتەک زلهێزەکانی ئەو رۆژگارەدا.

بۆیە لە کۆنگرەی ڤییەنادا-Winner Kongress لە ساڵی 1814/15 بەتایبەت قسەش لەبارەی بارودۆخی ئەڵمانکرا. بۆ رێکخستنەوەی ئەوروپا و وەستانەوە بەرامبەر بە فەرەنسا.(-1 رێکخستنەوەی سیاسی ئەوروپا بەپێی پڕەنسیپی هاوسەنگی زلهێزەکان، 2-دیاریکردنی سیاسەت و هەڵوێست بەرامبەر بە فەرەنسا.3- وەستانەوە دژ بە هەر هەوڵ و باوەڕێکی شۆڕشگێڕی). بەدیوێکی تردا گەڕانەوە بۆ ژیانەوەی رەوایەتی سەردەمی پێش شۆڕش، وەک جاران بەردەوامی هاوکاری نێوان میر و پاشاکان لەنێوان خۆیاندا.

ئەندازیارانی کۆنگرەی ڤیەننا زلھێزە جیهانییەکانی ئەو سەردەمە «قەیسەری رووسیا/Alexander I Zar و راوێژکاری نەمسا/Metternich و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا/Castlereagh وەزیری دەرەوەی فەرەنسا Talleyrandراوێژکاری پرووسیاHardenberg»بوون، کە بەگشتی گەمارۆی فەرەنسایاندابوو.

رووسیا فینلەندا و بەشێکی پۆڵۆنیای برد، ئینگلیز سایلۆن و کاپ کۆلۆنی و مالتا، نەمسا هۆڵەندە و بەشێکی ئیتاڵیا و بالکانی لەدەستدا، پرووسیاش چەند دەوڵەتۆکەیەکی ئەڵمانی دەستکەوت و فەرەنسا کەم و زیادی نەکرد و بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز وەک خۆی مایەوە بەرامبەر بە رووسیا.

ھەبوونی کۆنفیدڕاڵی راین/ راین بوند Rheinbund، کە لە 1806 دروستکرابوو لە 16ئەندام پێکهاتبوو، بە وازھێنانی قەیسەر Franz II ، لە تاجەکەیدا، ئیدی قۆناغی مێژووی، دەسەڵاتی پیرۆزی رۆمانی نەتەوەی ئەڵمان، کە لە سەدەکانی کۆنەوە دامەزرابوو ھەڵوەشایەوە و کۆتاییھات. لە کۆنگرەی ڤیەننادا رێکەوتن لەسەر ئەوەکرا ئەڵمانیای فیدڕاڵ/ Deutschen Bund دروستبکرێت. ئەمیش بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەکی هەبێت لە بەرپەرچدانەوە و سنووردارکردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی فەرەنسا. لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە کۆنفیدڕاڵی نێوان چەند دەوڵەتۆکەیەک بوو. بەواتایەکی تر یەکخستنی دەسەڵات و حوکمڕانی میرەکان بوو، لە چوارچێوەی سنووری ئەم یەکگرتووە ئەڵمانییەدا . یەکێتی ئەڵمانیا ھەروەک دەسەڵاتی پیرۆزی سەروەری ڕۆمانەکان بوو، زۆر لەیەک دەچوون. بەڵام لێرەدا دەسەڵاتی کۆنفیدڕاڵییان زۆر کەمتر بوو لە جاران و دەسەڵات زیاتر لای چەند دەوڵەتۆکەیەکی ئەندام بوو. یەکێتی ناوبراو نەمساشی تێدا جێگر بوو، کە ھەمیشە میر Metternich داوای رابەرایەتی و ئیمتیازی تایبەتی زیاتری بۆ بنەماڵەی هابسبۆرگ دەکرد و دەبوو قەیسەر لەم بنەماڵەیە بێت. یەکێتی ئەڵمانی گرنگترین دەستگای، یاخود ئەنجوومەنی بریتی بوو لە پەرلەمان بەناوی Bundestag. بارەگای لە شاری فرانکفۆرت بوو. پێکهاتبوو لە نوێنەرانی دەوڵەتۆکە ئەندامەکانی یەکێتی ئەڵمان، لە راستیدا نوێنەرانی پاشا و میرەکان بوو. کە نەمسای هابسبۆرگی و پرووسیای تازە هەڵکەوتوو بەهێزترین دوو ئەندامی بوون. لە ئەڵمانیا دەوڵەت یاخود دەسەڵاتێکی ناوەندی نەبوو،3 ناوەند نوێنەرایەتی ئەڵمانیای دەکرد، « ڤییەنا، پرووسیا، فرانکفۆرت». ئەمەش لە بنەڕەتدا بۆ ئەڵمان گرفتاری زۆری لێدەکەوتەوە. میرەکان چ بەرنامەیەکیان بۆ یەکگرتنی ئەڵمانیا نەبوو، لەم پرسە دودڵ بوون. دەترسان دەسەڵاتیان نەمێنێ یاخود کەم بکرێتەوە، بە دەربڕینێکی تر سەرگەرمی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوون و توند دەستیان لێ قایم کردبوو. ئەوەتا شاری ناودار Ernst Moritz Arndt بۆ دۆخی پارچە پارچە و ناوچەپەرستی ئەو سەردەمەی دەکاتە ئەڵمان و دەڵێ: ئایا پرووسیا وڵاتە؟ ئایا شڤایبەن وڵاتە؟(…) نا، نا، نا وڵاتەکەی پێویستە گەورەتر بێت!.

بەڵام هێزی خوێندکاران و توێژی کوڕەشاری لیبڕاڵ/ بۆرژوازی لیبڕاڵ، کە لە زۆرینەی خەڵکی پێکهێنابوو، هەڵگری خەونی یەکگرتنی ئەڵمانی بەهێز بوون. بە رێکەوتن و بڕیارەکانی کۆنگرەی ڤیەننا رازی نەبوون بۆیە هەر ئەوە بەس نەبوو، کە بەبڕیاری یەکێتی دەوڵەتۆکەکان بکرێنە یەکێتی ئەڵمان، هەر هەرێمێک دەستووری خۆی هەبێت و لە ئاوازێک بخوێنێت. خەڵکە لیبڕاڵە بۆرژوا و خوێندکارەکان داوای دەستوورێکی سەرتاسەری و ئازادی بیڕوباوەڕ و ئایینی و کەمینەکانی تریان دەکرد. ئەوەبوو دەستکرا بەگێڕانی چالاکی جۆراوجۆر بەجلوبەرگی رەنگی»رەش و سوور و زیوی» یەوە، کە رەنگی سوپایەکی ئازاد بوو بەناوی Lutzower Freikorps خۆبەخشانە دژی ناپلیۆن شەڕیان دەکرد. ئەمانەش پێیانوابوو دەستیان بڕدراوە و فێڵیان لێکراوە، لە لایەن میرەکانی خۆیان و کۆنگرەی نابراودا. ساڵی 1819 رووداوێکی سەیر پێشهات، ئەویش کوشتنی شاعیر و نووسەر و شانۆنووس و دیبلۆماتکاری ئەڵمان August von Kotzebue بوو، کە زۆر شتی دژی یەکگرتنی ئەڵمانیا بوو. کوشتنەکەی لەلایەن خوێندکارێکەوە بەناویKarl Ludwig Sand. ئیتر دۆخەکە ئاڵۆز بوو و پاشا و میرەکان لەترسی خۆیان کۆمەڵێک بڕیاری توندیان بۆ قەدەغەکردن و راوەدونانی خەڵک دەرکرد، زانکۆکان کەوتنە ژێر چاودێری و رێکخراوی خوێندکاران قەدەغە کرا، کۆمسیۆنی سزادانی تاوانبارانیان دروستکرد لە شاری ماینس. کە بە بڕیارەکانی کارلسبادKarlsbader Beschluss/1819 ناسراوە. ئەم یەکێتییە بە قۆناغی ململانێیەکی سەختدا تێپەڕی بەهۆی ئەو دوو ناوەندەی پرووسیا و نەمساوە.

بەڵام میللەت تێڕوانینێکی ھەبوو بۆ یەکێتی ئەڵمان بەتایبەت لیبڕاڵەکان کە لەسەرەتای سەدەی19 ببوونە ھەڵگری بیرۆکەی ناسیۆنالیستی ئەڵمانی و بەردەوام لەلایەن میرە دواکەوتووەکانەوە ھەڕەشە و گوشاریان لەسەر بوو. میللەت لە هەموو بوارەکاندا کەوتە جۆش و خرۆش. لەسەر پێشنیاز و داخوازی شاعیری گەورە Ernst Moriz Arendt ، داوای دروستکردنی رێکخراوێکی نەتەوەیی کرد بۆ بایەخدان بە بۆنە و جەژنە تایبەتییەکان و چەند بکرێ خەڵکی لەدەوری کۆ بکەنەوە. ئەم ھەوڵی دژ وەستانەوە بەرامبەر بە ھەوڵەکانی یەکگرتنەوە، بە چالاکی وەڵام دەدرایەوە. بۆ نموونە لە ساڵی 1817 دا ئاهەنگێکی گەورە لە Wartburgfest کرا کە زیاتر لە 500 خوێندکار بوون داوای ئازادی و بەها و ئابڕووی نیشتمانیان دەکرد. کۆمەڵێک کتێبی نامۆی دژ بە یەکێتی نەتەوەییان گڕ تێبەردا. ئەمەش سەرەتایەکی باش بوو بۆ تێکەڵی خەڵک و بەردەوامی بەرزکردنەوەی داوای یەکگرتن. لەو سەردەمەدا زۆربەی زانکۆکان پڕ بووبوون لە خوێندکاری پرۆتستانتی، توانییان جەژنی ناوبراو رێک بخەن. ئەم دیاردە بووە کێشە لە ئەڵمانیا و وڵات کەوتە بەردەم دوو دابەشبوون و جیاوازی» سەروو و خواروو. پرۆتستانت و کاسۆلیکی» . هەوڵدەدرا « ئیرادەی میرەکان نەبێتە یاسای میللەت، بەڵکو دەبێت یاسای میللەت بێتە ئیرادە میرەکان». ئەڵمانیا بە سەردەمێکی قورسدا تێپەڕی و گرتن و راونان و ئەشکەنجەدان بووە کاری ڕۆژانە.

کاتێک «یەکێتی خوێندکاران»/ Burschenschaften کە خۆیان بە موڵکی ھەموو ئەڵمان دەزانی و نەک ھی پاشا و میر و ناوچەیەک، بوونە بەشێکی کاریگەریی بەشداری شۆڕش. توانیان پرۆفیسۆرەکانی زانکۆ و بزاڤی رێکخراوی جومناستیک، لەلایەن Friedrich Ludwig Jahn دژیRestauration و دژیZensur بەرپا بکەن و ناڕەزاییەکان دەربڕن و بانگەشە بۆ ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو بکەن. ھەروەھا رووداوێکی تری گرنگ Hambacher Fest 1832 بوو . لێرە نزیکەی30 ھەزار کەس بەشداری کرد، لە خوێندکار و مامۆستا و پرۆفیسۆر و ئاکادیمی بەرز و لیبڕاڵە بۆرژواییەکان. بەشداربووان بە دەنگی بڵند داوای یەکگرتنی ئەڵمانیایان دەکرد.

شایانی ئاماژە پێدانە پێکێنانی رێکخراو و کۆمەڵە و یانەی هونەریی و ئەدەبی و وەرزشی رۆڵی گەورەیان دیوە لە مێژووی ئەڵماندا. بۆ نموونە یانەی جمناستیک، کە ئاماژەمان پێدا ساڵی 1811 لەلایەن. Jahnلە بەرلین دروستکرا، بە ئامانجی راهێنانی لاوان بۆ شەڕی ناپلیۆن/ فەرەنسا، سەرەتا200 ئەندامی هەبوو. ساڵی1848 بوو بە 900 هەزار ئەندام. رێکخراوی گۆڕانیبێژ و کتێبفرۆشی. ئەو رۆژانە بارودۆخێکی ئابووری سەخت و برسێتییەکی قورس باڵی بەسەر ئەڵمانیادا کێشا بوو. بێکاری زۆر بوو، شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا بەتایبەت کەوتبووە گەڕ، مەکینە و ئامێر هێندەی دەیان جووتیار و کرێکار بەرهەمی بەرهەمدەهێنا. بەم سەردەمە دەوترێت Pauperismus. رێکخراوی ریفۆرمی ئەڵمانی و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ دروستکران جەماوەر ھەوڵدەدات بە ھەموو شێوەیەک لە دەسەڵاتی میر و پاشا کەم بکاتەوە و گەل بێتە سەرچاوەی دەسەڵات. ئاھەنگ و جەژن گێڕان درێژەی کێشا و بۆ کەسایەتییەکانی وەک: مۆزارت لە سالسبۆرگ و گۆتە لە فرانکفۆرت و باخ لە لاپزیگ و شیللەر لە شتوتگارت دانانی پەیکەرەکانیان ئاھەنگ سازکرا و بانگەواز کرا پیتاک بۆ ھەرێمی Schlesische-Holstein کۆبکەنەوە، کە لە کێشەدابوون لەگەڵ وڵاتی دانیمارک. دانیمارک ئەم ھەرێمانەی بەستبۆوە بەخۆیەوە. ئەم ئاهەنگانە پڕۆسەی تێکەڵاوبوونی زیاتر و کامڵبوونی ئینتگرەیشن بوو و جۆشدان و گەرمکردنی هەستی نەتەوەیی و شانازی ئەڵمان بوون. واتە ئەڵمان لەڕووی سیاسییەوە هێندە لێکدابڕاو بوون، بە ئاهەنگی هونەری و وەرزشی ئەدەبی لێک نزیک بوون.

شایانی باسە دەبێت ئاماژە بە قۆناغێکی تری گرنگ بکەین، کە لە ساڵی1830 لە وڵاتی فەرەنسا جارێکی تر شۆڕش سەریهەڵدا. پاشا کارلی دەیەم، کە دەیویست رەفتار بە بڕیاڕەکانی کۆنگرەی ڤیەننا بکات، بۆ گەڕانەوەی سەروەریی و دەسەڵات و موڵک بۆ میر و پاشا و نەجیبزادەکان. گوشار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لەسەر خەڵکی دروست بوو. لەئەنجامدا ئەم دەسەڵاتەیان رووخان. وەک هەمیشە یەکەم پڕیشکی شۆڕش و بەئاگاهاتنەوەی ئەوروپا لە فەرەنساوە تیشکی داوەتەوە. هەر بۆیە فەرەنسییەکان لە مێژوودا بە شۆڕشگێڕتر و لیبڕاتر و ئازادیخوازتر ناسراون.

ئەم شۆڕشە کاریگەری لەسەر تەواوی ئەوروپا لە نێویاندا ئەڵمان دروستکرد. لێرەش شۆڕش و ناڕەزایی و ھێزە لیبەڕاڵەکان پەیدا بوو خۆپیشاندانیان Restauration دژی چەوساندنەوە بۆ یەکێتی نەتەوەیی و بۆ ئازادی و سەروەری نەتەوەیی بوو. یەکێتی ئەڵمانیا و ناسیۆنالیستی ئەڵمانی. ھەروەھا رێکخراوی ئەڵمانیای لاو کە لەژێر کاریگەری بیروڕاکانی ماتزینی رابەری گەورەی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتاڵیدا دروستکرا بوو، زۆر چالاکی لە دەرەوە و ناوەوە دەکرد. تا ئێرە ئەڵمانیا لە نێوان باکووری ئەڵمانیاـ سەرووی رووباری راین/ شاری ماینز و باشووری ئەڵمانیا و مەزھەبی کاسۆلیکی و پرۆتستانتی دابەشببوو. بەکورتی ھەرگیز لە دەمی میرەکان نەدەبیسترا بڵێن ئەڵمانیا نیشتمانمانە، ھەریەکەی ھەرێمی دەوڵەتۆکەی/ باڤاریا، ھێسن، بادن و …تاد، بە نیشتمانی خۆیان دەزانی. میرەکان گاڵتەیان دەھات بە چەمکی ئازادی و یەکسانی. ساڵی1819 Friedrich List ، «کۆمەڵەی گشتی بارزگانی ئەڵمانی» دروستکرد. 1825 «کۆمەڵەی بۆرسە و کۆمەڵەی کتێب فرۆشی» لە شاری Leipzig دروستکرا. دواتر «کۆمەڵەیەک بۆ مێژووی کۆنی ئەڵمانیا و کۆمەڵەی گۆرانیبێژانی پیاوان» دروستکرا. چەندین ئاھەنگیان گێڕا و بەھەزاران ھەزار خەڵکیان لەدەوری خۆیان خڕکردەوە. لە ئاھەنگەکاندا دروشم و بەیتی نەتەوایەتی دەوتراوە و بەردەوام پیتاک بۆ ئەڵمانەکان کۆدەکرایەوە. بەکورتی کەشوھەوایەکی نەتەوەیی دەبەخشرا بە چالاکییەکان و هاوکاری ئەڵمانەکان کۆدەکرایەوە.

دوالیزمی ئەڵمانی و رێکخراوی باجی ئەڵمانی
لە نێوانی پرووسیا و کایزەری نەمساویدا کە وەک دوو بەدەسەڵاتدارترین دەوڵەتی یەکێتی ئەڵمانیای سەدەی 18 بوون گرژی و ئاڵۆزی ھەبوو. گرنگترین ھەنگاوی گەوھەری لەم بوارەدا دامەزراندنی رێکخراوی گومرگی ئەڵمانی/ Deutscher Zollverein لە 1.1. 1834 دا بوو لە نێوان 28 دەوڵەتۆکەدا. بەم ھەنگاوە گرنگە مێژووییە دەسەڵات و دامەزراوە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا ھەموو ھەڵوەشانەوە و لابران. هەناردە لە سنووری ئەڵمانی فیدڕاڵیدا لە 1853-56 لە 356,9 ملیۆن بووە 456,1 Taler ملیۆن تالەر ـ تالەر دراوی ئەو سەردەمە. نەمسا لە 184,3 بووە بە 150,3 واتە کەم بۆوە.

گومرگی ناخۆیی و رێگرەکانی تر نەمان و بەخێرایی بازاڕێکی ئابووری ھاوبەشی ناوخۆیی دروستکرا. بۆ نموونە ئەگەر کاڵایەک لە فرانکفۆرتەوە بچوایە بۆ هامبۆرگ، چەند جارێک گومرگ دەکرا. بازرگانەکان دەبوو چەند جارێک دراو بگۆڕنەوە. بوتڵێک بیرە لە فرانکفۆرت هەمان نرخ و نۆرم و قەبارەی بوتڵە بیرەیەکی لە هامبۆرگ نەبوو. ئەمانە هەمووی سەر ئێشە و گرفتاری ئەو رۆژگارەی بازرگانی و ئابووری بوون. سەرمایەدار و خاوەن کارخانەکانیش لە رووی بەرژەوەندی و قازانجەوە ئەم دەستکەوتە گەورەیەیان پێخۆش بوو. دەیانتوانی پشتیوانی پیشەسازی ئەڵمانی لە دەرەوەش بکەن. ئەنجامدانی ئەم کارەش لەژێر دروشمی:» ئەم رێکخراوە کارێکی سیاسیی نییە، بەڵکو باجە و ئەمەش کاری کەسانی سیاسی نییە، بەڵکو کاری بەڕێوەبەرایەتی و دەزگاکانی تری پرووسیایە». کرد، تا ترسی خەڵکەکەی پێ بڕەوێننەوە. رۆمینی بەرپرسی کاروباری فەرەنسا لە ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی یەکخستنی گومگگدا دەڵێت:» ئەم یەکگرتنە گەورەترین رووداوە، لە ئەڵمانیا لەدوای سەردەمی چاکسازی ئاینییەوە. ئەم یەکگرتنە بایەخی زیاتر دەدات بە پرووسیا».

بە کورتی پرسی ئابووری رۆڵێکی یەکجار گەورە و گرنگ لە مێژووی یەکگرتنی ئەڵمانیادا دەگێڕێ و رەنگە هەر ئەم ئەقڵە ئابووریەش بێت، وایکرد بێت، هەتا ئێستاش باری ئابووری ئەڵمان لە جیهاندا لە لووتکەدایە. جێی ئاماژە پێدانە، نەمسا لایەنێکی ئەم رێکخراوی گومرگە نەبوو. بەمشێوە پرووسیا توانی دەسەڵاتی خۆی لەنێو یەکێتی ئەڵماندا فراوانتر و قایمتر بکات. وەک دەبینن لە ئەزموونی ئەڵماندا یەکێتی ئابووری پێش یەکێتی سیاسی ھاتە گۆڕێ و بە گشتیش ئەم فاکتە ئابوورییە دواتر رۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە پڕۆسەی یەکگرتنی ئەڵماندا.

ئەم دیاردەیەش لەگەڵ پەرەسەندنی رەوتی شۆڕشی پیشەسازیدا باش ھاتەوە و وەک ئاماژەمان پێدا خاوەن کار و سەرمایەدارەکانی ئەڵمانیا پێویستیان بە ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو بوو تا بتوانن وەک پێویست گەشە بە خزمەت و ئامانج بکەن. بەخۆڕایی نییە جۆن کەینس دەڵێت: «یەکێتی ئەڵمانیا بە خوێن و ئاسنەکەی بسمارک نەهاتۆتە دی، بەڵکو بە خەڵوز و ئاسن هاتۆتە دی». یاخود وەک جۆن بروڵی دەڵێت:» تاکە شتێک شۆڕشی پیشەسازی بۆ ئەڵمانیای کرد بێت، ئەوە بوو کە کۆچ و باری زۆری پێکردن لەناوخۆدا بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ یەکتردا(…) تا دەڵێت: ئەم دیاردەیە تاکە شتە هانی سەرهەڵدانی ناسنامەیەکی نیشتمانی نوێی دابێت».

ئاخر هەقێتی وا بڵێت، چونکە لە7.12.1835 دا یەکەم هێڵی ئاسنین لە ئەڵمانیادا کە درێژییەکەی 6km بوو لە نێوان شارەکانی Nurnberg & Fuhrt دەهات و دەچوو. لەبەرامبەردا ئینگلتەرا خاوەنی544km, فەرەنسا 141km و بەلژیکا20km. کەچی دەیەیەک وەرنەچەرخا، ساڵی1848 ئەڵمانیا بووە خاوەنی 5,000km دوو هێندەی فەرەنسا.

دیارە ھەوڵ و تێکۆشان بۆ یەکگرتنەوە پرسێک نییە بە ئاسانی تێپەڕی بێت و ئەڵمانیش تاکە نەتەوە نین بە خول و وێستگەی جیاجیا و پێکدا ھەڵپژان و بوونی بیروڕای جیاوازدا ھاتبن. لەم دۆخەدا کە خەونی گەورە یەکگرتنەوە بووە، کەچی گروپێکی کەمینە کە بە بزاڤی ناڕەزایی ناسراون دێنە مەیدان دەڵێن: یەکگرتن بێ ئازادی هیچ بەھایەکی نییە و نامانەوێ.

لە 1849 بەتەواوی مۆرکی ململانێیەکی نێگەتیڤی نێوان ئەم دوانەی بەخۆوە گرت. کێشەی سەرەکی بریتی بوو لە:

ناوچەی ،Schlesisch ,Holsten,Lauenburg سێ شەڕی لەسەرکرا تا دواتر هاتەوە سەر ئەڵمانیا.

نەمسا داوای رابەرایەتی و ئیمتیازی زۆری لە دۆیچەبوند دەکرد بۆ قەیسەرەکەی.

ئەوە بوو ساڵی 1866 لەسەر دەستی بسمارک کۆتایی بە یەکێتی ئەڵمانیا ھات، بەڵام کۆتایی نەھێنرا بە یەکێتی نەتەوەیی نەجیبزادە گەورەکانی ئەڵمانیا. چونکە دەرکەوت دەوڵەسازییەکی ئەڵمانی بێ بەشداری و کاریگەری میرەکان مەحاڵە. دەتوانین ئامانجە نەتەوەییەکانی ئەو سەردەمە لەم خاڵانەدا بخەینەڕوو:

1- نەتەوەسازی: خۆدۆزینەوەی ئەڵمان وەک نەتەوەیە. لە رێگای ھاندانی زیاتری ھۆشیاریی نەتەوەیی لە نێوان تەواوی دەستە و گروپەکانی گەلدا، لە رێگای دروستکردنی کۆمۆنیکاسیۆن/ راگەیاندن و گواستنەوە و رێکخراو لە چوارچێوەی مەسەلە نەتەوەیی و بەخشندەییە نەتەوەییەکەدا.

2- دیموکراتیزەکردن: بەرەوپێشبردنی سیاسەتی نەتەوەیی بۆرژوازی بۆ بەدیھێنانی ئازادی و مافی بەشداری قسەکردن.

3- دەوڵەتسازی نەتەوەیی: پێشتر ئاماژەمان بەوەدا پەرلەمان دەسەڵاتی بەسەر تاکە تاکەی دەوڵەتۆکەکاندا نەدەشکا. یەکێتی ئەڵمانیا تاکە خاڵی بچوک بوو کە ئەڵمانیای فیدڕاڵ، واتە کە میرەکان بتوانن لەسەری رێک بکەون. بەتایبەتی پاشای پرووسیا و قەیسەری ئاوستریا/ نەمسا کە ھەردووکیان بەناوی قەڵەمڕەوی خۆیانەوە نوێنەر بوون لەم یەکێتییەدا. ئەو رۆژانە قەیسەر و رایش دوو تایتڵی جێی باسبوون. دەوڵەتی نەتەوەیی قسەی لێنەدەکرا تەنانەت لە کاتی شۆڕشی 1848شدا. دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەوە ساز بوو چۆن فیدڕاڵی ئەڵمانی لە رووی سیاسییەوە شکۆی بدرێتێ یاخود بە چ میکانیزمێک یەکێتییەکی ئەڵمانی قوڵتر بەدەست بێت و خەونی یەکگرتنەوەی تەواوی ئەڵمانیا بھێندرێتە دی. ئەم ھەوڵ و ئاواتە بەھۆی بەرژەوەندیپەرستی تاکە تاکەی پرووسیا و ئاوستریاوە شکستی خوارد.

یەکێتی نەتەوەیی لە ساڵی1848 تا 1849دا شکستی ھێنا
جارێکی تر لە پاریس شۆڕش سەریهەڵدا و پاشای Louis Philippe، کە فەرەنسییەکان ساڵی1830 دوای دەرپەڕاندنی پاشا کارلی دە/Karl X هێنابوویانە سەر دەسەڵات، رووخاندیان و کوشتیان و بانگەوازی کۆمارییان کرد. بەم هۆیەوە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا و رۆژئاوا شۆڕش بەرپا بوو، بەتایبەت لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا، کە لێکچوونی زۆری هاوبەشیان هەیە. ئەڵمانەکان بە چاولێکەری فەرەنسا، شۆڕش و راپەڕینیان لە تەواوی شارەکاندا دەستپێکرد. سوپای دەوڵەتۆکەکان بەگشتی لایەنگری شۆڕشگێڕان بوون. شۆڕشی ناوبراو 3 رەھەندی ئابووری و سیاسی و کەلتوری/ ئەقڵی ھەبوو. شۆڕشی پیشەسازی بوو بەدروستکردنی ھێڵی ئاسن. ھەردوو دەوڵەتی بەریتانیا و بەلژیکاش رۆڵی ئەرێنیان تێدا گێڕا بەتایبەت بۆ خاوەن سەرمایە و کارگە و پیشەکاران، ئەمەش پرسی کۆمەڵایەتی نوێی لەگەڵ خۆی ھێنا. بەھۆی شۆڕشی ئازاری 1848 وە میرەکان ناچاربوون دەستبەرداری زۆری ئیمتیازەکانیان بن و دانبنێن بە میللەتدا کە بۆیان هەیە بێنە ناو دەسەڵاتی داهاتووەوە. داوا دەکرا یەکێتی ئەڵمان گۆڕانکاری تێدا بکرێ. لە 18.5.1848لە Paulskirche پەرلەمانی کڵێسای پاول لە فرانکفۆرت دەبوو ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە، لێرە شاندەکانی دەوڵەتۆکەی ئەڵمان کە نزیکەی600 کەس بوون کۆبوونەوە، کە زۆربەیان خوێندکار و ئەکادیمی بوون و کەسانێکی کەمی پشەورەریان تێدا بوو. کرێکار و ئافرەت لێرەدا بەشدار نەبوون. هەر بۆیە دواتر ناونرا پەرلەمانی پرۆڤیسۆرەکان. بۆ گەڵاڵەکردنی دەستوورێک. دوای ئەوەی نوێنەری پەرلەمانی کۆنگرەی نەتەوەیی لەتەواوی ناوچەکانی ئەڵمانیا بە ئازادانە ھەڵبژێردران دەستیانکرد بە نووسینی دەستوورێکی ئەڵمانی.

بۆ یەکەمجار بوو لێرەدا ئەڵمانەکان ھەستی ئەڵمان بوون وەک نەتەوەیەک لای دروست بێت. رێکخراو و سەندیکا و یانەکان رۆڵێکی باشیان لە شۆڕشی ناسراو بە شۆڕشی پێش ئاداردا گێڕا. ئەم هەموو گۆڕانکارییە، ویست و خواستی ئەڵمانی بۆ یەکگرتن خامۆش نەکرد. بۆیە چەند بەرپرس و سەرۆکێکی شۆڕش و راپەڕینەکە لە شاری هایدلبێرگ Heidelberg کۆبوونەوە و داوای هەڵبژاردنێکی ئازادیان دەکرد بۆ نووسینەوەی دەستوور. ئەوەش بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەڵمانیادا هاتە دی.

ھێزە بەرچاوەکانی ئەم قۆناغە و ئامانجە نەتەوەییەکان بریتی بوون لە:

– کۆنزێرڤاتیزم: خۆیان و رێکخستنەکانیان بۆ بەرگری لە شۆڕشی نەتەوایەتی و ھەندێک لەمانە داوای دەوڵەتێکی فیدڕاڵی پاشاییان دەکرد بە دەستورێکی فیدڕاڵییەوە.

– لیبڕالیزم: کەسەکانی ھەمووی خوێنەوار و بە ئەزموون بوون، دەیانویست لەگەڵ میرەکاندا دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەستووری نەتەوەیی بەسەرۆکایەتی پاشا لەسەری سەرەوە دابمەزرێنن. دیارە جەختیشیان لەسەر مافی ھاووڵاتێتی و کرانەوەی دەسەڵات بەڕووی ناوەوەو و دەرەوەدا دەکرد.

کاتۆلیزم: داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی فیدڕاڵیان دەکرد رووەو رایشی رۆمانی پیرۆز.

بزاڤی دیموکراتی: ھێزی پێشڕەو بوون لە زۆر بواردا دروشمی سیاسی نەتەوەیی سەرەکییان سەروەری گەل بوو. تێدەکۆشان بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی پەرلەمانتاری تەنانەت کۆماریش. بۆ یەکسانی ھاووڵاتی نەھێشتنی نەجیبزادەیی و داوای مافی کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکانیان دەکرد.

بزاڤی ژنان: ئاڕاستە و خواستیان زۆر لە دیموکراسەکانەوە نزیک بوون. لە گەوهەردا کۆبوونەوەی دەکرێت لەم چەند خاڵەشدا کۆبکرێتەوە:

فۆڕمی دەوڵەت: پاشانشینی بێت، بە میرات، یاخود هەڵبژاردن، یان کۆماری بێت.

سنووری دەوڵەت ئەڵمانیای گەورە بە نەمساوە، یاخود بچووک بێ نەمسا.

رێکخراوەکانی دەوڵەت، دەوڵەتی ناوەندی، یان فیدڕاڵی یاخود کۆنفیدڕاڵی.

مافی هەڵبژاردن ئازاد و کراوە بێت بۆ گشت لایەک، یاخود هەڵبژاردن بە سانسۆرەوە ئەنجام بدرێ.

دیارە ئەم ھەنگاوەش کارێکی ھێندە ئاسان نەبوو. وەک پێشتر باسمانکرد کێشەکە لەوەدا بوو ئایا یەکگرتنێکیگەورە یان بچووک پێکبھێنن. لەسەر ئەم پرسە بێنەوبەرە و مشتومڕێکی زۆر دەکەوێتە نێوان نوێنەرانەوە و باسەکە درێژە دەکێشێ و دەرئەنجام بڕیار دەدەن بۆ: پێکھێنانی یەکگرتنی ئەڵمانیای بچووک .پێویستە ئەڵمانیا دامەزراوەیەکی پاشایی بێت بە کاراکتەری فیدڕاڵییەوەو بە سەرۆکایەتی فریدریش فیلھێلمی چوارFriedrich Wilhelm IV. . ئەم پاشایە پێی خۆش بوو و دەشیویست هەروەک پاشای پرووسیا بمێنێتەوە و تاجی ئەڵمانی رەت دەکاتەوە. ئەمەش نیشانیدا کۆنگرەی نەتەوەیی پڕۆژەیەکە بۆ یەکێتی ئەڵمانیا شکستی خوارد1848 . ئەوە بوو دواتر بە زەبری ھێز و چەک کۆنگرەی نەتەوەیی ناوبراو ھەڵوەشایەوە دەرکەوت « یەکگرتنی ئەڵمانیا لەخوارەوە بۆ سەرەوە سەرناگرێت»، واتە یەکێتی لە نێو میللەتەوە نەگەیشتە ئامانج. جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکرێت بەشێکی باشی ئەو بڕگە و پەڕەگرافانەی ئێستای ئەڵمانیا هی ساڵی شۆڕشی ناوبراوە، کە ئێستا نزیکەی 170 ساڵی بەسەردا تێپەڕیووە. یەک لەوانە تێکستی سروودی نەتەوەیی ئەڵمانیایە، کە هی شاعیر Hoffmann Fallersleben و ساڵی1841نووسیویەتی و شاعیر لایەنگری سەرسەختی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. کە هاوار دەکات: « ئەڵمانیا لەسەروو هەموو شتێکەوە. بڕگەیەکی تری بریتییە لە :» یەکگرتن و دادپەروەری و ئازادی بۆ نیشتمانی ئەڵمان».

یەکگرتن لە سەرەوە بۆ خوارەوە
دوای شکستی شۆڕش و کۆنگرەی نەتەوەیی لە ئەڵمانیا1848 تا 1849 جارێکی ترRestauration ئەشکەنجە و ڕاوەدوونان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان دەکەوێتەوە کار. پاشا و میرەکان حەزدەکەن ببنەوە بە خاوەنی دەسەڵاتەکەی جارانیان. کۆتایی 1849 و سەرەتای 1850 لیبڕالیزم رووداوێکی تری تەکاندان و جۆشدانی بەخۆیەوە دی «رێکخراوی نەتەوەی ئەڵمان/» Deutsche Nationalverein دامەزرا. ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی بچووکی ئەڵمانی بەسەرۆکایەتی پرووسیا و پاشاکەی وەک وڵاتی بەریتانیا بتوانرێت لەلایەن پەرلەمانەوە کۆنترۆڵ بکرێت. پاشای پرووسیا Wilhelm I،ئەمەی پێخۆش نەبوو. بۆ ئەوەی خۆی لەم گرفتە رزگار بکات ئۆتۆ ڤۆن بسمارک Bismarck 1862 ی وەک سەرۆک وەزیرانی پرووسیا دەسنیشانکرد و دەستبەکار بوو. بسمارک پیاوێکی خاوەن بیری سیاسی و ستراتیژ بوو، لێهاتوو و تێگەیشتوو بوو، دەیزانی خەبات و تێکۆشانی گەل بۆ دەسەڵاتی زیاتر و بەشداری لە بڕیاردان بە سانایی کۆتایی نایەت. بۆ خۆیشی یەک ئامانجی لە مێشک و بەرچاودا بوو، یەکگرتنی ئەڵمانیا. بۆیە خێرا سەرنجی میللەتی بۆ پرسی یەکگرتنی ئەڵمانیا راکێشا. بە خێرایی کەوتە جێبەجێکردنی پلانەکەی خۆی و بسمارک بۆ یەکێتی ئەڵمانیا بە پەرۆش بوو، دیارە بەو شێوەیەی بەقازانجی پرووسیا بشکێتەوە. کانسلەری/ راوێژکاری پۆڵایین بسمارک نەخشە و بەرنامەی خۆی ھەبوو:

1- چەکدارکردن و پۆشتەوپەرداخکردنی سوپا.

2- بەدوای گونجاوترین بیانوودا بگەڕێ، بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ دژ بە نەمسا و دەرپەڕاندنی یەکجارەکییان لە فیدڕاڵی ئەڵمانیدا.

3- هەڵوەشاندنەوەی فیدڕاڵی ئەڵمانی Deutsche Bund.

4- زاڵبوون بەسەر دەوڵەتۆکە بچووک و مامناوەندییەکاندا، تاوەکو پڕۆسەی یەکێتی نەتەوەیی لەژێر سایەی پرووسیادا بەدوا ئاکام بگەیەنێت.

ئەڵمانیای ئەو رۆژگارە 1850نزیکەی 1500 گۆڤار و رۆژنامەی لێدەردەچوو. پاش ماوەیەک دەگاتە چوار هەزار. دەیان هەزار خوێندکاری هەبوو، خاوەنی چەندین زانکۆی بەناوبانگی بوو لەسەر ئاستی جیهاندا، خاوەنی رێکخراوی گومرگ بوو کە 18 دەوڵەتۆکەی لەخۆیدا کۆکردبۆوە.

شەڕی براکوژی ئەڵمانی و فیدڕاڵی ئەڵمانیای باکوور
ساڵی 1864 دانیمارک بەنیاز بوو Schlesisch بخاتە سەر وڵاتەکەی خۆی و پاشای دانیمارک Christin9. دوو ناوچە Holstein، Lauendburg یاسا و دەستووری خۆیان بەسەریاندا بسەپێنێت. ئەمش قبوڵ نەدەکرا، چونکە ئەو ناوچانە بە بەشێک لە نیشتمانی ئەڵمان تەماشا دەکران. خێرا ئەمە لەلایەن پرووسیاوە قۆسترایەوە و بێ پرسی پەرلەمان بسمارک هێزی نارد بۆ سەر دانیمارک. ھێزەکانی نەمسا و پرووسیا لەشەڕێکدا دانیمارکیان بەزاند و ناچاریان کرد واز لەم ھەوڵ و چاوچنۆکییەی بھێنێت. رێکەوتننامەی گاسشتانەرGasteiner 1865 پێکهات. بەم پێیە شلێسلیش لەلایەن پرووسیاوە بەڕێوە ببرێت و ئەوی تری لەلایەن نەمساوە. لەگەڵ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتەشدا، هێشتا ئەم دوو ھێزە ھەر ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتردا. دەبوو ئەم ململانێیە یەکلایی بکرێتەوە، تا لە ساڵی 1866 دا بسمارک توانی لە شەڕی Koniggratz بەسەر نەمسادا سەربکەوێت و هەر شتێک بۆ واڵا بێت. بسمارک بۆ ئەم شەڕە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیتاڵیادا کرد. ئیتاڵیاش بۆ خۆی دژ بە نەمسا بوو، لەبەرئەوەی بەشێکی وڵاتەکەی داگیرکرد بوو. ئەم شەڕە لە مێژووی ئەڵماندا بە «شەڕی براکوژی» ناوی دەرکردووە. هەر سێ زلهێزەکەی ئەو رۆژگارەی ئەوروپا. رووسیا، فەرەنسا و ئینگلتەراش رۆڵیان گێڕا لەم شەڕ و ئاشتییەدا.

لە ئاکامدا رێکەوتننامەی ئاشتی پراگ هاتە کایەوە. دەرئەنجامی ئەم رێکەوتنە کۆنفیدڕاڵی ئەڵمان ھەڵوەشایەوە. بۆیە پێویست بوو نەمسا رەزامەندی بدات بەرامبەر بە دروستکردنی فیدڕاڵی ئەڵمانی باکوورNorddeutsche Bund. بەمەش ھەر 22 دەوڵەتۆکەکەی باکووری ئەڵمانیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیدا یەکگرن. رووسیا پێشنیازی کرد، چوار دەوڵەتۆکەی باشوور، باڤاریا/ بایەرن، بادن، ڤوتەنبێرگ و بەشێکی هێسن، سەربەخۆ بمێننەوە. بۆیە بسمارک نەیتوانی دەست بەسەر باشووردا بگرێت. جگە لە رێکەوتنامەیەکی بەرگریی ساڵی1870 لە نێوان دەوڵەتۆکەکانی باکوور و باشووردا، هیچ پەیوەندییەکی تری سیاسی باکوور و باشووری ئەڵمانیای پێکەوە نەدەبەست. بەپێی ئەم رێکەوتنامەیە، پێویست بوو لەسەر هەر لایەکیان، ئەگەر تووشی هەڕەشە و شەڕ بوون، لایەنەکەی تر بێتە هانایەوە. دەوڵەتۆکەکانی باشوور زیاتر لەژێر هەژموونی ئیمپراتۆرێتی هابسبۆرگدا بوون. بسمارک دەستیکرد بە گفتوگۆ و گرتنەبەری چەندین شێواز بۆ رازیکردنی پاشاکانی ئەم دەوڵەتۆکانە، بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە بۆ یەکگرتن. خۆ دەیتوانی بەشەڕیش داگیریان بکات و هەندێک دەستکەوتی تر بەدەست بهێنێت، بەڵام وەک سیاسەتمەدار و دیبلۆماتێکی گەورە و کارێزمایی، میتۆدێکی تری گرتە بەر. خەونی یەکگرتن، کە دوا ئامانجی بوو لە هەر شت زیاتر بەلایەوە پیرۆز بوو. بۆیە بەردەوام لە کاردا بوو بۆ گەیشتن بە دوا قۆناغی سەرفرازی. دواجار بۆ رازیکردنی پاشای بایەرن، بسمارک دەیزانی پاشای ناوبرا زۆر حەزی لە کۆشک و تەلار و شوێنی رازاوەی تایبەتە و حەز دەکات خۆی پێ هەڵداتەوە، بۆیە بڕیاریدا گرانترین و جوانترین و بەناوبانگترین کۆشکی ئەو سەردەمەی بەناوی Schloss Neuschwanstein بۆبکڕێ بە5,2 ملیۆن مارکیزێڕ، کە دەکاتە زیاتر لە100 ملیۆن یۆرۆی ئەمڕۆ. ئەم کەینوبەینە دوای نزیکەی 100ساڵێک لە 1968 ئاشکرا بوو لە رێگەی نامەیەکی پاشای نابراو بۆ بسمارک. بەم جۆرە تا دەهات نەمسا کاریگەرێتی لەسەر دەوڵەتۆکەکانی ئەڵمانی کەم دەبۆوە. بەم پێیە حەز و ویستەکانی بسمارک ھاتە دی لە دەرپەڕاندنی نەمسا و ھەڵوشاندنەوەی فیدڕاڵی ئەڵمان/ Deutsche Bund و پێکھێنانی قەوارەیەکی تری نزیک لە حەز و خەون و بەرژەوەندییەکانی خۆیی و پرووسیا.

شەڕی ئەڵمانیا و فەرەنسا- دروستبوونی دەسەڵاتی کایزەری ئەڵمانیا
لە راستیدا ھێشتا یەکێتی ئەڵمانیا بەتەواوەتی ساز نەبوو، چونکە دەوڵەتۆکەکانی باشوور دڵنیا نەبوون و ھێشتا دڵەڕاوکە و گومانیان لەسەر ھەنگاوەکە مابوو. حەزیان نەدەکرد بکەونە ژێر رەحمەتی کوتەکی پرۆتستانەوە وەک ئەوەی دەوڵەتەکانی باشوور ئەنجامیان دابوو. بسمارک کارتێکی سیاسی تری راکێشا و لە مانگی September1868 دا، ماڵی پاشایەتی ئیسپانیا رووخا و لەلایەن حکومەتی راگوزارەوە بەدوای پاشازادەیەکی نوێدا دەگەڕا و پێشنیازیان بۆ ئەڵمان کرد لە بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرن، یەکێک دیاری بکەن بە شازادە. بسمارک ھەوڵیدا یەکێک لە بنەماڵەی Hohenzollern پێشنیاز بکات، بۆ جێنشینی پاشایەتی ئیسپانیا. ئەم بیرۆکە ئەڵمانییە، وایکرد فەرەنسا لەم ھەنگاوە بسڵەمێتەوە، چونکە پێی وابوو دەوڵەتێکی بەھێزی ئەڵمانی لە رۆژھەڵات هەیە و ئێستاش رۆژرئاوای لێ بگیرێت پەرێشان دەبێت. ئەگەرچی ئەڵمانەکان کاندیدەکەیان کێشایەوە و پێویست بوو فەرەنساش بەم رەفتارە خۆشحاڵ بێت. کەچی ناپلیۆنی سێیەم داوای لە پاشا Wilhelm I کرد، لە ئایندەدا جارێکی تر هیچ داوایەکی لەم جۆرەیان نەبێت و بێدەنگ دانیشن. پاشا ڤیلھێلم ئەم هەڕەشەیەی فەرەنسای بەشێوەیەکی نەرم رەتکردەوە. بەڵام بیسمارک ھەوڵێکی دیپلۆماسیدا ئەوەی ناسراوە بە Emser Depesche و بە زمانێکی زبر و توند وەڵامە داڕێژراوەکەی بۆ ناپلیۆنی سێ دایەوە بە فەرەنسییەکان. بسمارک هانی رۆژنامەکانی دەدا، دژ بە سیاسەتی دوژمنکارانەی فەرەنسا شت بنووسن. ناپلیۆن لەم رەفتار و لووتبەرزیەی زۆر نیگەران بوو. ئەم بابەتە لە میدیاکانی فەرەنساشدا بەفراوانی بڵاوکرایەوە و مشومڕی لێکەوتەوە. ئەوەبوو لە 19-6-1870 دا شەڕی دژی ئەڵمانیا راگەیاند. دەوڵەتۆکەکانی ئەڵمانی باکوور بەپێی ئەو رێکەوتنەی لەگەڵ دەوڵەتۆکەکانی باشووردا مۆریان کردبوو، بەھەردوو لا بەرەنگاری ھێزەکانی فەرەنسی بوونەوە. لە شەڕی Metz، Sedan دافەرەنساتێکشکاو و خودی ناپلیۆنی سێیەم و 100,000سەد هەزار سەربازی بەدیلگیران و بسمارک پاریسی داگیرکرد. هەر لێرەوە رایشی ئەڵمانی راگەیەندرا. لەمانگی 11.1.1870کەوتنە گفتوگۆ و دانوستاندن دەوڵەتۆکەکانی باشوور ھاتنە ناو باکوورەوە و بەمەش بسمارک سەلماندی کە بەخوێن و ئاسن یەکگرتنی دەسەڵاتی ئەڵمانیا پێکھێنا.

دوای سەرکەوتنی تەواوی بیسمارک، ویستی نازناوی سەرۆکی یەکێتی بداتە پاشای پرووسیا ڤیلهێلمی یەکەم. دواتر بە باشیزانی نازناوی ئیممپراتۆری بداتێ. لەمەشدا کێشە و بەزمی بۆ دروست بوو ئایا: نازناوی ئیمپراتۆری ئەڵمانیا یاخود ئیمپراتۆری ئەڵمانی بداتە پاشا. پاشا زۆر دڵ تەنگ دەبێت و کاتێک هۆڵی ڤیرسیا بەجێدێڵێ خواحافیزی لە بسمارک ناکات. دەرئەنجام پاشا نازناوی ئیمپراتۆری ئەڵمانی وەردەگرێ، کە بچووکترە لە نازناوی ئیمپراتۆری ئەڵمانیا. لەبڕیارێکی رایشتاگدا لە 10-9-1870 دافیدڕاڵی ئەڵمانی باکوور کرا بەدەسەڵاتی ئەڵمانی کە سەرکەوتن بەسەر فەرەنسا دەی خواست ElsaB-Lothringen بچێتە سەر ئەڵمانیا. ئەم دوو ناوچەیە هەتا ساڵی1643 بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرێتی رۆمانی پیرۆزی جەرمەنی. لە رێکەوتننامەی ڤێستڤێلیشی 1848خرایە سەر فەرەنسا و هەر بە ئەڵمانیش مایەوە. پاشان بە کاریگەری شۆڕشی فەرەنسا، زیاتر نزیکی ژیانی فەرەنسا بوونەوە، بەڵام ئەڵمانیا جارێکی تر دەستی کردەوە بەداواکردنەوەی ئەم دوو هەرێمە، کە کەوتوونەتە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵاتەوە. ترایشکەی مێژوونووس کە پێیوابوو پێویستە ئەڵمانیا مافی خۆی بسێنێ و نەبێتە «منداڵە ونبووەکە» دەڵێت:» ئەم دەڤەرە هی ئێمەیە بەپێی هەقی شمشێر». واتە بە زەبری کوتەک. بەم جۆرە رایشی ئەڵمانی لە 18.1.1871-1918دوای کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی مایەوە. دوای ئەو سەرکەوتنانە کێشەی سنووری ئەڵمانیا، کێشەی لوکسەمبۆرگ و زۆر شوێنی تر رووبەڕووی ئەڵمان بۆوە. ساڵی 1859 رێکخراوی کۆمەڵەی ئەڵمانی/ ریکخراوی نەتەوە، دروست بوو بە ئاشکرا داوای هەردوو ناوچەکەی لە فەرەنسا دەکردەوە. نووسەرێک پێیوایە:» بۆیە دۆخی ئەڵمان بۆ بەدەوڵەتبوون هێندە دواکەوت لە چاو ئینگلیز و فەرەنسادا، چونکە هیچ میر و بنەماڵەیەک نەیتوانی تاجی پاشایەتی بەردەوام بە مسۆگەریی بپارێزێ».

لە راستیدا کێشەکە لەوەدا بووە، ئەڵمان پاشای خۆیان هەڵبژاردووە و بە میرات بۆ تاکە بنەماڵەیەک دەسەڵات نەماوەتەوە، وەک ئەوەی ئینگلیز و فەرەنسا. بۆ نموونە بنەماڵەی هابسبۆرگ تاجی قەیسەری رۆمانییان بەمیرات لە ،1438-1806 لا بووە. لە بەریتانیا تا ئێستاش هەر لای یەک بنەماڵەیە. بەندە لەسەر بسمارک ـ وتارێکی جیای تێروتەسەلم لەسەر ژیان و سیاسەت ئەو بڵاوکردۆتەوە ـ راوێژکار، کارێزما و سیاسەتمەداری کۆنزەرڤاتیڤ و سەرکردەی مەیدانی شەڕ و پیاوی دەوڵەت، کە بە بیسمارکی «خوێن و ئاسن»یش ناسراوە، توانی هەر بە خوێن و ئاسن ئاوات و خەونی یەکگرتنی ئەڵمانیا پێک بهێنێت. بسمارک لە وتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێت:» لەم کاتەدا کۆمەڵێک کێشەی گەورە لە رێگای قسەکردن و بڕیاری زۆرینەوە یەکلا نابێتەوە، بەڵکو بە هۆی ئاسن و خوێنەوە».

«هانس کۆهن/Hans Kohn، مێژوونووسی ناودار، لە بەراوردێکی وردی نێوان ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا دەنووسێت: پرووسیا بێ هاوکاری دەرەکی گەیشتە ئامانجەکانی، پێچەوانەی ساردینی ئیتاڵیا، کە چاوی لە پشتیوانی دەرەکی بوو. پرووسیا لە رووی سیاسیی و سەربازییەوە دوو لە سێی ئەڵمانیای پێکدەهێنا، چونکە دەوڵەتۆکەکانی تری وردە وردە قوت دەدا و بەرلین تا دەهات دەبوو ناوەند و دواجار بووە پایتەخت، ساردین یەک لەسەر دەی ئیتاڵیای بەدەستەوە بوو، دواییش پایتەخت چووە رۆما و کافوور سەرسامی سیاسەت و سیستەمی ئینگلیزی بوو، دەیویست بەهۆی چینی ناوەڕاستەوە و بە ڕەوایەتی بڕیاری پەرلەمانی، داگیرکاری بکات، لە کاتێکدا بسمارکی بەهێز هەر گوێی بە لیبڕالیزمی رۆژئاوایی و دەستوور و پەرلەمان نەدەدا. هەر بۆیە شێوازی یەکگرتن و بەدەوڵەتبوونی ئەڵمان بە « رێگای تایبەت» بەشێوازی خۆی ناو دەبرێت. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەبەردەم شکۆی سەرکەوتنە سەربازییەکانی بسمارکدا ئەبڵەق ببوون و ورەیان بەردەدا، بە واتایەکی تر رایشی ئەڵمان لە مەیدانی جەنگدا لەدایکبوو. بسمارک رایشی ئەڵمانی لە کۆشکی ڤێرسای فەرەنساوە راگەیاند».

دەرئەنجامی شەڕەکانی ئەڵمان بریتی بوون لە:

1- پرووسیا، دەوڵەتۆکەکانی باکووری ئەڵمانیای بەستەوە بەخۆیەوە، کە لەژێر دەسەڵاتی نەمسادا بوون.

2- کۆنفیدڕاڵی باکووری ئەڵمانی دروستکرد و دەستوورەکەی بە دڵی پرووسیا داڕێژرا. بەم شێوەیە پرووسیای هەڵکەوتوو هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئامانجی یەگرتنی نەتەوەی ئەڵمان هەنگاوی دەنا.

3- دەوڵەتۆکەکانی باشووری بە پەیماننامەی(خۆپارێزی و بەرگری) پابەندی پرووسیا کرد.

4- نەمسای لە دەستێوەردانی سیاسەتی ئەڵمان دەرپەڕاندوو، تا سەرقاڵی نەتەوەکانی تری ژێر دەستی بێت.

5- پرووسیا چارەسەری یەکگرتنی ئەڵمانیای بچووکی پەیڕەو کردو و سەری گرت و بووە زلهێزێکی ئەوروپایی.

6- شەڕ بووە مامانی یەکگرتنی نەتەوەیی و ناوکی بەدەوڵەتبوونیشی بڕی.

دەرەنجام:

بسمارک سەرکردەیەکی کارێزمایی کۆنزرەڤاتیڤ بووە و جیهانبینی فیکری نەتەوەیی وەک ماتزینی نەبوو. بەڵام باوەڕی پتەوەی بە یەکگرتنی ئەڵمان هەبوو.

یەکگرتن لەسەرەوە بۆ خوارەوە بە ئەنجام گەشت.

هەموو توێژ و دەستە و تاقمەکان بەشداری یەکگرتنیان کرد، خوێندکاران و ئاکادیمیستی و شارییە لیبڕاڵەکان و زانکۆ.

دروشمی» ئازادی و مرۆڤایەتی» ئامادەیی نییە، وەک لای ئیتاڵییەکان هەبوو.

فاکتی شەڕ لە چارەنووسی ئەڵماندا رۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە. شەڕی دژی دانیمارک1864، شەڕی براکوژی ئەڵمان و نەمسا 1866و سەرکەوتنی ئەڵمان و شەڕی فەرەنسا.1870-1871 و بە شەڕ هێنانەوەی ناوچەکانی لۆڕینگەن ـ ئیلزاس.

پێکهێنانی رێکخراوی پیشەیی جۆراوجۆر. بزاڤی ئەدەبی و فەلسەفی پاڵهێزێکی مینۆکی و بژێوییەکی بەردەوامی ئەڵمانبوون بووە. ئاهەنگێڕانی خوێندکاران و لیبڕاڵەکان بۆ جۆشدانی هەستی نەتەوەیی و یەک شوناسی ئەڵمانی.

ئابووری هۆکارێکی چارەنووساز بووە لە پڕۆسەی یەکگرتنی ئەڵماندا، بازاڕێکی بەهێزی ناوخۆی سازدا. پێش یەکێتی سیاسیی کەوتەوە. بەدوای ئەویشدا شۆڕشی پیشەسازی بەتایبەت دروستکردنی هێڵی ئاسن و تۆڕبەندی ناوچەکان پێکەوە.

بەهۆی دامەزراندنی»رێکخراوی گومرگ»ـەوە، یەکێتییەکی ئابووری پێکهات، کە رۆڵی گرنگی بۆ ئابوورییەکی بەهێز گێڕاوە و بازرگان و کارخانەکانیش دەرفەتی زیاتری دەستکرانەوەیان بۆ ساز بوو.

دەستنیشان کردن و وێناکردنی فەرەنسا وەک دراوسێ و هاوکات دوژمنێکی باوەکوشتە، هەوێنی رابوونی ئەڵمان و یەکگرتنیان بوون.

هەرێمی پرووسیا مەڵبەندی بزاڤە فرە لایەنەکەی ئەڵمان و هەڵگری ئاڵای یەکگرتنەوە و زوو بووە دەسەڵاتێکی باڵادەستی ئابووری و سیاسی، هیگۆمۆنی –Hegemonieبەرچاوی ئەوروپ.

رۆڵی مارتن لۆتەر لەڕێی ریفەرماسیۆن و وەرگێڕانەکەی ئینجیلەوە لە سەر زمانی ئەڵمانی. بەڵام جیاوازی مەزهەب پەکی زۆر پێشکەوتنی لە ئەڵمان گرت.

شایانی ئاماژە پێدانە، ئەگەر بە چەند وشەیەکیش بێت، باسێکی خێرای مێژووی نوێی ئەڵمان بکەین. ئەڵمان بەشداری هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی کردوو و لەبەرەی دۆڕاودا بوون. نازیزم لە دوای کۆتایی یەکەم جەنگەوە، لەسەر دەستی هیتلەردا گەیشتە چڵەپۆپەی دەسەڵات و تەنانەت لایەن و هۆکاری هەڵگیرسێنەری دووەم جەنگی جیهانیش هەر ئەڵمان بوون. پاش دۆڕانی جەنگ جارێکی تر لە ساڵی 1945دا ئەڵمانیا دابەش بۆوە بەسەر دوو بەشدا. بەشی رۆژئاوا، لەژێر دەسەڵاتی هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەرایەتی» ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا»دا و بەشە رۆژهەڵاتییەکەی لەژێر دەسەڵاتی سۆڤێتدا. هەردوو بەشەکە نوێنەری دوو سیستەم و دوو بلۆکی جیاوازی جیهانیان دەکرد.

ئەم دوو بەشەی یەک وڵات، نوێنەری دوو جیهانبینی ئایدۆلۆژی و سیاسی تەواو جیاواز و دژ بەیەک بوون. ئەڵمانیا ناوەندی ململانێی هەردوو بەرەکە و شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی بوو. نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت، کە ئەم وڵاتە بە دیوارێکی ئەستووری، دڕێژ و بەرز، کرابوو بەدوو بەشەوە. دوای هەرەسی بلۆکی رۆژهەڵات بەڕێبەرایەتی سۆڤێت، دیوارەکە لە 9.11.1989 دا داڕما و ئەڵمانیا بە فەرمی لە 3.10.1990 یەکی گرتەوە.

بەم گۆڕانکارییە گەورەیە، ئەڵمان و جیهان پێی نایە قۆناغێکی ترەوە و ئێستا ئەڵمانیا یەکێکە لەدەوڵەتە هەرە بەهێز و گەورە و خاوەن کاریگەری لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهاندا.

سەرچاوەکان:
-Nation und Nationalismus in Deutschland ..Otto Dann 1993
-Staat und Nation in der europaische Geschichte .Hagen Schulze 1999
-Von Machiavelli zu Nehru …Hans Kohn 1955
-Geschichte der Nationalismus in Europa Eugen Lemberg 1950
– Europaische Revolutionen 1789-1848 Eric Hobsbawm 2004
-Geschichte Kompakt Wissen 2013
– Der Winner Kongress Heinz Duchhardt 2013
– Deutsche Geschichte Eckhard Jesse 2004
– Der Deutsche Bund Wolt D. Guner 2012
ـ تاریخ لاحرکات القومیة فی اوروبە . خمس اجزاء…. تعریب / د. نوردالدین حاطوم/ ١٩٦٩
ـ نەوەکانی هیکتۆر، سینەما و گەلەریی، مێژووی ئەوروپا بۆ لاوان. محەمەد مەسعود محەمەد ٢٠١٩

 

 

مارتن لوتەر

 

بسمارک

 265 جار بینراوە