سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی کۆرۆنا داوای هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە دەکرێت

بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی کۆرۆنا داوای هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە دەکرێت

ساڵێک زیاترە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی جیهانی گرتووە و لە ناویاندا هەرێمی کوردستانیش، پاش چەندین هەوڵ دواجار توانرا ڤاکسین بەرهەم بهێنرێت، ئێستا وەرگرتنی پێکوتەی ڤاکسینی کۆرۆنا باسی گرنگی نێوان هاووڵاتیان و پزیشکان و شارەزایانی بواری تەندروستیە، لە هەرێمی کوردستان هاووڵاتیان هۆشدارییەکی تەواویان بەرامبەر وەرگرتنی ڤاکسینەکە نییە و هەر بە بیستنی هەندێک کاریگەریی لاوەکی لەسەر تەندروستی مرۆڤ کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر نیشانەکانی دەگۆڕێت، بەشێکی هاووڵاتیان خۆیان دوور دەگرن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە چەندیش پێویست بێت بۆیان، بێ ئاگا لەوەی جۆری ڤاکسینەکان جیاوازیان نییەو لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە رێگە پێدراون بۆ بەکارهێنان.

پێویستە هاووڵاتیان ڤاكسین دژی کۆرۆنا وەربگرن
هەموو ئاماژەكان دەریانخستووە رێژەی مردن بە کۆرۆنا زۆر زیاترە لە كاریگەریی ڤاكسینەكە، شنۆ ئەشقی ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ ئەوەی متمانەی تەواو لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین دروست ببێت پێویستی بەهەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی زیاتر هەیە لەلایەن حكومەت و لایەنی پەیوەندارەوە.

وتیشی: هیچ جیاوازییەك لە نێوان جۆرەكانی ڤاكسینەکاندا نیە‌و هەموویان رێگا پێدراون، بۆیە وەك لیژنەی تەندروستی پەرلەمان تەئكید دەكەنەوە كە پێویستە هاووڵاتیان ڤاكسین دژی کۆرۆنا وەربگرن.

شنۆ ئەشقی داواشیكرد: لە پێدانی ڤاكسین جیاوازی لەنێوان چین و توێژەكاندا نەكرێت و بەگوێرەی پرۆگرامێك پرۆسەكە بەڕێوەبچێت تاكو خەڵكی متمانەی زیاتریان بە وەرگرتنی پێكوتەكە هەبێت و رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەرزبێتەوە.

بەهۆی ئەوەی رێژەی هاتنی ڤاكسین بۆ هەرێمی كوردستان كەمە، بڕیاردرا سەرەتا بەو كەسانە بدرێت كە لە گروپی مەترسیدارن، لەوانە بەتەمەنەکان یان ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەگەڵ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی.

تیمی گەڕۆک هەبێت بۆ کوتان
خاڵس قادر راوێژكاری تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێی وت: لەكاتی بەدەنگەوە نەهاتنی ئەو گروپانەی سەرەتا دەستنیشان کراون بۆ وەرگرتنی ڤاکسین پێویستە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە تیمی گەڕۆك پێكبهێندرێت تاكو سەردانی ئەو كەسانە بكەن و ڤاكسینیان پێبدرێت.

لە قۆناغی یەكەمی گەیشتنی ڤاكسین لە سنوری پارێزگای هەولێر نزیكەی 20هەزار كەس ئەو ڤاكسینەیان وەرگرتووە، ژمارەیەكی زۆریش ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو پێكوتەیە تۆماركردووە، بەڵام بەهۆی مانەوەی رێژەیەكی كەم لە ڤاكسین پێویستە چاوەڕوان بن.

بژار موسا وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند:» گەیشتنی وەجبەكانی ڤاكسین لە داهاتوودا بۆ هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت بۆیە هانی هاووڵاتیان دەدەن بەردەوام بن لە تۆماركردنی ناوەكانیان لە بنكەكانی تەندروستی پارێزگای هەولێر تا ئەوكاتەی بڕی پێویست لە ڤاكسین بەردەست دەبێت و بە هەمووان دەدرێت».

هەموو جۆرەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا باوەڕپێکراون
وەجبەی داهاتووی ڤاكسین كە بڕیارە بگاتە هەرێمی كوردستان لە جۆرەكانی سینۆفارمی چینی و ئاسترازێنیكایە وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای هەولێر وتی:» لە كوتان بە ڤاكسین هیچ جیاوازییەكیان لە لێدانی جۆرەكاندا لەنێوان خەڵكدا نەكردووە، بەو پێیەی هەموو ئەو جۆرانەی لە كوردستان و عیراق و جیهان بەكار دەهێندرێت لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە باوەڕ پێكراون و پێویستە خەڵكی كوردستان متمانەیان پێی هەبێت».

باسی لەوەشکرد، سەرەتا هاووڵاتیانی هەولێر بە كەمی خۆیان دەكوتا، بەڵام دواتر رێژەكە زیادی كرد، هەركەسێك كە بە ڤاكسینەكە دەكوترێت دەبێت نیو سەعات لەژێر چاودێریی پزیشكیدا بمێنێتەوە.

لە عیراق 250 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە
هەروەها پزیشكان پێیانوایە جیاوازیی ڤاكسینی فایزەر لەگەڵ ئاسترازێنیكا و سینۆفارم ئەوەیە كە دەبێت لە شوێنێكی زۆر سارد دا هەڵبگیرێت كە پلەی گەرمی تێیدا بە لای كەمەوە 70 پلەی ژێر سفری سەدی بێت، وەزارەتی تەندروستی عیراقیش بۆ ئەم ڤاكسینە ساردكەرەوەی تایبەتی لە دەرەوە هاوردە كردووە.

بەپێی زانیارییەکان تائێستا عیراق زیاتر لە 500 هەزار ژەمە ڤاكسینی لە جۆرەكانی ئاسترازێنیكا، سینۆفارم و فایزەر دابینكردووە، كەچی كەمتر لە 250 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە ئەوەش لە كاتێكدایە كە وەزارەتی تەندروستی عیراق گرێبەستی كڕینی زیاتر لە 16 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی كردووە، بەڵام تائێستا ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیان ئامادەبوون ڤاكسین وەربگرن.

 444 جار بینراوە