سەرەکی » وتار » ئاوات كۆكه‌یی » كاروانی شەهیدبوون

كاروانی شەهیدبوون

نیوەشەوی 1/5/2021 چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە (زورگەزراو)ی سنووری هەولێر لە نێوان پردێ و دوبزدا، لە ئاكامدا سێ پێشمەرگەی سریەی 2ی فەوجی 3ی لیوای 10ی پیادە شەهیدبوون كە یەكێكیان ئەفسەرە بە پلەی نەقیب و فەرماندەی سریەكە بووە، دوو پێشمەرگەش برینداربوون.

عەمید ئەحمەد لەتیف لێپرسراوی راگەیاندنی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەعات 12:30ی شەوی 1/5/2021 تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە زورگەزراوی سنووری پردێ، پێشمەرگەكانی لیوای 10ی پیادەش كە واجبیان لەوێیە، قارەمانانە لێیان هاتنە دەست و شەڕێكی سەخت دروستبوو، لە ئەنجامیشدا سێ پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و دووانیش برینداربوون. وتیشی: یەكێك لە شەهیدەكان ئەفسەرە بە پلەی نەقیب و فەرماندەی سریە بووە، شەڕەكەش 45 دەقیقەی خایاندووە.

هەروەها، موقەدەم هێمن زرار حسێن بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتمانیی لیوای 10ی پیادە، جگەلەوەی زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە، زانیاریی زیاتریشی لەبارەی شەهیدەكانەوە پێداین و وتی: شەهید پشتیوان قەرەنی محەمەد ناسراو بە پشتیوان زراری، لە دایكبووی ساڵی 1980ی گوندی كودەریانی ناوچەی زرارەتیی پارێزگای هەولێرە، فەرماندەی سریەی 2 بووە لە فەوجی 3ی لیوای 10ی پیادە، بە پلەی نەقیب، خێزاندارەو خاوەنی 5 منداڵە.

هەروەها شەهید هێمن یەحیا سەعید، لە دایكبووی ساڵی 1986ی سنووری هەولێر، پلەی عەریف بووە لە سریەی 2ی فەوجی 3ی لیوای 10ی پیادە، خێزاندارەو خاوەنی 4 منداڵە.

شەهید ئیدریس بەهرام محەمەد، لە دایكبووی ساڵی 1987ی سنووری هەولێرە، پلەی (جێگری ئەفسەر پ 8) بووە، خێزاندارەو خاوەنی 4 منداڵە.

وتیشی: دوو پێشمەگەری هەمان سریە بریندارن بە ناوەكانی: حەمید سمایل ئەبابەكر و جەواد فەرهاد عەبدوڵڵا.

 552 جار بینراوە