سەرەکی » ئەدەب و هونەر » گوڵی ته‌ره‌قی: هه‌تا بمێنم ده‌نووسم ته‌نانه‌ت له‌م رۆژگاره‌ تاڵه‌شدا

گوڵی ته‌ره‌قی: هه‌تا بمێنم ده‌نووسم ته‌نانه‌ت له‌م رۆژگاره‌ تاڵه‌شدا

تازه‌ترین كتێبی گوڵی ته‌ره‌قی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكه‌ به‌ ناوی (دیوهای خوش پوش-دێوه‌ رێكپۆشه‌كان) كه‌ شه‌ش كورته‌چیرۆكی له‌ خۆگرتووه‌. تایبه‌تمه‌ندیی و په‌یامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی چیرۆكنووسینی گوڵی ته‌ره‌قی له‌ چیرۆكه‌كانی ئه‌م كتێبه‌شدا به‌دیده‌كرێت. به‌لای زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م چیرۆكانه‌وه‌، شادیی و به‌خته‌وه‌ریی له‌ جێگایه‌كی رابردوویاندا خه‌وتووه‌ كه‌ ئیتر وا دێته‌به‌رچاو قابیلی به‌ده‌ستهێنان نییه‌. سه‌فه‌ر و كۆچیش بابه‌تێكی تره‌ كه‌ له‌ هه‌ندێ له‌ چیرۆكه‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا به‌دیده‌كرێت. بۆ نموونه‌ له‌ چیرۆكی «زندگی دیگران- ژیانی كه‌سانی دیكه‌«دا رووبه‌ڕووی چه‌ند كاره‌كته‌رێك ده‌بینه‌وه‌ هه‌موویان ده‌یانه‌وێ له‌و شوێنه‌ بڕۆن كه‌ تیایدا ده‌ژین. سه‌فه‌ر به‌لای كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر به‌شێكه‌ له‌ ژیانیان به‌ڵكو پێداویستی ژیانیانه‌ و ده‌ڵێی چاره‌نووسیان به‌ سه‌فه‌ره‌وه‌ گرێداوه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌لای كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌وه‌ نووسین رێگایه‌كه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌یرانی ئێستای ژیان و به‌ ده‌ربڕینێك چیرۆكنووسین رێگایه‌كه‌ بۆ به‌رگه‌گرتنی ژیانی واقیعی. ده‌توانین ته‌نزیش به‌ یه‌كێكی تر له‌ خاسیه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ بزانین.

به‌ بۆنه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «دیوهای خوش پوش»ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گوڵی ته‌ره‌قی سه‌باره‌ت به‌ خاسیه‌تی چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ گفتوگۆمان كرد.

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

 

2-2

*ده‌توانین رابردوو و یاده‌وه‌ریی رۆژگاری به‌سه‌رچوو به‌ ناوه‌ڕۆكی دووباره‌ی چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی «دیوهای خوش پوش» بزانین و ئه‌م خاسیه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی چیرۆكنووسینی تۆدا هه‌یه‌. ئایا قایلیت به‌وه‌ی كه‌ له‌ چیرۆكه‌كانتدا رابردوو بایه‌خێكی زۆرتری پێدراوه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستادا و كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كان بۆ هه‌ڵاتن له‌ ئێستا زۆر جار حه‌زیان له‌ رابردووه‌؟

له‌ هه‌ندێك له‌ چیرۆكه‌كانی مندا رابردوو خراوه‌ته‌ڕوو به‌ڵام زۆر له‌ چیرۆكه‌كانم به‌و شێوه‌یه‌ نین. له‌ چیرۆكه‌كانی مندا رووداوێك روویداوه‌ و كه‌ ئێستا ده‌یبینین، باشه‌ ئه‌م رووداوه‌ له‌ ئاینده‌ یان له‌ ئێسته‌دا رووی نه‌داوه‌ به‌ڵكو له‌ زه‌مانی خۆیدا روویداوه‌. بۆ نموونه‌ له‌ چیرۆكی «ببر مازندران- پڵنگی مازنده‌ران»دا به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ واقیعدا رووداوه‌كانیم دیوه‌ و به‌ڕاستی ئه‌م پڵنگه‌ كاغه‌زییه‌م ده‌ناسی. كه‌سێك بوو وه‌كو پاسه‌وان هاتبووه‌ ماڵی براكه‌م و بڕیار بوو پارێزگاری لێبكات. «ئاغای ئیكس»ی ئه‌م چیرۆكه‌شم ده‌ناسی. پیاوێك بوو كه‌ هه‌میشه‌ ده‌ترسا، پێی وابوو كه‌ هه‌ر ده‌قه‌یه‌ك له‌وانه‌یه‌ شتێكی به‌سه‌ر بێت و زیاتر له‌هه‌ر شتێك له‌ دز ده‌ترسا. من ئه‌م شتانه‌م تێكه‌ڵی خه‌یاڵ كردووه‌ و چیرۆكه‌كه‌یم نووسیوه‌. پڵنگی مازنده‌ران كاتێ هات پیاوێكی باڵابه‌رز و چوار شانه‌ و زۆر تۆكمه‌ بوو ته‌نانه‌ت به‌ منی وت خانم من پڵنگی مازنده‌رانم و كاتێ ده‌نه‌ڕێنم دزه‌كان له‌ ترسدا ده‌كه‌ون به‌ ئه‌رزا. باشه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ك یان خه‌یاڵێكی سه‌باره‌ت به‌ خۆی له‌ مێشكدا هه‌بوو كه‌ واقیعی نه‌بوو، كاتێ به‌ڕاستی دز په‌یدا بوو خه‌ریك بوو له‌ ترسدا جه‌ڵته‌ لێیده‌دا. راسته‌ له‌م چیرۆكه‌دا گه‌لێ ساتی سه‌رسوڕهێنه‌ر و ته‌نزئامێز هه‌یه‌ به‌ڵام من بۆ نووسینی به‌وانه‌ وازم نه‌هێناوه‌ و له‌ پشت هه‌موو رووداوه‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌وه‌ راستییه‌ك خۆی حه‌شار داوه‌ و ئه‌ویش حه‌قیقه‌تی مرۆڤێك بوو كه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێ زیاتر له‌ دز ده‌ترسا به‌ڵام ده‌مامكی كردبووه‌ روخساری خۆی و خۆی له‌ شوێنی پڵنگی مازنده‌ران داده‌نا. مه‌سه‌له‌ی ده‌مامك به‌ستن و شاردنه‌وه‌ی روخساره‌ كاغه‌زییه‌كان هه‌میشه‌ به‌لای منه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رنج بووه‌ و له‌ زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانمدا باسم كردووه‌. جۆره‌ها ده‌مامك هه‌ن و زۆرجار له‌ پشت ئه‌و ده‌مامكانه‌وه‌ خۆمان حه‌شار داوه‌. یان بۆ نموونه‌ له‌ چیرۆكی «دنیای په‌نهانی دنی ئا» دا (دنی ئا). له‌ گه‌ڕان به‌دوای ناسینی دایكیدا، ده‌ست ده‌كات به‌ پرسیاركردن له‌ خه‌ڵك. كاتێ له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا كه‌ باش ده‌یناسێت گفتوگۆ ده‌كات ده‌بینێت ئه‌م كه‌سه‌ ئەوە نییه‌ كه‌ ئه‌و بیری لێ ده‌كرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوڕێی مناڵیشی بووبێت. پرسیاره‌كانی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مامكی مرۆڤه‌كان له‌ روخساریان لابچێت و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی دایكی (دنی ئا) قسه‌ بكه‌ن باسی خۆیان و رابردووی خۆیان ده‌كه‌ن. به‌م پێیه‌ (دنی ئا) ده‌بینێت هه‌ر یه‌كه‌ له‌وانه‌ ژیانێكی شاراوه‌یان هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌م نه‌یزانیوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ خۆشی ژیانێكی شاراوه‌ی هه‌یه‌ كه‌ كه‌سانی دی ئاگایان لێی نییه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ من له‌ ژێر كاریگه‌ری (ژیانی راسته‌قینه‌ی سباستیان نایت)ی نابۆكۆڤدا بووبم. هه‌ڵبه‌ته‌ ته‌نیا هه‌مان ناونیشان (ژیانی راسته‌قینه‌ی سباستیان نایت) بیرۆكه‌ی نووسینی چیرۆكێكی تری پێدام، ده‌نا چیرۆكی (دنی ئا) په‌یوه‌ندی به‌ چیرۆكی سباستیانه‌وه‌ نییه‌.

*ئه‌گه‌رچی ره‌گه‌زی ته‌نز له‌ زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌دا به‌دیده‌كرێت، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین له‌ چیرۆكی «ببر مازندران-پڵنگی مازنده‌ران»دا ئه‌م خاسیه‌ته‌ دیارتر و تۆختر به‌دیده‌كرێت. ئه‌م چیرۆكه‌ ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ وه‌هم و كابوس و ترسه‌كانی (ئێكس)دا تێكه‌ڵبووه‌، به‌ڵام جۆرێك له‌ فه‌نتازیا و گاڵته‌شی تێدا به‌دیده‌كرێت. ئایا قایلی به‌وه‌ی كه‌ ته‌نز هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ خاسیه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی چیرۆكنووسینی تۆ؟

چیرۆكه‌كانی من زیاتر به‌ ته‌نز نووسراون، چونكه‌ خۆم كه‌سێكی ئاوام. مرۆڤێكی به‌ رووكه‌ش جدی و دابڕاو نیم و هه‌میشه‌ سه‌ختییه‌كانی ژیانم به‌ پێكه‌نین و ته‌نز ته‌حه‌مول كردووه‌. خۆم یان كه‌سانی ده‌وروبه‌رم به‌گاڵته‌ گرتووه‌ و به‌م رێگایه‌ توانیومه‌ سه‌ختی و تاڵییه‌كانی ژیانم ته‌حه‌مول بكه‌م. ته‌نز به‌شێكه‌ له‌ وجودی من و كه‌سێكم كه‌ هه‌میشه‌ به‌ ته‌نزه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م و ته‌نانه‌ت له‌ خراپترین هه‌لومه‌رجی ژیانمدا ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ژیانم ده‌كه‌م به‌ چیرۆكی ته‌نزئامێز، هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانم به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ بگرم. ته‌نز له‌ زۆر شت رزگاری كردووم. خۆشم به‌جدی ناگرم و پێش هه‌موو كه‌سێك گاڵته‌ به‌ خۆم ده‌كه‌م و ته‌نانه‌ت كاتێ باسی پیریی یان مردنی خۆم ده‌كه‌م قسه‌كانم پێكه‌نیناوین. بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ستم په‌رش و بڵاوه‌ به‌لامه‌وه‌ تراجیدی نییه‌ به‌ڵكو وه‌كو رووداوێكی پێكه‌نیناوی دێته‌ به‌رچاوم. ئیتر گه‌یشتوومه‌ته‌ ته‌مه‌نێك كه‌ زۆربه‌ی شته‌كان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ڵێم و ئه‌م هه‌ڵانه‌ به‌لای منه‌وه‌ مایه‌ی پێكه‌نینن و به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ بۆ هاوڕێكانمی ده‌گێڕمه‌وه‌. سروشتی من ئه‌وه‌یه‌ به‌ ژیان پێبكه‌نم. به‌ قۆشمه‌یی و ته‌نزه‌وه‌ له‌ دایك بووم و له‌ چیرۆكه‌كانمدا ئه‌م قۆشمه‌یی و ته‌نزه‌ به‌دیده‌كرێت.

*له‌ چیرۆكه‌كانی «زندگی دیگران-ژیانی كه‌سانی دیكه‌ و» و «دنیای پنهان دنی.ئا-ژیانی شاراوه‌ی دنی. ئا» و «میس دانر و پسرهای كلاس سنگی-میس دانه‌ر و كوڕه‌كانی كڵاسی به‌ردین» به‌جۆرێك رووبه‌ڕووی نووسین و چیرۆك گێڕانه‌وه‌ ده‌بینه‌وه‌ و كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م چیرۆكانه‌ چوونه‌ته‌ پێگه‌ی نووسه‌ره‌وه‌. ده‌یانه‌وێ ببن به‌ نووسه‌ر و ده‌توانین ئه‌م سێ چیرۆكه‌ وه‌كو ئه‌و چیرۆكانه‌ سه‌یر بكه‌ین كه‌ سه‌باره‌ت به‌ چیرۆكنووسینن یان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌باره‌ت به‌ نووسینن. كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م سێ چیرۆكه‌ ئازادی له‌ نووسین یان له‌ چیرۆك گێڕانه‌وه‌دا ده‌بینن و بۆ رزگاربوون له‌ قه‌یرانی واقیع په‌نا بۆ چیرۆك ده‌به‌ن. ئایا به‌لای خۆشته‌وه‌ چیرۆكنووسین رێگایه‌كه‌ بۆ دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌یرانه‌كانی جیهانی واقیع؟

له‌ چیرۆكی «زندگی دیگران»دا، كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌ كارمه‌ندی (سازمان برنامه‌)یە ‌له‌ ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. من نزیكه‌ی نۆ ساڵ له‌ (سازمان برنامه‌) ئیشم كردووه‌ و به‌ڕاستیش له‌و ئیشه‌ بێزار بووم. فه‌لسه‌فه‌م خوێندبوو، ئه‌و بواره‌ی هیچ ئیشێك نه‌بوو بۆی. پێویستم به‌ ئیشكردن و پاره‌په‌یداكردن بوو، له‌سه‌ر داوای باوكم چوومه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌. له‌و ساڵانه‌دا كه‌ من له‌وێ كارمه‌ند بووم، هه‌موو شتێك بووم جگه‌ له‌ كارمه‌ندی ئه‌و ده‌زگایه‌. ئه‌سڵه‌ن نه‌مده‌زانی له‌وێ ئیشم چییه‌. نووسینگه‌یه‌ك هه‌بوو به‌ ناوی نووسینگه‌ی یارمه‌تییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان كه‌ له‌وێ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی لێبوو وه‌كو من نه‌یانده‌زانی بۆچی دامه‌زراون و ده‌بێت چ ئیشێك بكه‌ن. ئه‌م نووسینگه‌یه‌ وه‌كو دورگه‌یه‌كی ونبوو وابوو له‌ ناوجه‌رگه‌ی ده‌زگاكه‌دا. ده‌زگاكه‌ خۆی له‌ نهۆمی سێیه‌م بوو كه‌ نووسینگه‌ی بودجه‌ و هتد له‌وێ بوون. پێم وایه‌ كارمه‌نده‌كان زیاتر له‌سه‌ر داوای ئه‌م و ئه‌و هاتبوونه‌ ئه‌و شوێنه‌ وه‌كو من كه‌ له‌سه‌ر داوای باوكم چووبوومه‌ ده‌زگاكه‌. له‌و ده‌زگایه‌ به‌شێكیان دروستكردبوو كه‌ وه‌كو دورگه‌ی دوورخراوه‌كان وابوو. ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌نده‌ران به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌مریكا گه‌ڕابوونه‌وه‌ و ئینگلیزیان ده‌زانی و داواكرابوون، له‌وێ دایانده‌نان بێگومان به‌و ئامانجه‌ی هه‌رچیتان ده‌وێت بیكه‌ن ته‌نیا حه‌قتان به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌ نه‌بێت. نووسینگه‌ی یارمه‌تییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان كه‌ من له‌وێ بووم له‌ هه‌مانكاتدا سه‌رنجڕاكێش بوو، چونكه‌ زۆر شت له‌وێ روویده‌دا كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌كرا چیرۆكێكی جیا بێت. من له‌وێ به‌ڕاستی به‌ چیرۆكنووسین توانیم ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ بكه‌م كارمه‌ندی ئه‌و ده‌زگایه‌ بم. ئه‌و ژیانه‌ بێزاركه‌ر و ترسناكه‌ كه‌ بۆ من هیچ مانایه‌كی نه‌بوو، ته‌نیا له‌ رێگه‌ی بیركردنه‌وه‌وه‌ له‌ چیرۆك و چیرۆكنووسین و كتێب خوێندنه‌وه‌وه‌ ده‌متوانی به‌رگه‌ی بگرم. مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌رم هه‌ریه‌كه‌یان ئاره‌زوویه‌كی دیكه‌یان هه‌بوو، هاتبوونه‌ ئه‌وێ و له‌سه‌ر مێزێك دانیشتبوون كه‌ ئه‌سڵه‌ن نه‌یانده‌زانی چ سوودێكی هه‌بوو بۆیان. له‌ ئه‌نجامدا ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌وێ بووین پێكه‌وه‌ كۆده‌بووینه‌وه‌ و ئیشمان ئه‌وه‌ بوو له‌ ده‌زگامه‌ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌. كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م چیرۆكانه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌جۆرێك واقیعین و هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یه‌وێ خۆی له‌ بێزاریی ژیانی رۆژانه‌ و له‌سه‌ر مێزدانیشتن رزگار بكات. من حه‌زم ده‌كرد ببم به‌ نووسه‌ر و چه‌ند چیرۆكێكم له‌وێ نووسی. چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «منیش چێ گیڤارام» له‌سه‌ر مێزی ئیداری ئه‌وێ نووسی. هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ش كه‌ له‌وێ بوو ئیشێكی تری ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی كاتی لێبڕوات. ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ له‌ مێشكی مندا ئاوێته‌ی خه‌یاڵ بوون و كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كانی منیان دروستكرد. هه‌ر چیرۆكێك له‌ چیرۆكه‌كانی من ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵ و واقیع و هیچ یه‌كێكیان واقیعی رووت نین و هیچیشیان خه‌یاڵی ته‌واو نین. پێكهاته‌یه‌كن له‌ خه‌یاڵ و واقیع. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و مرۆڤانه‌ی هونه‌رێكیان هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ژیاندا له‌ هه‌لومه‌رجی ژیانی رۆژانه‌ و سه‌ختدا بن كه‌ به‌په‌نابردن بۆ نووسین خۆیان قوتار بكه‌ن، به‌ دروستكردنی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه‌ به‌لایانه‌وه‌ له‌و مرۆڤه‌ سستانه‌ی ده‌وروبه‌ریان سه‌رنجراكێشترن. ئێمه‌ له‌ واقیع و خه‌یاڵدا ده‌ژین. به‌ڵام له‌م رۆژانه‌دا كه‌ له‌ به‌یانی هه‌تا شه‌و له‌ كه‌ره‌نتینه‌دام ئیتر كه‌س نابینم تا بتوانم بیكه‌م به‌ كاره‌كته‌ری چیرۆك. ئێستا ناتوانم هیچ چیرۆكێك بنووسم و به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب كات به‌سه‌ر ده‌به‌م. ته‌نانه‌ت حه‌زده‌كه‌م ناخۆشی و بێزاری ئه‌م كه‌ره‌نتینه‌یه‌ به‌ ته‌نیا بكه‌م به‌ رووداوێكی ته‌نزئامێز بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم ته‌حه‌مولی بكه‌م. سروشتی من به‌و شێوه‌یه‌یه‌ و چیرۆكنووسین و قۆشمه‌یی به‌شێكن له‌ وجودی من. هه‌تا بمێنم ده‌نووسم ته‌نانه‌ت له‌م رۆژگاره‌ تاڵه‌شدا.

*هه‌ندێك رایان وایه‌ كه‌ ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ كورته‌چیرۆكدا سه‌ركه‌وتووتر بووه‌ تا رۆمان، رای تۆ چییه‌؟

به‌جۆرێك ده‌توانین بڵێین به‌ڵێ وایه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ رۆمانی باشیشمان هه‌یه‌، به‌ڵام منیش زیاتر كورته‌چیرۆكی خۆمانم به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌ و پێم وایه‌ ئێمه‌ زیاتر چیرۆكنووسین تا رۆماننووس. نووسینی رۆمانی گه‌وره‌ به‌ڕاستی ئیشی خۆرئاواییه‌كانه‌. ئێمه‌ هیچ كاتێ رۆمانێكی وه‌كو رۆمانه‌كانی دۆستۆیڤسكیمان نه‌بووه‌ و هیچ كاتێ نه‌مانتوانیوه‌ له‌و جۆره‌ رۆمانانه‌ نزیك بكه‌وینه‌وه‌. به‌ڵام كورته‌چیرۆكی باشمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌ ته‌نزئامێزه‌كانی چیخۆفدا ركابه‌ری بكه‌ن و له‌م رووه‌وه‌ له‌ كورته‌چیرۆكدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووین تا له‌ رۆمانی گه‌وره‌دا.

سه‌رچاوه‌: www.magiran.com

 168 جار بینراوە