سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » یەکێتیی مامۆستایان: لە ئێستاوە پلان بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن دابنرێتپەڕە 3

یەکێتیی مامۆستایان: لە ئێستاوە پلان بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن دابنرێت

مامۆستایانی بە ئەزموون و لێپرسراوان لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێشنیاردەكەن بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو پڕۆسەی خوێندن وەك ئەم دوو ساڵەی پێشوو تووشی ئاستەنگ نەبێتەوە، پێویستە لە ئێستاوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندارەكان پلان و بەرنامەیەكی گونجاو بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن دابڕێژن، ئەوان پێیانوایە بڕیاری داخستنی خوێندنگاكان لەماوەی ئەو دووساڵە زیانێكی زۆری بە پرۆسەی خوێندن گەیاندووە و ئاماژە بەوەشدەكەن خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین سەركەتوو نەبووە.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ ئەوەی چارەنووسی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن وەك ئەم دوو ساڵەی لێ نەیەت، پێویستە لە ئێستاوە وەزارەتی پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار بەرنامە و پلان بۆ پرۆسەی خوێندنی ساڵی داهاتوو دابنێن، بەو پێیەی دیار نیە كەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی دێت یان نا پێویستە خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین.

خوێندنی ئۆنڵاین سەرکەوتوو نەبوو
وتیشی: بۆئەمساڵیش دوای ئەوەی دەركەوت كە سیستەمی خوێندن بە شێوازی ئۆنلاین لە كوردستان وەكو پێویست سەركەتوو نەبوو، ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایان پشتگیری لە هەر پێشنیارێك دەكەین كە ببێتە هۆی كردنەوەی دەرگای خوێندگاكان و گەڕانەوەی خوێندكاران بۆناو پۆلەكان بۆ ئەو ماوەی ماوە.

روونیشیكردەوە: ئێمە پێشتریش پێشنیارمان كردبوو قۆناغەكانی یەك و دوو و سێی بنەڕەتی لە پۆلەكان دەوام بكەن، چونكە لەو تەمەنە ناتوانن بە ئۆنلاین بخوێنن، بەو پێیەی خوێندكارانی ئەو سێ قۆناغە پێویستیان بە كەسێكە تاكو هاوكاریان بێت و بەردەوام چاودێریان بكات، هەروەها بۆ قۆناغەكانی دیكەش داوامانكردبوو كە هەفتەی چەند رۆژێك خوێندكاران بچنە پۆلەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەردەوامبوونی داخستنی خوێندنگاكان بەم شێوەیە كە لە كۆتایی خوێندنی ئەمساڵ نزیكدەبینەوە، زیانێكی زۆری بە پرۆسەی پەروەردە و توانای خوێندكاران دەگەیەنێت، بۆیە دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی تەندروستی پێویستە هەرچی زووە بڕیار لەسەر كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان بدرێت.

راشیگەیاند: لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان پرۆسەی خوێندن و پەروەردە پەكی نەكەوتووە و بەجۆرێك لەجۆرەكان رێگا چارەسەرێكیان دۆزیوەتەوە و پرۆسەی خوێندن بەردەوام بووە، بەڵام لە كوردستان نەتوانرا ئەوە بكرێت، بەڵكو بەبێ هۆكار پەنایان بۆ داخستن برد، لەكاتێكدا لەسەرەتای ساڵی خوێندن رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەكە لە كەمبونەوەدابوو .

نزیكەی سەد ملیۆن خوێندكار لە خوێندن بێ بەشكراون
ئەوەشی خستەروو: لە كۆی دووملیار و 500 ملیۆن خوێندكار لەسەر تاسەری جیهان، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنیا نزیكەی سەد ملیۆن خوێندكار لە خوێندن بێ بەشكراون، ئەوانیش لە وڵاتە هەژار و دواكەوتووەكانن.

هەر بەهۆی كەمی دەوامی خوێندنی ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی پەوەردەوە بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن درا، ئەمەش ناڕەزایی بەشێك لە سەرپەرشتیارانی پەروەردە و مامۆستایانی بە ئەزموونی لێكەوتەوە و پێیانوایە ئەو بڕیارە وەكو پێویست هەڵسەنگاندنی بۆ نەكراوە.

کەمکردنەوەی مەنهەجی خوێندن زیانی لێ دەکەوێتەوە
لەو بارەیەوە مامۆستا عیسا حسێن سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی مەنهەجی خوێندنی 12ی ئامادەیی بەهۆی كەمی ماوەی خوێندن و بەناچاری دەركراوە، لەگەڵ ئەوەش وەكو پێویست خوێندنەوە بۆ بڕیارەكە نەكراوە ‌و دەبوو زیاتر هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.

وتیشی: دەرکردنی بڕیاری كەمكردنەوەی ئەو مەنهەجە بۆ قۆناغێكی گرنگی وەك 12ی ئامادەیی كە قۆناغێكی چارەنوسسازە، بێگومان كاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن‌ و ئاستی خوێندكاران لە كوردستان دەبێت، چونكە بەگوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە نزیكەی ٪15ی مەنهەجی ئەو قۆناغە كەمكراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: كەمكردنەوەكە زیاتر ئەو بەشانە دەگرێتەوە كە دەكەوێتە كۆتایی كتێبەكان‌ و خوێندكاران لە كۆرسی دووەمی وەرزی خوێندن وەریدەگرن، كە هەندێك لەو بەشانە پەیوەندی بە ئایندەی خوێندكارەوە هەیە‌ و لە قۆناغەكانی داهاتوویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان پێویستیان پێی هەیە.

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی راشیگەیاند: سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكارەكانی خۆپارێزی، كاریگەری لەسەر زۆربەی لایەنەكانی ژیانی مرۆڤایەتی هەبووە لە هەموو جیهان، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەرتی پەروەردە كەرتێكی هەستیارە زیاتر كاریگەریەكانی بەسەرەوە دەردەكەوێت، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان كە ماوەی دووساڵە مەنهەجی خوێندن تەواوناكرێت.

خوێندکاران لە خوێندن ساردبوونەوە
هەر لەبارەی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن سەباح مستەفا وەك مامۆستایەكی بە ئەزموونی خانەنشین لەشاری هەولێر لەبارەی رەوشی پەروەردە و خوێندن وتی: بەهۆی گرنگی كەرتی پەروەردە و فێربوون پێویستە بە جیا بڕیاری لەسەر بدرێت، واتا ناكرێت كاتێك بڕیار لەسەر داخستنی بازاڕێك یان شوێێكی گشتی دەدرێت لەهەمان كات بڕیار لەسەر داخستنی خوێندگاكان بدرێت.

وتیشی: ئەو بڕیارانەی لەبارەی داخستنی خوێندگاكان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا دراوە وایكردوە تارادەیەكی زۆر خوێندكار لە خوێندن ساردبكاتەوە، بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خوێندن بە سیستەمی ئۆنلاین سەركەوتوو نەبوو و نەیتوانی شوێنی پۆلەكان بگرێتەوە، لەلایەكی تر پێشتریش بەشێک خوێندكار بەهۆکاری جۆراوجۆر ئەوەندە تامەزرۆی خوێندن نەبوو تاكو بەبێ بوونی دەوامی خوێندنگا لەماڵەوە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.

پێشیواببوو: بڕیاردان لەسەر پرۆسەی خوێندن پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زۆر هەیە لەلایەن شارەزایانی ئەو بوارە، چونكە ئەوە پەیوەندی بەچارەنووس و دوا رۆژی نەوەكانی داهاتوومان هەیە، وەك چۆن لەوڵاتان هەوڵیاندا بە رێكارەكانی خۆپارێزی نەیان هێشتووە پڕۆسەی خوێندن پەكی بكەوێ، بەهەمان شێوە پێویستە لە كوردستانیش كار بۆ ئەو ئامانجە بكرێت.

 348 جار بینراوە