سەرەکی » راپۆرت » هەولێر، گوڵ و نەمامگەکان بازاڕی روو لە زیادبوونە

هەولێر، گوڵ و نەمامگەکان بازاڕی روو لە زیادبوونە

هەولێر، سەباح شوكر

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و نەورۆز چەندین جۆری گوڵ و نەمام لە کوردستان پێدەگات ‌و دیمەنێكی جوان بە سروشت و شاخ‌ و چیاكان دەبەخشێ، بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکان ئەو دیمەنە بگوازنە ناوماڵەكان و بەشێك لە خانووی شارەكان بەو گوڵ‌ و گوڵزارە بڕازێننەوە، روو لە نەمامگە و شوێنی فرۆشتنی درەخت و گوڵی جۆراوجۆر دەکەن، کە لە گەڕەکەكانی شاری هەولێر و شوێنەكانی دیكەی كوردستان بەدیدەكرێت.

نەمامگەکان بازاڕیان روو لە زیادبوونە
هەرچەندە قەیرانی دارایی و رەوشی تەندروستی كاریگەری كردۆتە سەر بازاڕی ئەو نەمامگانە، لەگەڵ ئەوەش هێشتا بازاڕیان هەیە و ئەوانەی پێشتر هۆگری سروشت و سەوزایی بوونە ناتوانن واز لێ بهێنن.

ئەركان نەجمەدین یەكێك لە خاوەن نەمامگەكانی هەولێر لەبارەی ئاستی كڕیارانی گوڵ و نەمامەكان بۆ كوردستانی نوێ وتی: ساڵانە لەسەرەتایی بەهاردا دەییان گوڵی جۆراوجۆر لەناوەخۆو وڵاتانی توركیا‌و ئێران‌و ئەوروپا بەتایبەتی هۆڵەندا بۆنمادێت، ئێمەش بەقازانجێكی دیاریكراو بەهاووڵاتیانی دەفرۆشینەوە.

وتیشی: لەبارەی جۆرەكانی ئەو گوڵانە ژمارەیان زۆرە لەوانە (لاتۆنیا، گەزانیا، لاڤندەر، دالیلا، گاردینا، چەلبوار، كامیلا، جلبە، دوگمە، مینا)، چەندین جۆری دیكە، ئەوەشی تایبەتە بە بەرهەمی ناوخۆ ی کوردستان ئەمانەن (قەنەفەر، كەڵاشێر، جەعفەری، دەمەشێر، شەوبۆ، ڵاڵولە، داودی، ئەستێرە، مەرجان)
.
زیاتر گوڵە وەرزییەکان لێرە دەژین
مەحمود یاسین خاوەنی یەكێكی تر بوو لە نەمامگەكان دەڵێت: ئەو گوڵانەی لێرە هەیە لە وەرزەكانی بەهار ‌و وەرزی هاویندا دەژین، بۆئەمەش دەبێیت رۆژانە ئاگاداری ئاودان و خاوێنكردنەوەیان بیت، تاكو بەزیندویی بمێنێتەوە، سەبارەت بە نرخەكانیان ئەوا بە جۆری گوڵەكە و قەبارەكەیان دەگۆڕێت، بەجۆرێك نرخەكان لەدوو هەزار دەستپێدەكات تا بیست هەزاردینار.

عەبدوڵڵا شیروان، شارەزای لە بواری کشتوکاڵ، باسی لە چەند لایەنێكی گوڵ و نەمامەكان كرد و وتی: گوڵەكان هەریەكەیان بەجۆرێك دەپارێزرێت، هەیانە لە گوڵدان و سەردیوار و ناو پەنجەرە دادەندرێت، كە بەشێكیان بۆجوانی و هەندێكیشیان تەنیا بۆ بەخشینی بۆنێكی خۆشە.

تەنها گرنگی بە سەوزکردنی هەندێک شەقام دراوە
باسی لەوەشكرد: لەبەر ئەوەی زۆربەی خانووەكانی ئێستای شارەكانی هەولێر بچووكن و رووبەرەکەیان كەمە، بۆیە خەڵكی بە گوێرەی شوێنەكەی ئەو گوڵانە بەكاردەهێنێت، كە دیمەنێكی جوان و سەرنجراكێش دەبەخشێت بە خانووەکە و ژینگەی شوێنەكە دەپارێزێت.

دایكی سروە كە ماوەیەكە هۆگری گوڵوگولزاربووە لە ماڵەكەی ناتوانێ دەستبەرداری گوڵ و ئینجانە بێت دەڵێ: جگە لەوەی گوڵ و نەمامەكان دیمەنێكی جوانیان هەیە، هەروەها وادەكات لەكاتی خزمەتكردنیان كاتێكی خۆش بەسەر ببەین، بەڵام تاكو ئێستا بەشێك لە خەڵكی نرخی سەوزایی نازانن، بۆیە زۆربەی ماڵەكان گرنگی بەو بوارە نادەن.

پێشیوابوو: جگە لە خێزانەكان پێویستە لایەنی حكومەتیش گرنگی بە سەوزایی شار بدات، تاکو ببێتە هاندەرێک بۆ خێزانەکان، هەرچەندە دەبینین لەهەندێك شوێن گوڵی جوان هەیە و پاكو خاوێن راگیراوە، بەڵام ئەو شوێنانە زیاتر دەكەوێتە نزیك بارەگا حكومیەکان یان حزبیەکان، كەمتر لە گەڕەكە ئاساییەكان بەرچاو دەكەوێت.

 454 جار بینراوە