سەرەکی » ئابووری » تا ساڵی 2030 بودجەی ئەمریکا دەگاتە هەشت تریلیۆن دۆلار

تا ساڵی 2030 بودجەی ئەمریکا دەگاتە هەشت تریلیۆن دۆلار

بودجەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2022 بە شەش تریلیۆن دۆلار خەمڵێنراوەو لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدنەوە پڕۆژەیاسای تایبەت بە بودجەی پێشنیازکراوی ساڵی 2022 خراوەتە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا و ساڵی دارایی لە ئەمریکاش لە 1ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و لە 30 ئەیلولی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت.

بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بڕی بودجەی دیاریکراو بە زۆر دەزانن و دەڵێن ئەو پارەیە قەرزی گشتی حکومەت دەگەیەنێتە لووتکە، چونکە گەورەترین بودجەی ئەمریکایە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە.

ئەو بودجەیەی ئیدارەی بایدن پێشنیازی کردووە بڕی دوو تریلیۆنی بۆ بنیاتنانەوە و بەهێزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و تریلیۆنێک و 600 ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی خوێندن و ھێزی کار تەرخانکراوە.

بایدن بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 پشتی بە زیادکردنی باج لەسەر سەرمایەداران و خاوەن کارگە و پڕۆژەکان بەستووە، سەرچاوەکانی ناو کۆشکی سپی پلانی بایدن بۆ زیادکردنی بودجەی ساڵانەی ئەمریکا ئاشکرا دەکەن کە بە نیازە بەو سیستمە تا ساڵی 2030 بودجەی ئەمریکا بگەیەنێتە هەشت تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار.

ئەمریکا ساڵانە کورتهێنانی بودجەی هەیە و لە ساڵی 2020دا بەھۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕی سێ تریلیۆن و 100 ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبووە کە ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2019 قەبارەی کورتهێنانەکە سێ هێندە بووە.

 117 جار بینراوە