سەرەکی » زانست » نەخۆشیی كەڕووی رەش چییە و تا چەند جێگەی مەترسییە؟

نەخۆشیی كەڕووی رەش چییە و تا چەند جێگەی مەترسییە؟

ئا: هێدی عەبدوڵڵا

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا لە هیندستان و دروستبوونی لۆدێكی زۆر لەسەر كەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، لەپاش ماوەیەك بارودۆخەكە هێندەی تر ئاڵۆز بوو ئەوەش دوای دەركەوتنی جۆرە نەخۆشییەكی تری كوشندە بە ناوی ( كەڕووی ڕەش).

ئەم نەخۆشییە ناوە زانستییەكەی بریتیە لە (Mucormycosis) كە لە خێزانی كەڕووی (mucormycetes)یە.

ئەم كەڕووە بە شێوەیەكی گشتی لە ژینگەی سروشتیدا هەیە بە تایبەتی لە ناو خاك و هەوا و هەروەها لەسەر بەروبوومە كشتوكاڵییەكان، تەنانەت لەناو پۆشەری لوتی زۆربەشماندا هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كۆئەندامی بەرگریی لەشی مرۆڤ پێی ئاشنا نەبووە، بۆیە رێگە بە گەشەكردنی نادات خۆی لەناو دەچێت.

ئێستا ئەمجۆرە كەڕووە كێشەی تەندروستی بۆ زۆرێك لەو كەسانە دروستكردووە كە تووشی كۆرۆنا دەبن، تەنانەت ئەوانەشی چاك دەبنەوە لەم حاڵەتە بە دوور نین.

لە حاڵەتی ئاساییدا كەسێك كە دووچاری ئەو كەڕووە رەشە دەبێت، چانسی رزگاربوونی(٪50)یە، ئەویش دوای دەرهێنانی چاوی یان ئێسكی شەویلگەی، بەڵام ئەوەی كە ئێستا لە هیندستان و چەند وڵاتێكی تر روودەدات، مەترسیدارە، چونكە ئەو كەسانەی دووچاری كەڕووی رەش دەبن، بەهۆی ئەوەی كۆرۆنایان گرتووە و كۆئەندامی بەرگرییان لاواز بووە، ئەو كۆئەندامەیان ناتوانێت لەبەرامبەر كەڕووی رەشدا بەرگریی بكات، بۆیە کەسی تووشبوو بە كەڕووی رەش لە ماوەیەكی كەمدا گیان لەدەست دەدات.

لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە هۆكاری سەرهەڵدانی كەڕووی رەش زۆر بەكارهێنانی (steroid)ە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی كە خودی مادەكە دروستكراوێكی كیمیاییە و بە هۆرۆمۆن دەناسرێت و لە حاڵەتی ئاساییدا لە لەشی مرۆڤدا دروست دەبێت، ئێستاش بۆ زیادبوونی بەرگریی لەش بەتایبەتی ئەو كەسانە بەكاری دەهێنن كە نەخۆشیی شەكرەیان هەیە و بۆتە هۆی تێكچوونی سیستمی بەرگریی لەشیان و لە رێگەشییەوە كەڕووی ڕەش زەفەری پێ بردوون.

نیشانەكانی توشبوون بە كەڕووی رەش
1- لە رێگەی چاو و گیرفانە هەواییەكانی لووتەوەیە كە ئەم جۆرەیان بریتیە لە تێكچوونی توانای بینین و و لووتگیران و سەرسووڕان و سەرئێشەی بە هێز و تای بەرز.

2- ئەمیان لە سییەكان دەدات كە نیشانەكانی بریتین لە سنگ ئێشە و تای بەرز و كۆكە و هەناسەتوندی.
هەرچەندە نەخۆشییەكە ئێستا زۆر بەربڵاو نییە لە جیهاندا، بەڵام پێویستە بە وردی چاودێریی بكرێت بۆئەوەی رێكاری خێرا بۆ بڵاونەبوونەوەی بگیرێتەبەر.

سەرچاوە: Hedi Science News

 57 جار بینراوە