سەرەکی » زانست » كۆمپانیایەكی ئەمریكی خانوو بە پرنتەری (3D) دروست دەكات

كۆمپانیایەكی ئەمریكی خانوو بە پرنتەری (3D) دروست دەكات

تارا شێخ عوسمان

بۆ روبەڕوبوونەوەی كێشەی نیشتەجێبوون، كۆمپانیای (ئایكۆن)ی ئەمریكایی خانووی هەرزارن بە پرنتەری (3D) دروست دەكات و بەنیازە لەگەڵ ناساش رێكبكەوێت بۆ دروستكردنی خانوو لەسەر رووی مانگ و مەریخ.

تائێستا ئەو خانووە هەرزانانەی كە كۆمپانیای ئایكۆن بە پرنتەری (3D) دروستیكردووە، توانێتی كێشەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی تەكساسی ناوەند و گوندەكانی مەكسیك كەمبكاتەوە، بەڵام كۆمپانیاكە بەوەوە نەوەستاوە، بەڵكو ئامانجی گەورەتری هەیە بۆ ئایندە.

خانووی هەرزان
تا ئێستاش زۆر كەس هەیە وا دەزانێت كە پرنتەر مەبەست لێی ئەو ئامێرەیە كە حیبری بۆ بەكاردێت و كاغەزی پێ چاپ دەكرێت، بەڵام خودی پرنت كردنی خانوویەك بە پانتایی (370) مەتر چوارگۆشە بیرۆكەیەكی زۆر نوێیە كە كۆمپانیای ئایكۆن كاری لەسەر دەكات و هەوڵیش دەدات لە ئایندەیەكی نزیكدا لەسەر رووی مانگ و دواتریش لەسەر رووی مەریخ ئەو كارە بكات.

ئەو كۆمپانیایە كە بارەگاكەی لە شاری ئۆستنی تەكساسە یەكەمین خانووی هەرزانی بە پرنتەری (3D) لە ساڵی 2018دا بنیاتنا و كارەكەشی سەركەوتوو بوو.

لەو كاتەشدا (جایسۆن بالارد)ی هاوبەش و سەرۆكی جێبەجیكاری كۆمپانیاكە بابەتەکەی وەك گەشتێكی مووشەك ئاسا وەسفكرد.

ئەو وتی: «كۆمپانیای (ئایكۆن) سەرنجی زۆری لەسەر چارەسەركردنی كێشەی گرانیی یەكەكانی نیشتەجێبوونە بە تایبەتی لەناو كۆمەڵگە هەژارەكاندا، كە جاری وا هەیە كەسێك بەهۆی گرانی یەكەی نیشتەجێبوون یان گرانی كرێی ئەو یەكانەوە لەسەر شەقامەكان دەمێنێتەوە).

وتیشی: «كۆمپانیاكە بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی دۆخی خراپی نیشتەجێبوون دروست بووە».

ئاماژەشی بەوە داوە كە هەرگیز رازی نەبووە بەوەی تەكنیكی پرێنتی (3D) بۆپرینتكردنی چەتاڵ و كەوچك بەكاربێت، بەڵكو دەبێت ئەو تەكنیكە سەرنجڕاكێشە بۆ مەبەستێك بێت كە خزمەتی مرۆڤایەتی بكات و چارەسەری كێشەكان بكات».

بالارد وتی: «دەتوانرێت بە تەكنیكی پرنتی 3D لە ماوەی (24) سەعاتدا خانوویەك دروست بكرێت كە تێچووەكەی كەمترە، چونكە دەستی كاری كەمتری دەوێت بە بەراورد لەگەڵ دروستكردنی خانوویەكی ئاساییدا.

مانگ و مەریخ
سەرۆكی كۆمپانیای ئایكۆن لەو بڕوایەدایە تەكنیكەكەیان قەیرانی نیشتەجێبوون چارەسەر دەكات.

لەم رووەوە دەڵێت: « تا ئێستا شەش خانوو لە تەكساسی ناوەند دروست كراون و كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونیشیان لە گوندێكی مەكسیك دروستكردووە و خانووەكانیش دراون بەو كەسانەی كە ناتوانن خانوو بكڕن یان پارەی کرێ خانوویان نەبووە».

بالارد ئاماژەی بەوەشداوە ئێستا سەرگەرمی وتوێژن لەگەڵ ئاژانسی ناسا بۆئەوەی خانوو بە تەكنیكی پرنتی (3D) لەسەر رووی مانگ و مەریخ دروست بكەن.

وتیشی: « جیاوازیی خانووەكانی سەر زەوی و سەر رووی مانگ و مەریخ لەوەدایە كە دەبێت بۆ ئەو دووانەی دیكە بەرگە هەواو سروشتی خاك و پێكهاتەی زەوییەكانیان لەبەرچاو بگرین».

لە وەڵامی پرسیارێكیش سەبارەت بەوەی لە كاتێكدا هێشتا كێشەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوی هەبێت بۆچی كارەكانیان بەرەو ئاراستەی مانگ و هەسارەكانی ترە؟ بالارد دەڵێت: «رووكردنە بۆشایی ئاسمان زۆر پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سەر زەوی».

وتیشی: «ئەو شارستانیەتەی كە فێری دۆزینەوەی فەزای دەرەوە بێت و تێیدا نیشتەجێ بێت، بێگومان سەركەوتوو دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی بێ ماڵ و حاڵی لەسەر زەوی».

سەرچاوە: شرق الاوسط

 270 جار بینراوە