سەرەکی » راپۆرت » چوار سەدە حوكمڕانیی جیهانپەڕە 27

چوار سەدە حوكمڕانیی جیهان

كوردستانی نوێ‌

زەقورەی عەكەركوف، شوێنەوارێكی مێژوویی گرنگە لە عیراق پێش زایین دروستكراوە و 15 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای بەغداوە دوورە و دەكەوێتە ناوچەی ئەبو غرێب.
یەكێكە لەو شوێنەوارانەی تا ئەمڕۆ ماوەتەوە و ناوچەكەش لەكاتی خۆیدا پایتەختی ئیمپراتۆری كیشییەكان بووە كە بۆ ماوەی چوار سەدە و نیو حوكمڕانیی جیهانی كردووە، ناوەكەشی لە پادشای كیشییەكان (كوری كالزوی یەك)ەوە هاتووە، ئەوەی لە شارستانیی كیشییەكانیش ماوەتەوە بۆ ئەمڕۆ، پاشماوەی زەقورەیەكە كە یەكێكە لە پەرستگا سەرەكییەكانی ئەو ئیمپراتۆرییە و لە سەردەمی خۆیدا شورایەكی زۆر زەبەلاح چواردەوری گرتبوو، لە پشت شوراكەشەوە لە بەری خۆرهەڵاتی زەقورەكە، دەریاچەیەك هەبووە.
لەژێر خاك و خۆڵی ئێستای ناوچەكە، زۆرێك لە نهێنی شاردراوە هەن كە هیچ شوێنەوار ناسێك پەی پێنەبردوون.
زەقورەی عەكەركوف، تا ئەمڕۆ بە گەورەترین تاوەرەكان دادەنرێت، بەو پێیەی بەرزییەكەی دەگاتە 57 مەتر و بنكەیەكی شێوە چوارگۆشەی هەیە، دەوترێت بەرزییەكەی 70 مەتر بووە و بەسێ‌ رێڕەوی پلیكانە پێدا سەركەوتوون.
زەقورەی «عەكەركوف» كە تائێستاش شوێنەوارەكەی ماوەتەوە، یەكێكە لە نمونە دەركەوتووەكانی پەرەسەندنی هونەری تەلارسازیی زەقورەی میزۆپۆتامیا، پەرستگا و زەقورەكە لە ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی پێش زایین دروستكراوە. زۆرێك لە گەڕیدە خۆرئاواییەكان پێیانوایە، پاشماوەی تاوەری بەناوبانگی بابلە.
كۆمەڵگە پیرۆزەكە لە سەردەمی نەوەی كیشیدا بووە، دوای ئەوەی دەستی بەسەر ئیمپراتۆری بابلیدا گرتووە لە سەردەمی خۆرئاوابوونی نەوەی (حەموڕابی).
لەسەرەتاوە ئیمپراتۆری حیسی لە ساڵی 1530ی پێش زایین، دەستی گرت بەسەر بابلدا و دەستپێكی كارەكانیشی تێكدانی زۆرێك لە شوێنەوارە شارستانییەكان بوو، لەو دەمەدا نەتەوە كیشییەكان ئەو پشێوی و ئاڵۆزییە سەربازییەیان قۆستەوە و هێرشێكی فراوانیان دەستپێكرد كە بەرەو كۆنترۆڵكردنی بابل و دەركردنی حیسییەكان لە شارەكەدا بردنی.
كیشییەكان كە لە نەتەوە ئارامییەكانەوە نزیكن، لەڕووی بیروباوەڕەوە لە ئایینە بابلییەكانەوە نزیكن، لە مامەڵەی رەسیمی خۆیاندا زمانی بابلییان بەكارهێناوە و شاری بابلیشیان لە سەرەتاوە كردبووە پایتەختی خۆیان، بەڵام دواتر پایتەخێكی نوێیان بۆ خۆیان دروستكرد و ناویان لێنا (دور-كوریكالزو) لەو شوێنەی كە لە ئێستادا بە (عەكركوف) ناودەبرێت لە نزیك بەغدا.
شوێنەواری زەقورەی (عەكەركوف) لەئێستادا 57 مەتر بەرزە و بە گڵ- گەچ دروستكراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عیراقی نۆژەنكراوەتەوە، هۆڵەكەشی بە خشتی سورەوەكراو داپۆشرا، ئەمەش هەمان شێوازی بەكارهاتووە لە زەقورەی «ئور». سەركەوتن بە زەقورەكەدا لەڕێی پلیكانەیەكی سەرەكییە لە ناوەڕاستەوە، وێڕای دوو رێڕەوی تری لاتەنیشت.
دوو رێڕەوەكانی لاتەنیشت بە هەردوو لای چەپ و راستی دیواری زەقورەكەدا سەردەكەون، پاشان ئاو لە هەردوو سوچی زەقورەكە دەدەنەوە، دواتر بە یەكەوە لەگەڵ پلیكانەی سەرەكی و ناوەڕاستدا یەكدەگرن.
پلیكانەكان بە خشتی سورەوەكراو دروستكراون و بە بەماددەی قیریش نێوەندەكانیان پڕكراوەتەوە تا یەكبگرن، پارچەكانی ناوەند مۆری پادشا (كوریكالزۆ)ی دووەمیان لەسەر هەڵكەندراوە كە لەنێوان ساڵانی 1324-1345ی پێش زایین حوكمڕانی میزۆپۆتامیا بوو.
لە بنەڕەتدا پەرستگایەكی بچوك بە لاتەنیشتی پلیكانەكەدا دروستكراوە و سێ‌ پەرستگای تر لە نزیك زەقورەكە دروستكراون بۆ پەرستی خواوەند (ئەنلیل) و (نینلیل)ی هاوسەری، سێیەم پەرستگاش بۆ پەرستی خوداوەندی جەنگ (نینۆرتا)تەرخانكراوە.

 311 جار بینراوە