سەرەکی » راپۆرت » پۆل سالۆبیک: رێکردن بە پێ تاقیکردنەوەیەکە فێری لە خۆبردووییت دەکاتپەڕە 27

گەشتی دەرچوون لە عەدەن

پۆل سالۆبیک: رێکردن بە پێ تاقیکردنەوەیەکە فێری لە خۆبردووییت دەکات

ئا: دڵان سامان

پۆل سالۆبیک رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی تەمەن 59 ساڵە و دووجار خەڵاتی «پۆلیتزەر» ی بۆ رۆژنامەنووسی بردۆتەوە، بۆ رێکخراوی ناشناڵ جوگرافیک دەنووسێ و مێژووی جیهان تۆماردەکات لە رێگەی گەشتێک بە پێ کە چەندین ساڵ دەخایەنێت و ناوی ناوە «گەشتی دەرچوون لە عەدەن» لە ساڵی 2013 ەوە لە ئەفریقیاوە دەستیپێکردووە بە رێڕەوی کۆچی مرۆڤ لە 50 بۆ 80 هەزار ساڵ پێش ئێستادا رێدەکاتەوە، تێیدا دەبێت 38 هەزار کیلۆمەتر بە نێو 36 دەوڵەتدا ببڕێت واتا لە ئەسیوبیاوە بۆ ئەرجەنتین بە خۆرئاوای ئاسیا و هیندستان و چین و سربیا و کەنارەکانی خۆرئاوای ئەمریکای باکور و باشور تا تییرا دیل فۆیگۆ کە دوا خاڵی دەبێت و دەکاتە باشوری ئەمریکای باشور کۆتایی بە گەشتەکەی دێنێت، تا ئێستا تەنیا 12 هەزار کیلۆمەتری بڕیووە و لەئێستادا لە میانمارە، کرۆکی پرۆژەکەی بریتییە لە گێڕانەوەی رۆژنامەنووسیی لەسەرخۆ کە پشت بە ئەزموونی کەسیی دەبەستێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بە شێوەیەکی ورد و مرۆڤانە جا پەیوەست بێت بە سرووشت یان ئەو کەسانەی لە کاتی گەشتەکەیدا دەیانبینێت، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی تراڤڵدا باس لە گەشتەکەی ئەو ئەزموون و رێگرییانەی هاتوونەتە بەردەم دەکات، لەگەڵ رای خۆی دەربارەی ئەو شوێن و کەسانەی چاوی پێیان کەوتووە.

گەشت و گێڕانەوەی چیرۆکەکان بۆتۆ کە پەیامنێرێکی دەرەکیت کارێکی ئاسانە، چی وایلێکردی ئەم گەشتە دەستپێبکەیت و چ ئیلهامێک واتلێدەکات بەردەوامبیت؟
مەبەست لەم پرۆژەیە گێڕانەوەی چیرۆکەکانە، چونکە گەشتکردن بە پێ رێگەیەکی کۆنە بۆ ئەم کارە، شاعیرە کۆنەکانی یۆنان و چیرۆک گێڕەکانی خۆرئاوای ئەفریقا و فەیلەسوفەکانی شوێنکەوتەی کۆنفۆشیۆس لە چین ئەمەیان كردووە، واتا ئەمە خویەکی کۆنی مرۆڤە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان و فێربوون و بەشداریی کەلتوریی، چەندین ساڵ وەکو پەیامنێر کارمدەکرد و لەنێو جەنجاڵیی هەواڵە بەپەلەکاندا بە ئۆتۆمبێل یان کۆپتەر هاتوچۆم دەکرد لەگەڵ شۆڕشی زانیاریدا کارەکە خێراتر بوو، وایلێهاتووە لەمڕۆدا زانیارییەکان بە خێرایی دەگوێزرێنەوە، لەبەرئەوە ئەم پرۆژەیە بە پێچەوانەی ئەوانەوەیە جۆریکە لە گەڕانەوە بۆ رابردوو، هەوڵی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی لەسەرخۆی زانیارییەکانە بە شێوەیەکی مرۆڤانە، بەو شێوە لەسەرخۆیە دەمەوێت کارەکەم دەوڵەمەندتر و قووڵتر بێت جا بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە سروشتەوە هەیە یان بە ژیانی ئەو کەسانەوە هەیە کە چاوم پێیان دەکەوێت، لە بنەڕەتدا رێکردن بە پێ چیرۆکێک بە یەکێکی ترەوە گرێدەدات و واتلێدەکات پێش نووسین بیربکەیتەوە من ئەوە ناودەنێم «رۆژنامەنووسیی لەسەرخۆ»
ئەوەشی واملێدەکات بەردەوامبم ئەو چیرۆکانەیە کە دەیانزانم و کۆتاییان نایەت و هیچ کامێکیان لەوی تریان ناچێت و هەر چیرۆکەو پرسیارێکی نوێ دروست دەکات.

چی وایلێکردی شوێنپێی مرۆڤی کۆن هەڵگریتەوە و بە رێڕەوەکانی کۆچی مرۆییدا بڕۆیت؟
زانستی بۆماوەیی و شوێنەوار و بنەچەی مرۆڤایەتیم خوێندووە و هەمیشە سەرسامبووم بە رادەی پەیوەندی و گرێدراویی نێوان مرۆڤەکان لەسەر ئەم زەوییە، بۆ نموونە لەبواری بایۆلۆژیدا وادیارە ئەوانەی لە دەرەوەی ئەفریقا دەژین تەنها دوێنێ لە دەرەوەی کیشوەری دایکدا پەرتوبڵاو بوونەتەوە، تەنانەت هەمیشە سەرسامبووم بە رادەی کەمیی زانیاری دەربارەی ئەوانەی یەکەمجار لەسەر زەوی نیشتەجێبوون، بۆیە پشکنینی گۆی زەوی بە پێ گەشتێکە وامانلێدەکات بوونەوەرێک بین بتوانین چارەسەری کێشەکانمان بدۆزینەوە، هەر یەکێک لە ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان لەو دۆزینەوەیەدا بەشداریمان کردووە، رەنگە باوباپیرانمان پێکەوە لەسەر ئەو رێڕەوانە رۆیشتبن، بۆیە گەڕانەوە بۆ ئەو رێڕەوانەی مرۆڤی کۆن پێیدا رۆیشتوون و کۆچیان کردووە وەکو گێڕانەوەیەکی یەکانگیر و بەردەوام وایە بۆ ئەو چیرۆکانە، وەکو شاعیری ئینگلیزی جۆن دۆن دەڵێت ‹›چارەنووسمان پێکەوە گرێدراوە›› بۆیە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک دەبێت بزانین ساویلکەییە وایدابنێین هەرشتێک لە ئەمریکا یان میانمار روودەدات بە شێوەیەک لە شێوەکان بەر تۆ ناکەوێت.

چی کاریگەری هەبووە لەسەر گەشتەکەت و ئەوەی دەتەوێت لە رێگەی کارەکەتەوە دەریبخەیت؟
من پیاوێکی کۆچەرییم و سپی پێستم و لەلایەن رێکخراوێکی بەهێزەوە پاڵپشتیی دەکرێم کە ناشناڵ جوگرافیک-ە جگەلەوەی پاسپۆرتێکی خاوەن تایبەتمەندی بێ سنوورم هەیە، بەڵام ئایا دۆخەکە بەو شێوەیە ماوە؟ نەخێر وا نەماوە، راستە من بە خواستی خۆم گەشت دەکەم و بە پێ گۆی زەوی دەبڕم ئەوە هەڵبژاردەی خۆمە و بە ناچاریی نایکەم وەکو ئەوەی زۆربەی کۆچەرییەکان دەیکەن کە ژمارەیان ملیارێک کەس دەبێت و بە دونیادا کۆچ دەکەن جا لەبەر جەنگ و هۆکارە ئابوورییەکان بێت یان لەبەر کێشەکانی تێکچوونی ژینگە و چەندان هۆکاری دیکە بێت.
بۆیە من هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم تاوەکو ئەو دۆخانە لە واقیعەوە بگوازمەوە و بیگێڕمەوە، زەحمەتە ئەو کارە نەکەم، چونکە رێکردن بە پێ تاقیکردنەوەیەکە فێری لە خۆبوردەییت دەکات ساڵ دوای ساڵ بە زەوی نامۆدا تێدەپەڕیت و ئەو کەسانەی تووشیان دەبیت ناکرێت تەنیا وەکو کۆمەڵێک کەسی نامۆ تەماشایان بکەیت، چونکە زۆرجار تۆ بە راستی قەرزاریانیت بە زیندوویی بمێنیتەوە و بەردەوام بیت، رەنگە ئێستا لە نێو مردووەکاندا بوومایە ئەگەر بەخشندەیی ئەو کەسە نامۆیانە نەبووایە، بۆیە زۆر بە خێرایی تێدەگەیت بە رێژەی لە سەدا 95 هەموومان لەو مەسەلانەی گرنگییان پێدەدەین لەیەک دەچین وەکو مەسەلەکانی خۆشەویستی و چارەنووسی نەوەکانمان و رقمان بۆ سەرۆکەکان و قەیرانی ژینگە، بەڵام لەهەمانکاتدا هەلێکە بۆ گوێگرتن بە راستیی، ئەوەش هەمیشە بەو خوێندکارانەم دەڵێم کە چاودێری گەشتەکەم دەکەن و پێیان دەڵێم چەند دەڕۆم ئەوەندەش گوێدەگرم، من ئەوە بەجۆرێک لە جۆرەکانی نوێژکردن دادەنێم، چونکە کارێکە بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤبوونی خۆمان.

چەندین مانگت لە هیندستان بەسەربرد و بەدرێژایی دەریاچەکانیدا رۆیشتیت وەکو دەریای غانج و براهمابوترا، چی لەم وڵاتەوە فێربوویت؟
نزیکەی 16 مانگم ویست تا بەنێو هیندستاندا تێپەڕیم کە بە درێژایی 4 هەزار کیلۆمەترم بڕی بە نێو باکوری وڵاتەکەدا ئەوەی لە رێگەی رۆیشتن بە پێ فێریدەبیت ئەوەیە هەموو گوندێک بە تەنیا خۆی گەردوونێکە بۆخۆی بە کەسێتیی و کاراکتەر و مەسەلە تایبەتەکانییەوە، بەڵام ئەوەی هەڵمبژارد لەوێ بۆ کارەکەم رێگەی ئاویی بوو، چونکە هیندستان ئەرزێکی ئاویی هەیە و هەمووی دەریاچەیە، هەر دەریاچەیەکی لەوێ بە خواوەندێک دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکە رووبەڕووی کارەساتێکی بێدەنگی کەمبوونەوە و پیسبوونی ئاو بوونەتەوە، کاریگەری هەیە لەسەر 600 ملیۆن کەس، بۆیە زەحمەتە هەر کەسێک تەماشا بکات و هەست بەو کارەساتە نەکات، لەسەر ئاستی مرۆییش هیندستان ژینگەیەکی لەباری هەیە بۆ رۆیشتن بە پێ، چونکە ملیۆنان کەس هێشتا بە پێ گەشت دەکەن و جوتیارەکان گۆزە ئاو لە قەراغ رێگەکان دادەنێن تاوەکو ئەوەی بەوێدا تێپەڕدەبێت لێی بخواتەوە، هەروەها هەندێک کۆمەڵگە یان ماڵی تایبەتیان هەیە بۆ گەشتیاران تاوەکو لە رێگە تێیدا بحەسێنەوە، تا ئێستا ژاوەژاوی قەرەباڵغی رێگەکانی هاتووچۆی هیندستان لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.

تۆمارکردنی گەشتەکەت بەشێکە لە کارەکەت چۆن ئەوە دەکەیت و بەشداریی پێدەکەیت لەگەڵ ئەوانی تردا؟ دەتەوێت چی وەکو گەنجینە لەم کارەت بمێنێتەوە؟
راپۆرتی هەفتانە یان نیو مانگی دەنووسم و ئەوانەشی لەگەڵمدان لە گەشتەکە ئەوانیش چیرۆکی خۆیان دەنووسن و زۆربەی لەسەر پێگەی ناشناڵ جوگرافیک بڵاودەبێتەوە.
هەندێ قۆناغی سەرەکیی هەیە هەرچەند 100 میل (160کلم) ببڕم تۆماری دەکەم نەخشەی گێڕانەوەم هەیە لەگەڵ وێنە و پارچە ڤیدیۆ ئەگەر لەسەر ئەم شێوازە بەردەوام بم گەشتەکەم بە ملیۆنێک وشە کۆتایی دێت.
وابزانم تەنیا ئەم گەشتە خۆی گەنجینەیەکی راستەقینە و فێرکاریی دەبێت و زۆر دڵخۆشم کاتێک دەزانم لە دوای خۆم کۆمەڵگەیەکی فرە کەلتوری جۆراو جۆر لە چیرۆک گێڕەکان جێدێڵم، بەو شێوەیە کاتێک دەگەمە دوا وێستگەم لە تییرا دیل فۆیگۆ و پێڵاوی سەفەرم دادەنێم گەشتەکەم بۆ ماوەیەکی زیاتر لە رێگەی ئەوانی ترەوە بەردەوام دەبێت.

باسی هەندێ شتمان بۆ بکە کە وایلێکردی لە رێگەی گەشتەکەتەوە بکەویتە داوی خۆشەویستی گۆی زەوییەوە؟
رێکردن بە پێ رێگەیەکی گونجاوە بۆئەوەی لە دونیا تێبگەیت تۆ بە پێی توانای جەستەیی خۆت گەشت دەکەیت، بۆیە ئەوە بە لەخۆبوردەیی دەتهێڵێتەوە و وادەکات پەیوەست بیت بە زەوییەوە، جگە لە چەندین شتی تری باش لە ژیاندا وەکو خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و خواردن و دەمەتەقێ لەگەڵ هاوسەفەرەکانم، جۆرە پیرۆزییەک هەیە بۆ هەموو رۆژێک لە خەو هەڵدەستیت کوپێک چا دەخۆیتەوە و کۆڵەپشتەکەت هەڵدەگریت و بەردەوامدەبیت لە رۆیشتن.
لەگەڵ خۆرئاوا بوونیشدا کارەکە پێچەوانە دەبێتەوە، هەست بە چێژی رۆژەکان دەکەیت ئەو چێژەی گواستنەوە ئۆتۆماتیک و رۆتینی رۆژانە لە ناوی دەبەن، چونکە هەموو رۆژێک لەژێر ئاسمانێکی نوێدا چاودەکەیتەوە و نازانیت شەو لە کوێ دەخەویت.

ئەو رێگرییانەی لە کاتی پلاندانان بۆ گەشتەکەت تووشی بوویت چیبوو؟ هەروەها وێستگەی داهاتووت کوێ دەبێت؟
گەورەترین رێگریی من وەکو مرۆڤی کۆن ئۆقیانووس و بیابانەکان نەبوون، بەڵکو سنوورە سیاسییە دەستکردەکان بوون، بۆ نموونە نەمتوانی ڤیزە وەربگرم و بچمە نێو ئێران یان تورکمانستانەوە کە ئەو دوو دەوڵەتە دوو ناوەندی گرنگن بۆ کۆچی مرۆیی و کەلتوری، تەنیا بە دەوریاندا رۆیشتم ئێستا چاوەڕێی کردنەوەی سنوورم بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، وێستگەی داهاتووم چین دەبێت ئەو گەشتەم بە نێو چیندا 6000 هەزار کیلۆمەتر دەبێت و ساڵ و نیوێکی پێدەچێت.

دوای تەواوبوونی گەشتەکەت یەکەم شت کە دەیکەیت چییە؟
رێکردن بە پێ فێریکردووم بوار بۆ هیچ پێشبینییەک نەهێڵمەوە، بۆیە هیچ بیرۆکەیەکم نییە چی دەکەم!

سەرچاوە: BBC عەرەبی.

 351 جار بینراوە