سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » سه‌رۆكی نوێی وڵات موحافیزكار یان ریفۆرمخواز ده‌بێت‌؟

هه‌ڵبژاردنه‌ سەرۆکایەتییەکەی ئێران

سه‌رۆكی نوێی وڵات موحافیزكار یان ریفۆرمخواز ده‌بێت‌؟

 

بڕیاره‌ هاووڵاتیانی ئێران له‌ 18 ئه‌م مانگه‌دا بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ وڵاته‌كه‌یان، كه‌ جێگه‌ی‌ حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌و وڵاته‌ بگرێته‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ له‌ سایه‌ی‌ بارودۆخێكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ناهه‌مواردا ده‌كرێت، كه‌ سزا ئابووریه‌كان و په‌تای كۆرۆناش قورستری كردووه‌.

بوونی كاندیدێكی موحافیزكاریش به‌سه‌رۆكی ئێران له‌ئێستاوه‌ ئه‌گه‌رێكی زۆری هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ كاندیدی به‌هێزیان هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ مانه‌وه‌ی‌ ته‌نها دوو كاندیدی ریفۆرمخواز له‌ناو ركابه‌رانی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ به‌ده‌ستهینانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌.

جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ رۆحانی
حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆكی ئێستای ئێران كه‌ له‌ ریفۆرمخوازه‌كانه‌، دوای مانه‌وه‌ بۆ 8 ساڵ له‌و پۆسته‌دا، واده‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی‌ كۆتایی دێت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین كاندیدی ریفۆرمخوازیش كاندیدبوونیان ره‌تكرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سیانه‌تی ده‌ستوور، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بردنه‌وه‌ی كاندیدێكی موحافیزكار و به‌تایبه‌تیش ئیبراهیم ره‌ئیسی، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌و وڵاته‌ پاڵپشتی ده‌كرێت زۆرتره‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و ببێت به‌سه‌رۆك له‌ شوێنی رۆحانی، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاندیده‌كانی تر به‌ موحافیزكار و ریفۆرمخوازه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری و هه‌روه‌ها پاڵپشتی گه‌وره‌یان له‌پشته‌وه‌ نییه‌.

كاندیده‌كان كێن
ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س سیڤیان پێشكه‌شكردبوو بۆ كاندیدبوون بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی‌ ئێران، كه‌ زیاتر له‌ 500 كه‌س ده‌بوون، به‌ڵام ته‌نها سیڤی 40 كه‌سیان وه‌رگیرا، له‌و ژماره‌یه‌ش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر 7 كاندید درا، كه‌ ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌ (ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، موحسین ره‌زایی ئه‌مینداری مەجمەعی ته‌شخیصی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران، عه‌بدولناسر هیمه‌تی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی (ریفۆرمخواز)، سه‌عید جه‌لیلی ئه‌مینداری پێشووی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، میهر عه‌لی زاده‌ جێگری پێشووی سه‌رۆكی وڵات (ریفۆرمخواز)، عه‌لی ره‌زا زاكانی په‌رله‌مانتار، ئه‌میر حسێن قازی زاده‌ هاشمی په‌رله‌مانتار)، كه‌ زۆرینه‌یان سه‌ر به‌ باڵی موحافیزكارن.

ئه‌وه‌ی‌ جێی ئاماژه‌یه‌ لیژنه‌ی‌ سیانه‌تی‌ ده‌ستوور كاندیدبوونی سێ له‌دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌ (مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی پێشووی ئێران و عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای پێشووی ئێران و ئیسحاق جیهانگیری جێگری سه‌رۆكی ئێران و كاندیدی ریفۆرمخواز) بوون، كه‌ چانس زۆربوو بیبه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت لاریجانی.

به‌پێی چاودێرانیش دوورخستنه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌كاندیده‌كان به‌تایبه‌ت ریفۆرمخوازه‌كان، رێگه‌ی‌ بۆ موحافیزكاره‌كان خۆشكرد بۆ بردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ره‌ی‌ ریفۆرمخواز جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ 9 كاندیدیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان دوورخرانه‌وه‌، حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌و وڵاته‌ش سكاڵای كرد له‌وه‌ی‌ به‌كۆمه‌ڵ كاندیده‌ ریفۆرمخوازه‌كان دورخراونه‌ته‌وه‌.

پێویسته‌ بوترێت، ته‌نها كه‌س كه‌ ره‌نگ بوو ركابه‌ری جددی بێت بۆ ره‌ئیسی، عه‌لی لاریجانی بوو كه‌ له‌سه‌ر موحافیزكاره‌كان هه‌ژمارده‌كرێت و پێشتر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی شورا (په‌رله‌مان) بوو له‌ 2008 تا 2020، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ره‌ئیسی كه‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ و موحافیزكاره‌ بردنه‌وه‌ی‌ و بوونی به‌سه‌رۆكی نوێی وڵات ئه‌گه‌رێكی زۆری هه‌یه‌..

ره‌ئیسی كه‌ پێشتر له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2017دا و له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ رoحانیدا شكستی هێنا، دوای ئه‌وه‌ی‌ %38 ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، ‌ئێستا ته‌نها ركابه‌ری چوار پارێزگار و دوو ریفۆرمخواز ده‌كات.. كه‌ چانسی كه‌میان هه‌یه‌ بۆ بردنه‌وه‌.

هاووڵاتیان روو له‌سندوقه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ن؟
به‌پێی چاودێڕان وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رێژه‌یه‌كی‌ كه‌می هاوڵاتیانی ئێران به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ بكه‌ن به‌جۆرێك، رێژه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی‌ مانگی شوباتی ساڵی 2020 كه‌متر بێت كه‌ گه‌یشته‌ %57.

به‌پێی هه‌ندێك له‌ راپرسییه‌ ناوخۆییه‌كانی ئێران، رێژه‌ی‌ به‌شداربوون كه‌م ده‌بێت و ره‌نگه‌ بگاته‌ %41، به‌هۆی‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌ كه‌می خزمه‌تگوزاری و بارودۆخی ئابووری خراپ، لای خۆیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌و باڵیۆزخانه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌، ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ سندوقی ده‌نگدانیان دابین كردووه‌ بۆ هاوڵاتیان له‌سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ نێرده‌و باڵیۆزخانه‌ی‌ ئێرانی تێدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاووڵاتیان به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌و حه‌وت كاندیدی ركابه‌ری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌..

به‌پێی راپۆرتێكی دۆیچه‌ ڤیله‌ی ئه‌ڵمانی، رابه‌ڕی گشتی ئێران به‌جۆرێكی جیاواز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كات و گرنگ له‌لای گرتنه‌ ده‌ستی حكومه‌ته‌ له‌لایه‌ن موحافیزكاره‌كانه‌وه‌و ئاماده‌كردنی رێ و شوێن بۆ جێگره‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ئێران.

هه‌ر به‌پیی راپۆرته‌كه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران وای ده‌بینن به‌شداری هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌م ده‌بێت، مه‌به‌ستیش له‌وه‌ زیاتر زامنكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه‌.

به‌رنامه‌ی‌ كاندیده‌كان
هه‌ڵمه‌تی كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ ئێران، جگه‌ له‌لێدوان و دیعایه‌ و مونازه‌ره‌، ئه‌وا هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كتر و هه‌روه‌ها هێرش و ره‌خنه‌ی‌ توندی تێدابوو له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی ئیداره‌ و حكومه‌ت له‌ و وڵاته‌، كه‌ هه‌ندێكیان هێڵی سووری تێپه‌ڕاند به‌پێی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران، كه‌ هۆشداری به‌و كاندیدانه‌ دا له‌و رووه‌وه‌ ئاگاداری خۆیان بن.

عه‌لی قاسی میهری دادوه‌ری گشتی تارانیش، هۆشداریی دایه‌ كاندیده‌كان له‌تێپه‌ڕاندنی هێڵه‌ سووره‌كانی وڵات، وتیشی، ده‌بێت كاندیده‌كان هێڵه‌ سووره‌كانی سیستمی سیاسی له‌وڵات پێشێل نه‌كه‌ن له‌هه‌ڵمه‌ت و لێدوانه‌كانیان له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد زۆر به‌توندی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك ده‌كه‌ن ئه‌و هێلانه‌ پێشێل بكات. به‌تایبه‌ت هێرشكردنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.

عه‌لی خامنه‌ئی رابه‌ڕی بالای ئێرانیش، فه‌رمانی به‌كاندیده‌كان كرد تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر كێشه‌ی‌ ئابووری و بێكاری گه‌نجان و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان.

كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران، له‌به‌رنامه‌كانیاندا، داوای زیندوكردنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌تۆمی ساڵی 2015ی نێوان تاران و وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان كرد، كه‌ به‌بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ ی سه‌رۆكی‌ پێشووی ئه‌مریكا راگیرا له‌ساڵی 2018دا، كه‌ ئه‌وه‌ش دووباره‌ سزای ئابووری خسته‌وه‌ سه‌ر ئێران، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ره‌زامه‌ندی رابه‌ری ئێران عه‌لی خامنه‌ئی له‌سه‌ره‌، كه‌ پێشتر داوای له‌كاندیده‌كان كردبوو، له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نی ئابووری وڵات.

سه‌رۆكی نوێی وڵات كێ ده‌بێت
وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان پێكرد، به‌شیكی زۆر له‌چاودێران و هه‌روه‌ها راپۆرته‌ هه‌واڵییه‌كان، ئیبراهیم ره‌ئیسی چانسی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و بوون به‌سه‌رۆكی نوێی ئێران، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش، هه‌ندێك له‌ سیاسه‌تمه‌دار و چاودێرانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ره‌ئیسی جێگره‌وه‌یه‌كی‌ زۆر گریمانه‌ییه‌ بۆ عه‌لی خامنه‌ئی رابه‌ری ئێران..به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و له‌ئێستا جگه‌ له‌ پۆسته‌كانی تر جێگری سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانی ئێرانه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌ دیاریكردنی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ رابه‌ری باڵای ئه‌و وڵاته‌..

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران سێهه‌م هه‌ڵبژاردنی له‌و جۆره‌یه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ شۆرشی ئیسلامی هاتۆته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته‌ له‌ساڵی 1979دا، بڕیاره‌ رۆژی 18 ئه‌م مانگه‌ خولی یه‌كه‌می به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌گه‌ر هیچ كاندیدێك زۆرێنه‌ی‌ ره‌های به‌ده‌ست نه‌هێنا، ئه‌وا خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت له‌ 25ی حوزه‌یراندا، له‌نێوان ئه‌و كلاندیدانه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنن، بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ له‌بری حه‌سه‌ن ۆحانی سه‌رۆكی ئێستا ئێران، به‌پێی زۆربه‌ی‌ پێشبینیه‌كان، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی‌ دادوه‌ری ئێران ئیبراهیم ره‌ئیسی ده‌بێته‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌و وڵاته‌.

 348 جار بینراوە