سەرەکی » ئابووری » خولێكی راهێنان بۆ خاوەن پڕۆژە بچووكەكان لە هەڵەبجە

خولێكی راهێنان بۆ خاوەن پڕۆژە بچووكەكان لە هەڵەبجە

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە و رێكخراوی (كورد – ماد) بۆ گەشەپێدانی كولتوری و دیموكراسی، خولێكی راهێنانی سێ رۆژەیان بۆ 15 خاوەن پڕۆژەی بچووك لە زانكۆی هەڵەبجە كردەوە.

ئامانجی خولەكە بۆ باشتركردن و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمە لە ‌رێگەی هاندان بۆ مانەوە و بەرگەگرتنی پڕۆژەی بچووك لەناو كۆمەڵگەدا و هەروەها كەمكردنەوەی بێكاری.

لەوبارەیەوە، ژیر بورهان فەرەج راهێنەر لە خولەكە و رێكخەری پەیوەندییەكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا، ئەم پڕۆگرامە لە سێ بەشی سەرەكی پێكدێت كە دەتوانرێت‌ بخرێتە خزمەتی گەنجانی هەرێم بۆ چەند ئاستێك، لەوانە: بەشی (GYB) بۆ ئەو گەنجانەی كە خاوەنی هیچ بیرۆكەیەكی كار و پڕۆژە نین، تا بتوانن بیرۆكە دابمەزرێنن و ببنە خاوەن پڕۆژەی خۆیان، هەروەها بەشی (SYB) بۆ كەسانێكە كە خاوەن بیرۆكەن، بەڵام هێشتا دەستیان پێنەكردووە و ناتوانن بڕیار بدەن. بەشی سێیەمیش بریتییە لە (IYB) بۆ كەسانی خاوەن پڕۆژەیە بە‌مەبەستی باشتركردنی پڕۆژەكەیان‌ و هێشتنەوەی لەبازاڕی كاردا.

هاوكات، سامان ساڵح فەرەج راهێنەر و بەڕێوەبەری رێكخراوی (كورد – ماد) بۆ گەشەپێدانی كولتوری و دیموكراسی،‌ رایگەیاند، لەگەڵ خاوەن پڕۆژەكاندا راهێنانمان كردووە لەسەر پڕۆگرامی: «پڕۆژەكەت باشتر بكە» كە تایبەتە بە كەسانێك كە خاوەنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری یان بەرهەمداری بن و لە شوێنێكی دیاریكراودا كار بكەن».

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم خولە هاوكاری خاوەن پڕۆژەكان دەبێت لە پلاندانان بۆ كار و چۆنێتی دەربازكردنی پڕۆژە زۆر بچووك و بچووك و مامناوەندەكان، لە مەترسی داخستن و زیانكردن.

وتیشی: »ئه‌م پڕۆگرامه‌ له‌ زیاتر له‌ 100 وڵاتی جیهان جێبه‌جێده‌كرێت و رۆڵێكی باش و كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابووری وڵاتدا له ‌رێگه‌ی پڕۆژه‌ بچووكه‌كانه‌وه‌«.

 110 جار بینراوە