سەرەکی » ئاراستە » حه‌وێز سه‌ردۆڵی شه‌هیدی شاباز

حه‌وێز سه‌ردۆڵی شه‌هیدی شاباز

ئیبراهیم بالیسانی

ئه‌و له‌ هه‌ڕه‌تی لاویه‌تی شه‌یداو عه‌شقی بیروباوه‌ڕی رێبازی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بێ، چونكه‌ ئه‌و خۆی وه‌ك ده‌روێشێكی خانه‌قای چینی چه‌وساوه‌و هێزی بیروبازوو له‌ ده‌ڤه‌رێكی شۆڕشگێڕی كوردایه‌تی هه‌ڵكه‌وتوو بوو، وه‌ك هاوڕێكانی (گیڤارا) فرچك و بڕوای به‌ تێكۆشانی چه‌كداریی و خه‌باتی دوور و درێژ هه‌بوو تا سته‌م و زۆرداری له‌ ریشه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێندرێ.

شه‌هید حه‌وێز سه‌ردۆڵی كه‌ قۆناغی (ته‌ته‌ر)ی شۆڕش و رێكخستن تێده‌په‌ڕێنی و به‌فه‌رمی چه‌كی مه‌ردایه‌تی و شۆڕشگێڕی ده‌خاته‌ شان، له‌ مه‌یدانی تێكۆشاندا وه‌ك ئه‌سپێكی به‌ هه‌یبه‌ت له‌ كۆڕی خه‌باتدا رمبازی ده‌كا و بیر به‌ مه‌رگ ناداو شه‌هیدبوون به‌ شه‌ره‌ف و بڕوانامه‌و میدال و دیاری وه‌سف ده‌كا.

ئه‌و جوامێره‌ (شه‌هید حه‌وێز) هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕدا رۆڵی (باز)ی ده‌بینی و له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نیشته‌وه‌ سه‌ر نێچیر و دوژمنی تاوده‌دا!.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ هه‌میشه‌ مه‌دره‌سه‌ی په‌روه‌رده‌كردن و دروستكردنی تێكۆشه‌ر و كه‌ڵه‌پیاوی مه‌یدانی كوردایه‌تی بووه‌، شه‌هید حه‌وێزیش یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌ تێكۆشه‌رانه‌ی رێبازی (مام) و رووباره‌كه‌ی خوێنی شه‌هیدان كه‌ له‌ هیچ كات و له‌ هیچ قۆناغێكدا له‌ مه‌یدانی شه‌ڕو تێكۆشاندا، ئه‌و جوامێره‌ نه‌كه‌وتۆته‌ سه‌ر چۆك و هه‌میشه‌ به‌ پێوه‌و به‌رز به‌رز هه‌ڵمه‌تی بردووه‌و تاوده‌ر بووه‌، نه‌ك خۆ كه‌ڕكه‌رو به‌رسێبه‌ر بووبێت.

راسته‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و مرۆڤه‌ سه‌رڕاست و به‌ هه‌ڵوێست و جوانه‌مان خه‌ساره‌تێك بوو بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و خۆشناوه‌تی و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی، به‌ڵام ئه‌و بۆ هه‌تا هه‌تایێ به‌ زیندوویی لامان ده‌مێنێته‌وه‌و له‌بیركردنی ئه‌سته‌مه‌.

روحی ئه‌و هه‌ڤاڵه‌مان شادو گیانی له‌ فیرده‌وسی ئه‌به‌دیدا بمێنێته‌وه‌، دڵنیام كه‌سوكارو منداڵه‌كانیشی هه‌ر سه‌ربه‌رزده‌بن و له‌سه‌ر رێچكه‌و رێبازی شه‌هید ده‌مێننه‌وه‌.

شه‌هید حه‌وێز ساڵی 1968 له‌ دایكبووه‌و ساڵی 1983 په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی و له‌ ساڵی 1985یشدا ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، چه‌ندین پله‌و قۆناغی پێشمه‌رگایه‌تی بڕیوه‌ تا رۆژی شه‌هیدبوونی له‌ رۆژی 24/7/2014 له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا.

 208 جار بینراوە