سەرەکی » وەرزش » ئه‌وه‌ جیرۆناشی چووه‌سه‌ر

ئه‌وه‌ جیرۆناشی چووه‌سه‌ر

ئیسماعیل مه‌حمود

له‌یاریی نێوان بارساو چێڵسیدا كه‌ یاریی چوونی نێوانیان بوو له‌قۆناغی 16 یانه‌ی چامپیۆنس لیگی 2017-2018 و 1-1 كۆتاییهات، میسی گۆڵی یه‌كسانبوونی بارسای كرده‌وه‌.
لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر گرنگی گۆڵه‌كه‌و چۆنیه‌تی گۆڵه‌كه‌ی و جوانی گۆڵه‌كه‌ و كاریگه‌ریی گۆڵه‌و نرخی گۆڵه‌كه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ریه‌كه‌و خۆیان بۆخۆیان باسێكی درێژ هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر ئامارو سه‌رژمێرییه‌كانن كه‌ بوونه‌ته‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی ده‌م و باسی یه‌كه‌م و كۆتایی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌تایبه‌تی رۆژنامه‌كانی جیهان.
له‌وکاته‌وه‌ی له‌ تیروپشكدا ئه‌وه‌ ئاشكرابوو له‌ قۆناغی 16-ه‌دا بارسا رووبه‌ڕوی چێڵسی ده‌بێته‌وه‌، ئیتر ئه‌و كه‌ناڵانه‌ باس باسی ئه‌وه‌بوو میسی له‌ 8 یارییدا كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و یانه‌یه‌ كردویه‌تی نه‌یتوانیوه‌ گۆڵ له‌و یاریگایه‌دا بكات، باس باسی ئه‌وه‌بوو ساڵی 2009 له‌یارییه‌كی هاوشێوه‌ی نێوانیاندا به‌ناهه‌قی بارسا به‌ هاوكاری ناوبژیوان 1-1 یه‌كسانبوه‌ و ئینێستا گۆڵی یه‌كسانبوونی 1-1ی له‌ دوا ساتی یارییه‌كه‌دا كردو‌وه‌.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا باسی بكه‌م مه‌سه‌له‌ی یه‌كه‌میانه‌ كه‌ باسی سه‌ره‌كی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندنی جیهان بوو كه‌ میسی له‌ ستامفۆرد بریدج-دا نه‌یتوانیوه‌ گۆڵ بكات.
له‌چامپیۆنس لیگه‌كانی پێشووشدا وه‌ك ئه‌مساڵ ئه‌وه‌ی ده‌وتراو ده‌وترایه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو:
*میسی گۆڵی له‌ نۆیه‌ر نه‌كردووه‌.
*میسی گۆڵی له‌ پیته‌ر چیك بۆ نه‌كراوه‌.
*ئه‌مساڵیش:میسی گۆڵی له‌ بۆفۆن بۆ نه‌كراوه‌.
*ئه‌مساڵیش: میسی گۆڵی له‌ چێڵسی بۆ نه‌كراوه‌.
*ئه‌مساڵیش: میسی گۆڵی له‌ جیرۆنا نه‌کردووه‌‌.
سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێت بڵێم ئه‌م ئامارانه‌ ته‌نیا مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر رۆژنامه‌كانه‌و هیچ كاریگه‌رییه‌ك له‌ڕووه‌ هونه‌رییه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر هیچ یانه‌یه‌ك و یاریزانێك و ته‌نانه‌ت خولێكی گرنگیش دروستناكه‌ن.
هه‌ر وه‌ك بینیمان و تا ده‌هات ئه‌و ئامارانه‌ی به‌رده‌ستی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندن یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ لیستی ئاماره‌كانیاندا ئه‌كوژێنرانه‌وه‌و هه‌ڵده‌ورین و نه‌ده‌مان، هه‌ر بۆ نموونه‌:
*ساڵی 2015 وترا گۆڵی له‌نۆیه‌ر نه‌كردووه‌و ئه‌وساڵه‌ گۆڵی لێكرد.
*ساڵی 2017 وتیان گۆڵی له‌ پیته‌ر چیك نه‌كردووه‌و ئه‌وساڵه‌ گۆڵی لێكرد.
*ساڵی 2018 وتیان گۆڵی له‌ بۆفۆن و چێڵسی و جیرۆنا نه‌كردووه‌ دواجار گۆڵی له‌هه‌رسێکیان كردو وا گۆڵیشی له‌جیرۆنا بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌م ئامارانه‌دا هه‌رگیز ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندن نه‌چوون به‌لای به‌شێكی زیندووی تری ئاماره‌کاندا كه‌ هه‌موویان به‌لای میسیدا ده‌شكێنه‌وه‌، هه‌ربۆ نموونه‌:
*دوا 6 گۆڵ كه‌ یانه‌ی بارسیلۆنا له‌ یاریگاكانی به‌ریتانیا كردونی هه‌موویان هی میسی-ن (2 گۆڵ له‌ئه‌رسناڵ، گۆڵێك له‌ مان سیتی، 2 گۆڵ له‌ سێڵتیك، گۆڵێك له‌ چێڵسی).
*میسی یه‌كه‌م یاریزانه‌ له‌ چامپیۆنس لیگدا زۆرترین گۆڵی له‌یانه‌ ئینگلیزییه‌كان كردبێت (میسی-18 گۆڵ، 9 گۆڵ له‌ ئه‌رسناڵ و 6 له‌ مان سیتی و 2 له‌ یۆنایتد و 1 له‌ چێڵسی بووه‌، كریستیانۆ رۆناڵدۆ-11 گۆڵ، تۆماس مۆله‌ر-9 گۆڵ، ریڤاڵدۆ-8 گۆڵ، ئیتۆ-8 گۆڵ، كاڤانی-8 گۆڵ)، ئه‌م ئامارانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌ نه‌ده‌ورژێنران و ته‌نیاو ته‌نیا باسی ئه‌و ده‌كرا میسی به‌رامبه‌ر چێڵسی گۆڵی نه‌كردووه‌.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ خۆ یارییه‌كه‌ی ساڵی 2009 میسی گۆڵه‌که‌ی بۆ بارسا نه‌كرد‌ كه‌ 1-1 یه‌كسانبوون، ئه‌سیستی میسی بوو ئینێستا كردی، به‌و گۆڵه‌ش بۆ یاریی كۆتایی رۆما سه‌ركه‌وتن و چامپیۆنس لیگیشیان برده‌وه‌و 2-0 له‌ مان یونایتدیشیان برده‌وه‌، له‌ هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌رئه‌و ساڵه‌ میسی به‌باشترین یاریزانی جیهانیش دیاریكرا.
ئایا گۆڵ نه‌كردنی میسی به‌رامبه‌ر چێڵسی هیچ رێگرییه‌كی له‌وه‌كرد ئه‌وساڵه‌ ببێته‌ باشترین یاریزانی جیهان؟ ئایا هیچ رێگرییه‌كی له‌وه‌كرد جامی چامپیۆنس لیگ به‌رز بكاته‌وه‌؟
له‌و چامپیۆنس لیگه‌دا ئایا ئه‌وه‌ گرنگ بوو به‌رامبه‌ر به‌ چێڵسی گۆڵی بۆ نه‌كرا یان ئه‌وه‌ گرنگتر بوو گۆڵی دووه‌می بردنه‌وه‌ی یاریی كۆتایی له‌ مان یونایتدو ڤان دێرسار كرد و جامه‌كه‌شیان به‌رز كرده‌وه‌؟
ئێستا ئاله‌م كاته‌دا و له‌یاریی چوونی قۆناغی 16 یانه‌ی چامپیۆنس لیگ (چێڵسی 1- 1 بارسیلۆنا) دا كه‌ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو كرا گۆڵی یه‌كسانبوونی 1-1 –ه‌كه‌ی كرده‌وه‌، نهێنی و ته‌لیسمی ئاماره‌که‌ی به‌تاڵ كرده‌وه‌و گرێكوێره‌ی یانه‌ی‌ چێڵسی-شی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڵه‌ هێنده‌ گرنگه‌ ئایا گۆڵه‌كه‌ ده‌بێته‌ گره‌نتی ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ ئه‌و ببێته‌ خاوه‌نی جامی چامپیۆنس لیگ و زه‌ بێست و باڵۆن دۆر؟
هه‌ر ئه‌مساڵیش له‌ قۆناغی گروپه‌كاندا گۆڵی له‌ بۆفۆنیش كرد، پێشتریش گۆڵی له‌پیته‌رچیك كرد و گۆڵی له‌نۆیه‌ر-یش كرد، ئیتره‌ ئه‌م ئامارانه‌ تادێن گرنگیان نامێنێت و حسابیان ئێكسپایه‌ر ده‌بێت، چونكه‌ ئاماره‌كان گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌و هیچ كاریگه‌رییه‌ك نه‌ له‌سه‌ر یاریزان و نه‌له‌ سه‌ر یانه‌كان و ئه‌نجامه‌كان درووستناكه‌ن و وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتم مه‌ره‌كه‌بی سه‌ركاغه‌زن، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌نجامه‌كانه‌ نه‌ك ئاماره‌كان.
پاش هه‌موو ئه‌مانه‌ باسی جیرۆنا هاته‌ پێشه‌وه‌، وترا میسی گۆڵی له‌ سه‌رجه‌م یانه‌كانی ئیسپانیا كردووه‌ ته‌نیا جیرۆنا نه‌بێت، شه‌وی شه‌ممه‌ی رابرووش له‌ یاریی بارساو جیرۆناشدا میسی گۆڵی له‌م یانه‌یه‌ش كرد كه‌ یه‌كه‌م ساڵه‌ ده‌گاته‌ خولی پله‌یه‌كی ئیسپانیاو نه‌ك گۆڵێك بگره‌ دوو گۆڵ له‌ شه‌ش گۆڵه‌كه‌(6-1) ئه‌م كردنی.
له‌كۆتاییداو ئه‌مه‌ش هه‌ربۆ خۆشی و زه‌رده‌خه‌نه‌ی خوێنه‌ران ده‌ڵێم، كریستیانۆ رۆناڵدۆ ته‌نیا یاریزانه‌ ركابه‌ریی میسی ده‌کات له‌ هه‌موو ئامارو سه‌رژمێری و ده‌ستكه‌وته‌ تاك و ده‌ستكه‌وته‌كانی تیپه‌كاندا، هه‌میشه‌ له‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندنی دنیاوه‌ ئه‌و دوو یاریزانه‌ به‌راورد به‌یه‌كتری ده‌كرێن، به‌ڵام ته‌نیا شتێك مابێت كریستیانۆ كردبێتی و میسی نه‌یكردبێت ئه‌وه‌یه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌یارییه‌کی ریاڵدا به‌هه‌ڵه‌و به‌سه‌رێكی زۆر جوان گۆڵێکی له‌ ریاڵ مه‌درید كرد، به‌ڵام تائێستا میسی گۆڵی له‌و شێوه‌یه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ له‌بارسا نه‌كردووه‌، نازانم چۆن ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و كاناڵانه‌وه‌ ناخرێته‌ نێو دێڕه‌كانی ئه‌و ئامارانه‌وه‌!.

 140 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*