سەرەکی » راپۆرت » راستکردنەوەی رێڕەوی ئابووری

کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی بازاڕو دەروازە سنوورییەکان

راستکردنەوەی رێڕەوی ئابووری

بەدواداچوونی: ئەسرین محەمەد

بڕیارەکانی دوای هەشتی تەمموز کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر بازاڕ و کارو کاسبی بازرگانان و خاوەنکاران رەنگی داوەتەوە، ئێستا دەستکراوەتر و ئازادانەتر کارەکانیان بەڕێ دەکەن و ترسیان نییە لەوەی کەس رێگەیان پێ بگرێت و لە دەرەوەی یاسا و رێنماییە فەرمییەکان باج و سەرانەیان لێ وەربگرێت.

بازرگانێکی تەمەن 65 ساڵە لە شاری سلێمانی، تەواو قاڵ بووەتەوە لە کارەکەیدا و وتی: «ئێستا ئازا و ئازادانە تر کار دەکەین و بەهیواین ئەم دۆخە بەردەوام بێت».
ئەو بازرگانە لەبەر کارەکەی پێی خۆش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە و باسی لەوەشکرد، خوازیارن بڕیارەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کۆتایهێنان بە قۆرخکاریی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە حکومەتەوە بۆ خوارەوە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت لەبەرئەوەی کارئاسانییەکی باش دەبێت بۆ بازرگانان.

نەهێشتنی قۆرخکاری سەرجەم بازاڕی گرتووەتەوە
لە ماوەی رابردوودا قۆرخکاری، سەرانە وەرگرتن و دەستخستنە ناو کاروباری خاوەنکاران سەرجەم لایەنەکانی گرتبووەوە و هیچ کەس تێنەدەپەڕی بەبێ ئەوەی باجی لە دەرەوەی یاسا لێ وەربگیرێت، ئەمە وایکردبوو سستییەکی زۆر لەبازاڕ بەدی بکرێت و خاوەنکارەکانیش خۆیان وەک ستەملێکراو ببینن.

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە لە سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، زۆرجار مۆنۆپۆڵکردن هەبووە و نەمانی رێگریی و بەربەست لەبەردەم بازرگانان وادەکات ئاستی هەناردە و هاوردە زۆرتر بێت و ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕی دراو و ئاڵوگۆڕکردن دەبێت و دەبوژێتەوە.

نەهێشتنی قۆرخکاریی و لابردنی دروستکردنی گرفت لەبەردەم کاسبکاران سەرجەم بازاڕی گرتووەتەوە و حەمید عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی‌ و نوێنەری بازرگانانی دراو لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، چەند مانگێک بەر لە ئێستا 20 بازرگان بوون سکاڵا و گرفتەکانی بەردەم کاری بازرگانیان گەیاندووەتە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی پێداون.

وتیشی: هەر بڕیار و گۆڕانکارییەک کە دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بازرگانان و رێکخستن و بە دامەزراوەیی کردنی کاروباری بازرگانی کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنکارە راستەقینەکان.

هیچ كە‌س بۆی نییە دە‌ستوەردان لە كاروباری بازرگانیدا بکات
دوو هەفتە لەمەوبەر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەشێک لە بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و باسی لە گرنگی كە‌رتی تایبە‌ت كرد و رایگەیاند:» حكومە‌ت كارئاسانی دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی كە‌رتی تایبە‌ت بە‌ھێزتر بێت و ھاوكار بێت لە‌گە‌ڵ كە‌رتی گشتی لە‌ رە‌خساندنی هەلی كار و بووژاندنە‌وە‌ی ژێرخانی ئابووری.»

وتیشی:»دە‌بێت فە‌رمانگە‌كانی حكومە‌ت كارئاسانی بكە‌ن لە‌پێناو راییكردنی كاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەك حكومەت بازاڕ ئازادتر دە‌كە‌ن و كێبڕكێیە‌كی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دە‌كە‌ن».

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد:» چیتر هیچ كە‌س و لایە‌نێك بۆی نییە دە‌ستوەردان لە كاروباری بازرگانی بکات و بازاڕ قۆرخ بكات».

بڕیارەکانی دوای هەشتی تەمموز رێگری لە قاچاخچێتی کردووە
پێشتر باس لە قاچاخچێتییەکی بێ سنوور دەکرا لە دەروازە سنورییەکاندا، بەڵام بڕیارەکانی دوای هەشتی تەمموز رێگری کردووە لە قاچاخچێتی دەروازە سنورییەکان و ئاسایی بوونەوەی جموجوڵە بازرگانییەکان تیایاندا.

محەمەد عەلی شۆفێرێکی بارهەڵگرە لە دەروازە سنورییەکان و وتی: بڕیاری بنەبڕکردنی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکاندا هاتن و رۆشتنیان ئاسان دەکات و ئیتر لە بازگەکاندا گرفتیان بۆ دروست ناکرێت.

هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی دەبوو زووتر بڕیاری بنەبڕکردنی قاچاخچێتی دەروازە سنورییەکان بدرایە لەبەر ئەوەی ئەو خواردن و شتومەک و کەلوپەلانەی بە قاچاخ دەهێنران بەشێکیان بەسەرچوو بوون و دەفرۆشران بە هاووڵاتیان، جگە لەوەش کەسانێک هەبوون لە ژێر ناوی جیاوازدا و بەناوی هێزە ئەمنییەکان و کەسانی حزبییەوە سوودیان لەو دۆخە بینیوە و هەڕەشەیان لەو بەرپرس و کارمەندە حکومییانە کردووە کە لە دەروازە سنورییەکاندا کاریان کردووە بۆ ئەوەی نەبنە رێگر لەبەردەم کارە نایاساییەکانیاندا.

سمکۆ سالار بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو بڕیارەی دراوە بۆ قەدەغەکردنی کاری قاچاخچێتی لە جێی خۆیدا بووە و کاروبارەکانی هەمووانی ئاسان کردووە.

بەرپرس و بەڕێوەبەرانی خاڵە سنورییەکان باس لەوە دەکەن بە زوویی هەستیان بە دەرئەنجامی ئەرێنی بڕیارەکانی چاکسازی و بنەبڕکردنی کاری قاچاخچێتی کردووە لە خاڵە سنورییەکاندا لە بەرژەوەندی بازرگانان و ئاسانبوونی کارەکانیان و زیادبوونی جموجوڵە بازرگانییەکان و داهات.

 222 جار بینراوە